Print
 
 له‌ په‌راوێزی به‌ردبارانکردن و گوله‌ بارانکردنی هاوڵاتیانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Monday, February 21, 2011

ره‌وتی روداوه‌کان هه‌مو ئینسانه‌کان کێش ده‌کات به‌ده‌نگ بێن، به‌ ناڕازی وڕازیه‌وه‌، رۆژی 17ی فیبروه‌ری رۆژێکی تره‌ له‌ مێژوی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا خاڵی وه‌رچه‌رخان نه‌بون بۆ چاککردنی کۆمه‌ڵگا له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رخۆر و ده‌وڵه‌تی حیزبی و ئیداره‌یه‌کی گه‌نده‌ڵ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رهه‌مهێن و سه‌روه‌ری یاسا و ئازادی ته‌واو بۆ هه‌مو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌ڵکو رۆژێک بو بۆ دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پاوانسازی و که‌شفی عه‌قلیه‌تی کۆنی سیاسی و نه‌وه‌ی کۆن له‌ پرۆسیسه‌کاندا کرد. رۆژگار هات و چون ده‌ستمان به‌ برینه‌کانه‌وه‌ گرت و باسی شه‌ڕی ناوخۆ و 31ی ئابمان نه‌کرد باسمان له‌م هه‌مو ناعه‌داله‌تیانه‌ کرد که‌ کۆمه‌ڵگا روبه‌ڕویه‌تی باسمان له‌ چاکسازی کرد و گۆڕێنی حکومه‌تی حیزبی به‌ حکومه‌تی خه‌ڵکی کوردستان کرد. باسمان له‌ سترتیژ و چاره‌نوسی نه‌وه‌کان و یه‌کگرتوی له‌ ناوخۆ کرد باسمان له‌ ته‌جره‌به‌ی گه‌لان کرد.

به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه‌ بونه‌ بڵقی سه‌رئاو نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵکو دوباره‌ هێرشکردن بۆ سه‌رکۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و راكێشانی هێز بۆ مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌کان و ترس و جاوسورکردنه‌وه‌ بوه‌ گوله‌ بارانکردن و شه‌هیدبونی منداڵێکی دوانزه‌ ساڵ له‌ شاری سلێمانیدا شون بزرکردنی ئینسانه‌ ناڕازیه‌کان. سوتاندن و تاڵانکردنی مقه‌ره‌کانی گۆڕان و بێده‌نگی گۆڕان له‌ ئاست هیزه‌ناڕازیه‌کانی جه‌ماوه‌ر و هێشتا دوباره‌ش سکرتیری پۆلتیک بوروی پارتی به‌ ئاشکرا ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ باره‌گامان به‌رێت ده‌ستی ده‌بڕین له‌ لایه‌کی تریش جێگری حیزب داوای دادگا و دادگاکاری ده‌کات. ئه‌م دوفاقیه‌ له‌ سیاسه‌تی پارتی که‌شفه‌ و هه‌مو که‌س له‌م ته‌ڵه‌یان ده‌گات و که‌سیش پێی وه‌ناببێت. ئه‌گه‌ر پارتی واده‌زانێ ده‌توانێ هه‌مو کوردستان له‌ ژێر باڵی سه‌رکرده‌که‌ی دابێت و هه‌موان له‌ سوجده‌ دابن ئه‌وا خه‌ونێکی خۆشه‌ له‌ گوندی بارزانیش نایه‌ته‌جێ و خۆ هه‌مو خه‌ڵک که‌سی وه‌ک شه‌هید باقی بارزانی ده‌ناسێ و خه‌ڵکی شاری سلێمانی لقی جوار و ئه‌منه‌ سوره‌که‌ له‌ته‌ک یه‌ک ته‌رازو ده‌بینن ئه‌گه‌ر کار وابڕوات. ئه‌گه‌ریش عه‌قلیه‌تی سیاسیان بگۆڕێت و نه‌رم و نیان بن له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر ئه‌وکات حسابێکی تره‌.

ئه‌وانه‌ی به‌ بیکه‌یسی گوله‌ به‌سینگ و میشکی لاوان و مندالانی نه‌وه‌ی گه‌ل ده‌نێن په‌روه‌رده‌ی 31ی ئاب بن، په‌روه‌ده‌ی کوشتارگه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆن و په‌روه‌ده‌ی تیرۆر وکوشتنی ده‌یان مرۆڤی سیاسی و رۆژنامه‌نوسن و په‌روه‌رده‌ی تاڵان و بڕۆی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تین و کۆرپه‌ی گه‌نده‌ڵی ئیدارین. 17ی فیبروه‌ری پێگوتین هه‌رکات ده‌سه‌ڵاتداران فشاریان بۆ بێت لاوانی کورد به‌کورد له‌ خوین خه‌ڵتان ده‌که‌ن. هه‌مو به‌ڵێنه‌کانیان یه‌ک فلسی قه‌ڵپ ناهێنێ.

هه‌ر کاتێ پارتی هیرشێک ده‌کاته‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا یان ئاڵوگۆڕێک ده‌بێت به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێم که‌ باشتره‌ بڵێم سه‌رۆکی پارتی ئه‌وا لیژ‌نه‌یه‌کی بۆ ئاماده‌ده‌کات ئه‌م لێژنانه‌ش هه‌مویان که‌سانی سه‌ربه‌ خۆیانن و به‌س. تائێستا چه‌ندین لیژه‌نه‌ بۆ که‌یسی جیا جیا پێکهاتون یان هیچ سه‌دایه‌کیان نه‌ما وه‌و که‌س نازانێ چ کاریان ئه‌نجام داوه‌ یان هه‌ر وه‌کو ده‌ره‌نجامه‌که‌ی لیژنه‌که‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت بو که‌ هه‌مو دونیا زانی سیناریۆیه‌کی پێکه‌نیناوی بو و هیچی تر. ئه‌مه‌ش گه‌نده‌ڵیه‌کی ئیداری سرفه‌.‌ تا سیسته‌می قه‌زایی ئازاد نه‌بێت و داواکاری گشتی ئه‌کتیڤ نه‌ بێت و سوپای کوردستان دور له‌ کێشمه‌کێشه‌ سیاسیه‌کان نه‌بێت دادگا و دادگاکاری هیچ مانایه‌کی نیه‌.

له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له‌ کوردستان بیر له‌مه‌ بکاته‌وه‌ بۆچی خه‌ڵک ناڕازیه‌ و خۆپیشاندان ده‌که‌ن و داوای ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن، له‌ جیاتی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کان بکه‌ن و چڕی بخه‌نه‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ده‌ره‌کیه‌کان و له‌ ناوخۆ دابه‌شکردنێکی عادل بۆ سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، ئه‌وا گه‌ل به‌به‌ر گوله‌ ده‌ده‌ن. به‌ڕاشکاویش بانگه‌وازی ده‌که‌ن. مێژو سه‌لماندویه‌تی ته‌مه‌نی زوڵم و زۆرداری کورته‌ و له‌ دواییدا سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆگه‌له‌. دونیای ئه‌مڕۆش له‌ دونیای سه‌رده‌می نه‌وه‌ی کۆن جیایه‌ و میدیا رۆڵێکی گرنگ ده‌گێرێت له‌ ته‌واوی روداوه‌کاندا.

سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان به‌شی هه‌موان ده‌کات، به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی کوردستان به‌رزه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌کی دروستدا چڕ بکریته‌وه‌. ولاتێکی هێشتا ئاوانیه‌ له‌ پێشبڕکی ئابوری یان سیاسی توشی شکست هاتبێت به‌ڵکو هه‌روا له‌ سیسته‌مێکی به‌ناو فیدرالی دایه‌ و بودجه‌که‌ی که‌ بۆ وڵات دانراوه‌ بۆ هه‌موانه‌ و موڵکی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نیه‌ و خێرو زه‌کاتیش به‌ خه‌ڵکی ناکه‌ن.

ئه‌گه‌ر کاروابڕوا کوردستانیش ده‌بێته‌ سه‌رمایه‌داری کۆنری، ئه‌گه‌رچی له‌ واقعدا ئه‌مه‌ سه‌رمایه‌داری نیه‌ و کۆیله‌ داریه‌، موژده‌یه‌کی خۆش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئه‌م خه‌ونه‌ نایه‌ته‌دی خه‌ڵکی کوردستان هۆشیاره‌.

به‌رده‌وامی خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان به‌ راشکاوانه‌ و مۆدێرنانه‌ ده‌بێ به‌رده‌وامی هه‌بێت، پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و هێزه‌ ئه‌منیه‌کان ئه‌وانیش نه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له‌ن نابێ به‌ فه‌رمانی سه‌رکرده‌کانیان لاوان بکه‌ن به‌ نیشان و ده‌بێ سیسته‌می دادگایی و داواکاری گشتی ئه‌کتیڤ بکرێت. ئه‌گه‌رچی که‌ڵتوری سیاسی کوردستان زۆر به‌ ناڕێکی له‌ دایک بوه‌ هه‌رواش ده‌مرێت. هێز له‌ دوایی مه‌سه‌له‌کان یه‌کلا ده‌کاته‌وه‌ هێزیش له‌ یه‌کگترن دایه‌. جێگای بیر هێنانه‌وه‌یه‌ که‌ حیزبه‌ گه‌وره‌‌کان له‌ کوردستان له‌م نێوه‌دا هه‌ریه‌ک بۆ خۆی کێشی ده‌کات و دور له‌ داخوازیه‌کانی گه‌لن و بێ کاریگه‌رن ئایا خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر دژی پارتیه‌، ئایا گۆڕان به‌م شیوه‌یه‌کارکردنه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام له‌ نێو به‌رداشی پارتی و جه‌ماوه‌ری خۆیدا ئایا یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی رازین له‌ ئه‌دای سه‌رکرده‌کانیان و گولله‌ بارانکردنی پارتی و له‌شکر کێشی زرێڤانی بۆ سلێمانی. له‌لایه‌کی تریش ئایا رابه‌ری ناره‌زایه‌تیه‌کان ستراتیژێکی دروستیان هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ و ده‌یان پرسیاری تر. ئه‌مانه‌ش هه‌موی ئاڵۆزی مه‌سه‌له‌کان نیشان ده‌ده‌ن، بۆچی خه‌ڵکی لقی چوار به‌ردباران ده‌کات له‌ کاتێکا هیچ ده‌سه‌ڵاتی له‌شاردا نیه‌؟ ئایا هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌ خۆڕان؟ ئه‌ده‌بیاتی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار پێنان ده‌ڵێن ئاژاوه‌گێر و فیتنه‌که‌ران ئایا خه‌ڵکی ناڕازی سلێمانی که‌ بۆ چاکسازی وڵات هاتونه‌ته‌ مه‌یدان شایانی ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌یه‌؟

به‌داخه‌وه‌ من له‌م باوه‌ڕه‌بوم که‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ هه‌مو هێزه‌کانیانه‌وه‌ بێنه‌ مه‌یدان بۆ دیاریکردنی مافی چاره‌ی خۆنوسین و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی جاره‌نوسی سیاسی وڵات له‌ دوای ئه‌م ئاڵوگۆرانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و دوباره‌ پێناسه‌بونه‌وه‌یدا، وام ده‌زانی کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرێت ده‌بینه‌ نمونه‌ی وڵاتێکی ئازاد و خۆشگوزه‌ران. به‌ڵام 17ی فیبروه‌ری دوباره‌ هۆشیاری کردینه‌وه‌ که‌ واقع شتێکه‌ و خه‌یاڵ و تیۆریش شتێکی ترن له‌ زۆر حاڵه‌تدا، خه‌ڵکی کوردستان توانای بڕینی ئه‌م ده‌ورانه‌شی هه‌یه‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی ده‌رسی تالی به‌ زۆرداران داوه‌ به‌ڵام بێ قوربانی نه‌بون.  ئه‌م مێژوه‌ش په‌ڵه‌یه‌کی ره‌شه‌ به‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتدارانی شار و شکۆمه‌ندیه‌که‌ بۆ گه‌لی ناڕازی مرۆڤه‌ چاکسازی خوازه‌کان به‌رده‌وامیش له‌لای گه‌ل ده‌بێته‌ پاشه‌کشه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیش ده‌بێ به‌ ئه‌رکی نیشتمانی خۆی هه‌ڵسێ. ئه‌وانیش له‌ هه‌مان چینن که‌ مرۆڤه‌ ناڕازیه‌کان داوای چاکسازی وڵات ده‌که‌ن.

Sbeiy.com © 2007