به‌شی یه‌که‌م
کوشتاری ئه‌رمه‌نه‌کان له شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م له‌لایه‌ن تورکیا، جوله‌که‌کان له ئه‌وروپا له سه‌رده‌می شه‌ڕی جیهانی دوه‌مدا له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه، وه‌ک دو کاره‌ساتی گه‌وره ویژدانی مرۆڤایه‌تیان هه‌ژاند. گه‌وره‌یی ئه‌م دو کاره‌ساته و خه‌ته‌ری بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپا هۆکارێک بو بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی زۆرێک له رۆشنبیران له بییرکردنه‌وه له دانانی پلانێک بۆ پێشگیریکردن له دوباره‌بونه‌وه‌ی کوشتاری به کۆمه‌ڵ.
دادوه‌ری پۆڵۆنی به ره‌گه‌ز یه‌هودی له 1944 بیری له‌و کاره‌ساته کرده‌وه، ئه‌م جۆره کوشتاره‌ی به پرۆسه‌ی جینۆساید ناوزه‌دکرد، هه‌ڵمه‌تێکی به‌رفراوانی له ئه‌وروپا ده‌ستپێکرد، داوای کۆده‌نگی کرد له به‌گژاچونه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه. له 9/12/1948 له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانه‌وه له‌م باره‌وه په‌یماننامه‌یه‌ک ئیمزا کرا و له 1951 که‌وته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه. ناوه‌ڕۆکی ماده‌ی 1 و 2 ئه‌و په‌یماننامه‌یه بریتین له:
ماده‌ی 1: هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌م په‌یمان نامه‌یان ئیمزا کردوه، دان به‌وه‌دا ده‌نێن که جینۆساید له‌کاتی شه‌ڕدا، یان له شێنه‌ییدا ئه‌نجام بدرێت به تاوان داده‌نرێت، پێویسته تاوانبار به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی سزا بدرێت؛
ماده‌ی 2: چه‌مکی جینۆساید به‌مانای ئه‌نجامدانی یه‌کێ له‌م کارانه‌ی خواره‌وه دێت، به‌مه‌به‌ستی تێکدان یان له ناوبردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ئایین و مه‌زهه‌بێک، ره‌گه‌زێک یان به‌شێک له‌و ره‌گه‌زه:
* کوشتن و له ناوبردنی ئه‌ندامانی گروپێک
* ئازاردانی چه‌سته‌یی یان ده‌رونی ئه‌ندامانی گروپێک؛
*به‌مه‌به‌ست سه‌پاندنی مه‌رجه‌کانی ژیان به‌سه‌ر ئه‌ندامانی گروپێک، که ببێته هۆی نه‌فره‌ت لێکردن و ئازاردانی جه‌سته‌یی و ده‌رونی؛
* دانانی چه‌ند یاسایه‌ک یان رێوشوێنێک به مه‌به‌ستی قه‌ده‌غه‌کردنی زاوزێ و زیادکرن له گروپێکدا؛
6 – به‌زۆر دابڕانی مناڵانی گروپێک و پێدانی ئه‌و مناڵانه به گروپێکی تر؛
پاش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان چه‌ندین جار و له چه‌ندین وڵات کوشتنی به کۆمه‌ڵ رویداوه. له‌وانه: کۆمه‌ڵکوژی توتسیه‌کان له ره‌واندا 1992-1994 ؛ شه‌ڕی ناگارنۆ که‌ره‌باغ 1991-1994 ؛ بۆسنه و سربیا 1992-1995 .
دیارترین هه‌نگاو له‌م باره‌وه نرابێت، دادگایی‌کردنی رادۆڤان کهراڤیچه له شاری لاهای، له‌سه‌ر ئه‌و 8000 هه‌شت هه‌زار مرۆڤه‌ی له ته‌موزی 1995 له شاری سربنیچا کوژران یان به کۆمه‌ڵ زینده‌به‌چاڵ کران.
پرۆسه‌ی ئه‌نفال و کیمیاباران
ئه‌نجامدانی ئه‌نفال و به‌کارهێنانی چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه به مه‌به‌ستی کورقڕان بوه نه‌ک داکۆکیکردن له خۆ، وه‌ک هه‌ندێ که‌س لێره و له‌وێ باسی ده‌که‌ن. چونکه حکومه‌تی عێراق له‌وکاته‌دا توانای سه‌ربازی زۆر باشبو، له 8/8/1988 شه‌ڕی ئێران-عێراق کۆتایی هات، به‌ڵام پرۆسه‌ی ئه‌نفال درێژه‌ی هه‌بو.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا پرۆسه‌ی ئه‌نفال و به‌کارهێنانی چه‌کی کیماوی ده‌چێته خانه‌ی جینۆسایده‌وه؟ ئه‌گه‌ر بڕوانینه ئه‌و خاڵانه‌ی له ماده‌ی 2 له‌سه‌ره‌وه هاتون، ده‌توانین بڵێین به‌ڵێ حکومه‌تی عێراق پرۆسه‌ی کوردقڕان (جینۆسایدی) دژ به گه‌لی کورد ئه‌نجام داوه.