Print
 
 هەڵبژاردن و مادەی 140 ، كێشەی شوان و قەرەهەنجیر
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, May 24, 2008

هەردوو ناحیەی شوان،  قەرەهەنجیر و گوندەكانی سەر بەم ناحیانە لە سەردەمی بەعس وێرانكران، لە روی ئیدارییەوە لە كەركوك دابڕێندران و خرانە سەر پارێزگای سلێمانی. لە داوی پرۆسەی ئازادی عێراق چەند جارێك ئیدارەی كەركوك بە رەسمی داوای لە لەغدا كردوە بۆ گێڕانەوەی ئەم ناحیە و گوندانە بۆ سەر ئیدارەی كەركوك، بەڵام داواكان بێ وەڵام  و بێسود بوونە.  ئیدارەی كەركوك باس لەوە دەكەن كە چەند جارێك سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، وزارەتی بەلەدیات، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بیناسازی ... تاد بەرەسمی لەو كێشەیە و زۆر لە كێشەكانی تر ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا كێشەكان بێ چارەسەر ماوەنەتەوە.

ئێستا ئەو دوو ناحیەیە دانشتوانەكەی گەڕاونەتە و ئاوەدان بونەتەوە. دامودەزگاكانی حكومەتی لێیە. بەڵام ئەم دامودەزگایانە لە روی وابەستەییەوە بەم شێوەیە دابەشبووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوكە و موچەو هەموو پێداویستییەكانی لە بەغداوە دابین دەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیە، كارەبا، كشتوكاڵ .... تاد هەموو سەربە سلێمانین و موچەو فەرمان لە سلێمانییەوە وەردەگرن.
ئەمەش خۆی لەخۆیدا شێوەیەكە لە پاشاگەردانی و تێكەڵ و پێكەڵی لە حوكمكردن. منی كەركوكی هەقی خۆمە لە بەر رۆشنایی داواكارییەكانی ئیدارەی كەركوك ، بپرسم و داوای وەڵام بكەم، بۆ ئەم كێشەیە تا ئێستا ماوەتەوە، یا خود بۆ بۆ رای گشتی رون نەكراوەتەوە؟. بۆ لێی بێدەنگ دەبین تا ئەو كاتەی كارمان تی دەكات؟
بڕیاری یونامی لەمەر بوونی ناوەندی دەنگدان لەم دوو ناحیەیە كاری تێكردین و رایچڵەكاندین، بە پەلە خەڵكی ئەو دوو شوێنە هاتنە سەر جادە و دژێ ئەو بڕیارە رێ پێوانیان كرد.  یو ئێن بەبیانوی نەبونی ناوەندی خۆراك بڕیاری نەكردنەوەی ناوەندی دەنگدانی لەم دوو ناحیەیە داوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ دانیشتوانی ئەم دوو ناحیەیە و هەموو گوندەكانیان پێویستە بێنە ناو كەركوك بۆ دەنگدان. ئەوەی جێی باسكردنە دووری هەندێ لەو گوندانە لە كەركوكەوە نزیكەی 70 كم دەبێت. گەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت هەموو دەنگدەرانی ئەو شوێنانە پێویستە رۆژێ بەر لە هەڵبژاردن لە كەركوك ئامادە بن، چونكە رۆژی هەڵبژاردن هاتن و چوون قەدەغە دەكرێت.
 ماوەیەك لەمەو بەر تجمعی عەرەبی لە حەویجە لە كۆبونەوەیەكدا پێشنیارێكی لەو بابەتەی یوئێنیان ئامادە كردوە و داویانە بە یوئێن. بۆیە پێ دەچێت ئەو بڕیارە لە وێوە سەرچاوەی گرتبێ!.
مادەی 140
 كێشەی ئەو دوو ناحیەیە و بەشی هەرە زۆری كێشەكانی كەركوك هۆ سەرەكیەكەی  جێبەجێنەكرنی مادەی دەستوری 140 . ئەو مادەیەیەی دوای درێژكردنەوەی ماوەی یاساییەكەی هێشتا هێچ یەكێ لە قۆناغەكانی جێبەجێنەكراوە.  تەنها هەنگاو نرابێ لەم بارەوە پرۆسەی قەرەبووكردنەوەی كوردە راگوێزراوەكان ( 10 ملیۆن دینار) ،عارەبە هاوردەكانە ( 20 ملیۆن دینار). ئەم پرۆسەیەش هێند لەسەر خۆ دەڕوات دوور نییە دوو ساڵی تر بخایەنێت. هەریەك لە بەغدا و كەركوك بەرپرسیارێتی  لەسەرخۆ  بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە دەخەنە ئەستۆی یەكتر.
ماوەی درێژكراوی مادەی 140 لە مانگی شەش تەواو دەبێت بێ ئەوەی هیچ یەكێ لە بەندەكانی جێبەجێكرابێ. بەر لەم شەش مانگە یوئێن هاتە كایەكەوە بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوی بەرچاوی نە ناوە. باس دەكرێت لێرەو لەوێ هەندێ پێشنیاری جیاجیای داوەتە سەركردایەتی كورد لە بارەی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستانەوە. بەڵام لای هاوڵاتییەكی كورد بەكردەوە هیچ دیار نییە. بۆیە جێی خۆیەتی دوو پرسیار لەم بارەوە بكرێت:
1- ئایا دوای تەواوبوونی ماوەی شەش مانگی درێژكراو چی دەكرێت؟ ماوەیەكی تری دەدرێتە دەم، یا كورد هەڵوێستەیەك دەكات و هەڵوێست وەردەگرێت؟ وەڵامی یوئین چۆن دەبێت؟
   2- بە پێی پلانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان مانگی 10-2008 پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكرێت. ئایا كورد لەو ناوچانە بەشداری ئەم پرۆسەیە بكات یان نا؟ یان باشتر وایە ئەم پرۆسەیە ببەستێتەوە بە مەرجی جێبەجێكرنی بەندەكانی مادی 140. یان داوا لە یوئێن بكات پلانی خۆی لەم بارەوە دیار و ئاشكرا بكات، لە بەڕێز دیمستۆرا بپرسرێت بۆ پێشنار و بەرنامەكەی لە بارەی مادەی 140 لە چەند مانگی رابردودا ئامادە نەكردوە، بۆ وا دوایخستووە! داوای پەلەكردنی لێ بكرێت.......

Sbeiy.com © 2007