Print
 
 مه‌سه‌له‌ی ئینێرژی له‌ کوردستان
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Wednesday, January 6, 2010

پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌: چۆن سه‌رچاوه‌کانی ئینێرژی له‌ کوردستان دا دیاری ده‌کرێن و سه‌رچاوه‌کانی ئینێرژی کامانه‌ن، دواتریش له‌ کاتی نه‌مان و ون بونی هه‌ریه‌که‌کیان چۆن ده‌کرێت ئینڕژی بۆ خه‌ڵکی کوردستان مسۆگه‌ر بکرێت.

 

سه‌ره‌تا ده‌کرێ به‌گشتی باس له‌ هه‌ندێ له‌ سه‌رچاوه‌کانی ئنێرژی بکه‌ین له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا، سه‌رچاوه‌کان بریتین له‌:
1. پترۆل وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی
2. خه‌ڵوز ( به‌رد، دار)
2. گازی سروشتی وه‌کو وزه‌یه‌کی گه‌رمی و گۆڕانی بۆ وزه‌ی کاره‌با
3. ناوه‌نده‌ ئه‌تۆمیه‌کان
4. پانکه‌کانی هه‌وا (ئاشی هه‌وایی )
5. سه‌رچاوه‌کانی ئاو ( تاڤگه‌کان و روبار و به‌نداوه‌کان)
6. وزه‌ی رۆژ ( به‌هۆی تابلۆکانی رۆژ که‌ روناکی و گه‌رمایی ده‌گۆڕێت بۆ وزه‌ی کاره‌با.
7. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کیتر له‌وانه‌ رۆنی گوڵه‌ به‌ڕۆژه‌ و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی رۆنی روه‌کی. وه‌کو گه‌نمه‌شامی و بیۆدیزل و قامیشی شه‌کر هتد.


جگه‌ له‌ وزه‌کانی ئه‌تۆم یان ناوکی ئه‌وا ئه‌وانی تر هه‌مو له‌ سروشتی کوردستان هه‌ن. به‌ڵام له‌به‌ر وه‌زعیه‌تی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی دواکه‌وتوی کوردستان که‌ له‌ ئه‌نجامی داگیرکردن و مالوێرانیه‌وه‌ هاتوه‌ نه‌توانراوه‌ و ناکرێ سود له‌م وزه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤانه‌ی وه‌ربگیرێ.

له‌م ده‌ورانه‌ی دواییدا جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ئینێرژی ته‌واو یان کافی بۆ پێداویسته‌کانی خه‌ڵک له‌ کوردستان نیه‌ به‌ڵام هیچ به‌رنامه‌یه‌کی ژینگه‌یی بۆ پاراستن و به‌کارهێنان و ئه‌لته‌رناتیڤی یشی نیه‌. ره‌نگه‌ خوێنه‌ران بڵێن جارێ ئینێرژی به‌رده‌وام و کافی مان له‌ کوردستان نیه‌ جا چ بیر له‌ پاشه‌که‌وت و به‌رنامه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤی بکه‌ین. به‌ڵام ئێمه‌ له‌م وتاره‌ کورته‌دا پێش کۆمه‌ڵگا ده‌که‌وین و زیاتر له‌ وه‌زعیه‌تێکی ئایدیالی ده‌دوێن که‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان زۆرگرنگن.

به‌کورتی به‌کار‌هێنانی که‌می ئینێرژی و پاشه‌کوت کردن تیایدا ده‌بێته‌ هۆی پاکڕاگرتنی ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ر ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریه‌کی زۆری له‌سه‌ر ته‌ندروستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک داده‌نێت.

له‌وانه‌یه‌‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وزانه‌ نوێ نه‌بن و هه‌مو خه‌ڵک له‌لای رون بن به‌ڵام چۆنیه‌تی ده‌ست پێڕاگه‌یشتن و به‌ کۆمه‌ڵایه‌تی بونه‌وه‌ و به‌ پاشه‌که‌وت کردن و چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئه‌وان ده‌بێ زۆر پرسیار له‌ زهنیه‌تی خه‌ڵک بنوێنن. خه‌ڵکی له‌کوردستان ده‌بێ ئه‌م له‌م وه‌زعه‌ رابێن که‌وا هۆیه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ بپاریزن و موڵکی هه‌موانه‌. خه‌ڵکی ده‌بێ به‌گوێره‌ی پێداویستیه‌کان کاره‌با وئینێرژی پێویست به‌کاربهێنن ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ کۆمه‌ڵایه‌تی بوه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت ئاسان ده‌بێت.

خه‌ڵکی له‌ کوردستان ده‌بێ هه‌مو به‌شداری به‌ ده‌ستهێنانی ئینێرژی و سه‌رچاوه‌کانی بکه‌ن و هه‌روه‌ها هه‌م ئه‌رکه‌کانیان له‌ یارمه‌تی و کۆمه‌کی ده‌وڵه‌ت بۆ پاشه‌که‌وت کردن و ئیدامه‌ دان به‌ سه‌رچاوه‌کانی ئینێرژی بۆ هه‌موان. ئه‌م شێوه‌ له‌ لێپرسراویه‌تیه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ کوردستان که‌مه‌، هاوڵاتیان هه‌مو مه‌سوله‌تێک له‌ حکومه‌ته‌وه‌ ده‌بینن و هاوڵاتی هیچ لێپرسراویه‌تێک و مافێک له‌ خۆی نابینێته‌وه‌. ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ئه‌مانه‌یان گه‌شه‌ پێداوه‌ چونکه‌ مه‌سوله‌کان و لێپرسراوانی ده‌وڵه‌ت سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داغان و پاغان ده‌که‌ن.

بونی تۆڕه‌کانی ئینێرژی (گاز و کاره‌با و ئاوی گه‌رم(بۆ گه‌رمکردنه‌وه‌ی ماڵه‌کان و باڵه‌خانه‌کان) له‌گه‌ڵ بونی سه‌رچاوه‌کان خۆیان له‌ بنه‌ماکانی ئینفراستکچه‌ری کۆمه‌ڵگا ده‌دۆزنه‌وه‌.

تائێستا هه‌ر تۆڕه‌کانی کاره‌با له‌ کوردستان هه‌یه‌ ئه‌ویش هه‌مویان به‌ شیوه‌ی جۆراوجۆره‌و پێ ویستی به‌ نوێکردنه‌وه‌و بوژانه‌وه‌یه‌کی جدی هه‌یه‌. له‌ شاره‌کاندا له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێ ئاستدا باش بێت به‌لام له‌ زۆربه‌ی گونده‌کان هیچ تۆڕیکێیش نیه‌.

به‌ڵام تۆڕه‌کانی گاز و ئاوی گه‌رم له‌ شاره‌کانیش نیه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ کوردستان به‌رنامه‌ی بۆ داڕیژرابیت به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئیمکاناتێکی ئابوری زۆر ده‌وێت. ئه‌مه‌ش پێویسته‌یه‌کی حه‌یاتیه‌ و ده‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌ بیری دابێت.

له‌ هه‌مو حاڵه‌تدا ده‌بێ رێژه‌ی به‌کارهینانی تاک له‌ کوردستان له‌ رۆژێکدا ژمێریاری دروستی بۆ بکرێت. ئه‌مه‌ش به‌بێ داتا و زانیاری دروست زۆر ئاسان نیه‌. له‌لایه‌کی تریش چه‌ندین جۆره‌ به‌کارهێنانی ئینێرژی هه‌ن له‌وانه‌:
1. ماڵه‌کان ( خانوه‌ بچوکه‌کان، خانوه‌ گه‌وره‌کان ) له‌ شار و دێهاته‌کان.
2. دائیره‌کان و کارخانه‌ بچوکه‌کان و دام و ده‌زگاکان
3. کارگه‌ گه‌وره‌کان ئه‌گه‌ر هه‌بن!

پێش هه‌مو شتێ ده‌بێ ماڵه‌ لێپرسراوه‌ حیزبیه‌کان و مزگه‌وت و دائیره‌کان و کڵێساکان و هتد کۆنترۆڵ بکرێن و ژمێریاری بۆ دابنرێت و نابێ هیچ شتێکیان له‌ دوای ژمێریاردا بۆ دابنرێن. ده‌بێ سزای توندی ئه‌وانه‌ بدرێت که‌ سه‌رپێچی یاسا ده‌که‌ن، هه‌ر له‌ کارمه‌ندان تا ده‌گاته‌ خاوه‌نه‌کانیان.

بۆ ئێستای کۆمه‌ڵگای کوردستاندا به‌ که‌رتی تایبه‌ت بونی ئینێرژی له‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دایه‌ چونکه‌ مه‌سولانی حزبی و حزبی ده‌سه‌ڵات و مزگه‌وته‌کان ئه‌وه‌نده‌ سه‌رپێچی ده‌که‌ن و زۆر له‌ ئینێرژی کۆمه‌ڵگا به‌ هه‌ده‌ر ده‌چێت.

بۆ ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان کوردستان زۆر له‌ ئیمکاناته‌کانی هه‌یه‌ هه‌ر له‌ گاز و پترۆل و وزه‌ی رۆژ و خه‌ڵوز و ئاو و زۆر له‌ رۆنه‌ روه‌که‌کان به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه‌ به‌رنامه‌ی دروست و حساباتی دروستی ده‌وێ. ئه‌مه‌ش له‌ کوردستان دا مه‌وجودیه‌تی که‌مه‌. پێش ئه‌وانه‌ش ده‌بێ پێداویسته‌کان و ئاستی هۆشیاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بۆ ئه‌مه‌ ئاماده‌ بکرێت.

ده‌کرێ له‌ کوردستان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی وزه‌ ئه‌تۆمیه‌کانیش بدرێت بۆ به‌کارهێنانه‌ ئاشتیه‌کان، له‌م رۆژگاره‌ی ریسشن دا زۆر له‌ دام و ده‌زگای رۆژئاوایی و وڵاتانی کۆنی سۆڤیه‌تی و زۆر زانا و شاره‌زایان بۆ فرسه‌تی کاری باشتر رو له‌ بازاڕی کار ده‌که‌ن تا بژێوی ژیانیان لوکس بێت. میلله‌تی کورد ده‌بێ ئه‌م هه‌له‌ سیاسیانه‌ له‌ ده‌ست نه‌دات به‌ تایبه‌ت له‌م رۆژگاره‌ که‌ کێشه‌ی ئێران و ئیسرائیل و ئه‌مریکا له‌ گه‌رمی دایه‌. هه‌روه‌ها ده‌ورانی ئابوری ئێستای کوردستان له‌ سه‌رده‌می گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌دان دایه‌. له‌ جیاتی ئیمکاناته‌کان بچێته‌ گیرفانی چه‌ند گه‌نده‌ڵێکه‌وه‌ ده‌کرێ سه‌ر‌مایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پێداویسته‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک توزیف بکرێت.

ئه‌مانه‌ هه‌موی رابه‌ری دروستی ده‌وێ و کارنامه‌ی سیاسی زیندوی ده‌وێ، ده‌بێ کۆمه‌ڵگاش ئاماده‌گی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ی هه‌بێت و ئاستی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی یش به‌رزبێت له‌لای هاوڵاتیاندا.

Sbeiy.com © 2007