Print
 
 میسۆدی ته‌وه‌ره‌کان و ستراتیژی دروست!
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Monday, October 10, 2011

 له‌ ئه‌نجامی نه‌بونی ستراتیژێکی دروست له‌ زه‌ینی سیاسیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا و قه‌تیس مانه‌وه‌ی له‌ چه‌ند تێمایه‌کدا (ده‌سته‌واژه‌ی حیزبی) ئه‌وا ئه‌م میسۆده‌ ده‌نوسینه‌وه‌؛
میسۆده‌ی ته‌وه‌ره‌کان له‌ زۆر دراسات و لێکۆلینه‌وه‌ی ستراتیژی به‌کاردێت. به‌ کورتی میسۆده‌که‌ بریتیه‌ له‌ چوار لا ئه‌وانیش ئینته‌رناسیۆنال و ناسیۆنال، ده‌وڵه‌ت و که‌رتی تایبه‌تی به‌م شێوه‌یه‌:



ئه‌م میسۆده‌ له‌ وڵاتانی ئه‌روپایی بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست به‌کاردێت له‌مانه‌؛ ئه‌وروپایه‌کی به‌هێز و ئیکنۆمی گلۆبال و بازاڕێکی پێشکه‌وتو و کۆمه‌ڵگاکانی هه‌رێمه‌کان و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیان. ئه‌م میسۆده‌ میسۆده‌یه‌کی شمولیه‌ بۆ سیاسه‌تی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌ته‌ی له‌ کۆمه‌ڵگا پیشکه‌توه‌کاندا.

به‌داخه‌وه‌ له‌ کوردستان تائێستا نه‌زه‌راتێکی شمولی بۆ سیاسه‌تی ئابوری و ستراتیژیه‌تێکی دروست بۆ گه‌شه‌دان به‌ کۆمه‌ڵگا و پێداویسته‌‌کانیان نیه‌. به‌نمونه‌ دروست بونی وڵاتێکی به‌رهه‌مهێن و ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌کان به‌ نۆرمی به‌ڕێوه‌بردن له‌ سیسته‌می جیهانیدا هه‌روا له‌ خه‌ونی شه‌وان ده‌چێت.

هاوسه‌نگی له‌م نێوه‌دا باشترین رێگا چاره‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌م میسۆده‌، یانی هاوسه‌نگی ئابوری له‌نێوان هه‌مو پێکهاته‌کاندا. ئه‌مه‌ به‌ هه‌مان حاله‌ت راسته‌وانه‌یه‌ بۆ هه‌ڵوێستی سیاسی حیزبه‌کان له‌ کوردستاندا، که‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵم نه‌بێت ئه‌وه‌ دوژمنمی‌ که‌ که‌لتوری سیاسی کۆمه‌ڵگا پێکده‌هێنێ، ئه‌وه‌ ئه‌م نه‌زره‌ شمولیه‌ کۆتایی به‌ چڕی ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ک یان چه‌ند تێمایه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگا پێدێنت.

به‌نمونه‌ چه‌په‌کان له‌ کوردستان مه‌سه‌له‌ ناسیونالیه‌کان به‌ هه‌ند وه‌رناگرن چۆن ئه‌وانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتن که‌رتی تایبه‌تیان قۆرخ کردوه‌، ناتوانن له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگا بڕۆن و ستراتیژێکی دروستیان بۆ بینای ده‌وڵه‌ت نیه‌، ناتوانن له‌ قاوغی حیزبیان واوه‌تر بچن، مه‌سه‌له‌کانی ئه‌قلیمی و ئه‌نته‌رناسیونالی ده‌ست و پای به‌ستون هیچ هه‌ڵوێستێکی جدیان نیه‌.

مانه‌وه‌‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ له‌ مۆدێلی سیاسی ڤیڤتی-ڤیڤتی و ده‌وڵه‌تی ‌هاوبه‌ش و توافقی له‌ کوردستان و عێراقیشدا، هه‌روه‌ها ئه‌کتیڤ نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی و نه‌بونی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌کان خۆی له‌ ناکاملی سیاسه‌تێکی دروست و شمولیه‌ بۆ ئه‌م چوارته‌وه‌ره‌یه‌ که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکراوه‌. له‌مه‌ش گرنگتر نه‌بونی ستراتیژیه‌کی رۆشه‌ن بۆ په‌لکێش کردنیێ کۆمه‌ڵگا بۆ دونیایه‌کی باشتر بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده‌و کۆتایی هێنان به‌ گرفته‌ ریشه‌ییه‌کان که‌ ساڵه‌‌های ساڵه‌ به‌ کراوه‌یی ماونه‌ته‌وه‌و له‌ بازنه‌ی شه‌ڕ و ئاشتی ده‌سوڕێنه‌وه‌.

به‌بێ بونی سیاسه‌تێکی ستراتیژی دروست بۆ هه‌مو مه‌سه‌له‌کانی کۆمه‌ڵگا ناکرێ باس له‌ سه‌قفی زه‌مه‌نی کۆتایی بکرێ له‌ کاتێکا هه‌روا چڕی له‌سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌ی لاوه‌کی ده‌کرێت له‌ چاو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کانی وه‌کو چاره‌نوسی سیاسی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستورو سه‌روه‌ری یاسا و ئازادی بیروڕاو سیسته‌می دیموکراسی.
 
گه‌شه‌دان به‌ کۆمه‌ڵگا به‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌ ده‌بێت و ده‌بێ هه‌موان به‌شداری تیادا بکه‌ن. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ که‌لتوری سیاسی کوردستان زۆر زه‌حمه‌ت ده‌که‌ویت. به‌تایبه‌تی بۆ نه‌وه‌ی پێشو که‌ هه‌روا داڵغه‌ی کۆن مه‌ستی کردون. به‌نمونه‌ نه‌وه‌ی عانه‌ و فلس زۆر زه‌حمه‌ته‌ باسی پشکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی به‌ دۆلار و یورۆ بۆ بکه‌یت.

نه‌وه‌ی نوێ پێویستی به‌ قۆناغ به‌ندی نیه و ئه‌وکاته‌شی نیه‌ تا مه‌سه‌له‌یه‌ک یه‌کلا ده‌بێته‌وه‌ ئینجا ده‌توانێ ژیانی بینا بکات یان وه‌کو مرۆڤیکی شایسته‌ به‌ ژیان بژیت.

بۆیه‌ کارکردن به‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌و خیرایی له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆدا پێویستیه‌تی ژیانن، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ درێژخایه‌نه‌کان به‌ دروستی بۆ کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مو شتێ پیویستترن. ئه‌م ناهاوسه‌نگی و بێ به‌رنامه‌ییه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان هێنده‌ی تر ئه‌رکی نه‌وه‌کانی ئاینده‌ قورستر ده‌کات.

به‌ هیوایین ئه‌وانه‌ی له‌ خه‌می چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگاوه‌ن‌ بیر له‌م میسۆده‌ بکه‌نه‌‌وه،‌ که‌ ده‌روازه‌یه‌که‌ بۆ به‌یه‌که‌وه‌ ژیان و گه‌شه‌کردن و یه‌کترقه‌بوڵکردن له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژێکی دروستدا.

Sbeiy.com © 2007