Print
 
 ده‌سه‌ڵات و به‌یاننامه‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Sunday, February 6, 2011

له‌ دیباجه‌ی به‌یاننامه‌که‌دا باس له‌ شه‌پۆلی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر ده‌کات له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌و شه‌پۆله‌ی ده‌یه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه‌ کۆتایی به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بێنێت که‌ ده‌یان ساڵه‌ خۆی سه‌پاندوه‌، درۆ له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌کات و سه‌رکوتیان ده‌کات. له‌ سایه‌یاندا له‌ ژیانێکی کوله‌مه‌رگیدا ژیان ده‌گوزه‌رێ. ئه‌م شه‌پۆله‌ ده‌ڵێت: "کوده‌تای سه‌ربازی و شه‌ڕ بۆ گۆڕینی حوکم له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی رابردودا به‌سه‌ر چو، سه‌رده‌م سه‌رده‌می فشاری شه‌قامی بێ چه‌که‌" ئه‌مه‌ش په‌یامێکی دڵخۆشکه‌ره‌ بۆ هه‌مو پارچه‌یه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه به‌ گشتی و کوردستانی دابه‌شکراو به‌ تایبه‌تی. که‌چی راگه‌یانده‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ مه‌به‌ستی خۆیان ئه‌م په‌یامه‌ ده‌شێوێنن، وای لێکده‌ده‌نه‌وه‌ ئاماژه‌دان به‌م په‌یامه‌ ویستی کۆپی کردنه‌. له‌ ئاست ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌ چاو ده‌نوقێنن و ده‌یان بیانوی نابه‌جێ ده‌هێننه‌وه‌. ده‌یانه‌وێ قه‌ناعه‌تی هاوڵاتیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دامه‌زراندنی ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیانه‌.

سه‌رده‌می دروستبونی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی
وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ سه‌رده‌مێکدا دروست بون، زه‌مینه‌ی بونی ئه‌و جۆره‌ رژێمه‌ خۆسه‌پێنه‌رانه‌ له‌ باردا بو، به‌ڵام مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر کورسی حوکم بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای میلله‌ت یان له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساخته‌وه‌ ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی ئه‌مڕۆی لێکه‌وته‌وه‌. له‌سایه‌ی ئه‌م جۆره‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌دا‌:‌‌ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی خاوه‌ن سیاده‌ی خۆیان نین و کێشه‌ی فه‌له‌ستینیش تا ئێستا له‌ بازرگانیکردندایه‌.

ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌یه‌وێ لاسایی سه‌رده‌می هاتنه‌ سه‌ر حوکمی ئه‌و حاکمانه‌ بکاته‌وه‌ و له‌ کوردستان کۆپی بکات. لێره‌وه‌ لێکچون له‌ نێوان ئێره‌ و ئه‌وێ به‌ دیده‌کرێ: ده‌سڵاتی حیزب و حیزبی قه‌به‌، هه‌ڵبژاردنی پڕ گه‌رد، ویستی مانه‌وه‌ له‌سه‌ر کورسی، سه‌رکردایه‌تیکردنی حیزب، به‌ بنه‌ماڵه‌کردنی ده‌سه‌ڵات و به‌رته‌سککردنی پانتایی رای ئازاد. بۆ خه‌ڵکی که‌رکوکیش مه‌ترسییه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ شاره‌که‌یان به‌ ده‌ردی قودس بچێت.

خه‌مساردی ده‌سه‌ڵات
 به‌یاننامه‌که باس له‌ خه‌مساردی ده‌سڵاتی کوردی ده‌کات، ئه‌و خه‌مساردییه‌ی قه‌یرانی‌ سیاسی له‌ کوردستان هیناوه‌ته‌ ئاراوه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ په‌ر‌ۆشه‌وه‌‌ ده‌سه‌ڵات ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ و داوای لێده‌کات به‌ هۆشخۆی بێته‌وه‌ و به‌ده‌نگ خه‌ڵکه‌وه‌ بێت. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ ئاگا نه‌یه‌نه‌وه‌ ئه‌وا گۆڕانیش بیده‌نگ بێت، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بێده‌نگ نابن. لێره‌وه‌‌ کاریگه‌ری وێنه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کانی تونس و میسر ده‌ست پێده‌کات. باسکردن له‌م خه‌مساردییه‌ نیشانه‌ی ده‌رفه‌ته‌ بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆی جدی به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربازبون له‌و قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی له‌ بواره‌ جیاجیاکانی ژیاندا دروستی کردوه‌. به‌ داخه‌وه‌ هه‌ردو حیزب له‌م په‌یامه‌ نه‌گه‌یشتن و به‌ هه‌مان زمانی ساڵی 1996 هاتنه‌ قسه‌.

رێگاچاره‌
له‌بڕگه‌یه‌کی تری به‌یاننامه‌که‌دا وه‌ک رێگاچاره‌یه‌ک گۆڕان دواکارییه‌کانی له‌ 7 خاڵدا پێشکه‌ش کرد‌، به‌ڵام ده‌زگا را‌گه‌ینده‌کانی حیزب چاو له ئاستی ئه‌م رێگاچاره‌یه‌ و 7 خاڵه‌که‌ داده‌خه‌ن و به‌ویستی خۆیان شیانده‌که‌نه‌وه‌:

1- دورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له‌ داموده‌زگا و کاروباره‌کانی حکومه‌ت. هه‌مو ده‌زانین له‌ هه‌رێمی کوردستان حیزب له‌ جیاتی حکومه‌ت قسه‌ ده‌کات، گفتوگۆ ده‌کات، بڕیار و به‌ڵێن ده‌دات. له‌م باره‌وه‌ له‌ ئاستی باڵای حیزبه‌کاندا ده‌یان جار به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ له‌ پێش په‌رله‌مان و له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا به‌ڵێن دراوه‌. بۆ 7 ساڵ ده‌چێت به‌رده‌وام به‌ڵین ده‌ده‌ن و جێبه‌جێی ناکه‌ن. هه‌رکاتێکیش فشاریان بۆ هاتبێ دانیان به‌ بونی هه‌ندێ که‌موکوڕی و بونی گه‌نده‌ڵیدا ناوه‌، له‌ گه‌ڵ نه‌مانی فشاردا پشتیان لێکردۆته‌وه‌. ئایا گۆڕان و هه‌مو هاوڵاتییه‌ک هه‌قیان نییه‌: چیدی بڕوا به‌ به‌ڵینه‌کان نه‌که‌ن؟ یان فشاری به‌رده‌وام نه‌که‌ن بۆ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێم؟‌

2- ده‌ر‌باره‌ی ئه‌م خاڵه‌ جێی ئه‌وه‌یه‌ بپرسین، ئایا ده‌زگای ئاسایش ، پاراستن و ده‌زگای زانیاری خاوه‌ن یه‌ک ئه‌رشیفن؟ چه‌ند ئاگاداری کاری یه‌کتر هه‌ن؟ به‌یه‌ک ئاراسته‌ کار ده‌که‌ن؟ له‌ ژێر فه‌رمانی حکومه‌تن یان حیزب؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ راست و دروستی ئه‌م رێگا چاره‌یه‌ی گۆڕان ده‌رده‌خات‌.

خاڵه‌کانی 3، 4 و 5 باس له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت و په‌رله‌مان‌ ده‌کات نه‌ک روخاندنیان، وه‌ک له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کاندا باس له‌ وشه‌ی روخان ده‌کرێت. له‌ زمانی کوردیدا جیاوازی زۆره‌ له‌ نێوان روخاندن و هه‌ڵوه‌شاندن‌. بۆ رونکردنه‌وه‌ی ئه‌م دو وشه‌یه‌ ئه‌م نمونه‌یه‌ باس ده‌که‌م. له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا له‌ قه‌ڵادزێ به‌ هۆی بارانبارینه‌وه‌ خانویه‌ک روخایه‌ سه‌ر خیزانێک و بوه ‌هۆی شه‌هید بونی چه‌ند ئه‌ندامێکی ئه‌و خێزانه‌. بۆ رونه‌دانی ئه‌م کاره‌ساته‌ باشتر وا‌بو ئه‌و خانوه‌ به‌ر له‌ روخانی هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه‌ و دروست بکرێته‌وه‌‌. دورنییه‌ ده‌ستکورتی و بێکه‌سی هۆکاری هه‌ڵنه‌واشاندنه‌وه‌ی ئه‌و خانوه‌ بوبێت. ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێمه‌ ده‌قاو ده‌ق له‌و خانوه‌ ده‌چێت. بۆیه‌ به‌ر له‌وه‌ی به‌سه‌رماندا بروخێ باشتر وایه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و به‌ باشی دروست بکرێت. خۆ هێزی مرۆیی و دارایی باش هه‌یه‌، وه‌ک خاوه‌ن خانوه‌که‌ نه‌ بێکه‌سه‌ و نه‌ ده‌ستکورته‌.

6 – "گێڕانه‌وه‌ی موڵک و ماڵی داگیرکراوی حکومه‌ت و خه‌ڵک له‌لایه‌ن حیزبه‌کان و کاربه‌ده‌سته‌کانیه‌وه"‌. رون و ئاشکرایه‌، جێبه‌جێکردنی ئه‌م خاڵه‌ له‌ قازانجی خه‌ڵکه‌، به‌ جێبه‌جێکردنی متمانه‌ی میلله‌ت به‌ حکومه‌ت و حیزب و سه‌رکرده‌کان ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ و زیاتر ده‌بێت.

7 – ده‌ستور هی هه‌موانه‌ و بۆ هه‌موانه‌ بۆیه‌ باشتر وایه‌ په‌رله‌مانێ په‌سه‌ندی بکات‌ جێی متمانه‌ی میلله‌ت بێت و که‌س گومان له‌ بێگه‌ردی نه‌کات.

به‌ڵێ ناوه‌ڕۆکی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ خواستی خه‌ڵکه‌ و داکۆکی له‌ مافی خه‌ڵک ده‌کات. رێگه‌ چاره‌یه‌کیشه‌ بۆ یه‌کده‌نگیمان له‌ کوردستان و به‌غدا و دونیا. جێبه‌جێکردنی حکومه‌ته‌که‌مان جوان ده‌کات. بۆیه‌ پێویستی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌شهیر و تۆمه‌تبارکردنی بێ بنه‌ما و هێز خستنه‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌ نه‌ده‌کردن. ئێستاش باشتروایه‌‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ ببێته‌ ده‌سپێکی گفتوگۆ و لێک تێگه‌یشتن، گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ یه‌کتر و جوان کردنی کوردستان.

Sbeiy.com © 2007