Print
 
 لەنێوان عێراقەكەی سەدام و عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, July 6, 2011

عێراقەكەی سەدام، پڕبو لە ستەمكاری، عێراقێك مرۆڤی وەكو مێگەلی مەڕ دەبینی و بەتەنێ مرۆڤی جەنگخواز و توڕەو تڕۆی دروست دەكرد، ئەنفالی دەكرد و خەڵكی لەناو دەدا، بەڵام لەعێراقەكەی سەدامدا بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام و پارێزگار و ئەنجومەنی ناحیە و قەزا و پارێزگا و وەزیر و پەرلەمانتار و سەركردەكانی بەعس، كۆمپانیا و پاڵاوگەی نەوت و گرد و باخچە و سەرا و مەلاوانگە و مۆڵیان نەبو، لە عێراقەكەی سەدامدا، دزی لەسەر هەر كەس دەربكەوتایە وەكو خیانەت تەماشای دەكرا، لە عێراقەكەی سەدامدا، یەك سەدام و یەك بەعس و یەك دیكتاتۆر و یەك خوێنخۆر هەبو، لە عێراقەكەی سەدامدا، ترس و تۆقاندن هەبو، دیموكراسی نەبو، میدیای قۆرخكراو هەبو، میدیای ئازاد نەبو، فرەیی نەبو،  حیزبی كۆیلە و دەستەمۆ و  جاشی حیزبی بەعس هەبو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیستمێكی دیكتاتۆرییانە لەڕێگەی زەبرو زەنگەوە جۆرە یاسایەكی سەپاندبو، بۆیە عومەر و عەلییەكان نەدەبونە قوربانی، شیعە و سوننە سوكایەتییان بەیەكتر نەدەكرد، عێراق عێراقێكی پڕ ستەمكاریی و پڕ زەبروزەنگ بو، بەڵام کوڕم دەویست لەبەردەم بەعسدا فیتنەی تایفی بڵاوبكاتەوە! هەڵبەت دەكرێ قسەی زۆر لەسەر عێراقەكەی سەدام، بكرێت، بەڵام مادام قسەكردنی ئێمە لەسەر بەراوردێكی كورت و كاتییەو دیدێكی رۆژنامەنوسییانەیە، بەوەندە دەوەستین و دێینە سەر عێراقەكەی ئەمه‌ریكا.

عێراقەكەی ئەمه‌ریكا، درێژەپێدەریی هەمان ئەو فۆڕمە ستەمكارییە، كە كاتی خۆی بەریتانییەكان دایانڕشت، فۆڕمی عێراقێكی بەزۆر بەیەكەوە لكێنراو، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، لەبری سەدامێك، سەدان سەدام هەیە، لەبری عەلی حەسەن مەجیدێكی ئاشكرا، سەدانی شاراوە هەیە، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، شیعە دان بەسوننەدا نانێت، سوننە دان بە شیعەدا نانێت، عومەرەكان بەدەستی  شیعەكان و عەلییەكان بەدەستی سوننیەكان، دەبنە قوربانی، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، قاعیدە و دڕندە و بڕندە و نەقشەبەندی و جوندلئیسلام و بەعسییەكان و ئیرهابییەكان و هەزاران ناو و ناتۆرەی دیكە هەن، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، هەمو ئەو برینانە دەركەوتنەوە، كە لەسەردەمەكانی دیكەدا لە جەستەی ئەم وڵاتە كرابون، چ لەسەردەمی عوسمانی، چ لە سەردەمی ئینگلیز و چ لە سەردەمی پاشایەتی و كۆماری و سەدامدا، برینەكانی  بەزۆر بەیەكەوە گرێدانی شیعە و سوننە و كورد، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، ئەو راستییە دەركەوت، عێراق جگەلە درۆیەك هیچی تر نییە، جگە لە كۆمپانیایەكی گەورە  هیچی تر نییە، كەس ناتوانێت جیاوازییەكانی نێوان مالیكی و عەلاوی و سەدام و ئەوانەی دیكە، بەوردی بخوێنێتەوە، لەكەسیاندا خەمی ئینسانی لەسەرو خەمی گیرفان و ستەمكارییەوە نییە، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، دەركەوت كە ناكرێت كورد و شیعە و سوننە پێكەوە بژین، ئەمە چیرۆكەكەی زۆر  دورترە، هەر لەسەرەتاوە كورد و شیعە و سوننە، بەزۆر بەیەكەوە لكێنرابون، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، لە بەسرەوە تا زاخۆ رۆژنامەنوس لەبەردەم هەڕەشە و گوڕەشەدان و مافیاكان وەكو كەڵەگا، هەر بەسەر پشتی میللەتەوەن، لە عێراقەكەی ئەمه‌ریكادا، بەپێی دانپیانانی حكومەت و وەزارەتەكانی ژنانی عێراق، نەخشە و پلان دانان، تەندروستی، ناوخۆو هتد... (یەك ملیۆن) بێوەژن، (چوار ملیۆن) هەتیو، (دو ملیۆن و نیو) شەهید، (هەشت هەزار) بێ سەروشوێن، (چوار ملیۆن) ئاوارەو دەربەدەر هەنو نزیكەی (40%)ی عێراقییەكان هەژارانە دەژین، ئەمە جگەلەوەی خودی ئەمه‌ریكا لە (9\4\2003)وە، تائێستا زیاتر  لە (شەش هەزار) قوربانیی داوە.

كەواتە ئەم عێراقە، چ مانایەكی هەیە بۆ ئەوەی بە یەكگرتویی بمێنێتەوە، یان دەبێ لەئەمڕۆ زوتر نییە  هەڵوەشێتەوە، پێویستە ئەم عێراقە، جگەلە سێ یەكەی ئیداریی سەربەخۆ هیچی تر نەبێت، هەر بەوەش دەتوانین ئەم خوێن لەبەرڕۆیشتنە بەردەوامە رابگرین.

Sbeiy.com © 2007