له دێر زه‌مانه‌وه گوتراوه، به‌هێزترین سۆزی مرۆڤ، سۆزه بۆ (دهسهڵاتو پاره‌و خزمایه‌تی) وه‌ك خزمانی پله یهكو دو كه‌سه نزیكه‌كان، مهبهستو ئامانج لێی خۆشه‌ویستیی خودی تاكه كه‌سه بۆ گه‌یشتن به‌خۆشی و تێركردنی ئارهوزوهكانو گه‌یشتن به ئامانجی دیكتاتۆره‌كان، چ دیكتاتۆری بچوك یان گه‌وره، جا ئاره‌زوه مرۆڤایه‌تی یان ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی بێت، ئه‌مه‌ش به‌پێی تێگهیشتنو هزرو فیكر‌و مێنتاڵتی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌گۆڕێت كه له كۆتاییدا ده‌رچه‌كه‌ی به باره خراپه‌كه به دروستبونی دیكتاتۆرییه‌ت، یان فه‌وزای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، یاخود به باره باشه‌كه‌ی به دروست بونی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروستی دیموكراسی ده‌كه‌وێته‌وه.
كۆمه‌ڵگای زیندو، هۆشیارو تێگه‌یشتو زه‌مینه خۆشده‌كات بۆ سیستمێكی سیاسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی دادپه‌روه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، به هاوڵاتیبونی هاوڵاتییان به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌و ره‌گه‌زو دین‌و بۆچون، نه‌ك خزمایهتیو ناسیاویو كه‌سایه‌تی، كۆمه‌ڵگای دواكه‌وتوش به پێچه‌وانه‌وه، دیكتاتۆرییه‌ت وهبهرههمدههێنێتو كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێرو دواوه ده‌گه‌ڕێنیته‌وه.
ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرێت، ئه‌م سۆزه بۆ دهسهڵاتو پاره‌و خزمایه‌تی كه ئاره‌زوه‌كانی مرۆڤ به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت، بوه به دیارده، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان خۆیان به‌دور گرتوه له‌م دیارده‌یه‌و به گه‌وره‌ترین هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی دیارده‌ی گهندهڵیو تێكدانی بنه‌ما دیموكراسی‌و سیاسی‌و یاساییه‌كانی دهوڵهتو نه‌هێشتنی دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌م راستییه زه‌قه، له كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو وڵاته دواكه‌وتوه‌كان بهگشتیو به‌تایبه‌تیش له كۆمه‌ڵگای كوردی، سۆز بۆ هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی له‌دیارده ده‌رچوه‌و بوه به نهریتو كلتور.
سۆزی خزمایهتیو خۆشه‌ویستی كه‌سه نزیكه‌كان، سۆزی دهسهڵاتو پاره له كۆمه‌ڵگای (كوردی باشور) ئێمه له دیارده ده‌رچوه‌و بوه به نهریتو كلتور‌و ئه‌ونده ورد كراوه‌ته‌وه، بازنه له دوای بازنه كه هیچكام له‌م سۆزانه بۆ هاوڵاتی ئاسایی نه‌ماونه‌ته‌وه، دورو نزیكی له بازنهكانو ئینتما بۆ سه‌رۆكه‌كان پێوه‌ری دڵسۆزین، نه‌ك ئینتما بۆ خودی مرۆڤ‌و نیشتمان‌و كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، تا ئه‌و ئاسته‌ی تیۆری ره‌وتی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا بهدرۆخراوهتهوهو رایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان له كۆنترۆڵ ده‌رچوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ناتوانێت به ره‌هایی ئینتیمای بۆ شتێكی دیاریكراو هه‌بێت، به‌ڵام دهێت له‌م وڵاته‌ی ئێمه ئینتمای ره‌هات بۆ سهرۆكهكانو خزمهكانیشیان هه‌بێت.
بۆچونه فیكری‌و ئایدۆلۆجی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بونیان نه‌ماوه، مێنتالتی پارته سیاسییه‌كان له به‌ها ئایدۆلوجیو فیكریه‌كان شۆراونهتهوهو باشترین به‌ڵگه‌ش چه‌پڵه‌ڕێزانی كوَنگرهكانن، سۆزه‌كه بوه به سۆزی دهسهڵاتو پاره‌و خزمایهتیو پارته سیاسییه‌كان له هه‌وڵی به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب‌و سهرۆكهكانیانن، حیزب له چه‌مكه باوه‌كه‌ی ده‌رچوه‌و بوه به‌كۆمپانیا، به‌ڵام چ كۆمپانیایه‌ك! هیچ پێوه‌ره جیهانییه‌كانی تێدا نییه، خاوه‌نه‌كانیان پرۆفیشناڵ نین له‌بواری كاركردنیاندا، پابه‌ند نین به ره‌وشتی پیشه‌یی كاره‌كانیان‌و به‌مانایه‌كی تر ئاگایان له ره‌وشتی پیشه‌یی كاره‌كانیان نییه، هه‌ربۆیه ئاماده‌ن ره‌ش بكه‌ن بهسپیو سپیش بكه‌ن به ره‌ش له‌پێناو به‌تاڵانبردنی سامانه سروشتییه‌كانی وڵات، سامانه مرۆییه‌كه‌ش (هاوڵاتی)، نه‌ك هیچ بایه‌خێكی پێنه‌دراوه، به‌ڵكو هیچ سهنگێكیشی بۆدانهنراوهو له‌م گێژاوه‌دا توشی نه‌خۆشی دوفاقی كراوه‌و بوه رۆبۆتو كۆیله‌ی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان.
بێگومان له‌ئه‌نجامی نه‌مانی بۆچون‌و ئایدۆلۆجی فیكری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو كۆمه‌ڵگا بهگشتیو پارته سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تی، سامان‌و پاره بونه ئامڕازی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵات، به واتایه‌كی تر بونه ئامڕازێك بۆ كڕینی ویژدانی هاوڵاتیو گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای سامان‌و پاره‌ی میلله‌ت!.
هه‌ر له‌به‌ر نه‌مانی بۆچون‌و ئایدۆلۆجی فیكری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له ناو پارته سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، متمانه‌ی نێو ئهندامو لایه‌نگران نه‌ماوه، په‌یوه‌ندیه‌كان بونه په‌یوه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندامان له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان‌و لێپرسراو سه‌رۆكه‌كانیان ده‌ڕوانن، نه‌ك میللهتو هاوڵاتی!.
له سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه، بازنه‌ی خزمایهتییهكه وردتر كراوه‌ته‌وه بۆ ناوچه، خێل، عه‌شیره‌ت تا ئاستی بنه‌ماڵه كه خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی پاره‌و ده‌سه‌ڵاتی ره‌هان له‌ناو حكومهتو حیزب‌دا تا ئه‌و ئاسته‌ی بونی حكومهتو حیزبیش به‌مانا گشتییه‌كه‌ی، یان باوه‌كه‌ی نه‌ماوه، بۆ له‌ده‌ست نه‌دانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كانه‌وه، پاره كراوه‌ته باشترین چه‌كی كاریگه‌ر، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م راستییه، نانبڕینی هاوڵاتییه له‌سه‌ر بۆچون‌و ئایدۆلۆجیای جیاواز كه له‌سه‌رده‌می رژێمێكی دیكتاتۆری وه‌كو به‌عسیش نه‌كرابو، له رێگه‌ی ئه‌م بازنه داخراوه‌وه (رێگه‌ی خزمایهتیو كه‌سه نزیكه‌كان) په‌ره به سامان‌و پاره ده‌درێت بۆ زامنكردنی گرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی حیزب‌و حكومه‌تیش، تا پاره‌و سامانیان زیاتر بێت، ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر دهبێتو تا ده‌سه‌ڵاتیان زیاد تربێت، نه‌ك پاره‌و سامانه‌كانیان زیاترده‌بێت، به‌ڵكو ده‌ست به‌سه‌ر هه‌مو سامانی وڵات‌دا ده‌گرن، ئه‌گینا به چ لێكدانه‌وه‌یه‌ك كوردستان خاوه‌نی هه‌زاره‌ها ملیاردێره كه له‌ڕاستیدا خاوه‌نی كارگه‌و كشتوكاڵ‌و گه‌شتوگوزارو ته‌كنۆلۆجیای سهردهمو سامانی مرۆیی پرۆفیشناڵ نییه. به‌ڵێ، به‌م شێوه‌یه هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی رهگو ریشه دادهكوتێو كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و جاهیلییهتو هه‌ڵدێر ده‌بات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سامانه سروشتییه‌كانی، وڵات ئه‌خاته خزمه‌ت دهسهڵاتدارانو خزم‌و ناسیاوه‌كانیان، سامانه مرۆییه‌كه‌ش كۆیلهدهكاتو به‌ره‌و جاهیلیه‌تی ده‌بات.
ئه‌م هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تییه، هه‌مو جومگه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانی گرتوه‌ته‌وه له‌ناو حیزب‌و حكومه‌ت، بوه به ترسناكترین هۆی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌ردو كه‌رتی گشتی‌و تایبه‌ت، بوه‌ته دیارده‌یه‌كی زهقو شۆڕبوه‌ته‌وه بۆ خواره‌وه، بێئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ربه‌ستێك دابنێت بۆ كه‌مكردنه‌وه یان نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه كه ئه‌مه خۆی له خۆیدا كاره‌ساته گهورهكهیهو هه‌رچه‌نده ماكه‌كانی رون‌و ئاشكران له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان، سه‌ره‌ڕای په‌یمانی ستراتیژیی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌م دیاردیه لهگهشهگردندایهو بوه به كلتور‌و خاڵی سه‌ره‌كیی په‌یمانه‌كه هه‌ریه‌كه له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
دوركه‌وتنه‌وه له كلتوری هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و ئاره‌زو خزمایه‌تی به‌ستراوه‌ته‌وه به تێگه‌یشتنی سیاسی‌و رۆشنبیری‌و زانستی هه‌ریه‌ك هاوڵاتی به‌پله‌ی یهكهمو ئینجا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به پله‌ی دوه‌م له روانگه‌ی پابه‌ند بون‌و پراكتیزه‌كردنی مامهفهكانی مرۆڤ له هاوڵاتیبونی هاوڵاتییه‌وه تا پرسه سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و زانستییه‌كان به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی ئاینی مه‌زهه‌بی پیشهیییو خزمایه‌تی.
بڕواناكه‌م هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی، به‌بێ فشاری جه‌ماوه‌رو رۆشنبیران له خودی خۆیه‌وه مافه‌كانی مرۆڤ‌و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی رهچاوكردبێت له پرسه سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و زانستییه‌كان هتد، بۆیه هاوڵاتی به‌رپرسی یه‌كه‌مه له بڵاوبونه‌وه‌ی گهندهڵیو نادادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر دور نهڕۆینو باسی سێكته‌ری تایبه‌تیش نه‌كه‌ین كه بێگومان بنه‌ماڵه‌كان به بچوك‌و گه‌وره‌وه خاوه‌نین، بڕۆینه ده‌زگایه‌كی (گشتی) حكومی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خانهنشینو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له رێگای هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌یاڵی به‌پله‌ی وه‌زیرو بریكاری وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانه‌نشین كراون‌و له‌وانه‌شه زۆربه‌یان بڕوانامه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته گونجاوبێت، به‌ڵكو زۆرێكیش له‌مانه ههركارمهندی حكومه‌ت نه‌بون، به‌ڵام له رێگای حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه وه‌ك مهكرهمهكانی سه‌ید ئهلرهئیس بۆیان كراوه، سه‌یری ئه‌م ئه‌زمونه جوانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن چه‌ند دادپه‌روه‌رانه‌یه، هه‌ر له‌به‌ر خاتری خزمایهتیو ناسیاوی له‌ده‌ست نه‌دانی ده‌سه‌ڵات، پارهوپولو سامانی گشتی بهههدهردهدرێتو دهبهخشرێتهوهن له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیان به‌خاوه‌نی خاك‌و ئاو هه‌واو سامانه سروشتییه‌كانی كوردستان ده‌زانن، ئه‌گه‌ر وابڕوات، له‌داهاتودا بودجه‌ی كوردستان به‌شی ئه‌م پۆسته به‌رزانه ده‌كات. به‌بڕوای من، ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی دادپهروهرو دیموكرات بێته‌كایه‌وه، ده‌بێت پێش هه‌مو شتێك ئه‌م جۆره گرفتانه چاره‌سه‌ر بكات.
له‌كۆمه‌ڵگای به‌ڕواڵه‌ت دیموكراتی وه‌ك كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو وڵاته دواكه‌وتوه‌كان بهگشتیو به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵگای كوردی، له رێگای هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی، ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی به‌ناو دیموكراتی ئه‌و یاسا‌و رێنمایو پرۆژانه په‌سه‌ند ده‌كات كه له خزمه‌ت كه‌سه موقه‌ده‌سو پارته سیاسی‌و گه‌وره لێپرسراو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانن، به‌یاسا به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدارو دهوڵهمهندپێش به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌خه‌ن، به‌م رێگایه‌ش هه‌وڵه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پوچه‌ڵده‌كه‌نه‌وه.
وه‌ك ئاشكرایه كه هه‌ر له ئێستاوه كاریگه‌ری كلتوری هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و كۆمه‌ڵگا ده‌ركه‌وتوه، كاریگه‌یه‌كی زۆر ترسناكی دهبیئَت له‌سه‌ر فه‌زای سیاسیی كوردستان وپرسه نهتهوایهتییهكانو بڵاوبونه‌وه‌ی دیارده‌ی گهندهڵیو تێكدانی بنه‌ما دیموكراسی‌و سیاسی‌و یاساییه‌كانی دهوڵهتو نه‌هێشتنی دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.
ساده‌ترین دوادیمه‌نی كلتوری هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی له ده‌ڤه‌ری سه‌وز (سلێمانی)، شانۆگه‌رییه‌كی دڵتهزێنو پڕشهرمهزاریو تراژیدیای پێشكه‌شكردین كه شاری سلێمانی كرده قوربانیی ململانێی دو له هه‌ره كاربه‌ده‌سته گه‌وره‌كانی ده‌سه‌ڵات، تا ئه‌و ئاسته‌ی دامه‌زراوه حكومهتییهكانیشیان كرد به چه‌ند كهرتێكهوهو زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خودی شاره‌كه‌و هاوڵاتیی ساده‌و بێده‌سه‌ڵاته‌كانی بو براوه‌ش پیاوه چاوچنۆكو هه‌لپه‌رسته‌كانی ههردولابون، له‌كۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه ماوه بڵێم، له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌بری به‌رهه‌مهێنانی عه‌قڵێكی نوێ‌و داهێنانێكی نوێ په‌ره به‌كلتوری هاوسه‌رگیریی دهسهڵاتو سامان‌و خزمایه‌تی ده‌درێت!.