رێکخرواێکی ناوەکی (پزیشکان) یا دەرەکی (پارتەکان و حکومەت)؟:
لە بەشی رابوردودا باسی چۆنیەتی دروستبونی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و یەکێک لە خەڵسەتەکانی ئەو سەندیکایەمان کرد، وەکو ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی لەلایەن پارتی فەرمانڕەواوە. با بێین لێرەدا قوڵتر باسی ئەو پەیوەندیە بکەین کە لەنێوان رێکخراوێکی پیشەیی وەکو سەندیکای پزیشكان و پارتی فەرمانڕەروا یا پارتە سیاسیەکان بە گشتی هەیە. هەروەها هەوڵدەدەین تیشک بخەینەسەر پەیوەندی ئەم رێکخراوە لە گەڵ یاریکەرێکی گەورەی سیاسی تر کە حکومەتە و رۆڵ و کاریگەری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رون دەکەینەوە.
سەندیکا یا رێکخراوە پیشەیەکانی تر لە کۆمەڵگای داخراو و کۆنترۆڵکراودا، دەبێتە چاو و گوێ و هەستی پارتی فەرمانڕوا، ئەی ئایە لە سیستمێکی سیاسی فرەحیزبی وەکو ئەوەی کوردستاندا چی رۆڵێک دەبینێت یا چی خزمەتێک دەگەیەنێت بە پارتە جیاجیاکان. وەکو ئەوەی لە سیستمی تاکحیزبیدا (رژێمی بەعس بۆ نمونە) بینیمان، لە سیستمی فرەحیزبیشدا (ئێستای کوردستان بۆ نمونە) دەبینێن پارتەکان لە پرنیسیپدا هەمان هەوڵی تاکە پارتی فەرمانڕوا دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی سەندیکا و بەکارهێنانی وەکو ئامرازێکی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی. هەڵبەت لێرەدا کێشە و سەرئێشە بۆ پارتە کێبڕکێکەرەکان دروستببێت، کە لە خوارەوە قسەی زیاتری لەسەر دەکەین، کاری پارتەکان وەکو ئەوەی پارتی فەرمانڕەوا لە سیستمی تاکحیزبیدا ئاسان نابێت.
بەڵام پێش ئەوەی باسی ئەو کاریگەریانە بکەین کە سیستمێکی فرەحیزبی وەکو ئەوەی کوردستان لەسەر رێکخراوێکی وەکو سەندیکای پزیشکان هەیەتی بکەین، با تۆزێک تیشک بخەیەنەسەر ئامانجێکی تری پارتێکی سیاسی لە دروستکردن و پاڵپشتیکردنی رێکخراوێکی پیشەییدا. ئەوەی لەسەرەوە لەمەڕ کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی باسمان کرد، ئامانجێکی گشتی پارتێکی سیاسی دیاریکراوە لە بەرامبەر بەهەر توێژێکی تر، بەڵام ئەگەر تایبەتتر لەسەر توێژی پزیشکان قسە بکەین، دەبنین سەندیکای پزیشکان بە تەنها ئامرازی کۆنترۆڵکردنی توێژی پزیشکان نیە لە لایەن پارتە فەرمانڕەواکانەوە، بەڵکو ئامرازێکیشە بۆ پرۆپاگەندە و خۆدەرخستنی سیاسی. بەڵگەنەویستە کە پزیشکان توێژێکی کاریگەری کۆمەڵایەتین، ئەو پێگە کۆمەڵایەتی و هێزە ئابوریەی لە ئەنجامی زانستەکەیانەوە پاشخانی دەکەن، یارمەتی پزیشکان دەدات کە گوێیان لێبگیرێت و بەهەند وەبگیرێن، نەک تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، بەڵکو لە میانە سیاسی و ئابوریەکەشیدا. بۆیە، ئەگەر پارتێکی سیاسی دیاریکراو لەناو پزیشکاندا پێگەیەکی جەماوەری بەهێزی هەبێت، پارتەکە دەتوانێت بە توێژەکانی تری کۆمەڵگا بڵێت؛ "ئەها تەماشا کەن، پزیشكانیشم لە گەڵدایە بۆیە ئێوەش دەبێت لە گەڵمدا بن".
ئەگەر ئەو دو میکانیزمەی سەرەوە لە سیستمێکی تاکحیزبیدا بۆ پارتی فەرمانڕەوا ئاسان بێت، ئەوا لە سیستمێکی فرە حیزبیدا بۆ پارتە کێبڕکێکەرەکان زۆر قورسە و ئاسان نیە، بەڵام قورسی ئەرکەکە مانایی ئەوە نیە کە پارتەکان دەستبەرداری ئەو دو ئامانجەی خۆیان دەبن و لێدەگەڕێن سەندیکای پزیشکان کاری خۆی لە نوێنەرایەتی کردنی پزیشکان بکات، بەڵکو وەکو چۆن لە هەمو بوارەکانی تردا دەیکەن، لە نێو سەندیکای پزیشکانیشدا هەمان کار دەکەن و هەر یەکە دەیەوێت بەشێک لە سەندیکا کۆنترۆڵبکات و بۆ ئەو دو ئامانجەی سەرەوە بەکاریبهێنێت. ئالێرەوە، دابەشبونی سەندیکای پزیشكان بۆ سەر دو بەش لە کاتی شەڕی ناوخۆ و بەردەوامی پارکتیکی ئەو دابەشبونە لە دوای روخانی دیکتاتۆری و شکستی سەندیکاکە لە بەستنی کۆنگرەی خۆی، دەستپێدەکات کە هەمو دەکرێت وەکو ئەنجامی راستەوخۆی کێبڕکێ و ناکۆکێیکی سیاسی لە نێو سەندیکادا تەماشابکرێن. دەتوانین نەبەستنی کۆنگرەی سەندیکای پزیشکان وەکو نمونەیەکی زەقی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییە بهێنێنینەوە، چونکە ئەگەر بە رواڵەتیش بێت، ئەندامە یەکێتیەکانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەوان لە گەڵ بەستنی کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانن، بەڵام ئەوە دەسەڵاتە پارتیەکەی سەندیکایە (نەقیبی سەندیکای پزیشکانی کوردستان لای پارتیە) کە ئاستەنگە لە بەردەم بەستنی کۆنگرەدا. هەڵبەت ئەم داواکارییەی ئەندامە یەکێتیەکان کەمتر لە پەرۆشیە بە پابەند بون بە پەیڕەو و پرۆگرامی سەندیکاوەیەوە و زیاتر هەوڵدانە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سەندیکایە لەدەست منافسە گەورەکەیان. بەڵام دەبینین چۆن کێبڕکێ و ناکۆکی سیاسی دەبێتە هۆی ئیفلیج کردنی سەندیکا و سەرقاڵبونی بە گفتگۆیەکی سیاسی دور لە ئامانج و ئەرکە پیشەییەکانی خودی رێکخراوەکە.
ئەوەی هەتاوەکو ئێستا لەمەڕ سەندیکای پزیشکانی کوردستان بینیمان، رێکخراوێکە کە زیاتر وەکو دەزگایەکی ناوەکی پارتێک یا زیاتری سیاسی، دەردەکەوێت تا گروپێکی فشاری دەرەوەی سترکتۆری سیاسی کە هەوڵی ئەوە دەدات سیستمە سیاسیەکە بە گوێی بکات نەک بە پێچەوانەوە. هەڵبەت لە هەندێک نمونەدا سیستمی سیاسی و وردتر پارتە سیاسیەکان و بەتایبەتریش پارتە سیاسیە فەرمانڕەواکان گوێیان لە سەندیکا و ئەندامە دەسەڵاتدارەکانی گرتوە، بەڵام دواتر دێینە سەر ئەوەی لە چی حاڵەتێکدا و بۆچی، بەڵام با پێش ئەوە قسە لەسەر پەیوەندی سەندیکا لە گەڵ حکومەتدا بکەین.
سەندیکای پزیشکانی کوردستان، رۆڵێکی گەورە و پێگەیەکی سەنتراڵی هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەلای کەمەوە لەو بەشەی حکومەت کە سەرقاڵە بە سیستمی تەندروستی و پزیشکانەوە کە وەزارەتی تەندروستیە. ئەگەر تەماشای رۆڵ و ئەرکە یاساییەکانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بکەین لە سیستمی تەندروستیدا، بەتایبەتی لەپەیوەست بە کەرتی تایبەتی تەندروستی، دەببینین کە سەندیکای پزیشکان زیاتر وەکو دەزگایەکی فەرمی دەردەکەوێت تا رێکخراوێکی پیشەیی. سەندیکای پزیشكانی کوردستان بە زۆر هەمو پزیشكانی کوردستان دەکاتە ئەندامی خۆی، هەمویان دەبێت بە فەرمی ئەندامی ئەو رێکخراوە بن و ئەو پێیان دەڵێن بۆیان هەیە یان بۆیان نیە کاری پزیشکی بکەن و چی لەسەر تابلۆکانیان بنوسن و چی نەنوسن و ئەو وەکو خۆی دەڵێت: "تاکە نوێنەریانە" و نرخیان بۆ دیاریدەکات و ئەرزەیان بەسەر دابەشدەکات و لارێنەبونیان دەداتێ لەسەر ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆری مامەڵەی کارگێڕی و زانستی و کۆمەڵایەتی ...هتد. ئەم هەمو دەسەڵات و ئەرکانەی سەندیکای پزیشكان لە دەزگایەکی حکومی نزیکدەکاتەوە تا رێکخراوێکی پیشەیی. وەکو لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێکرد، ئەم خەسڵەتەی سەندیکای پزیشکان لە خۆڕا نیە، بەڵکو پارتی فەرمانڕوا بۆ مەبەستێک دەیکات کە ئەویش بەخشینی کۆمەڵێک دەسەڵاتی حکومەتە بەو رێکخراوە بۆ ئەوەی رێکخراوەکە بتوانێت باشتر کۆنترۆڵی توێژەکە بکات.
ئەم رۆڵە سەنتراڵ و کاریگەرەی سەندیکای پزیشکان لە حکومەتدا، بە تەنها هەیبەت و قورسایی و کاریەگەریی سەندیکای پزیشکان وەکو رێکخراوێکی سەر بە پارتی فەرمانڕوا یا پارتە فەرمانڕەواکان، گەورە ناکات، بەڵکو دەرئەنجامێکی تریشی بۆ حکومەت هەیە. لە ئەنجامی ئەوەی کە سەندیکای بەشێک لە ئەرکەکانی حکومەت، وەکو دەسەڵاتی رێکخستن و کۆنترۆكردن، ئەگرێتە سەرشانی خۆی، ئەوە راستەوخۆ سوککردنی ئەرکەکانی سەر شانی حکومەتە و لە لایەکی تریشەوە هەڵاتنی حکومەتە لە بەرپرسیارێتی خراپیی ئەو بوارانەی کە سەندیکا لێیان بەرپرسە. بۆ نمونە کە دەوترێت بۆچی عیاددەکانی بازاڕی پزیشکان پیسن یا دوردەستن؟ ...هتد، وەزارەتی تەندروستی وەڵامێکی ئامادەی پێیە، کە ئەوە ئیشی سەندیکای پزیشکانە و وەزارەت لێی بەرپرس نیە.
بەڵام ئایە، سەندیکای پزیشکانی کوردستان، لەو ماوەیەی رابوردوەدا، بە تەنها رێکخراوێکی پاسیڤ بوە کە پارتە دەسەڵاتدارەکان و حکومەت بە ئارەزوی خۆیان بەکاریاندەهێنا و بەکاریدەهێنن؟ ئایە سەندیکای بەتەنها خەریکی سوکردنی باری گرانی حکومەت لە بواری تەندروستیدا بوە؟ یا سەندیکاش لە بەرامبەر ئەم هەمو رۆڵەدا ئەویش قازانجێک دەکات؟. بێگومان سەندیکای پزیشکانیش لەم گەمە سیاسیەدا، رۆڵ و پێگەیەکی بەهێزی، لە ناو چوارچێوەی سیاسی و حکومییدا، بۆ خۆی کردوەتەوە. ئەم رۆڵ و پێگەیە ترۆپکی دەرئەنجامی هەمو ئەو فاکتەرە سیاسی و حکومییانەن کە لەسەرەوە باسمان کرد، بەڵام ئایە قەیدی چیە ئەگەر سەندیکا بتوانێت ئەو پێگە بۆ خۆی بکاتەوە وئەو رۆڵە ببینێت؟ ئایە هەمو پزیشكان لەوە سودمەند نابن کە سەندیکای پزیشکان یاریەکەرێکی بەهێزیی ناوخۆیی حکومەت و حیزب بێت؟ ئایە سەندیکای کاریەگەری زیاتر دەبێت ئەگەر لە دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی وەکو گروپێکی فشار کار بکات یا لە ناوەوەی حکومەت و پارتە سیاسیەکانەوە چالاکیەکانی ئەنجامبدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە بەڵی و نەخێر نادرێتەوە و وەڵامەکان پەیوەندیان بە تێگەیشتنی فیکریی و ئایدۆلۆژی کەسی وەڵامدەرەوە هەیە؛ بەڵام شیکردنەوەی باری سەندیکا خۆی وتێگەیشتن لە ئاستی زانستی و تەمەن و باگراوەندی سیاسی ئەندامەکانی بەرچاوڕۆشنیمان دەداتێ لەوەی بۆچی سەندیکا ئەو رۆڵە سەنتراڵەی لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیدا هەیە. شیکردنەوەکە هەڵدەگرین بۆ بەشی داهاتو.