Print
 
 گۆڕان و دەسەڵات و نەتەوە
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Sunday, August 29, 2010

بزوتنەوەی گۆڕان تەنها هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی یاسایی نیە تا تەنیا لەو روانگایەوە بەرنامەی کار و پێکهاتە و پەیوەندیەکانی دابڕێژێت. وێرای ئەوەی کارکردنی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەماندا کاریگەری بەرچاو لەسەر ژیانی دیموکراسی وخودی بزوتنەوەکە دەکات، وەلێ پێناسەکردن و نمایشکردنی گۆڕان تەنیا لەم چەمکەدا زەمینە و کرۆکە نەتەوەییەکەی لاوازدەکات و بە شێوازێکی کرچ وکاڵ و دابڕاو لە چوارچێوەیەکی تەسکدا حەشاری دەدات.

بەرەی دەسەڵات بەپەرۆشەوە گۆڕان تەنها وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی پیشاندەدات وهەوڵێکی زۆریشیان گرتەبەر تا لەپرۆسە نەتەوەییەکە دایببڕن و بە روداو و دیاردەیەکی کاتی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. هەوڵێکی نەزۆک زادەی بیرێکی تەسکی نامۆ بە مانا و بەها مرۆیی و سیاسی و نەتەوەییەکانی دیموکراسی و نیشانەی قایل نەبون و سەغڵەت بونیان بە گۆڕانگاری بنەڕەتی لە رەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی دا.

دەسەڵات و نەتەوە
بزافی کوردایەتی تەنیا لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم پێکنەهاتوە. وێرای ئەوەی ئەم لایەن و دەزگایانە دیوە فەرمیەکەی شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی نەتەوە و خاکن، بەڵام لەئاستی چەندین ئەرکی نەتەوەییدا شکستیان هێناوە و هزری ناسیۆنالیزمی کوردیان بە ئاڕاستەی تەسکی حیزبی و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی دەسەڵاتداراندا تێوەگلاندوە و بۆتە کۆسپێک لەبەردەم چەمکی "دروستکردنی نەتەوە" دا.

دو ئیدارەیی و دو لەشکری مشەخۆری حیزبی و دو هێزی چەکداری و دو دەزگای ئاسایش و دو بەشی زەوتکراو لە بودجەی نەتەوەیی و دو دەزگای راگەیاندنی حیزبی بەناو نەتەوەیی و دو بیر و زمانی نەگونجاو لەمەڕ کێشە نەتەوەییەکان و دو سەرکردەی ناکۆکی سەرقاڵی ناو بزافی کوردایەتی بە سەرجەم لایەنە گەش وتاریکەکانیانەوە و دو جۆر نوێنەرایەتی لە دنیادا. ئەمانە ئەو راستیە تاڵانەن کە ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی هێناون و بەو شێوازە جومگەکانی کوردایەتی و دروستکردنی نەتەوەیەکیان داڕشتوە و دەرئەنجامەکەی نەک تەنها بزافەکە لە باشور لەتلەت و پەرتەوازە کراوە، بەڵکو رێگەخۆشکەریش بون بۆ کاڵبونەوەی خۆشەویستی خاک و نەتەوە و لەکەدارکردنی سەروەریەکانی مێژو و کزبونی هیوا و ئومێدی نەتەوەیی بە پاشهات.

مەحاڵە کاتێک هێزەکانی بزافێکی نەتەوەیی درێژخایانی وەک کوردایەتی دیدوبۆچونی رەسەنی نەتەوەیی بزافەکە لە روانگای بەرژەوەندی کاتی و تایبەتیاندا دادەڕێژن ئەو بزافە بتوانێت لە سایەی ئەو دۆخەدا رێرەوە راستەکەی خۆی بگرێتەبەر. لەئاکامی ئەم راستیانەدا نە دروستە و نەدەشکرێت گۆڕان تەنها لە چوارچێوەی دەزگا فەرمیەکانی هەرێمدا و لەسایەی ئەو جوتە هێزەدا کار بۆ ئەرکە نەتەوەییەکانی بکات.

لە بەشێکی گەورەی دنیای دیموکراسیەتدا حوکمڕانی و سیاسەتی دەوڵەت و بەگەڕخستنی دیموکراسیەت لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە شەفاف و بێگەردەکان رێککەوتنی سیاسیان لەسەر ئەنجام دەدرێت و بەرنامەی کارەکەی بۆ دادەڕێژرێت و کاتێک بەرنامەکە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی لەلایەن نوێنەرانی میللەتەوە پەسندکران ئەوسات گەمەی دیموکراسیەت کاری خۆی دەکات. ئەم پرۆسەیە لای خۆمان بە رواڵەتی بەکارهێنراوە و رێککەوتنامەی بەناو "ستراتیژیەت" هەم دیموکراسیەتی دەستەمۆ کردوە و هەم پرۆسەی رێککەوتنی سیاسی نەتەوەیی ئیفلیج کردوە و هەروەهاش رەگ و ریشەی هزری نەتەوەیی لەسەر میلاکی دەسەڵاتداران تاپۆ کردوە و کراوەتە بەهانە و رێگە یاسایی و فەرمی بەدەستیانەوە تا بە ئارەزو و میزاجی خۆیان پرۆسەی حوکمڕانی بەڕێبکەن.

ئەم فەرامۆشکردنە لەگەڵ چەند لایەنی مێژویی لوتکەکانی دەسەڵات هۆکارێکی سەرەکی پەرتەوازەیی و لەرزۆکی رەوایەتی نەتەوەییە لەهەناو و جەستەی حوکمڕانی لە باشور. ناڕەواییەک کەم یا زۆر، زو یا درەنگ تەنگ بە سەرجەم بزافی کوردایەتی هەڵدەچنێت و نمونەی باشوریش دەخاتە گێژاوی داگیرکەران و ناحەزانی کوردەوە. لەم دۆخەدا دەسەڵات بەدەنگی بەرز داوا لە گۆڕان دەکات وەک تەیرێکی ماقوڵ ئۆپۆزسیۆن بێت تا ئەو کەلێنە نەتەوەییە بەرچاوەی دەسەڵات کەمێک پڕبکرێتەوە و بە میلۆدیای ئەوان گۆڕان سەمای دیموکراسیەت بکات.

بەغدا و نەتەوە
ئەزمونی کورد لە حەوت ساڵی رابوردودا لەگەڵ عەرەبی شیعە و سونە دەیسەلمێنێت کە بەستنەوەی بزافی کوردایەتی لە باشور بەو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبیانەوە لە پلەی یەکەمدا جێبەجێکردنی خواست و ویستی دەرەکی بوە و لە پلەی دوەمیشدا رازیکردنی وڵاتانی عەرەب و تورک وفارس بوە و لە پلەی سێەمیشدا دامرکاندنەوەی گڕی تموحاتێکی تایبەت بوە بە بەرگێکی نەتەوەییەوە و لە پلەی چوارەمیشدا خەونێکی شاعیرانەیە بۆ بەدەستهێنانی چەندین ئامانجی مەزنی کوردایەتی لە باشور. ئەوەی کورد لەو گرێبەست و بەستنەوەیە بە کۆمەڵیک مەرج و پێچ و پەناوە دەستیکەوتوە بەشێک لە پارەی سەروەت و سامانی خاکەکەی خۆی بوە. عەرەب هەر چۆنێک بێت و چۆن بیربکاتەوە لەئاستی کورد دا دەبێتە زوحاک و هزری نەتەوەیی عەرەبی هەزاران نمونەی سەدام پێدەگەیەنێت. ئەم بەستنەوە ئیداری و سیاسیەی باشور بە بەغداوە شیلەی (رەحیقی) ناسیۆنالیزمی کوردی هەڵمژیوە و وەک گوڵێکی رەنگین و جوان بۆنە رەسەنەکەی زۆر کاڵکردۆته‌وه‌. ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ میلیمەترێک لە خاکی کوردستان دەیان یاسا و بڕگە و پرۆتۆکۆل و کۆبونەوە و هێزی عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆیان قیتدەکەنەوە و کورد دەخەنە ژێر فشارێکی بێئەندازە و بێتامەوە تا بۆ بەشێکی ئەو میللیمەترە سازشی پێبکەن.

ئەم دۆخە یا زادەی بێدەسەڵاتیە یا رەنگدانەوەی توانای شەتەک و لاوازی نەتەوەیی دەسەڵاتدارانی کوردە، لەهەر دو حاڵەتدا ئەو دەسەڵاتدارانە هزری ناسیۆنالیزمی کوردیان لە چەمکی "شەراکەت" لەگەڵ عەرەبدا لە " فانوسە ئەفسوناویەکەی عەلادین" خزاندوە.

دەبێت گۆڕان چیبکات؟
لە خەسڵەتە زەقەکانی ئەم سەردەمەی باشوری کوردستان:
نە دەوڵەت و کیانێکی سەربۆخۆین ونە بەشێکی گوێرایەڵ و نەپچڕاوین لە دەوڵەتی عێراق، نە هەرێمەکەمان هەمو کوردستانی گرتۆتەوە و نە هەمو کوردستانیش بەمزوانە تەواکەری ئەو هەرێمە دەبێت، نە بەغدا لە دڵەوە وەک هەرێمێکی فیدراڵ مامەڵەمان دەکات و نە دۆستە گەورە و دەسەڵاتدارەکانیشمان مەبەستیانە بێدڵی بەغدا بکەن، نە دراوسێکانمان لە داگیرکەرانی کوردستان و شۆڤینیزمی عەرەبی چاویان بەم هەرێمە هەڵدێت و نە ئێمەش ئەو بوێری و توانایەمان هەیە پشتیان لێ بکەین، نە گۆشەکراوی دیموکراسین و نە دەشمانه‌وێت زو فێری بین، نە هێزە سیاسیەکانمان و نە حکومەتەکەمان و نە بەشداریمان لە شەراکەتی بەغدا توانیوانە چەمکەکانی نەتەوەییمان بەتەواوی بچەسپێنن و نە ئەو هەمو لایەنانە دەتوانن لە دەرەوەی نەتەوە بۆ چرکەیەک بژین، نە دەتوانین ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری بەلاوەنێین و نە بەو ئازادیەش قایڵین، نە بازاڕێکی ئابوری ئازادمان هەیە ونە...تاد. بەکورتی کۆی ئەم خەسڵەتانە دۆخێکی خەڵقاندوە کە تەم ولێڵی بە ئێستا و ئایندەمانەوە دیارە. خاکێکی دابڕاو و نەتەوەیەکی پچرپچرکراو و نەگونجاو لە فەزای نێوان رابوردو و ئایندەدا بە تاوێکی تەنکی نەتەوەیی و مۆدێرنیزم و ئایینیەوە گیرساونەتەوە. کۆمەڵگەیەکین تەنراو بە دژواری و ناکۆکی و بە دەسەڵاتی بەهای میرنشینی لۆکاڵی و حکومەتێکی هه‌رێمیی بێتوانا و بە کارنامەکانی شەراکەت و یەکڕیزی و پلان دژ بەیەک و چرنوقگرتن و شەڕ و نانبڕین و ماچکردن و دۆستایەتی و موجامەلەی بێپێز و بێتام.

بۆ عێراقی گەورەش پارلەمان هەڵدەبژێرین و کەچی ئەندامەکانی پاش نیو ساڵ بێکار لەماڵەوە دانیشتون، لەبەغدا موجامەلەی درۆ و کۆبونەوەی زۆروبۆر وبێ ئەنجام و زەردەخەنەی زۆرەملی و چاوشارکێی مناڵانی ناو کۆڵانەکان لەگەڵ یەکتر دەکەن.

من باوەڕ ناکەم گۆڕان عەسای سحری بەدەستەوەبێت بۆ ئەم دۆخە تەنراوە بە دژەکان و نە گۆڕانیش ئەوەندە خەیاڵ پڵاوە دۆخەکە بە خەونەکانی ئارایشتە و نمایش بکات.

وا پێویست دەکات گۆڕان سیاسەتێکی واقیع بینانە بگرێتەبەر، پێگە سەرەکیەکانی ئەم سیاسەتە چەند خاڵێکی جەوهەری لەخۆدەگرن:
1- گۆڕان زادەی ناڕەزایی خەڵکە لە دەسەڵات و پەرتەوازەبون و کاڵبونەوەی هزری ناسیۆنالیزمی کوردیە لە سیاسەت و فکری دەسەڵات لە کوردستان و لە شێوازی بەشداریکردنیدا لە بەغدا، بۆیە گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەری و نەتەوەییە و فراکسیۆنەکەی پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆنە بۆ دەسەڵات.
2- گۆڕان لەگەڵ دو هێزی دەسەڵاتدار کێشەی گەورە و بنەڕەتی هەیە و بەپێچەوانەوە هیچ زەمینە وهۆکار بۆ دروستبونی لەئارادا نەدەبو. ئاستی ململانێ و کێشەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا پابەندە بە زەمینەی مێژویی و پلان و بەرنامەی کاریان بۆ ئێستا و ئایندەی بزافەکە و هەڵوێستیان بەرامبەر بە گۆڕان. بە واتایەکی تر زەمینەی فکریش پێوەرێکی سەرەکیە بۆ پلە و ئاستی ململانێ و پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی تردا.
3- گۆڕان حکومەتی هەرێم بە دەسکەوتێکی مێژویی و مەزن بۆ کورد دەزانێت، بۆیە ئەرکی سەرەکی لەڕێگەی ئۆپۆزسیۆنکردنێکی واقیعبینانە و گونجاوەوە گەشەپێدان و چەسپاندنی حکومەتەکەیە لەڕێگەی چاکسازی لەهەمو بوارەکانی کارکردنیدا و پێڕەوکردنی یاسا و دەستتێوەرنەدانی حیزبی لە کارەکانیدا و دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و شەفافیەت و ئازادی.
4- گۆڕان کاردەکات بۆ چالاککردنی پەرلەمانی کوردستان تا بتوانێت ئەرکە سەرەکیەکانی خۆی جێبەجێبکات و ببێتە مەرجەعیەتێکی نەتەوەیی بۆ دۆخی بزافەکە لە باشور، تەنیا لە رێگەی پەرلەمانەوە شەرعیەت بە بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی عێراق بدرێت. لێرەدا بە رای خۆم پێویستە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگبدەن لەسەر مەسەلە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان کە بە حکومەتی عێراقەوە پابەندن. هەموارکردنی دەستوری هەرێم لەم خاڵەدا هۆکارێکی سەرەکی دەبێت لە راستکردنەوەی پەرتەوازەیی و لەتلەتبونی هزری نەتەوەیی.

لە رۆشنایی ئەو خاڵانەدا گونجاوترە گۆڕان سیاسەتی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان بەشێوازی هەڵبژاردەکردن، نەک یەک سیاسەت بۆ هەمو، بەڕێوەببات تا بتوانێت گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی ئەم ساتەدا بخاتە سەرسکەی دروست. بۆئەم مەبەستەش هەڵسەنگاندن و سەیرکردنی هەمو لایەنەکان بەیەک چاویلکە لەگەڵ لۆژیک و واقیعدا ناگونجێت.

گۆڕانگاری دیموکراسی ئاسا لەڕێگەی هاوپەیمانی و ململانێی سیاسیەوە ئەنجام دەدرێت و لە کەش و هەوای دیموکراسیدا تەنها بەیەک هێز نایەتەدی. تێکچونی رێکخستنی هاوسەنگی هێز لە کوردستان پێویستی بە راستکردنەوە هەیە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەو تێکچونە تەنیا لە ئاکامی پرۆسەیکی دەنگداندا رویداوە یا گەلێک هۆکار و زەمینەی بەدەر لە دیموکراسیەت لەپشتیەوە بون؟ گۆڕان نە کاری کردوە و نەدەشیکات کە ئەو تێکچونە ببێتە زەمینەیکی مەترسیدار بۆ زیاتر پەرتەوازەبونی نەتەوایەتیمان، بەڵکو ئەرکێکی سەرشانیەتی بەشداری گونجاو لە راستکردنەوەیدا بکات. لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەم بەوەی کە هەموارکردن و بە گونجاوکردنی "رێککەوتنامەی ستراتیژی" لەگەڵ ئەم دۆخەدا پێویستە، هۆکارێکی بەرچاو ئەو رێککەوتنامەیە ساڵانێک لەمەوبەر لە فەزایەکی سیاسی زۆر جیاواز لەوەی ئێستا سازکراوە وناشێت بە برگە و کاریگەریەکانی ئەو سەردەمە ئێستاش کاربکرێن. لەم هاوکێشەیەدا پێویستە هەمو لایەنەکانی تر بابەتیانە بڕواننە ئەو کاریگەریەی گۆڕان لەو بوارەدا ئەنجامی دەدات و بە نەفەسێکی دیموکراسی و بۆ بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەمان بەپیریەوە بچن.

Sbeiy.com © 2007