گفتوگۆ(دانوستان)، هونه‌رێكی دیپلۆماسی و به‌ڕێوه‌بردنی ململانێیه له چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان دولایه‌ن، یاخود چه‌ند لایه‌نێكی ناكۆكدا.
په‌ندێكی كوردی هه‌یه؛ له چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كاندا به‌كاردێت، ئه‌ڵێ: سوار و پیاده كه ئه‌گه‌ن به‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت دهستمۆچێن بكه‌ن، ئه‌بێ سواره‌كه نه‌ختێ خۆی دانه‌وێنێ و پیادهكهش كه‌مێ خۆی هه‌ڵبڕێ.
له‌ئێستادا، ته‌رازوی هێز له‌نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا زۆر لاسه‌نگ نییه، هه‌ربۆیه ئه‌شێ به‌چه‌ند گفتوگۆیه‌ك بگه‌نه ته‌وافوقێكی سیاسی و كۆتایی به‌قه‌یرانه‌كه بهێنرێت.
له سیستمه دیموكراسیه‌كاندا، وه‌ختێك قه‌یرانێكی سیاسی له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا دروست ده‌بێت (ته‌نانه‌ت له میسر و تونس و یه‌مه‌ن)یشدا، ئۆپۆزسیۆن ناچێت له‌گه‌ڵ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدا كۆببێته‌وه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه باڵاكانی حوكمڕانی وڵات‌دا گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه ده‌كات، به‌ڵام وادیاره له كوردستاندا، حیزب دامه‌زراوه باڵاكانی حكومڕانی ئه‌وه‌نده ئیفلیج كردوه، توانستی چاره‌سه‌ری گرفتی گچكهشی تێدا نه‌هێشتۆته‌وه.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، له‌لایه‌ك توشی قه‌یران و ئیشكالیه‌تی بێ سیستمی بوه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داڕماندایه. كاردانه‌وه‌ی شه‌قام و نه‌وه‌ی نوێ ده‌ریخست؛ خۆپارێزیی له گۆڕانكاری مه‌حاڵه و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت رێگه‌ی لێبگرێت، هه‌ربۆیه ئێستا (پارتی و یه‌كێتی) له‌ژێر فشارێكی گه‌وره‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدان، به ئاڕاسته‌ی هه‌نگاونانیان بۆ چاكسازی و پێكهێنانی سیستمێكی حوكمڕانی ته‌ندروست.
له‌ئاستی ناوخۆدا، به‌پێی تازه‌ترین راپرسی و توێژینه‌وه، كه رێكخراوێكی ئه‌مه‌ریكی له (24)ی شوبات، تا (23)ی ئایاری ئه‌مساڵ له كوردستانی عێراق ئه‌نجامیداوه، ناڕه‌زایی خه‌ڵك له گه‌نده‌ڵی و بێكاری و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌چاو راپرسیه‌كه‌ی مانگی (11)ی ساڵی پاریاندا، به‌ڕێژه‌ی (7% تا 15%) روی له زیادبون و هه‌ڵكشان كردوه و ئه‌م ئه‌نجامه‌شیان به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن گه‌یاندوه.
راسته له‌ئێستادا خۆپیشاندانه‌كان وه‌ستاون، به‌ڵام ناڕه‌زایی له‌ناو شه‌قام و ئۆپۆزسیۆندا زیادیكردوه و له‌حاڵه‌تی بهدهمهوهنهچونی ده‌سه‌ڵاتدا بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی ریشه‌یی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه و به‌هێزتریش ببن...
له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا، ده‌سه‌ڵات له‌ژێر فشارێكی گه‌وره‌ی ده‌ره‌كیدایه، چ به‌بینین و سه‌ردانی كاربه‌ده‌سته گه‌وره‌كانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و چ به‌هۆی ده‌ركردنی چه‌ندین به‌یاننامه له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكارییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌رامبه‌ر هاوڵاتییان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، وه‌كچۆن له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردودا چه‌ندین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی، زیاد له راپۆرت و به‌یاننامه‌یان له‌سه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانی مرڤ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه، بۆ رای گشتی دنیا باسكردوه، كه راپۆرتی ئه‌م رێكخراوانه له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا وه‌ك پێوه‌رێك بۆ ئازادی سیاسی و راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانی حسابی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
له‌م ئاڵۆزییه سیاسییه‌دا ئیراده‌یه‌كی جدیی بۆ چاره‌سه‌ر، به‌لای ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌دیناكرێت، هه‌ربۆیه به‌رای من (یه‌كێتی و پارتی) له‌ئێستادا كار له‌سه‌ر دو شت ده‌كه‌ن؛ كه یه‌كێكیان یاری كردنه به‌كات بۆ دواخستنی هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازی، دوههمیشیان، په‌رته‌وازه‌كردنی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و جیاكردنه‌وه‌ی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانه له بزوتنه‌وه‌ی "گۆڕان". كه له‌ماوه‌ی رابردودا یه‌كێك له جوانییه‌كانی سیاسه‌تی كوردی ئه‌وه‌بو، به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن دروستكرا.
ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌كوردستاندا هه‌یه، به‌ره‌نجامی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی دوای 17ی شوباته و خۆی له‌خۆیدا به‌رهه‌مهێنه‌ر و هۆشیاركهرهوهیه. هه‌ربۆیه، نابێت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام به‌ده‌ستهاتوه ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ بیدۆرێنێت.
پێویسته ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه بزانێت: له‌دانوستانه‌كاندا، رازیبون به‌كه‌م؛ پاشه‌كشه‌یه‌كی جدیی ده‌بێ، هه‌ربۆیه ده‌بێت پێداگریی له‌سه‌ر داوا سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌قام و پرۆژهچاكسازیهكانی بكات.