Print
 
 بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کاری داهاتو
-3-
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, September 13, 2010

(به‌شی سێیه‌م)
خۆ رێکخستنه‌وه‌

خۆ رێکخستنه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نا گۆڕان خاوه‌ن شیرازه‌یه‌ک یان تۆڕێکی رێکخراوه‌یی بێت و له‌ بواری کارکردندا ئه‌و شێوازه‌ سه‌رکه‌تو نه‌بوبێت، بۆ گۆڕان به‌و مه‌به‌سته‌ی گردکردنه‌وه‌ی ئه‌و رایه‌ڵه‌ پڕ په‌لوپۆ‌یانه‌ی له‌ ناو بنکه‌ی جه‌ماوه‌ردا په‌لیان هاویشتوه‌ و په‌رتوبڵاون: له‌ زانکۆکان، قوتابخانه‌، گه‌ڕه‌که‌کان و هه‌مو توێژه‌کان. زۆر هه‌ن له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ک هاوشێوه‌ی به‌رنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لێک نزیک بونه‌ته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ئه‌و به‌شه‌ زۆره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ پێکده‌هێنن که‌ ده‌ڕواننه‌ تێڕوانین و کارکردنی داهاتوی گۆڕان بۆ پێدانی متمانه‌ی خۆیان.

ئه‌و خۆڕێکخستنه‌وه‌یه‌ به‌ دو شێوه‌ ده‌‌کرێت:
1- له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ 
   ئه‌م شێوه‌ رێکخستنه‌ به‌ دروستکردنی ده‌زگا باڵاکانی حیزب له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و پێ به‌پێ ده‌چێته‌ ناو بنکه‌ی خواره‌وه‌ ( له‌ لوتکه‌ی هه‌ره‌م بۆ بنکه).

له‌م جۆره‌ ته‌شکیله‌یه‌ لیژنه‌ی باڵای حیزب رۆڵ ده‌بینێت و ئه‌مان بڕیار ده‌ده‌ن له‌ چۆنیه‌تی ته‌واوکردنی ئه‌و هه‌ره‌مه‌، سه‌رجه‌م حیزبه‌کانی کوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستبونیانه‌وه‌ تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م شێوه‌یه‌ راهاتون و خۆیان پێوه‌ گرتوه‌، هۆکاری ئه‌م شێوه‌یه‌ زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێکهێنانی ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ له‌سه‌رده‌می نهێنیدا، ئه‌م شێوه‌ رێکخسته‌نه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و رێکخستنێک ره‌نگدانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و خه‌باتی په‌رله‌مانی له‌ خۆ بگرێت نه‌شیاو و نه‌ گونجاو، چونکه‌:
- جۆرێک له‌ سه‌پاندن و خۆسه‌پاندنی پێوه‌ دیار ده‌بێت له‌ دانانی هه‌ڵسوڕاوانی ده‌زگاکان؛
- کارکردنی ستونی زاڵ ده‌بێت، ده‌بێته‌ هۆی دوباره‌بونه‌وه‌ی شێوه‌ سیاسییه‌ کۆنه‌که‌‌؛
- له‌ ماوه‌یه‌کی که‌می کارکردندا گۆڕان له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ ده‌کاته‌ رێکخراوی نوخبه‌ و که‌مینه‌ی کۆمه‌ڵ، به‌مه‌ش نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌ست ده‌دات؛

ئه‌م جۆره‌ خۆرێکخستنه‌وه‌یه‌ دو خاڵی ئیجابی له‌ خۆ ده‌گرێت:
- ‌ کاتێکی که‌می ده‌وێ و زو دێته‌ ده‌ست – چه‌ند کادرێک ده‌توانێت به‌ پێی بریارێک کاره‌کان ئه‌نجام بدات؛

2- له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌
ئه‌م جۆره‌ رێکخستنه‌وه‌یه‌‌ راسته‌ کاتی زۆری ده‌وێ و چه‌ندین گروپی هه‌ڵسوڕاوی جیایای ده‌وێ به‌ پێی ژماره‌ی شارو شارۆچکه‌ و گوند، به‌ڵام:
- روحی هاریکاری و به‌رپرسیارێتی باش له‌ نێو هه‌ڵسوڕاواندا په‌یدا ده‌کات، هه‌ر تاکێک هه‌ست ده‌کات ئه‌رکێکی له‌سه‌ر شانه‌، لای خۆیه‌وه‌ خۆی به‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌زانێت.
- سه‌دان کادر و هه‌ڵسوڕاوی باش له‌ خواره‌وه‌ به‌ده‌ر ده‌خات، به‌شێکیان توانای سه‌رکردایه‌تیکردنیان هه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی نزیکدا، له‌م باره‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و چه‌ند کادره‌ په‌رله‌مانییه‌ی لستی گۆڕان به‌ نمونه‌ بهێنینه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا ده‌رکه‌وتن، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌کێک له‌ شاکاره‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داده‌نرێت، چونکه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ گۆڕان ده‌ریخست له‌ ده‌ره‌وی حیزبدا که‌سانی زۆر به‌ توانا هه‌ن،‌ گه‌ر بواریان بدرێت ده‌توانن له‌ که‌سه‌ حیزبییه‌کان باشتر رۆڵ ببینن، ئه‌وه‌شی سه‌لماند که‌ قۆرغکردنی پله‌ و پایه‌ له‌ لایه‌ن حیزب و کادره‌کانییه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یه‌ و زیانی زۆر به‌ تازه‌گه‌ری بواری حوکمڕانی و ئیداری کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت؛
- په‌یوه‌ندییه‌کی ئاسۆیی له‌ نێوان ده‌زگاکانی خواره‌وه‌ دروست ده‌کات و بوێری بڕیاردان و را و هه‌ڵوێست ده‌ڕبڕین په‌یدا ده‌کات؛
-  زه‌مینه‌ی هاندانی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی سازده‌کات، خه‌ڵک راده‌هێنێت له‌سه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ی کاردکرن، دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ کاریگه‌ری سۆزی که‌س و بناماڵه‌؛
- بنکه‌ی کارکردنی فراوان دروست ده‌کات، به‌ ئاسانی ده‌توانێت بچێته‌ ناو کوچه‌ و کۆڵانه‌کانی شار و لادێکانه‌وه‌؛
- ‌ئه‌م جۆره‌ رێکخستنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا وه‌ک کارێکی زۆر قورس دێته‌ به‌رچاو، به‌ڵام ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌کی باش بۆ به‌سه‌رده‌میکردنی هه‌مو ئه‌و ریکخراوانه‌ی له‌ ئێستا به‌دواوه‌ دێنه‌ په‌یدابون.
- یه‌که‌ی رێکخستنی هه‌ر شارێک ده‌بێت به‌ خاوه‌ن که‌سایه‌تی و خاوه‌ن بڕیاری خۆی.

له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قسه‌کردن نییه‌ له‌سه‌ر کادری کۆن و نوێ، عه‌قڵی تازه‌ و کۆن، نه‌وه‌ی کۆن و نوێ، چونکه‌ باوه‌ڕبون به‌ کارو به‌رنامه‌ی گۆڕان باوه‌ڕبونه‌ به‌ کاری سه‌رده‌میانه‌. هه‌مو ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌ ناو حیزبه‌کانی کوردستان وه‌ک تاک هاتونه‌ته‌ ده‌رێ ئه‌وانه‌ که‌سانێکن شێوه‌ و کارکردن و بیرکردنه‌وه‌یان‌ به‌ شێوه‌ی کلاسیکی ره‌تکردۆته‌وه‌. گه‌ر بییرکردنه‌وه‌‌یه‌کی به‌و شێوه‌یه‌یان نه‌بوایا ئه‌وا وه‌ک سه‌رده‌می کۆن دوبه‌ره‌کیان دروست ده‌کرد و کێشه‌ی گه‌وره په‌یدا ده‌بو، ئه‌م کادرانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌م هه‌ڵوێسته‌یان بون به‌ پێشه‌نگی گۆڕان، بون به‌ سوپه‌ری پاراستنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ هه‌ڕه‌شه‌کردن. ئه‌وانه‌ و هه‌مو هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان ده‌زانن له‌ مه‌یدانی کارکردندا خاوه‌ن "په‌یامی گۆڕانن‌": گۆڕان له‌ شێوه‌ و ناوه‌ڕۆکی کوردایه‌تی، حیزبایه‌تی و گۆڕان له‌ حوکڕانی وڵات، لێره‌وه‌ش ده‌ست ده‌که‌ن به‌ خۆڕێکخستنه‌وه‌ و کارکردن.

 

Sbeiy.com © 2007