Print
 
 بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٥)
نوسه‌ر:  د.گۆران عه‌بدوڵا‌
Sunday, February 12, 2012

دوای ئەوەی نزیکەی ٩٠ پزیشكی گەنجی کوردستان داوای بەستنی کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانیان کرد، دواجار ئەو سەندیکایە بڕیاریدا کە لە مانگی چواری ئەمساڵدا کۆنگرەکە لە هەولێر ببەستێت. بڕیارەکە بۆخۆی مایەی دڵخۆشییە و دەشێت هەنگاوێک بێت لەسەر رێگای راست بۆ ریفۆرم کردن و رۆح بەبەرکردنی سەندیکایەک کە بۆ دەیەیەک دەچیت شەرعیەتی لە دەستدابو و سیستیەکی کوشندە بە کارەکانیەوە دیاربو.

ئەو بڕیارانەی لە لایەن لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکەوە دەرکراوە، زۆربەیان خاڵی پۆزەتیڤن و لە بۆنیەکی تردا بە وردی قسەیان لەسەر دەکەین. بەڵام لێرەدا دەمەوێت خاڵێکی گرنگ بوروژێنم، کە پەیوەندی بە مامەڵەی پارتە سیاسیەکانی کوردستان بە گشتی و ئۆپۆزسێون بە تایبەتیەوە هەیە لەگەڵ ئەم مەشقە دیموکراسیە دەگمەنەی پزیشکانی کوردستان. بڕیارەکانی لیژنەی ئامادەکاری بە ئاشکرا و بە راشکاوی باسی دروستکردنی لیستی پارتە سیاسیەکان ناکات بۆ کاندیدکردنی ئەندامەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی پزیشکان. لە راستیدا لیژنەکە لە خاڵی پێنجی بڕیارەکانیدا، بوار بە هەر پزیشکێک دەدات، کە خۆی وەکو کاندید ناونوس بکات، بەبێ ئەوەی باسی لیستی کردبێت. ئەم بڕیارە ئەگەر ئەو مەبەستە بگەیەنێت کە لە رواڵەتەکەیدا دیارە، ئەوا هەنگاوێكی پۆزەتیڤە و شکاندنی یەکێکە لە رەچە هەرە چاوقایمەکانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە کوردستاندا، بە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاکان و تەواوی سەندیکا و رێکخراوە پێشییەکانی ترەوە. لە راستیدا ئەم هەنگاوە ئەگەر جێبەجێبکرێت، داواکاری ژماریەکی زۆری پزیشکانی کوردستانی بەهەند وەرگرتەوە، کە لیست و لیستکاریان لە هەڵبژاردنی سەندیکاکەیان رەتکردەوە و بەڕاشکاوی داوایان لە پارتە سیاسیەکان کردبو کە ئەم میکانیزمە سواوە لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەندیکای پزیشکانی کوردستاندا جێبەجێ نەکرێت.

تائێستا زۆربەی پێشهاتەکانی پەیوەست بە کۆنگرەکەوە لە بەرژەوەندی تەواوی توێژی پزیشکانن و دەکرێت بڵێین ئەگەر هەڵبژاردنەکە لەسەر بنەمای لیستی پەیوەست بە پارتە سیاسیەکانەوە نەبێت، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە نەک تەنها بۆ تەواوی پزیشكان تۆمار دەکرێت، بەڵکو دەکرێت چانسێک بێت بۆ هەمو رێکخراوەکانی تر و تەنانەت پارتە سیاسیەکانیش کە قەڵەمەکانیان دەربهێنن و ئەو وانەیە بنوسنەوە و لە پزیشکانەوە فێری ئەوە بن، کە کەمتر دەست لە کاروباری رێکخراوە پێشیەکان وەردەن. بەڵام ئەگەر مرۆڤ تۆزێک وردتر تەماشای مێژو و بارودۆخی ئێستای کوردستان بکات، تێدەگات کە ئەستەمە هەروا با ئاسانی ئەوەی ئێمەی پزیشكان دەمانەوێت بێتە دی.

ئەگەر مێژوی مامەڵەی پارتە سیاسیەکانی کوردستان (بەتایبەتی ئەوانەی دەسەڵات) تەماشا بکەین دەبینین بە چەندەها میکانیزم و رێگای شەرعی و ناشەرعی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی رێکخراوە پیشەییەکانیان داوە و سڵیان لە بەکارهێنانی هیچ رێگایەک نەکردوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئەو رێکخراو و سەندیکایانە. رەفتارەکانی پارتەکانی دەسەڵات لەمەڕ هەڵبژاردنەکان و کۆنگرەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هێشتا لە یادی کەس نەچوە و بەڵگەیەکی زەقن لەسەر ئەوەی کە ئەو پارتانە دەتوانن هەرچی سنور هەیە بیبەزێنن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بچوکترین رێکخراوی ئەم هەرێمە لە دەستیان دەرنەچێت. ئەو هەمو پاشخانە مێژویەی پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان و مامەڵیان لەگەڵ رێکخراو و سەندیکاکان، توشی گومانمان دەکات لەوەی کە هەڵبژاردن و کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستانیش بە دەردی هەمو هەڵبژاردن و کۆنگرەکانی تر نەچێت.

فاکتەری سەرەکی بۆ دانانی بەربەست لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردن و کۆنگرەی سەندیکای پزیشکان لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە، پزیشکان خۆیانن. پزیشکانن دەتوانن نیشانەی 'بوەستە' لە بەردەم دەموچاوی پارتە سیاسیەکان دابنێن و بە راشکاوی پێیان بڵێین؛ بەڕێزینە، سەندیکا و رێکخراو و کۆمپانیا و نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی نەما لە نێوان خۆتانی بەش نەکەن، تکاتان لێ دەکەین تەنها ئەم سەندیکایە بۆ ئێمە بەجێبهێڵن و لێمانگەڕێن کارەکانی خۆمان بەبێ یارمەتی ئێوە بەڕێوەببەین!. ئەوە پزیشکانن دەتوانن بە دەنگی بەرز بەو پارتە سیاسیانە بڵێین کە ئەوە دە ساڵە بەهۆی شەڕ و ناکۆکی و بەرژەوەندیەکانی ئێوەوە، سەندیکایەک، رێکخراوێک، کەسێک نەبو داکۆکی لە ئێمە بکات و ناو و ناوبانگ و مافەکانی ئێمە بپارێزێت، دە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە خۆمان ئەو کارە بکەین و لە خۆمان زیاتر کەس بە باشتر نازانین بۆ ئەنجامدانی.

لە پاڵ پزیشکاندا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەتوانن رۆڵێکی گەورە یاری بکەن لە کەمکردنەوە یا نەهێشتنی دەستێوەردانی حیزبیی لەم چالاکیە پیشەییەی سەندیکای پزیشکاندا. لە رابوردودا بینیمان چۆن چۆنی راکێشانی ئۆپۆزۆسیۆن لە لایەن پارتەکانی دەسەڵاتەوە بۆ گەمەی دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن بۆ کۆنگرەی سەندیکا و رێکخراوەکانی تر، کارەسات و سەرلێشێوان و دۆڕاندنی گەورەی بە دواوە بو. دروستکردنی لیست بۆ هەر یەکێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی نەک تەنها زەرەرەی بە ئەو پارتانە هەبو، بەڵکو گورزێکی کوشندەشی لە کاری پیشەیی و رێکخراوەیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی گەیاند و ئەو رێکخراوەی نزیکتر کردوە لە لاشەیەکی حیزبیی نیمچەمردو و ناشەرعی. ئەوەی کە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن رەنگە بەدەستیانهێنابێت لەم گەمە بێ بەرنامەیەدا، زانینی قورسایی خۆیان بو لە ناو کارمەندانی تەندروستی کە بەهیچ شێوەیەک پێوەرێکی دروست نیە بۆ قەبارە و قورسایی پارتەکان لەسەر ئاستی تەواوی کۆمەڵگا یا لە داهاتویەکی نادیاردا کە ئەگەری زۆرە هاوکێشە سیاسیەکان و مەیللی هاوڵاتیان بگۆڕێن. لە راستیدا، دەسەڵاتی سیاسی، سودی لە نەخۆێندنەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەگەرەکانی بەردەمی وەرگرت و بە تەواوەتی (هەرچەندە بەشێوازێکی نایاسایی) کۆنترۆڵی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستانی کرد.

ئەم ئەزمونانە پێی وتین کە دەسەڵاتی سیاسی سڵ لە بەکارهێنانی هیچ ئامرازێک ناکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەندیکا و رێکخراوە پیشیەکانی کوردستان. دور نیە ئەو دەسەڵاتە گەمەیەکی بۆ سەندیکای پزیشکانی کوردستانیش ئامادە نەکردبێت. بەڵام بۆ ئەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بوار بۆ دەسەڵات نەهێڵنەوە کە تاکتیکەکانی بەکاربهێنێت و گەمەکانی تاقیبکاتەوە، باشترە نەچەنە گەمەکەوە. ئەو یارینەکردنە مانای ئەوە نیە کە کەسە نزیکەکانی ئۆپۆزسیۆن خۆیان بۆ کۆنگرە هەڵنەبژێرن و کاریگەریان نەبێت، هەرگیزنا، بەڵام بەو مانایەی کە خاڵی ٥ی بڕیارەکانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە بقۆزرێتەوە و هەمو پزیشکان بە تاکەکەس خۆیان بۆ نوێنەرایەتی هەڵبژێرن و ئۆپۆزسیۆنیش پێش هەموان پرنسیپی دروستکردنی لیست رەتکاتەوە.

بەو کارە، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن خزمەتێکی گەورە نەک تەنها بە پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا دەگەینن، بەڵکو رێگاکانی بەردەم کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەراگرتنی رێکخراوێکی پیشەیی تر لە دەسەڵات دەگرن. بەپێچەوانەوە، هەوڵ و ماندوبونی ئەو هەمو پزیشکە گەنجانەی کە دەیانەوێت مێژویەکی تازە بۆ سەندیکاکەیان بنوسنەوە بە هەدەر دەڕوات و رێسەکەیان دەبێتەوە خوری.

Sbeiy.com © 2007