Print
 
 گفتوگۆی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌کان
-1-
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, July 9, 2011

به‌شی یه‌که‌م:
گومان له‌وه‌دا نییه‌ له‌ناو حیزبه‌کانی کوردستاندا پارتی و یه‌کێتی هۆکاری سه‌ره‌کین له‌ دروستکردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی هه‌رێمی کوردستانی گرتۆته‌وه‌. ئه‌م قه‌یرانه‌ هی دوێنێ و پێرێ نییه،‌ ده‌سپێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای له‌ ده‌ستگرتنی حوکمڕانی ئه‌م دو حیزبه‌.  له‌ راستیدا ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌یه‌، ته‌نگه‌ژه‌ی حیزبی و نێوان که‌سه‌ سیاسی و حیزبیه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، له‌ ئه‌نجامی کێشه‌ و ناکۆکیه‌کانی ناو ریزه‌کانی خودی هه‌مو حیزبه‌کانی کوردستان‌ له‌ لایه‌ک و نێوان ئه‌م حیزبانه‌ له‌ لایه‌کی تر  په‌یدا بوه‌. ئه‌م حیزبانه‌ نه‌ک نه‌یانتوانیوه‌ کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بوه‌کانی چه‌ند ساڵی رابردو چاره‌سه‌ر بکه‌ن، به‌ڵکه‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کانیان  قوڵتر بۆته‌وه‌. له‌دوای 17 شوبات ده‌رکه‌وتنی باڵی توندڕه‌وی عه‌سکه‌ری و حیزبی، باڵی میانڕه‌و و لێدوانه‌ جیاجیاکانی کادره‌کانی ئه‌م دو حیزبه‌ راستی بونی کێشه‌ و ناکۆکیه‌کانی ده‌رخست. جارێکی تر که‌سه‌ توندڕه‌وه‌کان هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ حیزبییه‌یان دا بۆ ناو ئیداره‌ی به‌ڕیوه‌بردن و سه‌رجه‌م جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌. به‌ کارهێنانی هێز و چه‌واشه‌کردنی روداوه‌کان دو ئسلوبی توندڕه‌وه‌کان بو بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌. مه‌به‌ست له‌ به‌کارهێنانی ئه‌م شێوازه‌‌ له‌ لایه‌ک فشار خستنه‌ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن و له‌ لایه‌کی تر ترساندنی شه‌قامی ناڕازی بو.

ئۆپۆزسیۆن
دوای چه‌ند دانیشتنێک له‌نێوان هه‌ردو به‌ره‌دا، شه‌قام هه‌مان دیمه‌نی ئه‌و ده‌یان گفتوگۆیه‌ی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوی نێوان پارتی - یه‌کێتی و ده‌رئه‌نجامه‌کانی دێته‌وه‌‌‌ به‌رچاو. خه‌ڵک جۆرێ له‌ نائومێدی ده‌رده‌بڕێ. رۆشنبیران پێیان وایه‌ ده‌سه‌ڵات نیه‌ت و پلانی کات به‌سه‌ربردنی هه‌یه‌. بۆیه‌ بۆ دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ دانیشتنانه‌ و ئومێد به‌خشین به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، پێویسته‌‌ ئۆپۆزسیۆن بۆ به‌رده‌وامبون له‌ گفتوگۆ  ئه‌م خاڵانه‌ ره‌چاو بکات و داوا بکات له‌ کاتێکی زۆر کورتدا ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێیان بکات:
1- لێپێچینه‌وه‌ له‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ی، له‌ 17/ شوباته‌وه‌ ئه‌مریان به‌ ته‌قه‌کردن و جوڵاندنی هێز کردوه‌ و هه‌مو ئه‌وانه‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌یان جێبه‌جێ ‌کردوه‌؛
2- قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌وانه‌ی زیانی مادی، جه‌سته‌یی و ده‌رونیان لێکه‌وتوه‌؛
3- قه‌ده‌غه‌کردنی بونی هێزی چه‌کدار له‌ ناو شاره‌کاندا به‌ شێوه‌ی ئاشکرا و شاراوه‌، به‌ جلی سه‌ربازییه‌وه‌ یان به‌ جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌؛
4- ئاساییکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌حریمکردنی هه‌ڕه‌شه‌، چاوسورکردنه‌وه‌ و سوکایه‌تیکردن به‌ رۆشنبیران و چالاکوانانی مه‌ده‌نی ده‌کرێت.
5- گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌مو حیزبه‌کان، موچه‌ی نانبڕاوان و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌مو جۆره‌ سزایه‌کی سیاسی.

له‌ گفتوگۆدا ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن خۆڕاگر و پشودرێژ بێت: بزانێ هه‌ڵگری داوا و خه‌مه‌کانی خه‌ڵکه، پێداگری له‌ ناوه‌ڕۆکی پرۆژه‌ی چاکسازی خۆی بکات و را و ویستی شه‌قام به‌ هه‌ند وه‌ربگرێ. تا ده‌سه‌ڵات  به‌ کرده‌وه‌ ده‌ری ده‌خات ده‌یه‌وێ هه‌نگاو بنێ به‌ره‌و چاكسازی بنه‌ڕه‌تی. به‌ ته‌نها داواکردنی سه‌رۆکی هه‌رێم یان ویستی حیزب بۆ گفتوگۆ به‌س نییه‌، چونکه‌‌ به‌‌شی زۆری خه‌ڵک متمانه‌یان به‌ ویست و به‌ڵێنی بێکرده‌وه‌ نه‌ماوه‌.

سه‌رۆکی هه‌رێم
 بۆ ده‌ربازبونی هه‌رێم له‌و قه‌یرانه‌ی تێێدایه‌، پێشوه‌خت  باشتر وایه‌ کاک مه‌سعود لای خۆیه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنێ:
1- یه‌کخستنی ناوه‌نده‌ جیاجیاکانی بڕیار، ده‌سه‌ڵاته‌ جیاجیا حیزبی و حکومی و که‌سیه‌کان، چونکه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و فره‌ ده‌سه‌ڵاتیه‌دا هیچ جۆره‌ دانوستانێک ئامانج ناپێکێت.
2- به‌کرده‌وه‌ سه‌رۆکی خه‌ڵک و هه‌مو پارته‌ سیاسییه‌کان بێت، نه‌ک به‌ ته‌نها سه‌رۆکی پارتی و دۆستی نزیکی مام جه‌لال، چونکه‌ تائێستا بڕیار و کرده‌وه‌کانی ده‌ری ده‌خه‌ن که‌ پیاوێکی حیزبیه‌ و بێلایه‌نانه‌ کار ناکات. بڕینی بودجه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ بڕیاری حیزبه‌که‌ی دواترین به‌ڵگه‌ی بیلایه‌ن نه‌بونی ئه‌م سه‌رۆکه‌یه‌.
3- خۆ دورگرتن له‌ هه‌مو جۆره‌ لێدوانێک که‌ بارودۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌کات. له‌ بابه‌تی چاوپێکه‌تنه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی له‌ گه‌ڵ رۆژنامه‌ی " الشرق الاوسط"؛
4-  به‌ر له‌وه‌ی داوای گفتوگۆ بکات، وه‌ک سه‌رۆک سه‌ردانی پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان بکات؛
5- به‌ر له‌ داواکردنی گفتوگۆ ئه‌مر بکات بۆ ده‌ستبه‌جێ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانبارانی دوای 17/ شوبات، جه‌نابی پێویسته‌ بۆ ئه‌م کاره‌ خۆی له‌ مه‌یداندا بێت نه‌ک به‌ لیژنه‌ و لیژنه‌کاری بسپێرێت.

به‌و هه‌نگاوانه‌‌ کوردستان له‌ قه‌یران ده‌رباز ده‌بێت نه‌ک لێدوان و به‌ڵێن.

ده‌رباره‌ی گفتوگۆش، هه‌مو تاکێکی کورد ده‌ڵێ: "به‌ڵێ بۆ گفتوگۆ"، به‌ڵام کام گفتوگۆ "گفتوگۆ بۆ پێش کامێرا یان گفتوگۆ بۆ چا‌ره‌سه‌ری کێشه‌کان".

Sbeiy.com © 2007