ره‌نگبێ به لای هه‌ندێکه‌وه، حه‌وت مانگ که‌مبێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندی کاری حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌کانی. به‌ڵام، له ماوه‌ی حه‌وت مانگدا، ئه‌کرێت کۆمه‌ڵێک ئاماژه به‌دیبکرێت بۆ چۆنێتی به‌ڕێوه‌چونی ئیشوکاره‌کان و ئه‌و رێچکه‌یه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان پێدا ئه‌ڕۆن. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی یه‌کێکه له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی که ئه‌کرێت هه‌ڵسه‌نگاندنی کاره‌کانی ماوه‌ی رابوردوی بۆ بکرێت و دواتر پێشبینی هه‌نگاوه‌کانی داهاتوی وه‌زاره‌ته‌که بکرێت.
له ماوه‌ی رابوردودا، تێگیشتنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ته‌ندروستی وه‌ک تێگه‌یشتنی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست وابو بۆ گه‌ردون. له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا، زه‌وی سه‌نته‌ر و چه‌قی گه‌ردونه و هه‌رچی ته‌ن و هه‌ساره و که‌وکه‌بی تره، به ده‌وری زه‌ویدا ئه‌خولێنه‌وه. ئه‌م وه‌زاره‌تی ئێستاش، وا ئه‌زانێ زانستی پزیشکی ئه‌و چه‌قه‌یه که هه‌مو پێدراو و ره‌هه‌نده‌کانی تری ته‌ندروستی به ده‌ور و خولی ئه‌سوڕێنه‌وه. ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌م تێگیشتن و دنیابینینهی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا کاره‌ساته ته‌ندروستیه‌کان به‌رده‌وام ئه‌بن و سیسته‌می ته‌ندروستی له کوردستاندا یه‌ک توزقاڵ چیه به‌ره‌وپێشه‌وه ناچێت.
شاره‌زایانی سیاسه‌ت و سیسته‌می ته‌ندروستی له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که ته‌ندروستی چه‌مکێکی فره‌ڕه‌هه‌نده و کۆمه‌ڵێک پێدراوی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، زانستی و ته‌نانه‌ت ئاینیش کاری تێئه‌که‌ن و کاریان تێئه‌کات. بچوکردنه‌وه‌ی ته‌ندروستی بۆ تاکڕهههندێکی زانستی و له ناو ئه‌و رهههندهشدا بۆ لایه‌نێکی ته‌سکی پزیشکی له کاره‌سات زیاتر هیچی لێ سه‌وز نابیت.
دیاره به‌ڵگه و نمونه زۆرن له سه‌ر ئه‌و فرهڕهههندییهی که ته‌ندروستی هه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هیچ بوارێک بۆ دودڵی نهێلێنهوه، ئه‌وا ئه‌بێت پشت به تویژینه‌وه و زانست ببستین بۆ پشتراستکرنهوهی ئه‌و دهسنیشانکردنهی سه‌ره‌وه. توێژینه‌وه‌کانی سیاسه‌ت و سیسته‌می ته‌ندروستی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانیان گه‌یاندوه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، که هه‌ر سیسته‌مێکی ته‌ندروستی، بۆ ئه‌وه‌ی ناوی لێبنرێ سیسته‌م، له سه‌رێتی پێنج ئه‌رکی سه‌ره‌کی جێبه‌جێبکات. چوار له‌و ئه‌رکانه نه له دور و نه له نزیک په‌یوه‌ندییان به چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشیه‌وه، که ئه‌رکی سه‌ره‌کی زانستی پزیشکیه، نیه. ئه‌و چوار ئه‌رکه‌ش؛ نه‌هێشتنی ئاسته‌نگی ئابوریه له به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانی یه‌کسانانه‌ی خزمه‌تی ته‌ندروستی و که‌مکردنه‌وه‌ی زه‌ره‌ری ئابوری له ئه‌نجامی وه‌رگه‌رتنی خزمه‌تی ته‌ندروستی و به‌شداریپێکردنی زۆرترین ژماره‌ی هاوڵاتیان له بڕیاره‌کانی سیاسه‌تی ته‌ندروستی و پاراستنی هاوڵاتیان له نه‌خۆشی و ته‌نگه‌ژه و کێشه‌ی ته‌ندروستین. که‌واته ئاشکرایه که 80% ئه‌و ئه‌رکانه‌ی که ئه‌بێت سیسته‌مێکی ته‌ندروستی پێی ههڵستهن په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له گه‌ڵ زانستی پزیشکی، وه‌ک زانستێک که ده‌ستوپه‌نجه له گه‌ڵ نه‌خۆشی و چاره‌سه‌ر نه‌رمئه‌کات، نیه.
ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه‌دا به‌دی ئه‌کرێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستی و پێدراوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن. بڕیاری زیادکردنی نرخی پشکنینی نه‌خۆش بۆ نمونه، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌رکانه‌یه که رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی بۆ سیسته‌مه ته‌ندروستیه‌کانی دیاریکردوه. ئه‌و بڕیاره ئاسته‌نگی ئابوری به‌رهه‌مئه‌هێنێ له‌به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانی خزمه‌تی ته‌ندروستی، نا یه‌کسانی دروست ئه‌کات له توانای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خزمه‌ته و مه‌ترسیه ئابوریه‌کانی سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له ئه‌نجامی وه‌رگرتنی خزمه‌تی ته‌ندروستی زۆرتر ئه‌کات و ئه‌گه‌ری پاراستن له نه‌خۆشی به‌هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌ردانی پزیشک که‌متر ئه‌کات.
کاردانه‌وه‌کانی وه‌زاره‌ت به‌رامبه‌ر به ناڕه‌زایه‌تی دانشتوانی گه‌ڕه‌کێک که نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ناو گه‌ڕه‌که‌که هه‌راسانی کردون، به رونی ئاماژه‌ن بۆ دنیابینین و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌بری ئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی هاوڵاتیان بداته‌وه و به‌ده‌م گله‌یی و گازهندهکانیانهوه بچێت، خۆی توڕه ئه‌کات و دهستڕائهوشێنی و "ته‌هدیدی" ئه‌وه ئه‌کات که نه‌ک چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه نادۆزنه‌وه (که ناوی هیوایه؟!!)، به‌ڵکو دانه‌یه‌کی تریش له ته‌نیشتی دروست ئه‌که‌ن. ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئاماژه نه‌بێت به ونکردنی ئه‌رکه‌کانی وه‌زاره‌ت وه‌ک وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌کی داواکانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، چۆن چۆنی لێی تێبگه‌ین؟ دیسان ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه لادانه له‌و ئه‌رکانه‌ی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی بۆ سیسته‌می ته‌ندروستی ده‌ستنیشانی ئه‌کات بۆ به‌شداری پێکردنی هاوڵاتیان له بڕیاره‌کانی سیاسه‌تی ته‌ندروستی.
ده‌ستنیشانکردنی ئه‌وانه‌ی که حکومڕانی سیسته‌می ته‌ندروستی کوردستان ئه‌که‌ن به ته‌نها به پێوه‌ری لایهنگربون بۆ ئه‌م حیزب و ئه‌وی تریان و ته‌نها له پێشچاوگرتنی زانستی پزیشکی وه‌ک سه‌نته‌ری سیسته‌می ته‌ندروستی ئێمه، سیسته‌مه‌که له کاره‌ساته‌وه بۆ کاره‌سات ره‌وانه ئه‌کات. کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیش پێویسته سیسته‌می ته‌ندروستی به‌هی خۆیان بزانن و چی تر نه‌یده‌نه ده‌ستی قه‌ده‌ره‌وه.