Print
 
 بۆ دانوستان، دوای دانوستان چی؟!
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Wednesday, July 20, 2011


ئێمەی كورد مێژویەكی تاڵمان هەیە ڵەگەڵ دانوستاندا، چ لەگەڵ دوژمنە داگیركەرەكانمان یاخود لەناو خودی خۆماندا، باشترین نمونەی دانوستانی ناوخۆیی؛ دانوستانەكانی شەڕی براكوژی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە دوای زیاتر لە سەدان كۆبونەوە و دانیشتن، گەیشتنە ئیتفاقییەی ستراتیجی نێوانیان كە تائێستاش زۆربەی هەرە زۆری نوخبە سیاسییەكانی ئەو دو حیزبەیش  ناوەرۆكەكەی نازانن .

ئەگەر ئەم ژمارە زۆرە لەدانیشتن و كۆبونەوە راستییەك بسەلمێنێت، ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئەم دانوستانانە لەپێناو چارەسەری كێشەكاندا نەبوە؛ ئەگینا ئەو كات هەمو چینەكانی كۆمەڵگا بە رۆشنبیریشەوە كە ئێستا تاوانبار دەكرێن بەوەی دەستی دەرەكییان لەپشتە، لە هەوڵی جدی وەستاندنی شەڕی ناوخۆدا بون، بێ ئەوەی گوێ لەكەس بگیرێت، هەرچەندە زۆركەس پێیانوایە ئەم ئیتیفاقی ستراتیجییەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوچەكەی لەشەڕی ناوخۆ دور نەخستوه‌تەوە، وەك لەوەی شەڕەكەی وەستاندوە، بەڵام دۆخەكەی وەك خۆی هێشتوەتەوە. هەریەك لەم دو حیزبە گەورەیە خاوەنی هێزی چەكدار و  شوێنی جوگرافی نفوزی خۆیانن وەك كاتی شەڕی ناوخۆ.

بمانەوێت و نەمانەوێت ئەمڕۆ كوردستان لە قەیراندایە، ئەو قەیرانەیش زادەی جۆری سیستمی سیاسی و حوكومڕانییە لە كوردستاندا كە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە لێی، بە مانای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە قەیراندایە! دەبێت قەیرانەكە چارەسەر بكات، ئەگینا مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەكەوێتە مەترسییەوە وەك وڵاتانی دەوروبەر، چونكە هەمویان بە یەك فەلسەفە كار دەكەن،  فەلسەفەی دەسەڵات و سامان و خزمایەتی، كە ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانەی ئێمە داهێنان (ابداع)یان تێدا كردوە.

لەبەرئەوەی فاكتەرە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا نین، دەبوایە ئۆپۆزسیۆن پێش دانوستان و دانیشتن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، پێداگری لەسەر گرتن و دادگاییكردنی بكوژانی خۆپیشاندانەكانی حەڤدەی شوبات و دواتر بكردایە، بۆ دروستكردنی كەشێكی تەندروست بۆ دانوستان. بایکۆتکردنی ئۆپۆزسیۆن له کۆبونه‌وه‌کان بە مەبەستی گرتن و دادگـاییكردنی بكوژان و وەستاندنی گرتنو تۆقاندن و راوەدونانی نەیارانی دەسەڵات لە هاوڵاتییانی سادەو لایەنگرانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان. پیش وەڵامدانەوەیان بۆ پرۆژەكەی دەسەڵات، ئەو پرۆژەیەی كە لە داڕشتن دەچێت، نەك لە پرۆژە، تەنانەت هیچ جۆرە میکانیزمێکی تێدا نییە بۆ جێبەجێ كردنی ئەو گۆڕانكارییانەی باس كراون، بێجگە لە چەند بەڵێنێك بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەی جۆراوجۆری چاكسازی، كە دەسەڵات دەیتوانی بێ گەڕانەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتی، ئەو چاكسازییانە بكات و لەو قەیرانە دەربچێت كە تێی كەوتوە.

لەم پرۆژەیەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنی بەستوەتەوە بە سێ ئۆپشنەوە، كە دەبێت وەڵامەكانیان لە نێوەندی ئەم سێ ئۆپشنەدا بێت، ئەمەیش لە پێشكەشكردنی پرۆژەكە سەیرو سەمەرەترە، دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن پابەند بكات بە یەكێك لەم سێ ئۆپشنەوە، كە هیچیان لە بەرژەوەندی نیشتمان و هاوڵاتی و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت دەسەڵاتیشدا نین، ئەمە خۆی لەخۆیدا دژی بنەمای دانوستانە.

لەبەر ئەوەی هاوڵاتی متمانەی بە دەسەڵاتی سیاسی نەماوە، بۆیە ئەم پرسیارانە دەكات:
1-  ئایا ئۆپۆزسیۆن متمانەی بە دەسەڵاتی سیاسی ماوە؟
2- ئایا بەردەوام بین لە دانوستان و تاكەی بەردەوام بین؟
3- ئەگەر ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات گەیشتنە ئەنجام لەسەر گۆڕانكاری بنچینەیی و ریشەیی لە سیستمی سیاسی و حوكومڕانی كوردستاندا! ئایا ئۆپۆزسیۆن بەشداری دەكات لە حكومەتە ئینتقالییەكە یان نا؟ ئەگەر بە بەڵێ بو، بۆ؟ ئەگەر نا، هەر بۆ؟
4- ئەگەر ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە دانوستانەكان شكستیان هێنا، ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە دەسەڵاتی سیاسی كوردی باكی بە هیچ نییە، بێجگە لە فەلسەفەی دەسەڵات و سامان و خزمایەتی؟
5- دوای ئەو شكستە چی بكرێت بۆ دەرچون لەم قەیرانە؟ واتە دوای دانوستان چی؟ دوای دانوستان هەر دانوستان یاخود خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندان تا گەیشتن بە ئامانج و نەهێشتنی قەیرانەكان، یان نەفرەتكردن لە فەلسەفەی دەسەڵات و سامان و خزمایەتی؟

هەڵبەتە، بۆچون و وەڵامی جیاواز هەیە بۆ ئەم پرسیارانە، بەڵام دەكرێت ئۆپۆزسیۆن ئەم خاڵانە رەچاو بكات بۆ گەیشتن بە ئەنجام:
1- سەقفێكی زەمەنی دابنرێت بۆ دانوستانەكان.
2- هەڵسەنگاندنی جدیی بكرێت بۆ نیازو ویستی دەسەڵاتی سیاسی لەمەڕ بڕیارو پرۆژە رەهەندە نیشتمانییەكان.
3- تا دەكرێت دانوستانەكان شەفافانە بن و هەمو وردەكارییەكان بۆ خەڵكی رونبكرێتەوە لەكاتی خۆی و بێ دواكەوتن.
4- كۆبونەوەكان بەمەرج بن؛ واتە بە مەرجی دادگاییكردنی بكوژانی حەڤدەی شوبات و وەستاندنی راوەدونانی چالاكە مەدەنییەكان و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن.
5- كەی زانرا كات بەسەر دەبەن و بە ئۆپۆزسیۆن دەڵێن بڕۆنەوە هیچ ناكەین، دەبێت پیش ئەوە ئۆپۆزسیۆن خۆی یەكلایی بكاتەوە و هەڵوێست وەربگرێت.
6- پێویستە چەند وەڵامێكی جیاواز بۆ پرۆژەكەی دەسەڵات ئامادە بكرێت، دور لەو سێ ئۆپشنەی كە دەسەڵاتی سیاسی داویەتی بە ئۆپۆزسیۆن لە چەپەوە بۆ راست، بەو مانایەی لە بەڵێ - وە تاكو نا، راپرسییەك بكەین لەمەڕ ئەم وەڵامانە، با هاوڵاتییو شەقام خۆیان بڕیار بدەن كام ئۆپشنەیان دەوێت.

Sbeiy.com © 2007