Print
 
 مردنی‌ سه‌رۆكه‌كان له‌نێوان كوشتنی‌ كۆی‌ ستراتیژ و هه‌ره‌سی‌ رێكخراوبوندا
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Thursday, March 15, 2012

به‌ درێژایی‌ مێژو له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا كۆی‌ رێكخراو و حیزبه‌كان به‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ دژواردا تێده‌په‌ڕن له‌ بنه‌مادا به‌پێی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ كه‌ پرینسپه‌ حیزبی‌ و رێكخراوه‌كان دیاری‌ ده‌كات، جوانترین دروشم بون، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سایه‌یدا به‌پێی ده‌نگدان هه‌ر چوار ساڵ جارێك كۆنگره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ستراتیژی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ ببه‌سترێن و سه‌رۆكه‌كان دیاری‌ بكرێ‌، به‌ڵام له‌ روی‌ پراكتیزه‌ بونه‌وه‌ جگه‌ له‌ كۆمیدیایه‌ك هیچی‌ تر نه‌بوه‌، یان به‌ دیوێكی‌ تردا هێنده‌ وه‌لا بوه‌ بۆ كه‌سێك یان ناوچه‌یه‌ك بوه‌، هێنده‌ وه‌لا نه‌بوه‌ بۆ پرینسیپه‌كان.

ئه‌كرێت هه‌مان پێوه‌ر بۆ كوردستانی‌ خۆشمان پڕ به‌پێستی‌ بێت له‌ دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشه‌كان و رێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كان هێنده‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كه‌سی‌ سوپه‌رمانی‌ و پیرۆزكردنی‌ كه‌سایه‌تی‌ بوه‌، هێنده‌ به‌رهه‌مهێنی‌ فكر و پرینسیپ نه‌بوه‌، به‌ واتایه‌كی‌ تر هه‌مو ستراتیژی‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ خراونه‌ته‌ ناو جه‌سته‌ی‌ كه‌سێكی‌ سه‌ركرده‌وه‌ كاتێك ئه‌م سه‌ركرده‌ ده‌مرێت، یان ده‌كوژرێت ده‌كاته‌ كوشتن و مردنی‌ كۆی‌ رێكخراوه‌كه‌ و هه‌ره‌سهێنانی‌ كۆی‌ ستراتیژی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ و بوه‌ته‌ بێهوده‌ییه‌كی‌ زۆر بۆ كۆی‌ نه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكی‌ ویستوه‌ تا رێكخراوێكی‌ تر و كه‌سێكی‌ پاڵه‌وان دروست ببێته‌وه‌ و رێكخراوێكی‌ تر دروست بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌ شێخ عوبه‌یدوڵای‌ نه‌هریه‌وه‌ تائێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت كه‌ سه‌رۆك ده‌مرێت هه‌مو به‌هاكان ده‌مرن و ئاژاوه‌ دروست ده‌بێ‌ و ناتوانرێ‌ كه‌سێك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پرنسیپی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ كار بكات و مردنی‌ سه‌رۆك یه‌كسان بكات به‌ مردنێكی‌ ئاسایی‌...

له‌ دوای‌ شێخ عوبه‌یدوڵا كۆی‌ رێكخراوه‌كه‌ هه‌ره‌س ده‌هێنێ‌ له‌ دوای‌ قازی‌ محه‌مه‌د حكومه‌ت به‌ته‌واوه‌تی‌ هه‌ره‌س ده‌هێنێ،‌ دوای سمكۆی‌ شكاك كۆی‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ له‌ناوده‌چێ‌، تا شۆڕشی‌ بارزانی‌ هه‌روا ده‌ڕوا، ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شۆڕشه‌كانی‌ كوردی‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌و دیو سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ كه‌سانی‌ تر ئاماده‌ بكه‌ن تا بتوانن درێژه‌ به‌كاری‌ شۆڕش و رێكخراوبونی‌ خۆیان بده‌ن كه‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و شۆڕش و رێكخراو حیزبانه‌، چونكه‌ راسته‌وخۆ به‌ستراون به‌ سه‌رۆكه‌وه‌ له‌ دوای‌ سه‌رۆك بازنه‌ی‌ ئه‌و خه‌باته‌ جێده‌هێڵن پێیان وابوه‌ هه‌مو شتێك ده‌مرێت.

ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئێستا له‌ كوردستانی‌ باشوردا تا ئێستا نه‌توانراوه‌ حیزبێك دروست ببێت كه ‌له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ پرنسیپی‌ حیزبی‌ كار بكات و سه‌رۆكێك تا مردن سه‌رۆكی‌ ئه‌و حیزبه‌ نه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش كاركردنه‌ به‌ كه‌لتوری‌ خێڵ، واتا حیزب جۆرێكه‌ له‌ خێڵ له‌ چوارچێوه‌یه‌ك و فۆرمێكی‌ جیاوازدا، دوای‌ بیست ساڵ له‌م هه‌رێمی‌ كوردستانه‌دا یه‌كێك ئه‌گه‌ر خه‌باتی‌ شاخی‌ نه‌بوبێت شه‌رعیه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ حیزب هه‌تا رێكخراوێكی‌ بچوكی‌ نیه‌... رێكخراوێك حیزبێك نیه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ پێشینه‌یه‌كی‌ شاخی‌ نه‌بێت تفه‌نگه‌كه‌ی‌ دوێنێ‌ و پوزه‌وانه‌كه‌ی‌ باشترین كه‌ره‌سته‌ن بۆ سه‌ورَكایه‌تی‌ رێكخراوێك ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ چه‌قبه‌ستنێكه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك ناتوانێت قۆناغێك ببڕێت، به‌ دیوێكی‌ تردا هه‌مو سه‌رۆكه‌كان ئه‌ندامانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ خۆیانیان وا په‌روه‌رده‌ كردوه‌ كه‌ وه‌لا بۆ سه‌رۆك باشترین پابه‌ند بونه‌ به‌ پرنسیپه‌كانه‌وه‌، به‌ واتایه‌كی‌ تر نه‌توانراوه‌ ماوه‌ دیاری‌ بكریت و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ژینگه‌ی‌ حیزب سه‌رۆكی‌ نوێ‌ و گه‌نج ئاماده‌ بكات كه‌ له‌و ماوه‌ زیاتر سه‌رۆك، بۆی‌ نه‌بێت سه‌رۆك بێت، به‌ڵام زۆر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ شاخه‌كان هه‌ر ده‌بێت به‌ سه‌رۆكی‌ بمرن به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان دوای‌ بیست ساڵ هه‌ڵده‌بژێرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ فاشیزم.

له‌ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ توانیویه‌تی‌ قۆناغێكی‌ باش له‌ دروستبونی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی هه‌قیقی‌ دروست بكات... ئایا ده‌توانێت له‌ ناوخۆی‌ خۆیدا ئه‌و گۆڕانه‌ گه‌وره‌یه‌ دروست بكات؟ ئایا ده‌توانێت درێژكراوه‌ی‌ ئه‌و كه‌لتوره‌ نه‌بێت كه‌ كۆی‌ پرنسیپ و ستراتیژه‌كان نه‌خاته‌وه‌ جه‌سته‌ی‌ یه‌ك سه‌رۆكه‌وه، له‌‌ كۆنگره‌كان كه‌سی‌ تازه‌ و سه‌ركرده‌ی‌ نوێ‌ به‌رهه‌مبهێنێت؟

 

Sbeiy.com © 2007