Print
 
 کورد له‌ نێوان دوبه‌ره‌کی هه‌ردو مه‌زهه‌بی شیعه ‌و سونه‌دا
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Tuesday, April 24, 2012

دوای کوشتنی خه‌لیفه‌ی سێهه‌می ئیسلام عوسمان کوڕی عه‌فان (خ.ر)، موسڵمانان بون به‌ 3 سێ گروپه‌وه‌: شیعه‌، ئه‌هلی سونه‌ و جه‌ماعه‌، له‌گه‌ڵ خه‌وارج. له‌و سه‌رده‌مه‌ شه‌ڕێکی خوێناوی خۆبه‌خۆیی له‌نێو ئه‌و سێ گروپه‌ رویدا، ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ زۆر سه‌رچاوه‌ی مێژوییدا به‌ شه‌ڕی فیتنه‌ ناوزه‌د کراوه‌. خه‌واریجه‌کان کاریگه‌ری ئه‌وتۆیان له‌ مێژودا نییه‌. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه،‌ ناکۆکیه‌کانی نێوان دو به‌ره‌که‌ی تر کاریگه‌ری گه‌وره‌ و درێژخایه‌نی له‌ مێژودا هه‌یه‌، تا ئه‌مڕۆ ئه‌و ناکۆکیه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ بره‌و و ته‌شه‌نه‌کردندایه‌.

سه‌فه‌وی و عوسمانی
شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی وه‌ک شای خه‌لافه‌تی شیعه‌، سوڵتان سه‌لیمی یه‌که‌م، سوڵتان و خه‌لیفه‌ی ئیمراتۆریه‌تی عوسمانی سوننه‌ مه‌زهه‌ب، دو که‌سایه‌تی دیارن له‌ مێژودا. شه‌ڕی چاڵدێران یه‌کێکه‌‌ له‌و شه‌ڕه‌ دیارانه‌ی له‌ نێوان له‌شکری ئه‌و دو ئیمراتۆره‌دا رویداوه‌. له‌م شه‌ڕه‌ عوسمانیه‌کان سه‌رکه‌وتن. ئه‌م جه‌نگه‌ دو ده‌رئه‌نجامی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌‌وه‌:
1-  کوردستانی عێراق، سوریا و تورکیا که‌وته‌‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی به‌ مه‌زهه‌ب سونه‌؛
2- به‌شی زۆری شیعه‌ مه‌زهه‌به‌کانی به‌غدا و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌بنه‌وه‌ به‌سونه‌ و به‌ڵێنی پشتیوانی به‌ عوسمانیه‌کان ده‌ده‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ مه‌زهه‌بی سونه‌ له‌ ناو کورد و عه‌ره‌بی شاره‌کانی به‌غدا و ناوه‌ڕاستی عێراق بو به‌ مه‌دره‌سه‌یه‌کی دیاری ئیسلام.

له‌م شه‌‌ڕه‌دا کوردستان ده‌بێت به‌ مه‌یدانی سه‌ره‌کی شه‌ڕ و زیانی زۆری به‌رده‌که‌وێت، کوردیش له‌ پشتیوانی بۆ ئه‌م دو زلهێزه‌ ده‌بن به‌ دو به‌شه‌وه‌.

دوای کۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌ کاتی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا و بچوککردنه‌وه‌ی له‌ ده‌وڵه‌تی ئێستای تورکیادا، عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ  دامه‌زرێندرا. تا 2003  پێکهاته‌ی سونه‌ مه‌زهه‌ب حوکمڕانی عێراقی کرد‌، له‌ کۆتایی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی دوای دروستبونی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهاته‌ی شیعه‌ له‌ عێراق سته‌می زۆری لێکرا‌وه‌.

شه‌ڕی ئێران – عێراق
ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌نێوان ئێرانی شیعه‌ مه‌زهه‌ب و عێراقی سونه‌ مه‌زهه‌ب 8 هه‌شت ساڵ درێژه‌ی کێشا، به‌شی زۆری پێکهاته‌ی شیعه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ئێران کۆچیان کرد یان کۆچیان پێکرا، زۆرینه‌ی ئه‌م پێکهاته‌ عێراقییه‌ پشتیوانی ئێرانی ده‌کرد.

له‌م شه‌ڕه‌دا جارێکی تر به‌شی زۆری کوردستانی خۆرهه‌ڵات و باشور وه‌ک کاتی شه‌ڕی چاڵدێران بو به‌ مه‌یدانی شه‌ڕ. کوردیش جارێکی تر بون به‌ دو به‌شه‌وه‌، جارجاره‌ش له‌ پشتیوانیکردنی ئێران و عێراق جێگۆڕکێیان کردوه‌. دیارترین زیانی کورد جگه‌ له‌و زیانانه‌ی له‌ لایه‌ن ئێران و عێراقه‌وه‌ به‌ری که‌وت، شه‌ڕی ناوخۆ و خۆبه‌خۆ بو.

تائێستا کاریگه‌ری ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ ناو هه‌ردو پێکهاته‌ی سونه‌ و شیعه‌ دیار و به‌رده‌وامه‌. له‌ ناو کوردیشدا مانه‌وه‌ی حکومه‌تی حیزبی و دو ئیداره‌یی یه‌کێکه‌ له‌ ئاکامه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ و شه‌ڕی ناوخۆ.

دوای 2003
دوای روخانی حوکمڕانی سونه‌ ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند شه‌ڕی تایه‌فی و مه‌زهه‌بی له‌ عێراق سه‌ری هه‌ڵدا. دیارترینیان ده‌رپه‌ڕاندنی پێهاته‌ی سونه‌ بو له‌ به‌غدا و شاره‌کانی خوارو و ناوه‌ڕاستی عێراق. ئێستاش ناکۆییه‌کانی نێوان هه‌ردو لستی عێراقیه‌ و ده‌وڵه‌تی یاسا درێژکراوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌‌.

له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا کوردیش به‌شێکی به‌ره‌و تورکیا و به‌شێکی به‌ره‌و شیعه‌‌ ئه‌سپ تاو ده‌دا. به‌شێکیشی له‌ بییرکردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی ته‌ندروستدایه‌، ده‌ڵێن "باشترین چاره‌سه‌ر په‌ند وه‌رگرتن و فێربونه‌ له‌ رابردو!".

Sbeiy.com © 2007