Print
 
 خورماتوی‌ بێ‌ خاوه‌ن
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Friday, July 20, 2012
ته‌نها له‌ مانگی‌ شه‌شدا زیاتر له‌ 130 خێزانی‌ كورد خورماتویان به‌جێهێشتوه‌، له‌ سنوری‌ خورماتو گوندێك هه‌یه‌ ناوی‌ سنوره‌، له‌ولای‌ سنوریشه‌وه‌ چیای‌ حه‌مرین هه‌یه‌ ئه‌و شاخه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ئه‌مانوت: "یان حه‌مرین یان ئه‌مرین"، ئێستا نه‌ك حه‌مرین وا خورماتوشمان پێ‌ چۆڵ ئه‌كه‌ن.

ئێمه‌ ده‌مێكه‌ وازمان له‌ موسڵ هێناوه‌ نه‌ك وازهێنان، بگره‌ هه‌ربیرمان چۆته‌وه‌، له‌و لاشه‌وه‌ پشی‌ پشی‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وێ‌ ده‌كه‌ین، له‌به‌ر بونی‌ نه‌وت، جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ش به‌حاڵ نوزه‌یان تیا ماوه‌، مه‌گه‌ر بڵێین ره‌حمه‌ت له‌ كفن دز، له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوشدا نزیكه‌ی‌ 1500 خێزانی‌ كورد له ‌حه‌ویجه‌ شاربه‌ده‌ر كران، ئێمه‌ش باسی‌ خاوه‌نداری‌ ده‌كه‌ین.

وای‌ له‌و خاوه‌نداریه‌! به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ من ئێستا فیرقه‌ی‌ 12 له ‌بنه‌ڕه‌تدا دو فیرقه‌یه‌ له‌ یه‌ك قیرقه‌دا فیرقه‌ی‌ 11 له‌سه‌وره‌ی‌ به‌غداوه‌ هێنراوه‌ته‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوك، له‌ولاشه‌وه‌ كورده‌ حه‌یاته‌كه‌ هێشتا له‌ كه‌ركوك سه‌رگه‌رمی‌ 50 به‌50یه‌، براده‌رێك من باسی‌ سیری‌ بۆ ده‌كه‌م ئه‌و ده‌ڵێ‌ پیاز، ئاخر خورماتو شاری‌ ده‌یان شه‌هید و سه‌دان ئه‌نفال و لانكه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ و مه‌ردایه‌تیه‌، بیانو چیه‌ وا له‌سه‌ری‌ به‌ده‌نگ نایه‌ین؟

خۆ ناكرێ‌ یه‌ك یه‌ك واز له‌ شار و ناوچه‌كانمان بهێنین و هیچ دۆسیه‌یه‌كیشمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌بێت، له ‌نهێنی‌ ئه‌و بێده‌نگیه‌ ناگه‌م، نه‌موتوه‌ باچه‌ك هه‌ڵگرین و بچینه‌ ئه‌وێ‌، ئه‌ڵێم ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ئه‌وێ‌ هه‌م كوردن هه‌م مرۆڤ لانی‌ كه‌م با دۆسیه‌كه‌یان به‌رینه‌ به‌رده‌م عه‌رشی‌ عێراقی‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و خه‌ڵكانی‌ دیكه‌ش تێبگه‌یه‌نین، كه‌ له‌و سنوره‌ چی‌ روئه‌دا كورده‌كانی‌ خورماتو هیچیان له‌ كورده‌كانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر كه‌متر نیه‌، هه‌میشه‌ هه‌رئه‌وانیش له‌به‌رده‌م پاكتاوی‌ ره‌گه‌زی‌ و سڕینه‌وه‌دا بونه‌، ئه‌وه‌تا ئێستاش غازه‌ حه‌یاته‌كه‌ كه‌ خۆمانی‌ پێوه‌ هه‌ڵده‌كێشین، له‌و سنوره‌وه‌ یان له‌نزیكی‌ ئه‌وێوه‌ بۆنی‌ ده‌گاته‌ ئه‌و توركیایه‌ی‌ كه‌ خوێنی‌ سه‌دان هه‌زار كوردی‌ نه‌ك باكوری‌ كوردستان، بگره‌ هه‌مو كوردستانی‌ له‌ئه‌ستۆیه ‌و له‌ ساڵی‌ 1998یشه‌وه‌ یه‌كێك له‌رێبه‌ره‌‌كانی‌ كوردی‌ له‌ ئیمرالی‌ گۆشه‌گیر و ده‌ستبه‌سه‌ر كردوه‌.

ئه‌مڕۆ له‌هه‌ركات زیاتر كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌و ناوچانه‌ به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ و له‌ باری‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بپرسنه‌وه‌، هیچ نا بۆئه‌وه‌ی‌ چی‌ تر ئه‌و خه‌ڵكه‌ خۆیان به‌ بێكه‌س و بێخاوه‌ن نه‌زانن، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ كۆچی‌ كوردان له‌و سنوره‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا له‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌مدا خورماتوش به‌ده‌ردی‌ موسڵ و حه‌ویجه ‌و جه‌له‌ولا و شوێنه‌كانی‌ تر ئه‌چێت و ئێمه‌ش دێینه‌وه ‌و سفر به‌ده‌سته‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007