Print
 
 ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ رامبه‌ر ده‌ستدرێژیه‌کانی ئێران
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Thursday, July 21, 2011

بۆ یه‌که‌م جار نییه‌ هێزه‌کانی ئێران تۆپبارانی خاکی کوردستانی عێراق ده‌که‌ن و هه‌ندێ جاریش لێره‌ و له‌وێ هێزی پیاده‌ی ئه‌و وڵاته‌ که‌م تا زۆر سنور ده‌به‌زێنێت. ئه‌م ده‌ستدرێژیه‌ی ئه‌م جاره‌، سنوربه‌زاندنه‌کانی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان به‌بییر دێنێته‌وه‌، ئه‌و مه‌رز به‌زاندنانه‌ی به‌ ئاگاداری یان له‌سه‌ر داوای سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان ئه‌کرا: تۆپبارانکردنی باره‌گاکانی حیزبی دیموکراتی ئێران له‌ خواروی شاری کۆیه‌ و له‌ قوڵایی زیاتر له‌ 100 سه‌د کیلۆمه‌تر له‌ سنوری نێوده‌وڵه‌تی عێراق-ئێران، به‌ئاشکرا ده‌ستڕاکێشانی هه‌رسێ ده‌وڵه‌تی ئێران و تورکیا و عێراق بۆ خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ، دو نمونه‌ن له‌ ده‌یانی تر. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌م جۆره‌ کۆمه‌ککردنه‌ هه‌ندێ له‌ حیزب و سه‌رکرده‌کانی کوردیان قه‌رزاربار کردوه‌، بۆیه‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی سنوربه‌زاندن له‌هه‌ر کات و ساتێکدا ده‌بێت چاوه‌ڕوانکراو بێت. ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌ ئه‌نجامی هاککردنی سایتی نوێنه‌رایه‌تی پارتی - یه‌کێتی له‌ تاران ئاشکرا بو، درێژه‌ پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ حیزبیه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تی ئێران و یه‌کێتی- پارتی ده‌سه‌لمێنن.

ئه‌مڕۆ له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، ده‌زگاکانی هه‌واڵگری، ئاسایش، پۆلیس ...تاد، به‌هۆی کاریگه‌ری حیزبییه‌وه‌ له‌ یه‌ک له‌شکری کوردستان و یه‌ک دامه‌زراوه‌ی حکومیدا رێکنه‌خراوه‌ن، وه‌ک پێویست مه‌شقنه‌کراون و چه‌ک و جبه‌خانه‌ی سه‌ربازی سه‌رده‌میانه‌یان نییه‌، ئه‌گه‌ر فاکته‌ره‌ سیاسیه‌کانیش له‌بار بن به‌دور ده‌زاندرێت ئه‌م هێزه‌ له‌ توانایدا بێت سنور بپارێزێت‌.

راسته‌ تائێستا ئه‌وه‌ی دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ جوڵاندنی ئه‌و هێزه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆ‌ نییه‌ له‌ ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌ ده‌ستدرێژی داده‌نرێت. جگه‌ له‌مه‌ش هه‌نگاوی یه‌که‌مه‌ بۆ تێکدانی ئارامی وڵات، یان به‌ لای که‌مه‌وه‌ تێکچونی ئارامی ئه‌و دێهات و شارۆچکانه‌ی له‌‌ ناوچه‌کانی شه‌ڕ نزیکن‌. کوژران و برینداربونی هاوڵاتیان، ئاواره‌بون و ماڵ لێتێکچون، سوتاندنی باخ و له‌وه‌ڕگا، پیسبونی ژینگه‌ ...تاد ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیه‌ن.

له‌م رۆژه‌دا داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێم ناکرێت له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا خۆی توشی شه‌ڕی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ بکات، به‌ڵام له‌ لاوزترین باردا حکومه‌تی کوردستان شان به‌شانی کاری دیبلۆماسی و سیاسی، ده‌توانێ هێزی سه‌ربازی بۆ ئه‌م کارانه‌ له‌ ناوچه‌که‌ نزیک بکاته‌وه‌:
* کۆمه‌کی هاوڵاتیان له‌ گواسنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی ماڵ و مه‌ڕو ماڵات؛
* کۆمه‌کرکدنیان به‌ ئاماده‌کردنی خواردن و پێداویستییه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانی ژیان؛
* پارێزگاریکردن له‌ خانوه‌کانیان له‌ سوتان و دزیکردن له‌ لایه‌ن ده‌ستی تێکده‌ر و شه‌وکوته‌وه‌؛
* بۆ نه‌هێشتنی گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕ و رودانی هه‌ر دۆخێکی نه‌خوازراو؛
* نه‌شاردنه‌وه‌ی راستی روداوه‌کان له‌ رای گشتی؛
 

Sbeiy.com © 2007