Print
 
 گۆڕان و كێشه‌ی‌ نان بڕاوه‌كان
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Tuesday, May 4, 2010

پێشنیار بۆ دروستكردنی‌ رێكخراوێك بۆ نان بڕاوان و له‌ كار دورخراوه‌كان
ئه‌م هه‌رێمه‌ خاڵی‌ بوه‌ له‌به‌ره‌ی‌ ركه‌به‌ر، ده‌سه‌لاَت به‌بێ‌ چاودێری‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ كردوه‌ ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ هۆكاری‌ لێكپچڕانی‌ جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت و مكانیزمی‌ به‌ڕێوه‌ بردن... وه‌ك پێویستی‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ و ته‌ندروستی‌ سیستمی‌ به‌ڕێوه‌بردن گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ میللی‌ و ركه‌به‌ری‌ فراوان بونیاد نرا له‌ لایه‌ن نه‌وشیروان موسته‌فا و هاوكاره‌كانییه‌وه‌ تا بتوانێت كێبڕكێی‌ حیزبه‌كانی‌ ناو ده‌سه‌لاَت بكات بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌لاَت، تابتوانێت ئه‌و مانایانه‌ی‌ كه‌ داماڵراوه‌ له‌ دیموكراتیه‌ت بگێڕێته‌وه‌ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیموكراتیه‌ته‌ كارتۆنیه‌ بگۆڕێ‌ بۆ هه‌قیقی‌ په‌نجه‌ره‌ داخراوه‌كان بۆ به‌رچاوی‌ رای‌ گشتی‌ بكاته‌وه‌، ببێته‌ قۆناغێكی‌ گرنگ به‌ پێی‌ پێویستی‌ بونی‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌لاَت، ئه‌م قۆناغه‌ و ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ ره‌هه‌ندی‌ جیاوازی‌ قوڵ ترو ئاڵۆز تری‌ هه‌یه‌، كه‌ سه‌راپای‌ هاوكێشه‌ گشتیه‌كانی‌ گۆڕی‌ كۆی‌ ئاراسته‌ی‌ یارییه‌كان له‌ناو كایه‌كاندا بردوته‌ سه‌ر ئه‌و رێگایانه‌ی‌، كه‌ ده‌مان باته‌ به‌رده‌م كۆ بڕیار و ده‌سه‌لاَتێك كه‌ هه‌مو تاكێك هه‌ست به‌ بونی‌ خۆی‌ بكات له‌ دروست كردنیدا و جێی‌ متمانه‌ی‌ هه‌موان بێت، ئه‌كرێت گۆڕان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چه‌مكی‌ روداوه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌ و جیهان بكات كۆی‌ گشتی‌ داواكاری‌ گۆڕان و جه‌خت كردن له‌ سه‌ری‌ له‌ یه‌ك خاڵدا هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ كێشه‌یه‌ك كه‌ده‌كرێ‌ به‌ رێگای‌ خۆی‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، نه‌ك بكرێته‌ داواكاری‌ گشتی‌ گۆڕان له‌سه‌ر هه‌مو مێزه‌كان و له‌ ناو هه‌مو یاریه‌كاندا.

كێشه‌ی‌ نان بڕاوه‌كان ده‌كرێت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كه‌ باس بكرێت، چونكه‌ ده‌سه‌لاَت و حیزبه‌كانی‌ ناو ده‌سه‌لاَت ئیدعای‌ دیموكراتی‌ بون و مافی‌ ئازادی‌ تاك و ده‌نگدان ده‌كات، لێره‌وه‌ بتوانرێ‌ گوشار دروست بكرێ‌ تا تاكی‌ كورد ئازاد بێت له‌ ده‌نگدان خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كرا ده‌كرێت [نان بڕاوه‌كان، نان دزراوه‌كان(واتا زیندانیانی‌ سیاسی‌)، له‌كار دورخراوه‌كان] رێگاكانی‌ خۆپیشاندان و مانگرتنی‌ هێمنانه‌ بگرنه‌ به‌ر یان دۆسیه‌كانیان به‌رنه‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر لێره‌ هیچ نه‌كرا و هه‌مو رێگاكان تاقی‌ كرانه‌وه‌، ده‌بینین زیندانه‌ سیاسیه‌كان به‌هۆی‌ چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكه‌وه‌ یه‌ك هه‌ڵویستی‌ مانیان گرت و ئه‌گه‌ر داواكاریه‌كانیان سه‌ر نه‌گرێ‌ ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ده‌سكه‌وتنه‌وه‌ی‌ نانی‌ دزراویان، ئه‌كرێت نان بڕاوه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رێكخراوێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن نان بڕاوه‌كان هه‌مو پێكه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ده‌نگیان داوه‌ به‌ (گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ) ئه‌و چه‌پانه‌ش كه‌ كۆن نان بڕاو كراون له‌ په‌نای‌ ئه‌مه‌دا ده‌ركراوه‌كانیش بگرێته‌ خۆی‌، كه‌ به‌ هۆی‌ بیرو بۆچونی‌ سیاسیه‌وه‌ له‌ كار دورخراونه‌ته‌وه‌ یان (نه‌فی‌، نقڵ) گواسترونه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنی‌ دور و ده‌توانن له‌گه‌ڵ زیندانیانی‌ سیاسی‌ (نان دزراوه‌كان) به‌ره‌یه‌ك پێك بهێنن به‌ رێگه‌ی‌ یاسای‌ خۆپیشاندان و مان بگرن، تا ده‌سه‌لاَت ناچاری‌ پابه‌ند بون به‌ بڕیاره‌كانیه‌وه‌ ده‌بێت و داوا بكرێت له‌ میدیا ئازاده‌كان پاڵپشتیان بكات، كۆپی‌ داواكاریه‌كانیان بده‌نه‌ هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ ناوخۆی‌ و ناوچه‌یی‌ و جیهانی‌ ئه‌گه‌ر پێویستی‌ كرد، بێگومان ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئازادیه‌كانی‌ تاك و ده‌بێته‌ رای‌ گشتی‌ به‌ نمونه‌ی‌ خۆپیشاندانی‌ خوێنكاران و قوتابیانی‌ ئاماده‌ییه‌كان كه‌ داواكه‌یان جێبه‌جێ‌ كرا.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌ بڕیاری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌بێت نان بڕاوان موچه‌كانیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ و مافی‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ بدرێ‌ و له‌ كار دورخراوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانی‌ خۆیان، كێشه‌كه‌ ته‌نها له‌ جێبه‌جێ‌ نه‌بونیدایه‌ ئه‌و كات ئه‌م سێ‌ رێكخراوه‌ [نان بڕاوان، زیندانیانی‌ سیاسی‌، له‌ كار دورخراوان] ته‌نها داوای‌ جێبه‌جێ‌ بونی‌ ده‌كه‌ن، نه‌ك داواكاریه‌ك كه‌ پێویست به‌ ده‌رچونی‌ بڕیار بكات، ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌لیكترۆنیكانه‌وه‌ داواكاریه‌كانیان به‌رز بكرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ فراكسۆنی‌ گۆڕان كاری‌ زۆر باشیان كردوه‌ بۆ ده‌رچونی‌ ئه‌و بڕیارانه‌ و ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ی‌ رێكخراوی‌ كاتیدا گوشار دروست بكه‌ن، ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی‌ خۆپیشاندانی‌ پرته‌قاڵی‌ نیللی‌ و سور پۆشیه‌وه‌ ده‌سه‌لاَت ناچار به‌ جێبه‌جێ‌ بون بكات، لێره‌وه‌ گۆڕان هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر هه‌مو مێزێ‌ له‌ زاری‌ هه‌مو وته‌بێژێكه‌وه‌ له‌ناو هه‌مو دۆسیه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا قورسایی‌ گۆڕان به‌ داواكاری‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزسێن كورت بكاته‌وه‌ بۆ نان بڕاوه‌كان، به‌ تایبه‌ت كێشه‌ی‌ پۆسته‌كانی‌ به‌غدا و ده‌نگدان بۆی‌، كه‌ كێشه‌ی‌ چاره‌نوسسازی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ ترسناكترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌می‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و سه‌روه‌ری‌ یاسا له‌ هه‌رێمدا، نان بڕاوان پێویسته‌ خۆیان به‌ پاڵپشت به‌ رای‌ شه‌قام له‌ رێگه‌ی‌ مانگرتنه‌وه‌ گوشاری‌ قورس بخه‌نه‌سه‌ر ده‌سه‌لاَت، چونكه‌ ئه‌مان له‌ پێناو دۆسیه‌ گرنگه‌كاندا نانیان بڕاوه‌.


[email protected]

 

Sbeiy.com © 2007