Print
 
 فانتۆمی بیابان و تەرێتی و شکانی
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Tuesday, October 19, 2010

رێگەی بەغدا و کلتوری سیاسی
لە مێژەوە کورد لە عێراق ماف و خواستە نەتەوەییەکانی بۆ بەغدا و حاکمەکانی وەک داواکاری پێشکەش و نمایشکردون.سەرکردەکان بەردەوام لەنێوان ئومێد و گومان لە نیەت و وەڵامی دەسەڵاتدارانی بەغدا گوزەرانیان کردوە و بەپێی روداوەکانی رۆژگار سیاسەت و رێبازی بزوتنەوەی کوردایەتیان داڕشتوە و بەڕێوەبردوە.کاتێک سەرکردەکانی کورد ناچار کراون رێگەی سەختی خەباتی چەکداری بگرنەبەر هەمیشە چاوێکیان لە بەغدا بوە و هەر کاتێک حاکمەکان دەروازەکانی بەغدایان لەسەر درزێک بۆ کورد واڵاکردبێتەوە بە پەرۆشەوە و بەپەلە بە جانتایەکی پر لە جۆرەها داواکاری بەرەو بەغدا بەرێکەوتون.

ئەم ناچارییە، بەهۆکاری چەند فاکتەرێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەکیەوە، کلتورێکی سیاسی سەیروسەمەرەی لە بزافی کوردایەتی لە باشور سەپاندوە و تا ئەم ساتەش نەمان توانیوە بەتەواوی لێی رزگاربین. بە کورتی ئەو کلتورە سیاسیە کوردی کردۆتە پاشکۆیەکی "سروشتی" و بەشێکی "دانەبڕاوی مێژویی" و "شەڕێکێکی وەهمی" لە عێراق و دەسەڵاتی بەغدا. وێڕای ئەوەی ئەم هاوکێشەیە لەلایەک نیشانەی ناچاری و بێدەسەڵاتی سەرکردایەتی سیاسی کورد بوە، وەلێ رەنگدانەوەی خواستێکی قوڵیش بوە لە ناخی سیاسیاندا کە بەهەر نرخێک بێت کوردی عێراق لەسەر خاکی خۆی بمێنێتەوە و پەرتەوازە و ئاوارەی دەوروبەر نەبێت، تاکە رێگەش ئەوەبوە کە بە بەشێک لە عێراق بمێننەوە و پەناشیان بۆبردوە. لەژێر زەبری ئەم هاوکێشەیەدا دەسکەوت و سەرکەوتن و نسکۆ و پاشەکشەکانی کورد و کوردایەتی ئەو مێژوەیان داڕشتوە. نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە 1975 گورزە پارادۆکسەکەی ئەو هاوکێشەیە بوە، بۆ یەکەمجار کورد بە کۆمەڵ خاکی خۆی بەجێدەهێڵێت و ئاوارەبونی نزیکەی 300.000 کورد لە ئێران بوە شمشێرێکی دوسەرە لەسەر جەستەی شۆڕش و سەرکردایەتیەکەی و لەلایەکی تریشەوە هۆکارێکی گرنگی سازشکردن و بڕیاری کۆتایی هێنان بە شۆڕشی ئەیلول بو. لەدوا ساتەکانی پێش نسکۆدا سەرکردایەتی شۆڕش پەنای بۆ بەغدا برد، بەڵام کار لەکار ترازابو و بەغدا ئەو داواکاریەی رەتکردەوە. لەگەڵ ئەم راستیە تفتوتاڵانەشدا سەرکردەکانی کورد پاش هەر قۆناغێک کە لەگەڵ بەغدا گەیشتونەتە بنبەست سەرلەنوێ دەستیان پێکردۆتەوە و لە جانتایەکی سەفەریدا ماف و داواکاریە نەتەوەییەکانیان وەک گەڕۆکێکی بێئۆقرە هەڵگرتوە و ئەم وڵات و ئەو وڵاتیان پێکردوە و چاوەڕوانی دەرفەتێک بون بتوانن سەرلەنوێ بەرەو بەغدا بەڕێکەون.

بەغدا لەم هاوکێشە سیاسیەدا بەردەوام دوا بڕیاردەر بوە لە مەسیری داواکاریە نەتەوەییەکان. بە باشی و خراپی بڕیارەکەوە کورد گیرۆدەی بوە. کاتێک کورد سنوری پابەندبونی بە عێراقەوە بەزاندوە دوچاری گرفت و کێشەی گەورە کراوەتەوە، هەروەک لە نسکۆی 1975 دا دەرکەوت و دواتر هاریکاری ئێران بۆ هێزە کوردەکانی باشور لە 1984ەوە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کورد و ئێران دژ بە عێراق کیمیاباران و ئەنفالی بەدواداهێنا.

لەدوای ئەم دو کارەساتەوە پابەندبون بەعێراقەوە رو لە دابەزین بوە و باسکردنی برایەتی کورد و عەرەب و عێراقی یەکگرتو مایەی شەرمەزاری و عەیب بوە و عێراقچیەتی و ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا چەمکەکانی سیاسیە دۆڕاو و سەرلێشواوەکان بون.

وەرچەرخاندنێک ...بەڵام؟
لەو ساتەوە، بەتایبەت دوای راپەڕینەوە، وەرچەرخاندنێکی بنەڕەتی لە عەقلیەتی بەشێکی زۆری سەرکردەکانی کورد رویداوە، وەرچەرخاندنێک کە بەغدا بە وێستگەیەگی گرنگ دەزانێت، نەک دوا وێستگە، بەغدا کەعبەی چارەکان نیە و پێویست بەو هەمو بەردی نزایە ناکات بۆی هەڵبگیرێت، دەکرێت بەغداش لە قۆناغێکی گونجاودا پەراوێزبکرێت نەک بسڕێنرێتەوە. مەخابن تا ئەم ساتەش نەتوانراوە ئەو وەرچەرخاندنە فۆرمه‌ڵەبکرێت و بەشێوەیەکی گونجاو دابڕێژرێتەوە کە هاودەنگی و یەکهەڵوێستی سەردەم هێزەکانی تێدا رەنگبداتەوە.

لەپێش راپەرین هەر لایەن و سەرکردەیەک بە پێوەرەکانی خۆی و هێزەکەی مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردوە، تەنانەت لە کاتەکانی دانوستاندن بۆ بەیانی ئازار باڵێکی گەورەی بزافەکە چەند ساڵێک لە بەغدا میوانی دەسەڵات بو.

لەسەردەمی خەباتی شاخی دوای نسکۆ بەهەمان شێوە بەردەوام بون و چەندین دانوستاندن و نزیکبونەوەی یەکلایەنانە لەبەغدا بەڕێوەچون و لە ئاکامیشدا نە ئەو لایەنانە و نە کوردیش شتێکی وایان لێدەست نەکەوتوە. کورد بەدرێژایی ئەو مێژوە دەیزانی لە بەغدا لەگەڵ کێ قسەدەکات و کێش خاوەنی بڕیارە. سروشتی تاکڕەوی و دکتاتۆریەتی موتڵەقی حاکمە یەکەمەکانی عێراق ئەگەرێکی بەهێز بوە لای سەرکردەکانی کورد کە لەلایەن ئەو جۆرە حاکمانەوە موعجیزەش دەبێتە راستی و دەتوانن لەگەڵیاندا بگەنە ئەنجامێک، بۆ ئەو مەبەستەش جۆرەها لارێ و ئەملاو ئەولایان گرتۆتەبەر. ئەم سیاسەتە و خەسڵەتی حاکمەکانی بەغدا ناچاری کوردیشی خەستتر کردۆتەوە.

دوای راپەرین بۆیەکەمجار لە مێژوی ئەم بەشەی کوردستانی گەورەدا کورد لەبەرامبەر دڕەندترین و سەختترین حاکمی بەغدادا بەشێک لە مافەکانی خۆی بە راپەڕین پچڕاند. کەش و دۆخێکی نێودەوڵەتی و تاڕادەیەکیش ناوچەیی لەبار خەڵقا کە کورد تەنها چاوی لە بەغدا نەبێت و لەو تەوقە مێژوییە رزگاری بێت. دروستکردنی ناوچەی ئارام، هێڵی نەفرین، بڕیاری 686 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، هێزی هاوپەیمانی لە ئەنجەرلێک بۆ پاراستنی کورد، یارمەتیە خێرخوازیە نێودەوڵەتیەکان و دواتر جیاکردنەوەی سێ پاریزگاکەی هەرێم لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی بەرنامەی نەوت بە خۆراک نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان و دورخستنەوەی دەزگاکانی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لەو سێ پارێزگایە، سەرەتا و نیشانەکانی پساندنی ئەو "دانەبڕاندنە مێژوییەی" نێوان بەغدا و کورد بون. لەگەرمەی ئەو تەوق شکاندنەدا سەرکردەکانی کورد حەنینیان بۆ بەغدا و حاکمەکەی گری گرتبو و خۆبەخشانە وەک حەلیمە گەڕانەوە بۆسەر عادەتە کۆنەکەیان. هەرچەندە ئەم هەنگاوە مەبەستی تەکتیکیشی لەپشتەوە بو بەمەبەستی گەڕانەوەی زیاتر لەو ملیۆن کوردەی لەسەر سنورەکانی تورکیا و ئێران پەنگیان خواردبو و لە کارەساتێکی مرۆییدا دەژیان و مەترسی جدی لە ئارادابو کە لە زێدی باو و باپیرانیان داببڕێن، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایی ناوخۆ و دەرەکی لێکەوتەوە و سەرکردەکان پیشانیاندا کە ناتوانن دەستبەرداری بەغدا بن و گرنگیش نیە کێ عەرشی سوڵتانی لە پایتەختی هۆلاکۆ و خوێندا گرتوە. لەو ساتەوە جارێکی تر و دواتریش له‌ژێر فشاری ئه‌مریکادا بەغدا بۆتە لازم و مەلزومێکی ژیانی سیاسی کورد لە باشور.

لە ساڵەکانی شەڕی ناوخۆدا هەردو لایەنی شەڕ پەیوەندی سیاسی و ئابوری و سەربازی ژێربەژێر و ئاشکرایان لەگەڵ بەغدا هەبوە و بۆ مەبەستی خۆ بەهێزکردن بوە بەرامبەر بەلایەنەکەی تر و لە ناوەڕۆکدا هیچ پەیوەندیەکی بە مافە نەتەوایەتیەکانەوە نەبوە.

قۆناغی تەوافق ودیموکراسی عێراقی
دوای روخاندنی سەدام و چەسپاندنی دەستوری هەمیشەیی عێراق پەیوەندیەکانی کورد و بەغدا چونە قاڵبی دەستوری و یاسایی و سیاسیەوە و لە رێگەی تەوافق و هەڵبژاردنەوە سەنگی کورد لەبەغدا دیاریکراوە، ئەو پەیوەندیەش بەسەرپەرشتی و چاودێریەکی نێودەوڵەتی رێکخراوە. بۆیەکەمجار لەمێژوی عێراقدا کورد دەسەڵاتی بەغدای وەک دوژمن و نەیار سەیرنەکردوە، بەڵکو ئەمجارە گورجوگۆڵانە سەرقاڵی بەشداریکردن و شەراکەت بوە لە بەغدا.

لەسەرەتادا لەئاکامی پەرتەوازەبون و لاوازی لایەنە عەرەبیەکان بەهۆی کێشە تایفی و مەزهەبیەکانیانەوە کورد توانیویەتی لەو بەشداریکردنە سودی باش بکات و بەشێک لە مافەکانی لە دەستوردا بچەسپێنێت.

لەم رۆژگارەدا و پاش تێپەڕبونی حەوت مانگ بەسەر دوا هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێکی تر لە پراکتیکدا کورد چاوەڕوانی بەغدایە. بەغدای ئەمڕۆ دەیان حاکمی هەیە، نەک ته‌نها کورد کەسێکی تریش نیە بزانێت لەگەڵ کێ قسەبکات و کێ خاوەنی بڕیارە. دەیان حیزب و لیست و هاوپەیمانی و زیاتر لە 250 ئەندام پارلەمان خاوەنی بڕیار و ئیعتراز و ڤیتۆن. پێکهاتە عەرەبەکان بەهۆی ئەو هەمو دوژمنایەتی و کێشانەی نێوانیان بەپێرەوکردنی تەوافق عێراق یان ئیفلیجکردوە. بەغدا بۆتە کیژە ئەتککراوەکەی حەز و ویستی خاوەنە زۆرەکانی.

لەهەناوی ئەم زریان و هەڵڵا سیاسی و تایفی و مەزهەبیە لە بیابانە و شکەکەی بەغدادا، کورد بەدەستەجەمعی سەرقاڵی پچڕاندنی چەندی بێدەکرێت لە بەروبومی تەرێتی ژێر و شکانی و میوانخانەی رەشماڵەکانە. ئەوەی تا ئەم رۆژگارە لەو بیابانە بەدیکراوە کۆنە فانتۆمەکەی جارانە و پاسەوانەکانی بیابان دەوریان تەنیوە و گەلەگورگە هار و برسیەکانیان لەسێبەرەکەیدا بەرەڵڵا کردون.

جیاوازی و ئومێد
لەم سەردەمەدا لە رەفتارکردن لەگەڵ بەغدا جیاوازی لە هەڵسەنگاندن و بۆچونی هه‌ندێک له‌ گەمەکەرە سەرەکیەکانی کورد بەبەراوردکردن لەگەڵ چەند ساڵێک لەمەوبەر بەدیدەکرێن.

لایەنی دەسەڵاتی کوردی لە کوردستان ماوەیەکە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری هەرێم کاردەکات، تا شەو و رۆژ چاوەڕوانی جانتا پارەی بەغدا نەبین، وەک هەندێک لە سیاسەتمەدارەکانی کورد دەیان وت: بێ بەغدا موچەی فەرمانبەرانی یەک مانگمان پێنادرێت. ئەم خۆتەکاندنە ئابوریە لە بەغدا یەکێکە لە گەورەترین کۆڵەکەی ستراتیژی بۆ ئایندەی کورد و ئەو "دانەبراندنە مێژوییە" لە رەگ و ریشەوە دەشێوێنێت. وێڕای ئەوەی ئەم کارکردنە لەم سەردەمەدا بە رێکوپێکی و شەفافیەت بەڕێوەناچێت، بەڵام بۆ ئایندەی کورد بنەمایەکی ئابوری بەهێز دێنێتەکایەوە. ئاڕاستەیەکی تریش کە پشکی شێری ئەرکەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی خستویەتە ئەستۆی خۆی، ئەویش بەرفراوانکردنی پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوریەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دنیادایە و بێگەرانەوە بۆ بەغدا. ئەم چەمکە یەکێک لە پێکهاتە گەورەکانی سەربەخۆیی سیاسی کوردی دروستدەکات و کارێکە ئەو "پاشکۆیەتیە سروشتیە" بۆ بەغدا بنەبڕدەکات. ئەگەرچی جەنابی سەرۆکی هەرێم ئەم کارکردنەی لەچوارچێوەی دەوروبەری خۆیدا گیرسانۆته‌وه،‌ بەڵام بۆ ئایندە کۆڵەکەیەکی ستراتیژی نەتەوەیی گرنگی ترە کە پێویسته‌ گەشەی پێبدرێت و کاری نەتەوەیی زیاتری لەسەر بکرێت.

ئاڕاستەیەکی تر کە ئەمیشیان لە کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەویش هێزەکانی تری عێراق درک بەوە بکەن کە هاوکێشە کۆنەکە لە گۆڕاندایە و ئەوان لەسایەی ئەم سیستەمە ئاڵۆزەی عێراقدا پێویستیان بە هەولێر و کوردە. بۆیە بەردەوام سەرانی هێزە سیاسیەکانی عێراق لە شوێنەکانی تری عێراقەوە رو لە کوردستان و پایتەختەکەی دەکەن و تەنانەت نوێنەرانی وڵاتانی پەیوەندیدار و ناوچەکە هەولێریان کردوە بە وێستگەیەکی سەرەکی جەولە مەکۆکیەکانیان. ئەمانە لایەنە گەشەدار و ئەرینەکانی ئەو گۆرانکاریانەن لەگەڵ بەغدا و سەرچاوەیەکە تا راکردن بەدوای فانتۆمی بیابانمان لە کۆڵبکاتەوە.

حوکمرانی کورد لە باشور، لەگەڵ کەموکوڕی و ناعەدالەتی و گەندەڵیشیدا، پێگەی کوردی لە عێراق و ناوچەکە لەجاران بەهێزتر کردوە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە حسابی جدی بۆ دەکرێت. کورد لە هەوڵداندایە بەیەکریزی لەئاستی مەسەلە نەتەوەییەکان لە بەغدا گوتاری خۆی نمایش بکات و بۆتە هاوکێشەیەکی گرنگ بۆ حکومەتی ئایندەی عێراق. پێویستە ئەم یەکریزی وهاودەنگیە کۆتایی بە "شەریکی وەهمی" دەیان ساڵی رابورد و بهێنێت و کەوتۆتە سەر خودی کورد چەند دەتوانێت شەریکێکی عاتفی و هامشی بەغدا نەبێت، بەڵکو وه‌ک نه‌ته‌وه‌ شەریکێکی سیاسی و رەوای دەسەڵات و بەروبومی عێراق بێت.

Sbeiy.com © 2007