Print
 
 نامه‌ مێژوییه‌کان -1-
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, January 28, 2012

به‌شی یه‌که‌م
له‌م رۆژانه‌ له‌ 2 رێبه‌ندان، جارێکی تر گوێم له‌ وه‌سێتنامه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار قازی محه‌مه‌د بو که‌ به‌ر له‌ سێداره‌دانی به‌ چه‌ند کاتژمێرێک نوسراوه‌.

له‌ شه‌وی 23/24 /1/2012 له‌ فه‌یسبوک وێنه‌ی ئه‌و پارانه‌م بینی له‌ گیرفانی "شه‌هید مه‌لا ئاراس"دا بوه‌ له‌ کاتی شه‌هیدبونی. پاره‌کان بریتین له‌ 2  دو ده‌ دیناری و یه‌ک پێنج دیناری، پاره‌کان چه‌ند په‌ڵه‌یه‌کی سپی و سوریان پێوه‌یه‌، خاڵه‌ سپیه‌کان جێی پارچه‌ی ئه‌و ساروخه‌یه‌ که‌ پێی شه‌هید کرا، په‌ڵه‌ سوره‌کانیش دڵۆپه‌ خوێنی کاکه‌ ئاراسه‌. ئه‌م 25 بیست و پێنج دیناره‌ هه‌مو سامانی کاک ئاراس بو، ئه‌م پاره‌یه‌ هی موچه‌ نه‌بو، هاوکاری خه‌ڵکی دڵسۆز به‌ پێشمه‌رگه‌ بو.

دڵنیام ئه‌رشیفی شه‌هیدان لێواولێون له‌و جۆره‌ نامه‌و وه‌سیه‌تنامانه‌، به‌ڵام موخابن زۆر که‌من ئه‌و سه‌رکردانه‌ی ده‌گه‌ن به‌ ده‌سه‌ڵات بۆ جارێکیش بیانخوێننه‌وه‌ و کاری پێ بکه‌ن. نامه‌که‌ی کاک نه‌وشیروان له‌ ناوه‌ڕۆکدا بییرخستنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ و وه‌سێتنامانه‌ن.

نامه‌که‌ی کاک نه‌وشیروان
ساڵانێکی زۆره‌، زۆرێک له‌ به‌رپرسانی کورد به‌ دیدی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و به‌نیازی ده‌ستکه‌وت و ئمتیازات ده‌ڕوانه‌ پله‌وپایه‌. موچه‌ و خانو و کۆمپانیا بازرگانیه‌کانی هه‌ندێ له‌و به‌رپرسانه‌ به‌ڵگه‌ی رونی ناپاکیه‌ به‌رامبه‌ر به‌و نامه‌ و وه‌سێتنامانه‌‌. له‌هه‌مو خراپتر به‌ یاساکردنی به‌شێک له‌و ئمتیازاتانه‌یه‌. دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان هه‌مو جومگه‌کانی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی گرتۆته‌وه‌، ئه‌م په‌تا درێژخایه‌نه‌ هۆکاری سه‌ره‌کییه‌ له‌ توشبونی هه‌رێمی کوردستان به‌و قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕی، جێبه‌جێنه‌کردنی داواکانی کورد له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌دنی به‌غداوه‌ هۆکاره‌ سه‌رکه‌یه‌که‌ی ئه‌و په‌تایه‌یه‌.

له‌پێناوی هه‌وڵدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ و بنه‌بڕکردنی ئه‌و دیارده‌ خه‌ته‌رناکه‌ له‌سه‌ر ئێستا و دواڕۆژی بزوتنه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان. له‌ پێناوی دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی حوکمڕانی سه‌رده‌میانه‌ و دور له‌ حکومه‌تی حیزبی و دو ئیداره‌یی. له‌ پێناوی پیاده‌کردنی لانی که‌می دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشگوزه‌رانی گه‌له‌که‌مان...تاد هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ و کادر و سه‌دان هه‌زار له‌ نه‌وه‌ی نوێ وازیان له‌ هه‌مو ئمتیازاتێ هێنا، روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ و نانبڕین و سزادانی سیاسی بونه‌وه‌. هه‌مو ئه‌و گیان فیداکاریانه‌ بۆ ئه‌وه‌بو له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بتوانێ هه‌نگاوێ بنێ به‌ره‌و‌ گۆڕان له‌ سیسته‌می حوکمڕانی و په‌رله‌مانی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی حیزبییه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی خه‌ڵک...تاد.

به‌ڵێ فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مان وه‌ک به‌ره‌ی هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جێ ده‌ستیان دیاره‌، ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان کرابێت هیمه‌تیان کردوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێ ئه‌ندام په‌رله‌مان نه‌یانتوانی پشو درێژ بن له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و ئه‌رکه‌ و ئه‌و به‌ڵینانه‌ی به‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان و جه‌ماوه‌ر‌یان دابو.

سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ کاتێکی زۆر گونجاودا له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندا وه‌ر‌چه‌رخانێکی سیاسی گه‌وره‌ی دروستکرد، پێویستی بونی مۆدێلێکی نوێی حیزبایه‌تی داهێنا و جه‌ماوه‌ری کوردستانی به‌ ئاگاهێنا، له‌ په‌رله‌ماندا‌ ئۆپۆزسیۆنبونی راسته‌قینه‌ی به‌ هه‌موان ئاشنا کرد. ئێستاش گۆڕان به‌ڕیوه‌یه‌ بۆ ته‌واوکردنی ئه‌رکه‌ قورسه‌کانی و جه‌ماوه‌ریش له‌ چاوه‌ڕوانیدایه‌...
  

Sbeiy.com © 2007