|
باسکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی له نێوان گه‌ڕه‌لاوژێ و پلانڕێژیدا |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Friday, April 20, 2012 |
تاکی کورد له‌مپه‌ڕی باشوری کوردستانه‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی باکور له مێژه خاوه‌ن یه‌ک ران له پێویستی بونی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. به درێژایی 51 ساڵی رابردو ئه‌م تاکه چۆن پشتیوانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و چه‌کداری کوردستانی کردوه، ئاوهاش ره‌خنه‌ی لێگرتوه‌و هه‌ندێ جار دژی هه‌ندێ له سه‌رکرده‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌ستاوه‌ته‌وه. یه‌کده‌نگی، ته‌بایی، یه‌کگرتویی سه‌رکرده‌کانی کورد له پێشه‌وه‌ی داوای تاکی کورد بوه، چونکه ئه‌و تاکه دڵنیا بوه به ته‌بایی و کۆده‌نگی سه‌ره‌تای دانانی پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی کیانی کوردی ده‌ستپێده‌کات.
له دروستبونی دوبهرهکیهوه له 1964، زۆری خه‌ڵک دژی ئه‌و دوبه‌ره‌کیه بوه، ئه‌وانه‌ی به‌شداریشیان کردوه زۆریان به ویستی خۆیان نه‌بوه و تێوهگلێندراون. زۆرێک له‌و تاکانه‌ش به چه‌ندین شێوه‌ی جیاجیا ناڕه‌زایی ده‌ربڕیوه. په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و دوبه‌ره‌کییه و درێژه‌کێشانی و مانه‌وه‌ی ماکی تا ئه‌مڕۆ جه‌ماوه‌ری کورستانی له ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌وه بردۆته قۆناغی جۆرێک له دابڕان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، چونکه ئه‌و جه‌ماوه‌ره به تایبه‌تی زۆرینه‌ی نه‌وه‌ی نوێ پێیان وایه لێره‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رکرده‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ، پرۆژه و بیری ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ره‌و ئاڵۆزبون برا، هه‌ر لێره‌شه‌وه دامه‌زراندنی پایه‌کانی ئه‌و ته‌لاره مه‌زنه دواکه‌وت.
جگه له بونی ناته‌بایی و دوبه‌ره‌کی و شه‌ڕی ناوخۆ، هه‌ڵگرتنی چه‌ندین دروشمی جیاجیای وه‌ک دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، شۆڕشی عێراق، مافی چاره‌ی خۆنوسین، فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی راسته‌قینه ... تاد، راڕایی سه‌رکرده‌کان و را گۆڕین له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێ له‌و دروشمانه جۆرێکی تری ئه‌و گهڕهلاوژێیهیه له رابردودا، که سه‌ری له دۆسته‌کانی کورد شێواندوه و دوژمنانیشی پێ باخۆشکردوه.
ئێستاش:
1- هاوپه‌یمانییه جیاجیاکانی حیزب له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقی، وڵاتانی ناوچه‌که و وڵاتانی دور؛
2- گوتاری جیاجیا‌و دژ به‌یه‌ک، نه‌بونی یه‌ک گوتاری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی؛
3- حوکمی حیزبی و بونی دو ئیداره‌یی له هه‌مو پایه‌کانی حکومه‌تداری؛
4- به حیزیکردنی ته‌واوی بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، بونی په‌یامی جیا جیا؛
5- سوربون له‌سه‌ر درێژه‌دان به باوه‌ڕی بونی حیزبی شمولی و پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات؛
6 – کرمێبونی ئابوری و ژێرخانی کوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێ بازرگانی سیاسی و حیزبییه‌وه؛
به‌م شێوه‌یه سه‌رکردایه‌تی کورد به بێ بونی پرۆژه‌یه‌کی گشتی، بێ گوێدان و گه‌ڕانه‌وه بۆ رای گشتی، درێژه به هه‌مان سیاسه‌تی 51 ساڵی رابردو ده‌دات.
بۆیه، گه‌ر کورد بیه‌وێ له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان بدوێ، پێویسته:
1- کۆتایی به‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه بهێنێت.
2- ئاماده‌کردنی یه‌ک پرۆژه‌ی گشتی له‌و باره‌وه، پرۆژه‌یه‌ک رای گشتی له‌سه‌ر بێت.
3- هیچ تاکێک هه‌وڵ نه‌دات پێش روداوه‌کان بکه‌وێت و وه‌ک تاکه سوار ده‌ربکه‌وێت.
4- کارکردن بۆ دانانی پایه‌کانی ئه‌و پرۆژه‌یه.
ئه‌گه‌ر تواندرا زه‌مینه‌ی جێبه‌جیکردنی ئه‌و پرۆژه‌یه سازبکرێت، ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌بێت به واقع و داده‌مه‌زرێت. هیوای له مێژینه‌ی تاکی کوردیش له باشوره‌وه تا باکور دێته دی.
|
|
|