Print
 
 گۆڕان له‌ نێوان درۆ و راستی‌ دروشمه‌كانیدا
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Wednesday, November 3, 2010

یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هاوڵاتی‌ و حیزبی‌ كوردی نه‌بونی‌ متمانه‌یه‌ به‌ دروشمه‌كان، به‌رده‌وام حیزب هه‌ڵگری‌ كۆمه‌ڵێك دروشم بوه‌ كه‌ ماف و ئه‌ركی‌ هاوڵاتی‌ دیاری‌ كردوه‌ و ویستویه‌تی‌ له‌ روی‌ پراكتیزه‌ بونه‌وه‌ جێبه‌جێَی‌ بكات، واتا حیزب وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك بۆ ئامانجه‌كان هه‌مو ئه‌م دروشمانه‌ش ته‌قلیدی‌ و هێنراون له‌ژێر كاریگه‌ری‌ جیهانگیری‌ دا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع ته‌نها وه‌ك ده‌مامكێك به‌كارهێنراون بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ هه‌قیقه‌ته‌كان، كه‌ زۆر دوره‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی‌ دروشمه‌كان.

به‌رده‌وام له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دنیایه‌ك پڕۆژه‌ی‌ جوان و دروشمی‌ جوان ده‌بینین، كه‌ زمانحاڵی‌ خۆشبه‌ختی‌ و ئازادیه‌كانی‌ هاوڵاتین، ئه‌مه‌ له‌ مێژوه‌وه‌ تا پێش 25/7 به‌ردوام بوه‌، حیزب بوه‌ته‌ وه‌سیله‌یه‌ك یان كارگه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ دوباره‌ی‌ خێڵ و پیاوی‌ گه‌نده‌ڵ و كۆمپانیای‌ قۆرخ كردنی‌ بازاڕ و بونی‌ پیاوانی‌ حیزب وه‌ك پله‌یه‌كی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ناو هه‌مو كایه‌كاندا، بۆیه‌ به‌رده‌وام تاكی‌ كوردی‌ توشی‌ بێ‌ هیوایی‌ و نه‌بونی‌ متمانه‌ كردوه‌، حیزب له‌م زه‌منه‌ مێژویه‌دا ته‌نها وێنه‌یه‌كی‌ داوه‌ به‌ دره‌وه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ حیزب تاپۆی‌ كۆمه‌ڵیك خه‌ڵكه‌و له‌ پشت كه‌والیسی‌ دروشمه‌كانه‌وه‌ كاری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ ده‌كات، ئیتر وه‌ك بازنه‌یه‌ك هه‌ركه‌س له‌ ده‌روه‌ی‌ ئه‌و بازنه‌وه‌ بوبێت هیچ مافێكی‌ نه‌بوه‌ ئالێره‌وه‌ ده‌توانین پێش 25/7 و دوای‌ 25/7 به‌ دو قۆناغی‌ جیاواز ببینین، كه‌ حیزب و كۆمه‌ڵگای‌ له‌ ئیفلیج بونه‌وه‌ گۆڕی‌ بۆ هه‌وڵدان به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ته‌ندروست و بزاوت و پڕ ململانێ‌ و ناچاركردنی‌ پاوان خوازی‌ حیزب بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ سنوری‌ خۆی‌، ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغی‌ روخاندنی‌ به‌ پیرۆز كردن و به‌رژه‌وه‌ندی‌ تاكه‌ كه‌سی‌ ناو حیزبه‌ قۆناغی‌ روخاندنی‌ بته‌كانه‌ قۆناغی‌ ئه‌و (نا) نه‌یه‌ كه‌ داوای‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ دروشمه‌كان ده‌كات.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توانی‌ جۆرێكی‌ تر له‌ مۆدێلی‌ حیزب بونیاد بنێ‌، كه‌ هه‌مو ره‌هه‌نده‌كانی‌ جیاواز بێت له‌و جۆره‌ مۆدیله‌ی‌ كه‌ ببوه‌ هۆی‌ دروست بونی‌ جۆره‌كانی‌ بێ‌ متمانه‌ بون، هه‌مومان چاوه‌ڕێ‌ ئه‌وه‌مان ده‌كرد ئایا دروشمه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك هه‌مو جاره‌كانی‌ تری‌ حیزبی‌ كوردی‌ ته‌نها قسه‌ ده‌بن، یان ئه‌مجاره‌ راستی‌ دروشم و كردار دو چه‌مكی‌ ته‌واو كه‌ری‌ یه‌كتر ده‌بن، ئێمه‌ چاوه‌ڕێ‌ بوین كه‌ چاودێری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بكه‌ین كه‌ كار له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌ رێكحراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان بكات، تا داوای‌ مافی‌ خۆیا بكه‌ن و په‌رله‌مان له‌ هۆڵێكی‌ خانه‌نشینیه‌وه‌ بگۆڕێ‌ بۆ نوێنه‌رانی‌ خه‌ڵك وه‌ ...هتد.

تائێستا له‌ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نێكی‌ كورتدا ده‌بینین بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك به‌ره‌یه‌كی‌ ركه‌به‌ر توانیه‌تی‌ ئه‌و دروشمانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵگریه‌تی‌ كاریان له‌سه‌ر بكات، هه‌ر له‌ دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیه‌ داراییه‌كان تا ناو په‌رله‌مانی‌ كوردستان و گوشار خستنه‌سه‌ر حكومه‌ت بۆ كاراكردنی‌ چاوی‌ چاودێریه‌كان و گه‌لێك كاری‌ تر، هه‌مو ئه‌مانه‌ وا ده‌كات كه‌ وه‌ك قۆناغێكی‌ گرنگ سه‌ره‌تایه‌كی‌ تازه‌ بۆ دابڕانی‌ رابردو له‌ ئێستا و كاركردن بۆ داهاتو ئه‌م كارانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان حیزبه‌كانی‌ تری‌ ناچار كردوه‌ به‌ گۆڕان و به‌خۆدا چونه‌وه‌ و تا ئاراسته‌ی‌ گۆڕان سنوره‌كانی‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ بڕیوه‌ و چوه‌ته‌ ناو بازنه‌ی‌ حیزبه‌كانی‌ تره‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناو (پارتی‌ و یه‌كیتیدا) ده‌كرێ‌ بۆ چاكسازی‌ و نوێ‌ بونه‌وه‌ هه‌ر كاریگه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ و كاری‌ گۆڕانه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌قیقه‌تی‌ دیموكراسی‌ بون به‌ره‌ی‌ ئوپۆزسیۆن دیاری‌ ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌مه‌ش بونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ كه‌ به‌گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توانی‌ راستیه‌كان ببه‌خشێته‌وه‌ به‌ دروشمه‌كان متمانه‌ بۆ هاوڵاتی‌ بگێڕێته‌وه‌.

كشانه‌وه‌ی‌ فراكسۆنی‌ گۆڕان له‌ كوتله‌ی‌ كوردستانیه‌كان و كاركردن به‌ سه‌ربه‌خۆی‌ بۆ چاودێری‌ كردنی‌ ئه‌دائی‌ كورد له‌ به‌غدا زۆر ته‌ندروسته‌، تا بتوانێ‌ داواكار بێت بۆ مافه‌ ده‌ستوری‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌كان و پێ‌ داگیریان له‌سه‌ر جێبه‌جێ‌ كردنی‌ پڕۆژه‌كه‌یان، دیسانه‌وه‌ ئه‌و دروشمانه‌ بون كه‌ به‌ڵێنیان دابو به‌ ده‌نگده‌ر كه‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكرێ‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دروشمه‌كان ببنه‌ راستی‌ لای‌ هاوڵاتی‌ و ببنه‌ ئاوێنه‌یه‌ك بۆ بینینی‌ خۆیان، كه‌واته‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توانی‌ درۆی‌ دروشمه‌كان بگۆڕێ‌ بۆ راستی‌ دروشمه‌كان، ئه‌م راستیانه‌ بسه‌لمێنی‌ چاوه‌ڕێی‌ داهاتوی‌ روناكترین.

Sbeiy.com © 2007