Print
 
 ئازادی بیروباوه‌ڕ له کورستان
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Monday, October 4, 2010

حکومه‌تی حیزبی و کۆمه‌ڵگای حیزبی له‌ کوردستان مه‌سه‌له‌یه‌که‌ بۆ هه‌موان رۆشنه‌، چۆن گه‌نده‌ڵی ئیداری و کۆنی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و یه‌کنه‌بونی ختابی سیاسی کۆمه‌ڵگای کورد به‌رامبه‌ر به‌ده‌ره‌وه و مه‌وقعیه‌تی کورد له‌ عێراقی فیدراڵ و وه‌زعیه‌تی شاری موسڵ و مادده‌ی 140یش رۆشنن. هه‌روه‌ها چۆنایه‌تی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن و خوێندنی باڵا و وه‌رزش و هونه‌ر به‌ هه‌مو جۆره‌کانیه‌وه‌ دیاره‌ له‌ چ ئاستێکدان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ئاشنایه‌تیان پێوه‌ هه‌یه‌، چۆن کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی ئایین له‌ ده‌ستور و له‌ یاساکانی باری که‌سیتی و کۆمه‌ڵگادا دیاره‌.

ئازادی و دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ له‌م کۆمه‌ڵگایه‌ مێژویه‌کی درودرێژو ململانه‌یه‌کی دورودرێژی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری نیه‌، جه‌ماوه‌ر‌ ئه‌سیری حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن که‌ ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی سیسته‌می ئابوری به‌رخۆره‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا و ئه‌مانیش به‌گوێره‌ی سلوکی سیاسی کۆنیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کاتی ئێستا و نه‌وه‌ نوێیه‌کان له‌ کۆمه‌ڵگادا کردوه‌و ده‌که‌ن. بونی هێزه‌ ناڕازیه‌کان به‌ یاسایی له‌ کۆمه‌ڵگا بۆ هه‌موان نوێیه‌ و هه‌ڵخرانی بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانیش له‌م باره‌وه‌ نوێن. هه‌ر بۆیه‌ش به‌رکه‌و‌تنه‌کان ئه‌گه‌ر به‌یاسایی نه‌ڕۆن ئه‌وا به‌ ئاراسته‌ی خراپ ده‌که‌ونه‌وه‌. له‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵات مه‌سوله‌ نه‌ک ئه‌و هێزهانه‌ی داوای ئازادی ده‌که‌ن.

له‌لایه‌کی تریش مانه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌کی په‌ککه‌وته‌ و خایسی سیاسی به‌چڕی له‌ چه‌قی ده‌سه‌ڵاتدا له‌لایه‌ن حیزبه‌ سیاسیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م ئاڵوگۆڕی پرۆسیسه‌کان بۆ کۆمه‌ڵگا، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ واقعدا وتار و ره‌فتاری پراکتیکیان بۆ کۆمه‌ڵگا وتوه‌ و ته‌مه‌نی سیاسیان له‌ پراکتیکدا به‌سه‌ر بردوه‌ و هه‌مو کاره‌کانیان سه‌رچاوه‌ له‌ رابردویه‌کی تاڵدا وه‌رده‌گرێ که‌ بۆ نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین مانایه‌کی پراکتیکی نیه‌. به‌ کورتی نه‌وه‌ی 11ی ئازار و سه‌رده‌می داواکاری ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانن. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ قسه‌ی خۆی بۆ کۆمه‌ڵگا کرد و ئێستا کۆمه‌ڵگا چاوه‌ڕانی ترو داواکاری تری هه‌یه‌.

نه‌بونی سه‌روه‌ری یاسا له‌ کۆمه‌ڵگا به‌ پراکتیکی و بونی دو حکومه‌تی حیزبی و مانه‌وه‌ی سلوکی سیاسی کۆن له‌ کوردستان وه‌زعێکی ئاڵۆزیان بۆ خودی ئازادی دروستکردوه ‌و فه‌راهه‌م کردوه‌.

به‌ مۆده‌ بونی داوای یاسایی تۆمارکردن له‌ کۆمه‌ڵگا واخه‌ریکه‌ بۆ هه‌مو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک رۆشه‌ن ببێته‌وه‌ که‌ سزا (یانی سه‌لماندنی یاسا)، ته‌نها بۆ خه‌ڵکی هه‌ژار هه‌یه‌ به‌ کورتی یاسا ته‌نها بۆ بێ که‌سان و داماوان و هه‌ژاران هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی تر هه‌موی ده‌توانێ سنور ببه‌زێنێ و مه‌سه‌له‌ک نیه‌. به‌ کورتی تا شه‌قاوێک له‌ ده‌سه‌ڵات نزیک بێ ئه‌وه‌ یاسا شمولیه‌ت ناکات و ده‌توانێ سنوری یاسا ببه‌زێنی و هه‌مو شتێ حه‌ل و حلولی هه‌یه‌ یا به‌ نفوس و یا به‌ نقود.

سه‌دان نمونه‌ ده‌توانین باس بکه‌ین له‌ زاخۆ تا خانه‌قین له‌ هه‌ولێر و سلێمانی، چ کوڕی مه‌سئوله‌کان بێت چ ته‌نانه‌ت خودی مه‌سئوله‌کان بن، یان ئه‌ندام په‌رله‌مان بێت یان مه‌سئولێکی پێشمه‌رگه‌ بێت هه‌مویان خۆیان له‌سه‌ره‌ی یاسا ده‌بینن و پۆلیس و هێزه‌کانی ناوخۆیی ته‌نانه‌ت ناتوانن یه‌ک سه‌یاره‌ی جام ره‌شیش کۆنترۆڵ بکه‌ن یان سزا بده‌ن له‌کاتی به‌زاندنی سنوری یاساکانی هاتوچۆشدا، له‌مه‌ش گرنگتر پارێزگار له‌ شارێ ده‌سه‌ڵاتی زۆرتره‌ له‌ سه‌رۆک وه‌زیران؟ ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیه‌ له‌ کوردستان.

به‌نمونه‌ ئه‌گه‌ر باس له‌ کێشه‌ی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و میدیا ئه‌هلیه‌کان بکه‌ین، باس له‌ داوا یاساییه‌کان بکه‌ین پێش دادگا ئه‌م به‌ڕیزانه‌ داوای ملیۆن دینار و دۆلار ده‌که‌ن (ئه‌مه‌ش قه‌ی ناکا) به‌س ئایا ئه‌گه‌ر یاسا هێزی هه‌بێت خودی ئه‌م به‌ڕیزانه‌ ئاماده‌ن رۆژێک له‌ رۆژان خۆیان بێنه‌ به‌ردادگا ئه‌گه‌ر سکاڵای گه‌ل له‌سه‌ر کاریگه‌ری سلبیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کانی گه‌ل هه‌بێت، یان زیاندان له‌ قازانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی یان به‌ شکستدان و پاشه‌کشه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، خۆ بچوکترین که‌سیان تائێستا وه‌ڵامی یه‌ک مزه‌که‌ره‌ی دادگا ناده‌نه‌وه‌ جا چ رابه‌ره‌کانیان، حه‌‌تمه‌ن نه‌خێر. ئه‌مانه‌ش نا یان ته‌نها بۆ مه‌له‌فه‌کانی شه‌ڕی ناو‌خۆ ئاماده‌ن رونکردنه‌وه‌یه‌کی ئازاد له‌به‌رده‌م دادوه‌ری گشتی بده‌ن بۆ قوربانیانی شه‌ڕی ناوخۆ. نا ئه‌مه‌ش نا با یه‌ک کۆنه‌ موسته‌شاری کۆن ته‌سلیم به‌دادگا بکه‌ن که‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌که‌ی خۆیانه،‌ یان ئه‌وانی مه‌له‌فیان له‌ ئه‌من هه‌بو؟. ئه‌مانه‌ و ده‌یان مه‌سه‌له‌ی ته‌جاوزاتی مالی پرۆژه‌کانی کوردستان و سیاسه‌تی عه‌سکه‌ری هه‌رێم سه‌دان مه‌سه‌له‌ی تر که‌ دادگا ناتوانێ به‌یه‌ک که‌سیان بڵێ فه‌رمو رونکردنه‌وه‌یه‌کیش بده‌ن‌.

ئازادی له‌ کوردستان کاتی ده‌بێت به‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی زیندو که‌ ئازادی بوه‌ به‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌لموس و به‌رجه‌سته‌ له‌ کۆمه‌ڵگا و هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هاته‌ مه‌یدان. ئه‌مه‌ش به‌ له‌‌به‌ین چونی سلوکی سیاسی کۆن و هه‌موان قه‌بوڵی یه‌ک بکه‌ین و یاسا سه‌ره‌ر بێت و داواکاری گشتی باڵا ده‌ست بێت و سیسته‌می قه‌زایی جیا بێته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و جه‌مسه‌رگیریه‌کانی سیاسی کۆمه‌ڵگاش به‌ره‌و نوێخوازی بڕوات نه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ کۆنه‌وه‌ هاتوه‌ و قاڵبی گرتوه‌.

راسته‌ وه‌زعی سیاسی کوردستان ئاڵۆزه‌ و کۆمه‌ڵگا له‌ ژیرکاریگه‌ری ترسناک دایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌مو گه‌ل هه‌یه‌ و ئازادی بیروڕا ده‌توانێ رێگریه‌کی جدی بیت بۆ ئه‌م هێرش و ترسناکیانه‌ی دواڕۆژ نه‌ک سه‌رکوت و بڕیاری تاک لایه‌نه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان هاوسه‌نگ بێت له‌ گشت مه‌یدانه‌کاندا یانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ئه‌وا پێویستمان به‌ ئازادی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌روا به‌ناهاوسه‌نگی بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند تر و هه‌ژاراریش هه‌ژارتر ده‌بێت و که‌مایه‌تیه‌کی که‌م ئازاد و زۆرایه‌تیش سه‌رکوت ده‌کرێ.

هه‌ر لایه‌نێ له‌ کوردستان بیه‌وێ تاک لایه‌نه‌ کاربکات بۆ رێگرتن له‌ ئازادی ئه‌وا کۆمه‌ڵگا له‌ ئاینده‌دا باجه‌که‌ی ده‌دات، مێژو نمونه‌ی زیندوی زۆره ‌و پێویست به‌ دوباره‌ کردنه‌وه‌یان ناکات، خه‌ڵکی له‌ کوردستان له‌ گشتدا خوازیاری ئازادیه‌ و قوربانی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش داوه‌. کوشتن و سه‌رکوت هیچ چاره‌نوسێکی نیه‌ جگه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری نه‌بێت، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ مێژوی بنوسنه‌وه‌ ده‌بێ به‌م به‌ره‌یه‌ په‌یوه‌ست بن.

Sbeiy.com © 2007