Print
 
 بڕیاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی بۆش و چه‌ند په‌یڤێک
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Thursday, November 11, 2010

جۆرج بۆش سه‌رۆکی 41ی ئه‌مه‌ریکا یاداشته‌که‌ی به‌ناوی بڕیاره‌ سه‌رکیه‌کان بڵاوکرایه‌وه‌، ئه‌م په‌رتوکه‌ 497 لاپه‌ڕه‌یه‌ و به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌نوسان په‌رتوکه‌که‌ به‌ زمانی بۆش نوسراوه‌و هه‌مو مه‌سه‌له‌کان وه‌کو راست و چه‌پ و خراپ و باش یه‌کلاکراونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئامانجی ئه‌م په‌رتوکه‌ زیاتر بۆ که‌مپینی حیزبی کۆماری ئه‌مه‌ریکی نوسراوه‌ تا یاداشتی سه‌رۆک بۆش بێت. له‌ چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسانی ته‌له‌فزیۆنی ئێن بی سی دا وتی: مه‌سه‌له‌ی به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغرێب توشی ژانه‌ سکی کردم و بوه‌ هۆی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی رامزڤێلدی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا.

په‌رتوکه‌که‌ چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌کی سه‌ره‌کی گرتۆته‌وه‌ له‌مانه‌:
بۆش له‌ په‌رتوکه‌که‌یدا چوارده‌ مه‌سه‌له‌ی گرنگی باسکردوه‌ که‌ بڕیاری گرنگی بۆداوه‌ له‌مانه‌ مه‌سه‌له‌ی 11ی سێپتێمبه‌ر و ئه‌فغانستان و قه‌یرانی کردیدت و مه‌سه‌له‌ی جه‌نگی ئه‌مه‌ریکا و عێراق و مه‌سه‌له‌ی باهۆزی کاترینا و سکانداڵی ئه‌بوغرێب، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری ئه‌لکهۆلیزم له‌ژیانی بۆشدا له‌ته‌مه‌نی چل ساڵیدا به‌ قه‌ولی خۆی هیچ کاریگه‌ری له‌ بڕیاره‌کانی نه‌کردوه‌. ئه‌و سه‌رۆکه‌ی که‌ له‌چاوپیکه‌وتندا ره‌تی کرده‌وه‌ داوای لێبوردن بکات که‌ چه‌کی کۆمه‌ڵکوژیان له‌ عێراقدا نه‌دۆزیه‌وه‌و یه‌که‌م و به‌هێزترین هۆ بو بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر عێراق و روخاندنی حکومه‌تی به‌عس. هه‌روه‌ها دانی به‌وه‌دا که‌ که‌مته‌رخه‌م بوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م تۆفانه‌ سروشتیه ‌و ده‌کرا خه‌ڵکی نیو ئۆرلیانس زوتر ئاگاداربکرابانه‌وه‌و دره‌نگ هه‌ڵوێستی وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام له‌ روخاندنی حکومه‌تی به‌عس و سه‌ددامدا پێی وایه‌ که‌وا که‌ سه‌ددام ترسناکیه‌کی زۆری هه‌بو.

رۆڵی بۆش له‌ سیاسه‌تی سه‌رمایه‌داری جیهانی رۆڵێکی کاریگه‌ربو، ئه‌گه‌ر بۆشی باوک سه‌رکوتی چینی کرێکاری له‌ رێگای جه‌نگی که‌نداو کرد ئه‌و بۆشی کوڕ هێرشی شه‌ڕ دژی تیرۆر و شه‌ڕ له‌ ئه‌فغانستان و عێراق و هه‌ره‌سهێنانی بازاڕی مالی و قه‌یرانی کریدیت و کۆنترۆڵ کردنی سه‌رچاوه‌کانی ئینێرژی له‌ زۆر ناوچه‌کانی جیهان ئه‌م هه‌مو هێرشانه‌بون بۆ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی کرێکاران له‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دونیادا بره‌وپێدا.

شه‌ڕ و بۆمب بارانه‌کانی بۆش دیارده‌ی مه‌سه‌له‌کان نه‌بون، به‌ڵکو هه‌روه‌کو ئه‌م هه‌مو بێ زه‌مانه‌تیه‌ی ته‌ندروستیه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکا هه‌بوه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌مدا یان مه‌سه‌له‌ی بێکاری و ئیفلاسی خاوه‌ن پشکه‌کان له‌ که‌رته‌ جیاجیاکاندا نمونه‌ی سیاسه‌ته‌کانی سه‌رۆک بۆش بون. ته‌نها که‌رتی نه‌وت نه‌بێت که‌ هه‌ر له‌بره‌ودابو. باوه‌ڕناکه‌م ئه‌مه‌نده‌ ئینسانیه‌تی هه‌بێت و ژانه‌ سک بۆ به‌ندیه‌کانی به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغرێب و گوانته‌نامۆش هه‌بێت، هه‌ر یه‌که‌م شه‌وی بۆمب بارانکردنی به‌غدا کافیه‌‌ بۆ روی راستی مرۆڤایه‌تی ئه‌و. هه‌رچه‌نده‌ گه‌لی عێراق ئه‌گه‌ر به‌م هێزه‌ نه‌بوایه‌ هه‌رگیز له‌ده‌ست سه‌ددام و رژێمه‌که‌ی رزگاری نه‌ده‌بو و له‌م نێوه‌ش میلله‌تی کورد توانی هه‌مو ناوچه‌کانی که‌ له‌ژێرده‌ستی به‌عسدابون دوباره‌ کۆنترۆڵ بکاته‌وه‌و یان له‌ هه‌وڵی به‌یه‌که‌وه‌ ژیانن له‌گه‌ڵ گه‌لانی ناوچه‌که‌دا. بۆش و به‌عس و پان ئیسلامیزم بونه‌ به‌ڵایه‌ک به‌سه‌ر سه‌ری گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و دوباره‌ جه‌نگه‌ ناسیونالیه‌کان و مه‌زهه‌بیه‌کان هاتنه‌وه‌ سه‌ر سه‌حنه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌م ناوچانه‌ به‌ هه‌نگاو بۆدواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، سه‌یری مه‌سه‌له‌ی ئیسرائیل و عه‌ره‌ب بکه‌ن، وه‌زعی سیاسی له‌ عێراق و گرفته‌کانی شیعه‌ و سونه‌ و کورد و مه‌سه‌له‌ی کاریگری ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و مه‌سه‌له‌ی ئه‌تۆمیه‌که‌ی و مه‌سه‌له‌ی ئه‌فغانستان و تاڵیبان و پاکستان و ...هتد. هه‌مو ره‌زاله‌تیه‌کان له‌ سه‌رده‌می بۆشدا جۆش و خرۆشیان سه‌ند و ئێستاش و تا ده‌ورانێکی زۆریش له‌ ژیانی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا کاریه‌گریان ده‌مێنێ و دوباره‌ به‌یه‌که‌وه‌ ژیان و کۆمه‌ڵگای فره‌که‌لتوری زۆر زه‌حمه‌تکرده‌وه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا په‌رتوکه‌که‌ی بۆش کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن داناو ئۆباما و حیزبه‌که‌ی کورتیان هێنا و بۆ هه‌ر بڕیارێکیان توشی زۆرینه‌ی کۆماریه‌کان ده‌بنه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007