لەدایکبونێکی پڕ کێشە:
بڕیارە سێ مانگی تر سەندیکای پزیشکانی کوردستان کۆنگرەی خۆی ببەستێت. ئەم هەواڵە لە دولاوە هەواڵێکی خۆش و پڕ مژدەیە؛ لە لایەکەوە، ئەم کۆنگرەیە، یەکەمە دوای نزیکەی دە ساڵ دواکەوتن لە بەستنی کۆنگرەی ئاسایی و لە لایەکی ترەوە، کۆنگرەکە لەژێر فشاری ژمارەیەک پزیشكی گەنجی کوردستان دەبەسترێت کە مانگێک پێش ئێستا، کەمپینێکیان راگەیاند و هەڕەشەی دانە دادگای سەندیکایان کرد، ئەگەر هاتو ئەو رێکخراوە کۆنگرەی خۆی نەبەستێت.
بەڵام، ئەم خۆشبەختی و خۆشیە چەند چرکەیەک ناخایەنن، کە مرۆڤ بیری دێتەوە کە چ کارێکی سەخت و کەڵەکەبو چاوەڕوانی پزیشکانی کوردستان دەکات لە کۆنگرە دواکەوتوەکەیاندا. کار و سەرقاڵیەک کە جەنجاڵە بە کۆمەڵێک ئاڵۆزیی بابەتی و ناوەکی. ئاڵۆزی بابەتی کە لە شکڵی کێشە و قەیرانە نەتەوەیی و نیشتیمانی و ناوچەیەکانی کایەی سیاسی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە و ئاڵۆزیی ناوەکی کە لە قەیران و کێشەکانی سیستمی تەندروستی و مانگرتنی پزیشکان و ناڕەزایەتی کارمەندانی تەندروستی و دەستەوەستان و شکستی وەزارەتێکی نیمچەئیفلیجی تەندروستیدا بەرجەستە دەبێت.
ئەم باسەی ئێرەمان، بەلای کەمەوە لە رواڵەتدا جیاوازە لە باسەکانی تر. ئەمەیان قسە نیە لەسەر کێشەیەکی راستەوخۆی سیستمی تەندروستی و گەڕان نیە بەدوای پریشکێکی کزی ئاسۆیەکی چارەسەر. ئەمجارەیان قسە لەسەر رێکخراوێکی پیشەیی توێژێکی کاریگەر و گەورەی سیستمی تەندروستی دەکەین و ئاراستەکردنی روناکیەکی گەورەیە بۆسەر ئەو رێکخراوەی بڕیارە نوێنەرایەتی ئەو توێژە بکات و رەخنە کردنی لە دایکبون و کاری رابوردو و پەیڕەو و پرۆگرامێتی و هەوڵدانە بۆ کێشانی هێڵە پانەکانی روخساری رێکخراوێکی نوێی جیاواز، لە دو مانگی داهاتودا.
دەشێت ئاشکراترین زانیاری لەسەر سەندیکای پزیشکانی کوردستان، ئەوە بێت کە ئەم رێکخراوە درێژەپێدەری سەندیکای پزیشکانی عێراقە. سەندیکای پزیشکانی کوردستان، بەلای کەمەوە بۆ ماوەیەکی نزیکی پێش ئێستا، لە ناوەڕوک و رواڵەتەدا دەکرێت وەکو لقێکی سەندیکای پزیشکانی عێراق تەماشا بکرێت. ئەگەر کەسانێک هەبن ئەم بەراوردکاریە بە ناحەق بزانن، کەم نین ئەو پزیشکانەی کە ناسنامەی ئەندامێتی سەندیکاکەیان بە عەرەبی نوسرابو و هەرهەمان ئەو ناسنامە بو کە پزیشکانی عێراق بەکاریاندەهێنا. رەنگە سەرچاوەگرتنی سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەوەی عێراق هیچ عەیبەیەکی تیا نەبێت و زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت ئەگەر ئەو راستیە بهێنینە بەرچاو کە نەک سەندیکای پزیشکان، بەڵکو زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کەم تازۆر کۆپیەکی وەرگێڕاوی سەر کوردی، دەزگاکانی حکومەتی عێراقی پێشو و ئێستان. ئەم حاڵەتەش لەو پێدراوە مێژویەوە سەرچاوەدەکرێت کە کورد پێش راپەڕین ئەزمونێکی ئەوتۆی حکومڕانی بەخۆەوە نەبینیوە.
ئەگەر بەوە رازیبین کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان درێژەپێدەر و کۆرپەی سەندیکای پزیشکانی عێراقە، دەبێت بەوەش رازی بین کە ئەم سەندیکایەی کوردستان، هەڵگری زۆربەی ئەو جین و رەگەز و خەسەڵەتانەیە کە سەندیکای پزیشکانی عێراقی پێ دەناسرایەوە و دەناسرێتەوە. ئەم گریمانەیە زیاتر وەکو راستی دەردەکەوێت ئەگەر کۆمەڵێک پێدراوی وەکو نەبەستنی کۆنگرە بۆ ماوەیەکی درێژ و نوێنەبونەوەی سەندیکا لە ماوەیەکی زەمەنی درێژدا بهێنێنە بیری خۆمان کە فاکتەرن بۆ مانەوەی لایەنەکانی لێکچونی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و ئەوەی پێش راپەڕین وەکو خۆیان و بێ دەستکاری.
لێرەدا نامەوێت دیسان سەردانی هەمو ئەو خەسڵەت و رەگەزانە بکەم کە رێکخراوێکی پیشەیی پێش راپەڕینیان پێ دەناسرێتەوە، لەبەرئەوەی خەڵکی تر زۆر کاریان لەسەر ئەو خەسەڵەتە ستراکتۆری و رێکخراوەیەیی و کارگێڕیانە کردوە، بەڵام دەمەوێت جەخت لەسەر رۆڵی گرنگی کاری ئەو رێکخراوانە بکەم، وەکو چاو و گوێ و هەستی پارتە سیاسیە باڵادەستەکان یا لە حاڵەتی عێراقدا پارتی فەرمانڕەوای بەعسی ئەو کات، لەناو ئەو توێژەی کە بڕیارە نوێنەرایەتی بکات.
رەنگە نهێنێەکی گەورە و قوڵ نەبێت، کە ئەو رێکخراوانە دروستکراوی مۆدێلی ستالینی کۆمۆنیزم بون، بۆ ئەوە نا کە کێشە و خەم و داواکاریەکانی ئەو توێژانەی کە "نوێنەرایەتیان" دەکەن بگەیەننە دەسەڵات، بەڵکو بۆئەوەی وەکو وتمان چاو و گوێ و لوت و هەستی پارتی فەرمانڕەوابن لەناو توێژەکاندا. لە عێراقی بەعسدا ئەم مۆدێلە کۆپی کراو و لەبەر ئەوەی سەندیکای پزیشكانی کوردستانیش منداڵی سەندیکای پزیشكانی عێراقە، راستەوخۆ ئەم مۆدێلە بۆ کوردستانیش گوێزرایەوە و لە ناو توێژی پزیشکانیدا، چاو و گوێ پارتە دەسەڵات یا بەهێزەکان دروستبو. دەبێت ئەوە بڵێین کە ئەم پرۆسە کۆمەڵایەتی و مێژویە لە کۆنتێکستێکی سیاسی پڕ لە کاریەگەری بیری چەپدا گەشەدەکات، کە هەڵگری مژدەی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی گەورە و ئاڵۆزە.
دەشێت هەبن ئەم لێکدانەوەی سەرەوە بە ناهەق و "تەشهیر" و ناوزڕاندن و هتد، بەڵام ئەگەر کەسێک هەیە گومانی لەو شرۆڤەیەی سەرەوە هەیە، دەبێت بەڵگەی سەلمێنراومان بۆ بهێنێتەوە کە دوبەشبونی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بۆ دو بەشی سەوز و زەرد لێکبداتەوە. دوبەش بونێک کە نەک تەنها ئاسەوارە جیوگرافیەکانی بەسەر پزیشکاندا دیارە، بەڵکو ئاسەوارە نەرێنیەکانی لەسەر سیستمی تەندروستی کوردستان و نەبونی هەماهەنگی و لێکچون لە نێوان بەشە جیوگرافیە دابەشبوەکاندا بە زۆر لایەنی هەستیاری سیستمەکەوە دیارە. دەبێت ئەو کەسە، شکستی سەندیکای پزیشکان لە بەستنی کۆنگرەی خۆیمان بۆ تەفسیر بکات، ئەگەر تەنها لێکدانەوە ئەوە نەبێت کە کۆنترۆڵەکانی ئەو سەندیکایە بەدەستی حیزبەوەیە. نمونە زۆرە لەسەر ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە و پێم وابێت کات بەفیرۆدانە ئەگەر باسی هەمویان بکەین، چونکە پێویست بە توێژینەوەی زانستی گەورە نیە، بۆ ئەوەی بیسەڵمێنین کە سەندیکای پزیشكانی کوردستان، کەرەستەیەکی حیزبی بو بۆ نوێنەرایەتی کردنی ئەوەی دوایی لە ناو پزیشکاندا نەک بە پێچەوانەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەسەر بکەین، ئەوەیە کە ئایە ئەم کەرەستە حیزبیەی کە ناوی سەندیکای پزیشكانی کوردستانە، بۆچی و چۆنیی توانیویەتی بۆ ئەو ماوە درێژەی دروستبونی و هەتاوەکو ئێستا، بەردەوام بێت لە نوێنەرایەتی کردنی حیزب و بەردەوامیدان بەو سیاسەتە ستالینیە؟. ئایە بۆچی هەتاوکو ئیستا، کە ئیتر رێکخراوەکە دەبێتە بەربەست لەبەردەم بەدەستهێنانی داواکاریەکانی پزیشکان، توانیوێتی بەردەوام بێت لە نوێنەرایەتی کردنی حیزب لە ناو پزیشکاندا؟. وەڵامی ئەو پرسیارانە، تەنها ئامانجی ئەکادیمیی و زانستی ناپێکی، بەڵکو دەرئەنجام و مەبەستی پراکتیکیان دەبێت بۆ کاری داهاتوی سەندیکای پزیشكان لە دورمەودادا و کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە مەودای نزیکدا.
وەڵامی ئامادە بۆ ئەو پرسیارانەوی سەرەوە ئەوەیە کە بەڵێ، لەبەرئەوەی کە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، جەماوەریترین پارتی سیاسین یا بون لە کوردستاندا، ئەوا دەبێت راستەوخۆ، رێکخراوە پیشەیەکانیش رەنگدانەوەی ئەو حاڵەتە سیاسیە بن و زۆربەی ئەندامەکانی ئەوانیش لە هەمانکاتدا لایەنگری پارتە جەماوەریەکانی کوردستان بن. بۆیە ئاساییە ئەگەر تەنانەتیش سیاسەتەکانی پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان لە حکومەتدا لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەو توێژی پزیشکان یەکنەگرێتەوە، خەڵکێک هەبن کە ئەندام بن لەو حیزبانەدا و ئامادەبن بەردەوامی بە نوێنەرایەتی حیزبەکانیان بدەن لەناو توێژێکی ناڕازییدا. ئەمە دەشێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی سەندیکای پزیشكانی کوردستان بەردەوامبوە لە نوێنەرایەتی کردنی حیزب، بەڵام وەڵامی ئەوە ناداتەوە کە چۆن ئەو کارە دەکات. ئایە تەنها لە بەر ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار لە حوکمە بەسە بۆ ئەوەی حیزبەکە بتوانێت لە ناو توێژێکی وەکو پزیشکان و لەڕێی سەندیکایەوەکەوە ئامیر و ناهی بێت و توێژێکە کۆنترۆڵبکات؟ ئەگەر لەو کارەدا سەرکەوتو بو، بۆچی سەرکەوتو بوە و میکانیزمەکانی کارکردنی چین؟
پێم وابێت ئەم گرێکوێرەیە لەڕێی یەک وشەوە دەکرێتەوە کە ئەویش "هێزە". هێز لەم میانەدا، دیارە بە مانای هێزی عەسکەری نایەت، چونکە ئێمە باسی پزیشکان دەکەین، بەڵام بە مانای هێزی ئابوری و دەسەڵاتی کارگێڕی و دەستروێشتن لە ناو حکومەت بۆ رێکخراوێکی پیشەیی وەکو سەندیکای پزیشكانی کوردستان دێت. ئەوەی پارتە فەرمانڕەوانەکان بەباشی دەیزانن، ئەوەیە کە هیچ رێکخرواێکی پیشەیی ناتوانێت نوێنەرایەتی ئەوان بکات و بەردەوام بێت لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردنی توێژەکەی بەرەو سیاسەتەکانی ئەو پارتە، ئەگەر ئەو رێکخراوە کۆمەڵێک دەسەڵات و هێزی ئابوری و فەرمانڕەوایی کارگێڕی نەبێت. لەم مۆدێلە ستالینەیەدا، رێکخراوی پیشەیی دروستدەبێت کە هەڵگری کۆمەڵێک پێناسە و دەستەواژەیی وەکو پیشەیی و دیموکراسی و زانستی..هتدن. ئەو پارتە فەرمانڕەوایەیی کە دروستیان دەکات، ئەو هەمو ناوە بە رێکخراوەکە دەبەخشێت، بەڵام لە هەمانکاتدا وەکو کەرەستەیەکی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەکاریدەهێنێت. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، دەبێت ئەو رێکخراوە هەیبەت و هێزی هەبێت و بۆیەشە کۆمەڵێک دەسەڵاتی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەکە ئاسانتر بکات. لێرەدا رێکخراوی پیشەیی دروستدەبێت کە دەتوانێت وەکو کۆمپانیایەک ئەرزە دابەش بکات، یا رێکخراوێکی دیموکراستی دروستدەبێت کە ئەندام دەهێنێت و ئەندام دەردەکات و ئەندام سزا دەدات. لە چەند وتارێکی داهاتودا، بە نمونە باسی دەکەین کە چۆن سەندیکای پزیشکان هەمو ئەو رەگەزانەی بەسەردا بەرجەستە دەبێت، کە رێکخراوێکی ستالینی ئایدیاڵ هەڵگرێتی و چۆنی لە پەیرەو و پرۆگرامی سەندیکاکەدا رەنگی داوەتەوە و دواتریش چۆن دەکرێت سەندیکای پزیشكانی کوردستان لەو رەگەزانە داماڵین و رێکخراوێکی دیموکراسی و پیشەیی تەندروستی لێ دروستبکەین.