Print
 
 هه‌ژاره‌كان...
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Tuesday, January 12, 2010

ره‌نگه‌ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك هێنده‌ی‌ رۆژنامه‌نوسان نه‌توانن به‌باشیی‌ تێستی‌ شه‌قام بكه‌ن‌و به‌ئاگابن له‌ رای‌ هاوڵاتییان‌و دیوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ ژیانیان.

وڵاتی‌ ئێمه‌ بوه‌ته‌ دنیایه‌كی‌ دوكه‌رتبو له‌نێوان دوجۆر مرۆڤ‌و ژیاندا، یه‌كێكیان بێ‌ ئه‌ندازه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو داراو هه‌بوه‌و ئه‌وی دیكه‌شیان ته‌واو هه‌ژارو نه‌دارو نه‌بوه‌‌و ژیانی‌ كوله‌مه‌رگی‌‌و مه‌مره‌و مه‌ژی‌ ده‌گوزه‌رێنێت.

له‌م رۆژانه‌دا راپۆرتێكم به‌ ناونیشانی‌ "له‌م وڵاته‌ نان چۆن په‌یدا ده‌كرێت" بۆ كه‌ناڵی‌ knn ئاماده‌كرد، ئێستا هه‌ستده‌كه‌م هه‌زاران هاوڵاتی‌ ئه‌م وڵاته‌، نه‌ك به‌جۆرێك ناژین كه‌ شایسته‌ به‌ ژیانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بێت، به‌ڵكو ژیانێك ده‌گوزه‌رێنن مه‌مره‌و مه‌ژی‌‌و ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست چۆنێتیی‌ بژێویی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌یان‌و په‌یاداكردنی‌ قوتی‌ رۆژانه‌ی‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ ئیمكانیه‌تێكی‌ ئابوریی‌‌و دارایی‌ باشه‌، به‌ڵام سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ژیانی‌ هاوڵاتییانی‌  بێ‌ ئه‌ندازه‌ دواكه‌وتو زاڵمانه‌یه‌.


به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستیی‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقدا خێزانێكی‌ (5) كه‌سیی‌ داهاتی‌ مانگانه‌یان (1) ملیۆن دینار بێت، ئه‌وا پێویستیان به‌ (35%)ی‌ ملیۆنێكی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ژیانێكی‌ ئاسایی‌ بژین، واته‌ پێویستیان به‌ (1) ملیۆن‌و (350) هه‌زار دیناره‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كرێی‌ خانو و كرێی‌ كاره‌باو ئاو كرێی‌ هاتوچۆو كڕینی‌ جلوبه‌رگ‌و خواردن‌و پێداویستیی‌ ته‌ندروستی‌ لێبده‌ن.
 
هه‌روه‌ها به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدان له‌كۆی‌ (1013987) خێزانی‌ هه‌رسێ‌ شاره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، (441595) خێزان كرێنشینن‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبونی خۆیان نییه‌، كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی‌ زیاتری‌ (40%)ی‌ ژماره‌ی‌ خێزانه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

هه‌ژاره‌كانی‌ كوردستان سوتو پشكۆی‌ هه‌مو شۆڕشه‌كانی‌ كورد بون، به‌ڵام ئه‌مإۆ مه‌حرومترین هاوڵاتییانی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن‌و ده‌سه‌ڵات وه‌ك پێویست خزمه‌تی‌ به‌م توێژه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌ نه‌كردوه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سودمه‌ند نین له‌ ئیمتیازاته‌كانی‌ حكومه‌ت.

رێژه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ كوردستاندا له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژاریدان، واته‌ له‌ هه‌ژاریی‌ ئاسایی‌ هه‌ژارترن، نزیكه‌ی‌ (30%)ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمه‌، كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن مرۆڤ.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی‌ ئامارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ زیاتر له‌ (40) هه‌زار خێزان له‌ كوردستاندا له‌سه‌ر موچه‌ی‌ هه‌ژارانه‌ ده‌ژین‌و له‌چوارچێوه‌ی‌ موچه‌ی‌ سندوقی‌ هه‌ژارانه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ ته‌نیا (25) دۆلاره‌ بۆ هه‌ر خێزانێك كه‌ هه‌ژارانه‌ وه‌رده‌گرن.

هاوڵاتییانی‌ ئه‌م وڵاته‌ مافی‌ خۆیانه‌ داوای‌ ژیانێكی‌ دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خۆیان‌و خێزانه‌كانیان بكه‌ن، مافی‌ خۆیانه‌ له‌ چاره‌نوسی‌ خۆیان‌و ئاینده‌ی‌ منداڵ‌‌و نه‌وه‌كانی داهاتویان بپرسنه‌وه‌، مافی‌ خۆیانه‌ داوای‌ ده‌رفه‌تی‌ یه‌كسان بۆ كارو ژیان بكه‌ن، مافی‌ خۆیانه‌ داوای‌ دادپه‌روه‌ریی‌ بكه‌ن له‌ دابه‌شكردنی‌ پاره‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبون‌و زه‌وی‌ دابه‌شكردندا.
چ ویژدانێك قبوڵی ده‌كات هه‌زاران خێزانی‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌جۆرێك ژیان بگوزه‌رێنن كه‌ له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ بێت‌و ژیانی‌ مه‌مره‌و مه‌ژی‌ موماره‌سه‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ولاوه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك مانگانه‌كه‌ی‌ (8) ملیۆن دینار بێت، كه‌ له‌ ساڵێكدا (4) مانگیش پشوی‌ بێت، وه‌زیرێكیش مانگی‌ (10) ملیۆن دینار موچه‌كه‌ی‌ بێت‌و له‌ رۆژێكدا چه‌ند سه‌عاتێكی‌ كه‌م‌و له‌ هه‌فته‌یه‌كیشدا له‌نێوان (2– 4) رۆژ ده‌وام بكات.

ئه‌م جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ؟ چ ویژدانێك ئه‌مه‌ قبوڵ‌ ده‌كات؟، كه‌ نه‌ خواو نه‌ پێغه‌مبه‌رو نه‌ مرۆڤایه‌تیی‌ پێی‌ رازیی نییه‌.

Sbeiy.com © 2007