Print
 
 گفتوگۆی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌کان
-2-
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, July 11, 2011

به‌شی دوه‌م:
به‌رپرسیارێتی پارتی و یه‌کێتی له‌ 20 ساڵی رابردودا له‌ دروستکردنی قه‌یرانی سیاسی کوردستان- ئۆپۆزسیۆن و داواکانی شه‌قام –  کا‌ک مه‌سعود ده‌یه‌وێ و ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاته‌کان یه‌کخاو هه‌نگاوبنێ- به‌ڵێ خه‌ڵک گفتوگۆی ده‌وێ له‌ پێناوی چاره‌سه‌ردا نه‌ک... چه‌ند خاڵێکبون له‌ دوتۆی به‌شی یه‌که‌مدا...

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌ک هه‌مو تاکێکی کورد هیوادارم و داوامه‌ کاک مه‌سعود رۆڵی بێلایه‌نه‌ی خۆی بگێڕێ له‌ چاره‌سه‌رکردنیی قه‌یرانی سیاسی کوردستان. به‌ڵام هه‌نگاوه‌کانی ساڵانی رابردو و  هه‌ڵسوکه‌وت و لێدوانه‌کانی له‌ دوای روداوه‌کانی 17/2  جێی گومانن له‌ تواناو ویستی ئه‌و به‌ڕێزه‌. وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئۆپۆزسیۆنیش به‌ پرۆژه‌ ئه‌و گومانه‌ی‌ قولترکرده‌وه‌. چونکه ده‌بوایا ده‌سه‌ڵات له‌ بری پرۆژه‌ باسی یه‌که‌ یه‌که‌ی خاڵه‌کانی پرۆژه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆنی بکردایا. راسته‌وخۆ کاک مه‌سعود له‌ گه‌ڵ وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن دابنیشتایا، نه‌ک به‌ ته‌نها له‌ پشته‌وه‌ و راسته‌وخۆ پشتگیری و ئاراسته‌ی وه‌فدی پارتی- یه‌کێتی بکردیا. ئۆپۆزسیۆنیش ده‌بوایا پرۆژه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رنه‌گرتایا و پێداگری له‌سه‌ر گفتوگۆکردن له‌ پرۆژه‌که‌ی خۆی بکردایا، هه‌وڵیشی بدایا شانبه‌شانی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی راسته‌وخۆ له‌ گه‌ڵ کاک مه‌سعود دانیشتنی بکردایا، چونکه‌ وه‌فدی پارتی- یه‌کێتی به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ‌ خاوه‌ن بڕیار ناتوانن هیچ بڕیارێک بده‌ن.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ هه‌ردو حیزب دو به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ و له‌سه‌ری رێکه‌وتون، به‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ پێیان وایه‌ ده‌توانن درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی خۆیان بده‌ن. پارتی پێداگری له‌سه‌ر ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌کات، له‌ ناو ئه‌و ده‌ستوره‌شدا پێداگری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکه‌ ده‌کات، پێیان باشه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک راسته‌وخۆ له‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ بێت نه‌ک  له‌ په‌رله‌مان. واته‌ به‌ ته‌واوی ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێت سیسته‌می په‌رله‌مانی ره‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ دوا رۆژدا هه‌نگاو ده‌نێن به‌ره‌ و سیسته‌می رابه‌رایه‌تی.

هه‌رچی یه‌کێتییه‌ له‌م قۆناغه پێداگری له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ده‌کات و پێێ باشه‌ وه‌ک ئێستا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه سنوردار بمێنێت و نه‌توانێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر هیچ هه‌نگاوێک بنێ. جگه‌ له‌مانه‌ش ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و ده‌زگای هه‌ڵبژاردن، پێشمه‌رگه‌ و سه‌رچاوه‌کانی په‌یداکردنی پاره‌ به‌لایانه‌وه‌ نیمچه‌ هێڵی سورن. ده‌رباره‌ی یاسای خۆپیشاندانیش هه‌ردو حیزب، به‌ تایبه‌تی توندڕه‌وه‌کان زۆر سڵ له‌ وشه‌ی به‌بێ مۆڵه‌ت و له‌ ناکاو ده‌که‌نه‌وه، ئه‌م بییرکردنه‌وه‌یه‌ش جگه‌ له‌ ویستی خنکاندنی ئازادی به‌ یاسای خۆیان هیچی تر ناگه‌یه‌نێت. ئه‌گینا ئاگادارکردنه‌وه‌ی پۆلیس له‌ کاتی رێپێوان ئه‌گه‌ر به‌ر له‌ یه‌ک سه‌عاتیش بێت به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیس بتوانێ هه‌م چاودێری رێڕه‌وی خۆپیشاندان بکات و هه‌م سه‌لامه‌تی خۆپیشانده‌رانیش بپارێزێت.
 ‌
هه‌مو وێسته‌ دیار و شاراوه‌کانی هه‌ردو حیزب، به‌وردی له‌و بابه‌ته‌ گشتییه‌ی وه‌ک پرۆژه‌ داویانه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن رون و دیاره‌. ئه‌و جۆره‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌و جۆره‌ ناوه‌ڕۆکه‌وه نیشانه‌ی ئاڵۆزکردن و درێژه‌کێشانی پرۆسه‌ی گفتۆگه‌یه‌، حکومه‌تی بنکه‌ فراوانیش له‌ شێوه‌ی ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستا جگه‌ له‌ ئفلیجکردنی کێبڕکێی دیموکراسی سیاسی که‌ بنه‌مای دامه‌زراندنی سییسته‌می دیموکراسی دوارۆژی کوردستانی له‌سه‌ر دائه‌نرێ هیچ ده‌رئه‌نجامێکی تری لێ ناکه‌وێته‌وه‌. به‌م پێشنیاره‌ ده‌یانه‌وێ هه‌مو حیزبه‌کان له‌ رێکه‌وتنیکی وه‌ک ئه‌وه‌ی پارتی- یه‌کێتی کۆبکه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌رنامه‌ی خنکاندنی روحی بونی ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ کوردستان.

 

Sbeiy.com © 2007