كه‌س هێنده‌ی ئه‌نفال زهدهكان، له كاریگه‌ریی ئازاری ئه‌نفال ناگات، بۆیه ئاساییه كه‌سانێك، كه به خه‌یاڵی خۆیان هیچێكیان ئه‌نفال نه‌كراوه، به‌لایانه‌وه شتێك نییه به‌ناوی ئه‌نفال، كۆستی نه‌ته‌وه‌یه‌ك لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات له تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌وه، كه بونی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن‌و بنه‌ماڵه، نه‌ك نه‌ته‌وه‌و مرۆڤ بونیاد نابێت، ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت بڵێن؛ ئێمه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به ئه‌نفاله‌وه نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی براو باب‌و مام‌و خاڵ‌و خوشك‌و پورو كه‌سی نزیكیان ئه‌نفال نییه ئه‌وانه، هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بون‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی نهتهوهشدان، ناكرێت گه‌لێك به‌وشێوه‌یه له له‌ناوچونی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی بڕوانێت، دوای چه‌ندین ساڵ له ئه‌نفال ئێستا له هه‌ر كات زیاتر گوێی ئێمه به‌و ئاوازه جاهیلییه پڕدهبێتو به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار ئه‌وانه‌ی ئاوا ئاوازه‌كه دهچإن له خه‌ڵكانی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كانن، له‌ڕاستیدا ده‌بێت ئه‌مان پێشه‌نگی خۆ به خاوه‌نكردنی كۆسته‌كانی نه‌ته‌وه بن، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه، به باوه‌ڕی من رۆژبه‌ڕۆژ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م ئاوازه ناجۆرۆ ترسناكه، زیاتر له‌نمایشكردنی فیلمێكی ترسناك ده‌چێت، فیلمێك كه تێیدا پاڵه‌وان كوردێكه هه‌رگیز نایه‌وێت بڕوا به‌وه بهێنێت، كه دوێنێی پڕوپڕه له‌سته‌م‌و چه‌وسانه‌وه‌و سڕینه‌وه، ئه‌م كورده له بنه‌ڕه‌تدا كوردێكی نه‌خۆشه، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه د.فاروق ره‌فیق به‌شێوه‌یه‌كی قوڵتر له ماڵێكی لێكترازاو ویژدانێكی بیماردا ویستی نیشانمان بدات، ئه‌م كاره‌كته‌ره كورده‌ی نێو ئه‌و فیلمه ترسناكه، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت به‌شداریی كۆست‌و ئازاری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات، رۆژبه‌ڕۆژ هی دیكه له‌خۆی كۆده‌كاته‌وه‌و به‌ڕاده‌یه‌ك، كه تادێت ژماره‌ی كاره‌كته‌ره‌كان زیاد ده‌كات، من توشی نیگه‌رانییه‌كی قوڵ ده‌بم، كه ده‌بینم كورد به‌درۆ سۆزێكی بێ ئه‌ندازه دایپۆشیوهو لهنێوهڕۆكیشدا كه‌سێكه هیچ هه‌ستێكی ئینسانیی تیا به‌دی ناكرێت.
ده‌نا بۆ ده‌بێت له ته‌واوی رۆژئاوا، رۆژئاواییه‌ك له‌نێو ئه‌و هه‌مو سته‌مكاریی‌و بهئامێركردنی ئینسانه‌دا، ساڵانه له‌شوێنی روداوی كوشتن‌و كاره‌ساته‌كان گوڵ دابنرێت، نمونه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی (11)ی سێپته‌مبه‌ر، كه‌چی خوێندكارانی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كانی كوردستان لانی كه‌م ساڵانه له (14/4)دا چه‌پكه‌گوڵی یادكردنه‌وه نه‌به‌نه سه‌ر مه‌زاری هه‌ڵه‌بجه، یان گۆڕستانی هه‌ر گوندێكی ئه‌نفالكراو، خۆدزینه‌وه لهزامێك، كه نه‌ته‌وه‌گه‌لی دیكه له‌سایه‌یدا له‌سه‌رپێی خۆیان ده‌وه‌ستن نمونه‌ی هۆڵۆكۆستو كوشت‌و بڕی ئه‌رمه‌ن، جگه له گێلـیی هیچی دیكه نییه، دیاره ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین، كه ئه‌وه هه‌ر گێلهكانیشن ئه‌و ئاوازه جاهیلییه ده‌چڕن، كه ده‌ڵێت: (ئه‌وه نییه خۆم زیندوم)، گه‌وره‌ترین مه‌ینه‌تی ئه‌م ئاوازچڕه ئه‌وه‌یه، كه زیندوێتی لهخواردنو خواردنه‌وه‌و گه‌ڕاندا ده‌بینێت، نه‌ك له‌وه‌دا كه ئه‌و له‌كوێی مێژودایه، جارێكیان به‌كورتی لهنوسینێكدا وتم: ده‌كرێت ئه‌و بونه‌وه‌ره‌ی ناوی مرۆڤه بۆ سـێ گروپ دابه‌ش بكه‌ین، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن كه له‌ناوه‌وه‌ی مێژودان، ئه‌وانه‌ی ههنو خزمه‌تیان به مرۆڤایه‌تی كردوه، به‌شی دوه‌م له په‌راوێزی مێژودان، ئه‌مانه ده‌شێت به به‌رده‌وامییان بچنه مێژوهوهو ده‌شێت بكه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی مێژو، به‌شی سێیه‌م ئه‌وانه‌ن، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژودان، هه‌مو سهردهمو زه‌مانێك بڕێك له‌مانه به‌ته‌واوه‌تی خۆیان خۆیان ده‌سڕنه‌وه، كورد سه‌دان ساڵه له‌م به‌شه‌دایه، ئاخر كورد به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك جینۆسایدی بكات، به‌رده‌وام سه‌رگه‌رمی خۆسڕینهوهیه، وته‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی نێو فیلمه ترسناكهكهش، كه پێیوایه؛ ئه‌و هیچی له‌ده‌ست نه‌داوه‌و هێشتا زیندوه، هه‌مان درێژه‌دانه به‌و خۆ سڕینه‌وه‌یه، زۆرێك له شاعیرانی دوێنێ كورد بهڕونو ره‌وان ئه‌مه‌یان وتوه، دیارترینیان نالـیو ئه‌حمه‌دی خانی‌و حاجی قادرن.
ئێستا دێڕه شیعرێكی بێكه‌سی شاعیرم له‌خه‌یاڵه، كه ده‌ڵێت:
میلله‌تێكن بۆ نه‌مانی یه‌كتری هه‌ر هه‌وڵ ئه‌ده‌ن
داخه‌كه‌م ورد‌و درشتی شێت‌و شه‌یدای ئانه‌یه
ئه‌م كاره‌كته‌ره سه‌مه‌ره‌یه، كه بۆ یه‌ك چركه ئاماده نییه سه‌رزه‌نشتی خۆی بكات، هیچ جینۆسایدێكی سته‌مكاران نییه كه‌خۆی كهمو زۆر رۆڵـی تیا نه‌گێڕابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆدزینه‌وه‌و خۆ لـێ نهبانكردنو خۆ لـێ لادان‌و له‌یادكردن به‌رده‌وام درێژه به ته‌مه‌نی جینۆسایدكردنهكه ده‌دات، ئێستا ئه‌م كاره‌كته‌ره كورده هێنده سه‌یره پێیوایه؛ ئه‌وه به‌سه كه (14/4) بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك به‌دیار یه‌كێك له ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه بوه‌ستێت، كه به‌ڕێكه‌وت سه‌رێكی كردوه بهشۆڕشو رزگاریداو ئیتر بڵـێ به‌سه، كه‌چی لێره‌وه له‌م دوره‌وه ده‌یه‌وێت ره‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی سۆسیال دیموكراته‌كانی سوید، یا خه‌ڵكانی دیكه بكات، كه بۆچی كاره‌ساته‌كه‌ی به‌جینۆساید ناناسن، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا لێره لای خۆمان كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌و ناسینه، كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئهنفالو هه‌ڵه‌بجه ئهنفالو هه‌ڵه‌بجه‌ی هه‌مو كورد بن، یان هه‌مو ساڵێك هه‌ر به‌شێوه‌ی ئه‌مساڵ یاده‌كه به‌ڕێده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی له(16/3)دا رویدا، كاتژمێر (10) چه‌ند خوله‌كێك وهستانو كاتژمێر (4)ی پاشنیوه‌ڕۆش چونه سه‌یرانگه‌كان بۆ كهیفو سه‌فا، ئێستا ئه‌م كاره‌كته‌ره بێ یاده‌وه‌رییه به چ مافێك ره‌خنه ئاراسته‌ی ئه‌وی دیكه ده‌كات، له‌كاتێكدا خۆی سه‌رگه‌رمی ئاوازی له‌بیربردنه‌وه‌ی دوێنێیه، له‌بیربردنه‌وه‌ی دوێنێ به‌هه‌مو كاره‌سات‌و مهرگهساتهكانییهوه، من پێموایه؛ حكومه‌تی كوردی له ناساندنی ئه‌و برینه به‌كورد خۆی سه‌ركه‌وتو نه‌بوه، نه‌ك كوردی پارچه‌كانی دیكه ته‌نانه‌ت كوردی باشوری كوردستان، ئێستا چۆن ده‌توانێت برینه‌كه به‌وانی دیكه ئاشنا بكات.
خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌نفال توێژینه‌وه له هه‌مو چهمكو لایه‌نه‌كانی، ئاوڕدانه‌وه له گه‌وره‌یی تاوانه‌كه وه‌كو خۆی ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره بێ خهیاڵهكهمان لانی كه‌م ئه‌نفال به‌هی خۆی بزانێت، پێویسته ئه‌وه بزانین، كه تا كاره‌كته‌ره بێ خهیاڵو یادهوهرییهكهمان ئه‌نفال به‌كاره‌ساتی خۆی نه‌زانێت، ئێمه به‌رده‌وام له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژودا ده‌بین، من دوای ده‌یان ساڵ نوسین له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه، هێشتا له گه‌رمه‌ی نیگه‌رانییه‌كی عه‌قڵ پڕوكێندام، كه هه‌مو ساڵێك ده‌بینم كاره‌كته‌ره بێ یاده‌وه‌رییه‌كانمان له‌زیادبوندان، به‌مه هه‌مو ساڵێك تێده‌گه‌م كورد له چ دۆخێكی خراپدایه، ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه پان‌و پۆڕه كه‌س هێنده‌ی كورد له‌دۆخێكی خراپ‌دا نییه، كه‌س هێنده‌ی كورد ئاسوده‌و بێ ترس نییه، له‌كاتێكدا ئه‌وه كورده ده‌بێت به‌رده‌وام نیگهرانو هه‌میشه له‌به‌رده‌م ترسی دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌نفالدا بێت، بونی ئه‌م ترسه‌ش تێیدا ته‌نیا رێگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوی ساڕێژكردنی برینی ئه‌نفاله‌وه بێت، ئه‌م كاره‌كته‌ره بێ خه‌یاڵه زۆر جیاوازه له كه‌سوكاری قوربانییه‌كان، له ئهنفالزادهكان، به‌ڵام ترسی من له‌وه‌دایه، ئه‌م بێ خه‌یاڵییه به‌ره به‌ره ئه‌نفال زهدهكانیش ده‌گرێته‌وه، لێره‌دا به‌رده‌وام به‌كارهێنانی خه‌یاڵ به مه‌به‌ستی ژیانه له‌گه‌ڵ دوێنێدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی سبه‌ینێیه‌كی باشتر، نه‌ك مانایه‌كی دیكه، من به مه‌به‌ست خهیاڵو یاده‌وه‌ریم گرێداوه به‌یه‌كه‌وه، من ده‌مه‌وێ ئه‌نفال له بۆنه‌یه‌كی یهكڕۆژی (14/4)ه‌وه بكه‌ینه بۆنه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، مه‌رج نییه ته‌نیا له (14/4)دا گوڵ به‌رینه جهلهمۆردو گۆپته‌په، كردنه نه‌ریتی ئه‌وه‌ی هه‌ركات رێكه‌وت چه‌پكه‌گوڵ به‌رینه سه‌ر مه‌زارو مۆنۆمێنتهكانمان، وا ده‌كات كه بۆ هه‌میشه ئه‌نفال به‌زیندوێتی له یاده‌وه‌ری ئێستا‌و ئایندهی كوردا بمێنێته‌وه، ئه‌مه یه‌كێكه له سه‌ره‌تایترین رێگه‌كانی ده‌رچون له ده‌ره‌وه‌ی مێژو بۆ شوێنێكی هه‌ڵكشاوتر...