Print
 
 مەملەکەت تەنها بە پاشا بەڕێوە ناچێت
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Saturday, October 1, 2011

گەورەم... کێی؟
بەرپرسێکی باڵا، شەهیدی شۆڕشی ئەیلول، فەرمان دەدات بە پێشمەرگەکانی کە له‌ کاتی حه‌راسه‌تی شەودا هەمو کەسێک، بە خۆشیەوە، کۆنترۆڵ بکەن. ئەو پێشمەرگەیەی حەراسەتی شەوی بەردەکەوێت لە تاریکیدا تارماییەک دەبینێ و دەیناسێتەوە کە بەرپرسەکەیە، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی بانگ دەکات و دەڵێت: گەورەم ... کێی؟

ئەم روداوە پێش نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر رویداوە، ناوەڕۆکەکەی تا ئەم ساتەش رەهاترین پێوه‌ر ویاسای بەڕێوەبردن وحوکمڕانی خۆماڵی ئەم سەردەمەی شار ودەسەڵاتی یاسایی وروناکیە.
 
لێکۆڵینەوە بەردەوامە...
لە گەڵ هەر روداوێک لە هەرێمدا وتەبێژ وبەرپرسەکانی راگەیاندنی پۆلیس وئاسایش ودەزگاکانی حکومەت ودادگا ولایەنە بێسەروبەر وزۆر وبۆرەکان رایدەگەیەنێن، کە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە. مەگەر بە قودرەتی قادر خەڵکی ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوە بێ ژمارانە ببیستنەوە. کەمپین...

لەگەڵ هەر کارێکی ناڕەوا وتەعەدا وپەلاماردان وپێشێلکردنێکی ئازادی وستەمکاریەک کۆمەڵێک لە چالاکوان کەمپینێک رادەگەیەنن وهەر بۆ ماوەی چەند رۆژێک، زۆر ئەستەم چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، سەرقاڵی واژۆ کۆکردنەوە وهەڵچونن وبێئەوەی کەس ئاکامی کەمپینەکە بزانێت لەخۆیەوە دادەمرکێتەوە. رۆژنامە ئەهلیەکانیش بە مانشێتی گەورە هەواڵەکە بۆ چەند ساتێک بڵاو دەکەنەوە ودواتر ئاو بەسەر ئەم ئاگرەشدا دەکرێت.

سکاڵا...
لەگەڵ هەر دەنگۆیەکی هەراسانکەر وزرمەی هەورەتریشقەیەکدا وراچڵەکان لە خەو لە سەرۆکی هەرێمەوە تا بێکارێکی بێدەرامەت، سکاڵایەک لای بنکەی پۆلیسی گەرەکەکەی تۆماردەکات ولە روبەری رۆژنامە وگوڤار وماڵپەرەکاندا سکاڵاکە شێدەکرێتەوە و وردەکاریەکانی بە مانشێتی زل و وروژێنەر باس دەکرێن. مەگەر هەر سکاڵاکەر وخواکەی ئاکامەکەی بزانن. جاریش هەیە لەپر دادگا وئاسایش وپۆلیس سکاڵاکەیان بەبیردا دێتەوە وپەلاماری داوالێکراو دەدەن وگەر خوا بەشەفاعەت بێت تەنها بەسەر وشان شکاندن دەربازدەبێت، جارجاریش خێرەوەمەندێک دەکەوێتەوە بەینەوە وهێلێکی چەپ وراست بەسەر سکاڵا ودادگا وبڕیارەکاندا دەنرێن.

بروسکە...
لە گەڵ هەر بۆنە وجەژن ویادکردنەوەیەکدا، ماشااللە ئەوەندە زۆرن رۆژێکی بەتاڵ بە دەگمەن بەدیدەکرێت، جا حسابی خۆت بکە، سەرۆک کۆمار وسەرۆکی هەرێم وسەرۆکی حکومەت وسەرۆکی پەرلەمان وسەرۆکی حیزبەکان وبەرێزان جێگرەکانی، هەمو ئەو جەنابانە وجارجاریش پەراوێزی حاشیەکان یەک بەدوای یەکدا وبەپێی زنجیرەی پلە وپایەیان بروسکە بۆ یەکتر دەنێرن، تێدا زمانێک بەکاردەهێنن گەر رەنگدانەوەی واقیع بوایە باوەڕ ناکەم کورد هیچ کێشەیەکی لە رابورد وئێستادا دەبو. رۆژانە سەیری ماڵپه‌ر ورۆژنامە وتەلەفزیۆنەکان بکە دەیان بروسکە بە وێنەکانیشیانەوە لە ئاسمانی هێمن وساکاریاندا گرمەگرمیانە.

ئیدانە...
لە گەڵ هەر تۆپباران وبۆردومانکردن وتەقینەوە وکوشتن وکاری تێرۆریستی لە کوردستان، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بە داخەوە بونەتە روداوی رۆژانە، بەرپرسەکان لە خوار سەرۆکی هەریم وسەرۆکی حکومەتەوە لەم روداوە ناخۆش وکارەساتانەدا ریزیان گرتوە بۆ ئیدانەکردنیان، جا گرنک نیە بەرپرسەکە لە وڵاتە یا لە دەرەوە، گرنگە ناوی لە راگەیاندندا ببرێت. ئەگەر ئەو زاتە لای وایە ئەگەر ئیدانەی نەکات رۆژی قیامەت هەڵدێت ئەوا زۆر سەهوە وبیکات ونەیکات هەروەک یەک وایە. ئەگەر لاشی وایە ئەرکێکی سەرشانی بەجێدەهێنێت لەمەشیانە زۆر سەهوە، چونکە سەرۆکایەتی هەرێم وحکومەت بەناوی هەموانەوە هەڵوەستەیان کردوە وپێویست بەم قەرەباڵغکردنه‌ ناکات.

دیدار...
لە گەڵ گەیشتنی هەر میوانێک یا بەرپرسێک یا شاندێکی بیانی، خۆشبەختانە کوردستان زۆری لە خۆگرتوە وزەروریە لوتکەی هەرەمی دەسەڵات لە هەرێم دانیشتن ولێدوان له‌ گه‌ڵیاندا بکه‌ن. من تێناگەم وەزیر یا باڵیوز یا بەرپرس یا شاندێکی وڵاتێک دێتە کوردستان بۆدەبێت ئەو بەسزمانانە بە رۆژێک وبەراکردن لەم تەلار بۆ ئەو تەلار ولەم بارەگا بۆ ئەو بارەگا وبەڕێز لە سەرەوە تا خوارەوە چاویان بەو بەرپرسە زۆرانە لە هەرێم بکەوێت. نازانم کاری سەرۆکی پەرلەمان یا جێگرەکەیەتی یا کاری بەرپرسێکی باڵای حیزبی ودەوروبەرەکەیەتی باسی پەیوەندی ئابوری یا دبلۆماسی نێوان هەرێم و وڵاتی میوانەکە بکات. لە هەموش سەرنج راکێشتر ئەو بەرپرسانە فێربون کورسی یا قەنەفە قەیفەدارە قەبەکانیان لە دانیشتن لە گەڵ میوانەکان دەخەنە تەنیشت مێزە زلەکانیانەوە. ئەم جۆرە کردار و رەفتارکردنە بەهیچ شێوەیەک لە کۆمەڵگا ودەوڵەتێکی خاوەن دامەزراوەکان ناکرێن وبەرچاو ناکەون.

پرۆژە...
لە گەڵ هەر روداوێکی هاتوچۆ، خۆسوتاندنێک، زەوتکردنی زەویەک یا خانویەک یا دزیکردنێک، یا لە گەڵ هەر گۆڕانکاریەک بەدڵی دەسەڵات نەبێت پرۆژە لە هەمو کەلێن ودرزێکەوە دەبارێت، هەر لایەنە پرۆژەی خۆی هەیە ولە سەر خاڵ وفارزەکان به‌توندی یەخەی یەکتر دەگرن. لە پەرلەمانە حەیاتەکەی هەرێمیش وەک حوجرەی مەلا وفەقێکانی جاران هەر وەعزە وهەر نوشتەیە وهەر نزایە وهەر فەتوایە لە جەنابی ئیمام وخەتیبەوە سەرجەم پرۆژەکان یەکدەخەن وپەکدەخەن. بۆ باقیش خوا گەورەیە.

جەنابی سەرۆکی هەرێم
دەسەڵات تەنها لوتکە وکەسایەتیە بەرچاوەکانی پێکهاتەو وجومگەکانی نیە، بەڵکو کۆی گشتی سەرجەم پێکهاتەکان ودەسەڵاتەکانیەتی. ئەم ئەرک وکار وئێتیکێتە کۆپیکراوانە نیشانەی خۆپەرستی ئەو بەرپرسانەن کە رازی نین ئەو کارانە تەنها لە مەرجەعیەتی دەسەڵاتەوە ئەنجام بدرێن وهەر یەک بەپێی بەرپرسیاریەتی وپسپۆری خۆی. هەروەها ئاوێنەی ئەمرۆی دەسەڵاتداری کوردیە کە لە گرتبونەوەی کەسایەتی وجەمسەرە نەگونجاو وناتەبا وئۆتۆنۆمەکان پێکهاتوە ونەریت وخەسڵەتەکانی حوکمرانی ئەم سەردەمەیان لاوازن. حوکمڕانیەک ودەسەڵاتێک وەک پیرێکی قیرچسمە لە پایزی تەمەنیدایە.

زۆرجار کار ورەفتارکردنی دەسەڵات وئۆرگانەکانی مەملەکەت بەتەواوی پێچەوانەی لێدوان وبڕیارەکانتانن، ناشێت لە ئاستی ئەم سەرپێیچیکردنانەدا بێدەنگ بیت. لێپرسینەوە ودانانی سنوری رۆشن ودیاریکراو وتەنانەت سزادانی یاسایی ئەو چەکانەن کە کاریگەری زۆر گەور وبەزەبریان هه‌یه‌ بۆ چه‌سپاندنی یاسا وحوکمرانیه‌کی عادلانه‌.

بەپێچەوانەوە دڵنیا بە کە وەک جاران وتویانە "مەملەکەت تەنها بە پاشا بەڕێوە ناچێت" وئەوانەی باسم لێکردون کەلێن وناعەدالەتی وپێشێلکردنی یاسان لە بەڕێوەبردنی مەملەکەتەکەماندا وئه‌رکه‌کانی جه‌نابتان ئاڵۆزتر وقورستر ده‌که‌ن.

Sbeiy.com © 2007