Print
 
 له‌یادی‌( 17 ) شوبات
نوسه‌ر:  جه‌بار ئه‌حمه‌د
Wednesday, February 15, 2012

وه‌ك لای‌ هه‌موان ئاشكراو رونه‌ ئه‌و روداوانه‌ی ‌(17) شوبات كه ‌رویاندا له‌ كوردستانی‌ باشوردا، روداوگه‌لێك بون چه‌ندین هۆكاریان هه‌بو هه‌ریه‌ك له‌و هۆكارانه‌ش چه‌ند كێشه‌ یه‌ك له‌پشتیه‌وه‌ بو له‌وانه ‌پرسی نه‌بونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و ژیانی‌ كوله‌مه‌رگی‌ جه‌ماوه‌ر و دروستبونی‌ چینێكی‌ مشه‌خۆر، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر قوتی‌ ئه‌م جڤاته‌، یان به‌رهه‌مه‌ سروشتیه‌كانی‌ ئه‌م نیشتمانه‌ وه‌دروست بون سامانیان كه‌ڵه‌كه‌ كردوه‌، بونی‌ له‌شكرێك له‌ بێكار كه‌ سه‌رتاسه‌ری‌ شه‌قامه‌كانیان ته‌نی بو دروستبونی،‌ چینێك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ره‌ش و روتن كه‌ نانی‌ شێوێكیان نیه‌ گیانی‌ پێ تێر بكه‌ن، به‌ڵگه‌ش بۆ بونی‌ خێزان یان كه‌سانێكی‌ له‌م شێوه‌ سه‌یری‌ (tv یه‌كانی‌ خۆیان بكه‌، شه‌وانه‌ كۆمه‌ك بۆ چه‌ندین خێزانی‌ هه‌ژار كۆده‌كه‌نه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ یه‌كی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گر نیه‌ كه‌ ئه‌و چینه‌ لێره‌و له‌م نیشتمانه‌ بونیان هه‌یه‌؟ یاخود ئه‌و هه‌مو منداڵه‌ی‌ كه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا خه‌ریكی‌ سواڵكردنن یاخود شانیان له‌ژێر كاری‌ پڕوكێنه‌ردا خوار بوه،‌ جگه‌ له‌و په‌تای‌ گه‌نده‌ڵیه‌ی‌ كه‌ سه‌رله‌به‌ری‌ جه‌سته‌ی‌ ده‌وڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی گرتوه‌ته‌وه‌.

به‌دان پیانانی‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ ئه‌م هه‌رێمه،‌ كه‌ خۆیان زۆرجار له‌ گشت قۆناغه‌كاندا پشكی‌ شێریان به‌رده‌كه‌وێت له‌و به‌رپرسیاریه‌تیه،‌ هه‌مو یه‌كێكیان ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاری‌ كراویش بێت ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتوه‌ سه‌رتاپای‌ ده‌سه‌ڵاتیان بۆخۆیان و عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كه‌یان مۆنۆپۆڵ كردوه‌، به‌رپرسیاریه‌تی‌ مێژویان له‌ئه‌ستۆبوه‌ له‌ حه‌وزی‌ هیچ په‌رستگاو مزگه‌وتێكدا ناتوانن غوسڵی‌ خۆیان ده‌ربكه‌ن له‌و له‌شگرانیه‌ی‌ كه ‌گیرۆده‌ی‌ بون له‌كاتی‌ جوت بونیان له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ئه‌م نیشتمانه.

‌هۆكارگه‌لێكی‌ تریش كه‌ به‌ بۆچونی‌ زۆرێك له‌ چاودێران، به‌هۆكاری‌ ده‌ره‌كی‌ كاریگه‌ر ناوییان دێت ئه‌ویش رودانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی و كه‌وتنی‌ یه‌ك له‌دوایه‌كی‌ بتی‌ دیكتاتۆره‌ گه‌وره‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ وه‌ك (حوسنی‌ موباره‌ك و قه‌زافی و سه‌دام حوسه‌ین و عه‌لی‌ عه‌بدوڵا ساڵح) بون، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌م گه‌وره‌ دیكتاتۆرانه‌ زیاتر له‌ (30) ساڵ جڵه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرتبویه‌ ده‌ست له ‌وڵاته‌كانی‌ خۆیاندا، گه‌له‌كه‌یان له‌دۆخێكی‌ ژێر هێڵی‌ هه‌ژاریه‌وه‌ ده‌ژیان، ژیانیان ده‌گوزه‌راند كه‌ نیشتمانه‌كه‌ یان خاوه‌ن داهاتێكی‌ زۆرو زه‌وه‌ندی‌ سامانه‌ كانزایه‌كان بو، به‌تایبه‌ت نه‌وت له‌وكاته‌دا كه‌ گه‌له‌كانیان له‌م بارودۆخه‌ هه‌ژاریه‌دا ژیانیان ته‌واو ده‌بو، ئه‌وانیش و خزمه‌نزیكه‌كانیان به‌تایبه‌ت خێزانه‌كانیان له‌دۆخێكی‌ سه‌رو مرۆڤیه‌وه‌ ده‌ژیان و ژیانیان له‌ ئه‌وروپا و رۆژئاوا ده‌گوزه‌راند، پاره‌و داهاتی‌ هه‌ریه‌كێكیان خۆی‌ ده‌دا له‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار بانكه‌كانی‌ ئه‌وروپا هه‌موئیشیان بۆئه‌وان ده‌كرد، واته‌ كاره‌كه‌ری‌ ئه‌وان بون بۆیه‌ به‌و ده‌رده‌ بران، هه‌ر یه‌كێكیان له‌كونه‌ مشكێكدا ده‌دۆزرانه‌وه‌ بێغیره‌تانه‌ ده‌كوتنه‌به‌ر ده‌ست جه‌ماوه‌ر كونه‌ مشكیان لێ بوبو به‌ قه‌یسه‌ری‌، هیچ جێگایه‌ك نه‌بو خۆیانی‌ تیاحه‌شار بده‌ن و به‌سه‌رشۆڕی‌ ده‌هاتنه‌به‌ر قانونی‌ گه‌ل.

سه‌ر ئه‌نجامی‌ زوڵم و زۆرداری‌ و ئاغایه‌تی‌ و ده‌ره‌به‌گایه‌تی‌ به‌سه‌رچوه‌، چیدی‌ ئه‌و دراوه‌ی‌ له‌ ساڵانی‌ رابردودا له‌ سه‌رده‌می‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ ئه‌واندا مامه‌ڵه‌ی‌ پێده‌كرا، ئێستا هیچ به‌هایه‌كی‌ نه‌ماوه‌ كه‌سیش گۆی‌ به‌ده‌روێش و فوتوكۆپیه‌كانی‌ ئه‌وان و هاوشێوه‌ كانیان نادات، ‌كورد وته‌نی‌ "په‌تی‌ زوڵم له‌ ئه‌ستوریدا ده‌پچڕێت"، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێیوایه‌ ئه‌و باهۆزه‌ی‌ كه‌ گڵۆڵه‌ی‌ دیكتاتۆره‌كانی‌ خسته‌ لێژی‌ و ئه‌و پایزه‌ی‌ ته‌مه‌ن كه‌ ئه‌وانی‌ گرته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوشێوه‌كانی‌ ئه‌وان ناگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌دا چوه‌ و هیچ له‌ ئه‌لیف و بای‌ سیاسه‌ت نازانێت.

Sbeiy.com © 2007