Print
 
 پیلانێكی‌ مه‌ترسیدار!
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Wednesday, July 7, 2010

هه‌فته‌ی‌‌ رابردو له‌لایه‌ن (9) په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌و به‌ هاوبه‌شی‌ ئیمزای‌ (4) په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌، پرۆژه‌یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم، "پرۆژه‌كه‌ هی‌ پارتییه‌"، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌كراو نێردرا بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان بۆ كرا، كه‌ دیاره‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌یانه‌وێت به‌ دروستكردنی‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ كۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ (سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، ئه‌نجامدانی‌ راپرسییه‌ گشتییه‌كان)ی‌ هه‌رێم، له‌ كۆمسیۆنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ عێراق بسه‌ننه‌وه‌.

هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی‌  ئه‌م ده‌سته‌یه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ (2008)، به‌ڵام ئه‌وكات له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌دنان موفتی‌، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ لیستی‌ سه‌وزه‌وه‌ ره‌غبه‌تێكی‌ جدیی‌ بۆ لیستی‌ زه‌رد نیشاننه‌درا، كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بهێنرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئێستا له‌لایه‌ن یه‌كێتیشه‌وه‌ ره‌غبه‌تێكی‌ له‌وشێوه‌یه‌ هه‌یه‌.

ئه‌زمونی‌ حوكمڕانیی‌ (19) ساڵی‌ رابردومان له‌ روی‌ دیموكراسییه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناكامڵه‌، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتاران ده‌نگ له‌سه‌ر دروستكردنی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بده‌ن هێنده‌ی‌ تر ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ نیسبییه‌ی‌ له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ به‌ره‌و دواوه‌ی‌ ده‌بات!.

ره‌نگه‌ هیچ كه‌سێكی‌ دڵسۆز به‌ وڵاته‌كه‌مان لاریی‌ له‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌رێم ببێته‌ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌‌و ده‌زگایه‌كی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كوردستانیمان هه‌بێت، به‌لاَم له‌حه‌قیقه‌تدا پیلانێكی‌ مه‌ترسیدار له‌پشتی‌ ئه‌مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ هه‌یه‌و پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بكه‌نه‌  سه‌رچاوه‌ی‌ ئیحتیكاری‌ سوڵته‌و به‌ ئاره‌زوی‌ خۆیان ته‌زویر بكه‌ن‌و هه‌ڵبژاردنێكی‌ موزه‌یه‌ف ئه‌نجامبدرێت. هه‌ربۆیه‌ نابێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ ره‌هه‌ندی‌ كوردستانیبون‌و عێراقیبونه‌وه‌ سه‌یربكرێت.

سه‌یره‌! له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێمان خۆشبێت پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانمان له‌ ئاستی‌ هه‌مو ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات چاوی‌ بیانی‌‌و ئه‌مریكاو ئه‌وروپاییه‌كانمان زیاتر له‌سه‌ربێت‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانمان ئیعتیبار‌و شه‌رعییه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وه‌ربگرێت، كه‌چی‌ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌داین په‌رده‌پۆشی‌ بكه‌ین‌و كه‌س به‌ پرۆسه‌كه‌ نه‌زانێت!.

له‌ سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتییدا‌  تائێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نمونه‌ی‌ هیچ پرۆسه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بێ‌ غه‌ش‌و نه‌زیهمان نییه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م بۆچونانه‌ هه‌ڵبژاردنی (25)ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ پار بو، كه‌ لێشاوێك ته‌زویرو ساخته‌كاریی‌ و پێشێلكاری‌ تێدا ئه‌نجامدرا‌و له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ سكاڵاكانی‌ لیسته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا (40) بنكه‌ی‌ ده‌نگدان له‌به‌ر ته‌زویركردن له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌نگه‌كانی‌ پوچه‌ڵكرایه‌وه‌‌و (126) به‌ڕێوه‌به‌رو كارمه‌ندی بنكه‌كانیش به‌ ده‌ركردن له‌ كۆمسیۆن سزادران.

كه‌ داواده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ كۆمسیۆنی‌ به‌غدا بسێنرێته‌وه‌، ئه‌م داوایه‌ به‌ هه‌ر پاساو بیانویه‌ك بێت كارێكی‌ نادروسته‌! له‌كاتێكدا سه‌رۆكی‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ كورده‌و پارتییه‌و یه‌كێتیش كه‌سێكی‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ باڵاكه‌یدا هه‌یه‌.

باشه‌ ئێمه‌ هاوبه‌شین له‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقداو ئێستاش به‌پێی‌ ماده‌كانی‌ (102، 103، 104، 105، 106، 107)ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ له‌ (13) هه‌یئه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ عێراقی‌ وه‌ك: (كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن، ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌، كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كان، دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق، دیوانه‌كانی‌ ئه‌وقاف، ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیی‌ خزمه‌تی‌ فیدراڵیی‌...هتد). هاوبه‌شین‌و پشكمان هه‌یه‌، ئایا باشتر نییه‌ گرنگی‌ بده‌ین به‌م دمه‌زراوه‌ ده‌ستوریی‌‌و فیدراڵیانه‌، كه‌ بۆ كورد گرنگیی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌‌و خۆمان له‌و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تیانه‌ به‌هێز بكه‌ین‌و به‌كاریانبهێنین بۆ خزمه‌تی‌ هه‌رێم‌و عێراقێكی‌ دیموكراتی‌، یان ساحه‌كه‌یان بۆ چۆڵكه‌ین!.

بڕیاردان له‌سه‌ر دروستكردنی‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ یه‌ك دنیا گومان‌و پرسیار دروستده‌كات!، به‌تایبه‌تی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ مه‌به‌ستیانه‌ به‌زوترین كات یاساكه‌ی‌ ده‌ربكرێ‌ و هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانیشی‌ پێ ئه‌نجامبدرێت.

یه‌كێك له‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ رۆژنامه‌نوس له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌مانه‌، ئه‌نجامدانی‌ ساخته‌كاریی‌‌و ته‌زویره‌ له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌، بۆیه‌ ترسی‌ ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ناتوانرێت سه‌ربه‌خۆیی‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ بپارێزرێت‌و حیزبه‌كان به‌ده‌ستێوه‌ردانیان له‌ شێوازی‌ دانانی‌ كه‌سه‌كان بۆ پۆسته‌ سیادییه‌كانی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌و دانانی‌ كه‌سانی‌ حیزبیی‌ خۆیان له‌ خواره‌وه‌ هه‌یمه‌نه‌ی‌ ته‌واو به‌سه‌ر ده‌سته‌كه‌دا بكه‌ن‌و له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسییه‌كان ته‌زویرو ساخته‌كاری‌ بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ جێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ (یوئێن‌و رێكخراوه‌ جیهانی‌‌و ناوخۆییه‌كان) نابێت.

Sbeiy.com © 2007