له کورده‌واریدا ئه‌گه‌ر یه‌کێ چه‌ند جارێ قسه‌ی کرد و گوێی لێنه‌گیرا، یان چه‌ند جارێ داوایه‌کی دوباره کرده‌وه و جێبه‌جێنه‌کرا، خاوه‌ن قسه یان خاوه‌ن داوا زو تێده‌گات، بۆیه له بێده‌سه‌ڵاتی بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێ، یان هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێ و کاردانه‌وه‌ی ده‌بێ. کورد له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا سه‌دان جار ماده‌ی 140 ی دوباره کردۆته‌وه، چه‌ند حکومه‌تێک گۆڕا، نه وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه نه گوێی لێگرتوه. نوێنه‌رانی کوردیش تائێستا، بێ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له به‌ر خۆیانه‌وه درێژه به باسکردنی ئه‌م ماده‌یه ده‌ده‌ن.
له‌م رۆژانه که‌مکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان له به‌رنامه‌ی تازه‌ی حکومه‌تدا ده‌نگی ته‌واوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رای عێراقی به‌ده‌ستهێنا، وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێ له دانیشتنه‌کانی داهاتوی په‌رله‌مان ته‌واوی به‌رنامه‌کانی حکومه‌ت باس بکرێت و بخرێته ده‌نگدانه‌وه. به گوێره‌ی هه‌ندێ زانیاری ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان و ماده‌ی 140 له‌و به‌رنامه‌یه‌دا نه‌هاتوه. له‌م حاڵه‌ته پێویسته په‌رله‌مانتارانی کورد به کۆ ده‌نگی و یه‌ک ده‌نگی کار بکه‌ن بۆ:
1- ماده‌ی 140 و کێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان بخرێته به‌رنامه‌ی تازه‌ی حکومه‌ته‌وه؛
2- ماوه‌یه‌ک دیاری بکه‌ن بۆ جێبه‌جێکردنی بڕگه‌کانی ئه‌و ماده‌یه؛
3- داوا له سه‌رۆک کۆمار بکه‌ن له‌م باره‌وه بانگهێشتی هه‌مو کوتله سیاسیه‌کان بکات، به ئاماده‌بونیان ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه ئه‌نجام بدرێ. وه‌ک چۆن ئێستا له‌سه‌ر کێشه‌ی نێوان عێراقیه و ده‌وڵه‌تی یاسا بانگهێشتی هه‌مو لایه‌نه‌کان ده‌کات؛
4- ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی 15 رۆژدا سه‌رۆک کۆمار به‌و ئه‌رکه هه‌ڵنه‌سا، په‌رله‌مانتارانی کورد بگه‌ڕێنه‌وه هه‌ولێر و بانگهێشتی لایه‌نه‌کان بکه‌ن بۆ کۆبونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته؛
5- دوا هه‌نگاویش به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای حیزبه‌کانیان، کشانه‌وه بێت له په‌رله‌مانی عێراق.