Print
 
 ئه‌م سیسته‌مه‌، په‌روه‌رده و خوێندنی توشی شکست کردوه!
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Thursday, February 9, 2012

کاتێ سیسته‌می نوێی په‌روه‌رده‌ که‌وته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و له‌ کۆنگره‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ییشدا ئه‌م سیسته‌مه‌ نوێیه‌ به‌ڕێکرا. زۆرێک له‌ شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌ ره‌خنه‌یان لێگرت. له‌م باره‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ و وه‌زاره‌تی پێشو من یه‌کێ بوم له‌و ره‌خنه‌گرانه‌. چه‌ند جارێک پێشنیار و پرۆژه‌م بۆ وه‌زاره‌ت ناردوه‌، به‌ڵام هیچ وه‌ڵام نه‌دراومه‌ته‌وه‌. جارێکیش له‌سه‌ر داوای که‌ناڵی کوردسات موداخه‌له‌یه‌کم کرد له‌ به‌رنامه‌یه‌ک که‌ کاک دڵشاد عبدالرحمن میوان بو. لێره‌ش تێبینه‌یه‌کانی خۆم خسته‌ رو. به‌ڵام هه‌مو هه‌وڵه‌کان بی سود بو، دواجار پرۆژه‌ و ره‌خنه‌کانم له‌ رۆژنامه‌ و سایته‌کان بڵاوکرده‌وه‌. پێشنیار و ره‌خنه‌کانیش زیاتر له‌ دیراسه‌ی مه‌یدانی و سه‌ردانی چه‌ندین قوتابخانه‌ و دواندنی سه‌دان مامۆستا و خویندکار سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌‌.

ره‌خنه‌ و پێشنیاره‌کان
1-  گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ که‌ توانا و کات و هه‌ڵسوکه‌وتی خویندکاری ره‌چاو نه‌کردوه‌. له‌ کاتێکدا سیسته‌می سه‌رکه‌وتو ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خوێندکار تێیدا به‌ پله‌ی یه‌که‌م به‌ هه‌ند وه‌ربگێرێ؛
2- نه‌بونی کادر و مامۆستای شاره‌زا له‌ سیسته‌می نوێ؛
3- که‌می قوتابخانه‌، نه‌بونی که‌ره‌سته‌ی په‌روه‌رده‌یی پێویست؛
4-  نه‌شیاوی پرۆگرامی خوێندن له‌ بابه‌ته‌کان و قه‌واره‌ی کیتابه‌کانی خوێندن؛
5- مامه‌ڵه‌کردنی سه‌رجه‌م قوتابیان وه‌ک یه‌ک گروپی له‌ یه‌کچو، واته‌ نه‌کردنی خویندکاران به‌ چه‌ند گروپیکی جیاواز به‌ پێی توانا و لێهاتویی؛
6 – دیاریکردنی به‌ریوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیارانی قوتابخانه‌کان به‌ ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی یان به‌ پێی ساڵی خزمه‌ت نه‌ک به‌ پێی شاره‌زایی و پسپۆری؛
7- بارقورسی زیاد له‌ پێویستی خێندکار؛
 
زۆر له‌ شاره‌زایان و ره‌خنه‌گران دوای دراسه‌یه‌کی مه‌یدانی به‌ڕاشکاوی وتیان "گه‌ر سیاسه‌تی په‌روه‌ره‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی کاره‌سات بکه‌ین". به‌ڵام وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌رده‌وامبو له‌ گوێ نه‌گرتن.

ئێستا سه‌ره‌تای ئه‌و کاره‌سه‌تا له‌ ده‌رکه‌وتنه‌، به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌کی ئه‌م کاره‌ساته‌ش له‌ ئه‌ستۆی جه‌نابی وه‌زیره‌، بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌.

رێگرتن له‌ رودانی ئه‌م کاره‌ساته‌
 1- دورکه‌تنه‌وه‌ی حیزبه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ 2 – دانانی وه‌زیر و به‌رپرسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای پسپۆری و شاره‌زایی 3- دانانی لیژنه‌یه‌ک له‌ پسپۆران بۆ پێداچونه‌وه‌ له‌م سیسته‌مه‌ و دانانی به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌یی 4- رێکخستنی کۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌می ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا.

له‌پێناوی باشترکردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و رونه‌دانی ئه‌و کاره‌ساته‌ ئاماده‌م نه‌ک هه‌ر ره‌خنه‌ بگرم به‌ڵکه‌ وه‌ک شاره‌زایه‌ک له‌م بواره‌ خۆبه‌خش کار بکه‌م. داوا له‌ هه‌مو شاره‌زایانی په‌‌رورده‌ش ده‌که‌م پێکه‌وه‌ هیمه‌ت بکه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌ نیشتمانیه‌.

باشتروایه‌ کابینه‌ی 7  ده‌ستپێکی کاره‌کانی به‌ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی گونجاو له‌ بواری په‌روه‌رده‌ ده‌ست پێبکات و به‌ بایه‌خه‌وه‌ بڕوانێته‌ ئه‌م بواره‌.

Sbeiy.com © 2007