Print
 
 جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
"ئۆقیانووسێك له‌تاوان"... توێژینه‌وه‌یه‌ یان رۆمان؟
نوسه‌ر:  خه‌ندان محه‌مه‌د جه‌زا
Thursday, June 24, 2010

بۆ زانیاریتان له‌شفرۆشی حاڵه‌ت نیه‌، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاشكرای بێپه‌روای بێسه‌روبه‌ره‌یه‌ له‌كوردستانه‌ ئازیزه‌كه‌ی ئێمه‌دا روده‌دات. ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌م هه‌مو سفاته‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات‌و نزمی ئاستی هۆشیاری خه‌ڵكی كوردستان‌و نادروستی په‌روه‌رده‌ی توخماتێری (سێكچواڵێتی)‌و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ زۆر باش خه‌ڵكی كوردستانی گیرۆده‌كردوه‌و به‌دوری نازانم له‌ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوشدا ژماره‌ی توشبوانی نه‌خۆشیه‌ توخماتێریه‌كانی وه‌ك ئایدز و سیفلیس‌و چه‌ند دانه‌یه‌كی تر به‌ڕێژه‌ی به‌رز بڵاوببنه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ودواییه‌دا نه‌خۆشخانه‌ی كۆیه‌ بوێرانه‌ په‌رده‌ی له‌سه‌ر گرفته‌كانی ئایدز هه‌ڵماڵی. ئێوه‌ش وه‌رنه‌ پێش‌و دان بنێن به‌گرفته‌كه‌دا زۆر باشتره‌. بۆیه‌ دانانی یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی له‌شفرۆشی گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌...

من به‌ش به‌حاڵی خۆم توشی داچڵه‌كینێكی گه‌وره‌ بوم كه‌بیستم له‌شه‌رمان‌و له‌به‌ر ئابڕو په‌رله‌مان گفتوگۆی ئه‌م بابه‌ته‌ش وه‌ك پرسی خه‌ته‌نه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

له‌به‌رواری 20ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ سایتی (سبه‌ی) لێدوانێكی په‌رله‌مانتار په‌یمان عیزه‌دین بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و تیایدا هاتوه‌: "له‌دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌ماندا پڕۆژه‌ یاسای‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ له‌شفرۆشی‌ خرایه‌ڕو، كه ‌لیژنه‌ی‌ یاسایی داوای‌ ره‌تكردنه‌وه‌یان كردبو، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دیارده‌ی‌ له‌شفرۆشی بونی‌ نیه‌، له‌كاتێكدا یاسای به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ عێراقی‌ سزای‌ بۆ ئه‌م كارانه‌ داناوه‌، وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ چاكسازی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ كاری‌ له‌شفرۆشی‌ ده‌كه‌ن"، لێره‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌كانم ده‌ست پێده‌كه‌م، یه‌كه‌م: ئه‌و لیژنه‌ی یاساییه‌ هیچ بنه‌ماو بنه‌ڕه‌تێكی زانستی نیه‌ كه‌ ره‌تیبكاته‌وه‌ دیارده‌ی له‌شفرۆشی له‌كوردستاندا نیه‌. من بۆخۆم سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیم به‌چاپ گه‌یاند‌و حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌ش خه‌ڵاتیكرد! كه ‌له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا سه‌لمێنراوه‌ له‌شفرۆشی دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌و سه‌راپای كوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌و به‌رپرسانیش به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو تێوه‌گلاون. بۆیه‌ پرسیار ده‌كه‌م له‌ جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئایا "ئۆقیانووسێک له‌تاوان" وه‌ك توێژینه‌وه‌ خه‌ڵاتكرا یان رۆمان؟.

بۆیه‌ بۆ من ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هه‌واڵێكی كۆمیدیه‌‌ و توشی رامانێكی قوڵیكردم، چه‌ند جارێك لینكه‌كه‌م داخست‌و كردمه‌وه‌ هه‌مان هه‌واڵم بینیه‌وه‌‌و په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌ڵێت: ".... چونكه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانی‌ چاكسازی‌ له‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێبه‌ش نین له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌به‌هۆی‌ له‌شفرۆشیه‌وه‌ سزا دراون و به‌ڵگه‌كانیش ده‌یسه‌لمێنن، كه‌ دیارده‌ی‌ له‌شفرۆشی بونی‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆیه‌ نابێت به‌پاساوی‌ پاراستنی‌ ناوبانگی‌ هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایانه‌ ره‌تبكرێنه‌وه".

ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێشتر چالاكه‌وانی بزوتنه‌وه‌كانی ژنان نه‌بوایه‌‌ و به‌ده‌ست خه‌می یاسای خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌ نه‌یناڵاندبێت، ئه‌وا ئه‌كرا گومان له‌ بۆچونه‌كه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام بێشك له‌دوادێردا كاتێك پاساوی پاراستنی ناوبانگی هه‌رێم باس ده‌كات، ئیتر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵانه‌ی په‌رله‌مانی پێشو حوكم ده‌كه‌ن كه‌ شه‌رمیان ده‌كرد باسی گرفتی خه‌ته‌نه‌ی ژنان بكه‌ن.

به‌ڵام عه‌ره‌ب وته‌یه‌كی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ته‌ڕبوبێت له‌باران ناترسێت"، منیش ده‌ڵێم خۆ به‌شێكی گه‌وره‌ی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌مان سه‌راپا به‌پرسی له‌شفرۆشی ته‌ڕبون ئیتر بۆ شه‌رم بكه‌ین باسی بكه‌ین؟ چونكه‌ من له‌توێژینه‌وه‌كه‌مدا بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ی به‌پله‌ی یه‌ك له‌م بازاڕه‌دا كڕیارن به‌رپرسن‌و به‌رپسه‌ قه‌ڵه‌وه‌كانیش، ئه‌وانه‌ی شوێن‌و سه‌یاره‌و خزمه‌تكاری زۆر له‌به‌رده‌ستیاندایه‌. بۆیه‌ ده‌پرسم:
 نازانم سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و لیژنه‌ی یاسایی چۆن ده‌ڕواننه‌ كارێكی ئه‌كادیمی‌و زانستی؟ یان له‌گیرفانی كولتور‌و هۆشمه‌ندی باوه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر دیارده‌و نا دیارده‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ن؟ له‌كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتوه‌كاندا توێژینه‌وه‌ بڕیار ده‌دات، پێم ناڵێن له‌و ماوه‌ كورته‌دا چۆن به‌ئاسانی توێژینه‌وه‌یه‌كتان ئه‌نجام دا له‌سه‌ر دیارده‌ی له‌شفرۆشی؟ من نزیكه‌ی 10 ساڵ خه‌ریكی كاركردن بوم له‌گه‌ڵ گرتوخانه‌كانی ژنان زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ده‌هاتنه‌ بنه‌كه‌كانی گرتن‌و گواستنه‌وه‌ به‌ماده‌ی 3‌و 4ی له‌شفرۆشی ده‌هاتنه‌ ئه‌وێ، له‌ توێژینه‌وه‌كه‌مدا نه‌مشاردۆته‌وه‌، چه‌ندین به‌رپرس‌و نوسه‌ر كه‌فاله‌تیان بۆ ده‌كردن‌و ئازادیان ده‌كردن! ئایا له‌ په‌رله‌مانیش دۆسێكه‌ هه‌روا بائاسانی داده‌خه‌ن؟ من پاش ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌كاركردن، ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌كه‌م دوباره‌ بكه‌مه‌وه‌ به‌جۆرێكی تر ده‌یكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه‌ راستی باشتر، پێم ناڵێن په‌رله‌مان چۆن له‌كه‌متر له‌ 6 مانگدا بڕیاریدا له‌سه‌ر نه‌بونی ئه‌م دیارده‌یه‌؟.

ئای ئه‌گه‌ر كڕیاره‌كانی له‌شفرۆشی ته‌نیا له‌چین‌و توێژه‌كانی خواره‌وه‌ بوایه‌ هه‌رگیز ئه‌م جۆره‌ په‌رله‌مانتارانه‌ بیریان نه‌ده‌كرده‌وه‌! به‌ته‌نیا به‌پشت به‌ستن به‌یاسای عێراقی كۆن له‌ حكومه‌ته‌وه‌ قورسترین سزایان داده‌نا‌و پرسیان به‌په‌رله‌مانیش نه‌ده‌كرد. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كڕیاره‌كان شوناسیان ئاشكرایه‌، په‌رله‌مان پێی نه‌نگیه‌ یاسای سزای بۆ داڕێژێت! له‌زۆربه‌ی وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا سزا به‌ته‌نیا له‌سه‌ر كڕیاره‌كانه‌، چونكه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ فرۆشیار ته‌نیا له‌به‌ر نه‌بونی‌و ناچاری په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئه‌و كاره‌ خراپه‌. به‌ڵام له‌وڵاتی ئێمه‌ هه‌ر یاسایه‌ك له‌دژی كڕیاره‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و پرسه‌دا بێت بێگومان ده‌چێته‌ خانه‌ی شه‌رمه‌وه‌.

بۆیه‌ به‌ په‌رله‌مانتاری به‌ڕێز "په‌یمان عیزه‌دین" ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ شه‌رم نیه‌ له‌سوك بونی هه‌رێم، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌ڕن له‌بارانه‌كه‌ ناترسن، به‌ڵكو دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی ‌و ئه‌م كایه‌یه‌ش كایه‌یه‌كی باشه‌ بۆئه‌وه‌ی نوسه‌ر‌و چالاكه‌وان‌و گه‌نجان پێوه‌ی خه‌ریك ببن‌و ئاوڕ له‌پرسه‌كانی تر نه‌ده‌نه‌وه‌. ئایا سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و جێگره‌كه‌ی ‌و ئه‌وانه‌ی تریش كه ‌ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ له‌خۆیان ده‌بورن سه‌ردانی گرتوخانه‌یه‌ك بكه‌ن، یان ماڵه‌ له‌شفرۆشێك به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌؟ له‌و هه‌مو ماڵه‌ی له‌زاخۆوه‌ تا خانه‌قین به‌ربڵاون‌و بازاڕه‌كه‌ رێكده‌خه‌ن؟ خۆ ئه‌وان سه‌رۆك‌و به‌رپرسی له‌ شفرۆشه‌كانیشن نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكێك كه‌ بژێوی ئاساییان هه‌یه‌... من ده‌مه‌وێت له‌نزیكه‌وه‌ ئێوه‌ بزانن كه‌ له‌شفرۆشی‌و بازرگانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و نه‌خۆشیه‌كانی وه‌ك ئایدز‌و سیخوڕیكردن ده‌سته‌ براو ده‌سته‌ خوشكن هه‌ركامیان له‌هه‌ر كوێ هه‌بون ئه‌وانه‌ی تر له‌گه‌ڵیاندان له‌یه‌ك ماڵ‌و له‌یه‌ك مه‌مله‌كه‌ت‌و له‌یه‌ك شوێندان، هۆكارێكی سه‌ره‌كیشن بۆ به‌ربڵاوی گه‌نده‌ڵی.

بۆیه‌ باش گوێبگرن ‌و جارێكی تر دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ ئۆقیانوسێک له‌تاوان حیکایه‌ت و رۆمانێکی به‌ر ئاگردانی شه‌وان نه‌بو! سوتاندنی ئوتێله‌كه‌ی سه‌رسه‌نگ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ دژ به‌كاری له‌شفرۆشی رێكخراو بو، هه‌ر هه‌ڵچونێكی كتوپڕ نه‌بو! ئه‌و خانانه‌ی له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین له‌شفرۆشی رێكده‌خه‌ن، له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا له‌نێوان هێزه‌ ناوخۆییه‌كان‌و ئێستاش بۆ هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان هێشتا كاری سیخوڕی ده‌كه‌ن، درۆنین ‌و راستین، گه‌ر ئێوه‌ش لێی بێده‌نگ بن سه‌دانی وه‌ك ئێمه‌ ده‌یزانین. مه‌زبه‌ته‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی كوردستان له‌دژی ماڵه‌ له‌شفرۆشه‌كان لایه‌نی كه‌م هه‌فته‌ی جارێك دادگاكان به‌ئاگادێنێت، ئه‌ی پێم ناڵێن لیژنه‌ی یاسایه‌كه‌تان پشتی به‌كام راستی یاسایی به‌ستوه‌؟ ئه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی داتانه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی من، بۆ چاوبه‌ست بو یان ته‌نیا مه‌زاجێكی مۆدێرنانه‌؟ بڕۆن چاره‌سه‌رێكی ئه‌و گرفته‌ بكه‌ن، چونكه‌ دڵنیام مێژو وه‌ك تاوانكار هه‌ژمارتان ده‌كات نه‌ك وه‌ك په‌رله‌مانی ئابڕو پارێز.

Sbeiy.com © 2007