|
گۆڕان و به‌رپرسیاریه‌تی |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Monday, July 23, 2012 |
هێوری و مه‌به‌سته‌کانی ده‌سه‌ڵات
ماوه‌یه‌که گۆڕان کاره‌کانی به‌شێوازێکی جیاواز له سه‌ره‌تا به‌رێکردوه، زۆر تایبه‌ت له کاتی ئاڵوگۆر له حکومه‌تی هه‌رێمدا تروسکاییه‌ک ئومێد له نیه‌ت وبه‌ڵێنه‌کانی سه‌رۆکی کابینه‌ی حه‌وت بۆ چاکسازی و جێبه‌جێ کردنی به‌شێک له پاکه‌جه‌کانی ئۆپۆزسیۆن ده‌کرا.
بێجگه له‌مه قه‌یرانی سیاسی له عێراق وتێکچونی هاوسه‌نگی نێو دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار وچه‌ند بابه‌تێکی تر پشکیان له هێورکردنه‌وه‌که‌دا هه‌بوه.
مه‌به‌ستم ته‌نها باسکردن نیه له ئاکامه‌کانی هێوربونه‌وه‌که، به‌ڵکو باسکردنیشه له ئه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان له‌و ماوه‌یه‌دا وره‌نگدانه‌وه‌ی له دۆخی کوردستان وله ناو بزوتنه‌وه‌که‌شدا.
کاتێک لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات له ده‌روازه‌ی گۆڕانیان دا به‌رپرسانی گۆڕان وتایبه‌ت رێکخه‌ری گشتی به‌پیریانه‌وه چون، ئومێد ده‌کرا نزیکبونه‌وه ولێدوانه‌کان سه‌ره‌تایه‌ک بن بۆ مامه‌ڵه‌کردنی واقیعیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌که‌دا. گۆڕان ده‌رکی ته‌واوی ده‌کرد که نزیکبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێی راستگۆیی و‌دڵ ونیه‌تی پاک دایان نه‌ڕشتوه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستیانه دۆخه‌که رابگرن. به‌واتایه‌کی تر هه‌نگاوێکی ته‌کتیکی بوه بۆ چه‌ند مه‌رامێکی ده‌سه‌ڵات دور له ئاراسته‌ی چاکسازی وگۆڕانکاری. له‌سه‌روی ئه‌و مه‌به‌ستانه‌وه به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری گۆڕان، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه دژ نه‌وه‌ستانی، بۆ ناکۆکیه‌کانی کورد وزۆر تایبه‌ت سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، بێده‌نگی گۆڕان له گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت، راکێشانی گۆڕان بۆ لایه‌ک، یاخود به‌لایه‌نی که‌مه‌وه بێلایه‌ن کردنی، له تێکچونی هاوسه‌نگی نێوان دو هێزی ده‌سه‌ڵات، فرسه‌ت دان به کابینه‌که‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ خۆشکردنی پێگه‌یه‌کی هێمن بۆ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌کاربونی.
له پرۆسه‌ی نزیکبونه‌وه‌که‌دا ئه‌وان زۆر بێباکانه خۆیان نمایش ده‌کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی قسه‌و ولێدوان وره‌فتاره‌کانی پێشویانی له بیر کردوه وبه "کن فیکن"ێک ده‌بنه فریشته وعه‌رابی چاکسازی وخه‌مخۆری په‌یوه‌ندی ئاسایی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا.
له‌لایه‌کی تره‌وه مه‌به‌ستی ده‌سه‌ڵات بو به‌نزیکبونه‌وه ناڕه‌زایی گۆڕان وشه‌قام ئیحتوا بکات وبه‌ره له‌ژێر ئۆپۆزسیۆن رابکێشێت، ئه‌وان گره‌وی سه‌ره‌کیان له‌سه‌ر دو کا‌ر ده‌کرد: به نزیکبونه‌وه وسه‌ردان ولێدوان له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌خه‌ڵکی پیشان بده‌ن که گۆڕانیش وه‌ک ئه‌وان هێزێکی سیاسیه وسه‌رقاڵی رۆتینیاتی کاری سیاسیه وجیاوازیه‌کانی نێوانیان به‌روکه‌ش به‌هاداره وله ناوه‌رۆکدا کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی نیه (سلێمانی وته‌نی ئه‌یان ویست گۆڕان خۆشه بکه‌ن)، دوه‌م دابینکردنی بودجه‌ی مانگانه بۆ گۆڕان وپینه‌کردنی بڕیار وئیجرائاتی سزادراوانی سیاسی ونانبڕاوه‌کان پاش ماوه‌یه‌ک له که‌م ده‌رامه‌تی گۆڕان ده‌خاته به‌ر ره‌حمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه. ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی به‌ده‌سکه‌وت ورێزگرتن له دیموکراسیه‌ت پیشان ده‌دا، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت لایان وایه ئه‌و پاره وداهاته‌ی به‌رده‌ستیان ئیرسێکی شۆڕشگیرانه‌ی خۆیانه وئه‌وانن که بونه‌ته رۆبن هودی کورد وبۆیان هه‌یه به‌راست وچه‌پدا ته‌خشان وپه‌خشانی بکه‌ن، بۆیه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه به "مه‌کره‌مه ولوتفی" خۆیان ده‌زانن.
بژارده‌ی هێمنانه
هه‌ڵوێست وره‌فتارکردنی گۆڕان له‌م پرۆسه ودۆخه‌دا ته‌واوی هه‌ڵسه‌نگاندنه چه‌وت وهیستیریا ئاساکانی جوته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌مه‌ڕ گۆڕان پوچه‌ڵ کرد وئاستی متمانه وخۆشه‌ویستی خه‌ڵکی بۆ گۆڕان گه‌شه‌پێدا. گرنگترین که‌ره‌سه‌ی واقیعیانه ودروست له مامه‌ڵه‌کردنی گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌م روداوانه پێره‌وکردنی سیاسه‌تی "بژارده‌ی هێمنانه" بوه، به‌یه‌ک نه‌فه‌س سه‌یری روداوه‌کانی نه‌کردوه وهێمنانه هه‌ر روداوێک وه‌ک خۆی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ کراوه وبێئه‌وه‌ی کارنامه‌ی خۆی به‌لادا بدات.
به‌پێچه‌وانه‌ی نیه‌تی ده‌سه‌ڵات گۆڕان له‌و ساته‌وه به‌کرده‌وه سه‌لماندی که شه‌فافانه وراستگۆیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بودجه‌که‌دا ده‌کات، مانگانه شێوازی خه‌رجکردنی داهاتی خستۆته به‌رچاوی خه‌ڵک، له‌ناو خودی بزوتنه‌وه‌که‌ش چاکسازی دارایی له سه‌رجه‌م داموده‌زگاکاندا ده‌ست پێکردوه وسیسته‌مێکی دارایی داڕشتوه، که ئاکامه‌که‌ی به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری له‌خۆ ده‌گرێت وفره موچه‌یی ونه‌پرسینه‌وه‌ش بنبڕ ده‌کات.
گۆڕان بۆ رێکخستنی نێوماڵی خۆی چه‌ند هه‌نگاوێکی ناوه که ده‌شێت به ئه‌زمونێکی نوێ له ژیانی رێکخراوه‌یی کورد دا پێناسه بکرێت. ئه‌زمونێک رێگری له ناوچه‌گه‌ری وته‌که‌تول ده‌کات وره‌چاوی رۆڵی پێکهاته وبۆچون وئاراسته جیاکانی ناو گۆڕانیشی کردوه، له هه‌مان کاتیش‌دا به‌رزنرخاندنی ماندوبون وهه‌ڵمه‌تی به‌رده‌وامی هه‌ڵسوراو وکادر وپێشمه‌رگه‌ی خاوه‌ن ئه‌زمون وتوانا کراوه، گۆڕان هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه بۆ به‌ده‌زگاکردنی ئۆرگان وبه‌شه‌کانی، له به‌شێکی زۆری ژوره‌کاندا گه‌نج پێگه ورۆڵی به‌رچاویان به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌م خۆرێکخستنه سیسته‌ماتیک وبه پێوه‌ره‌کانی سه‌رده‌م به‌ڕێوه‌براوه، چاویش دانه‌خراوه له‌و راستیه‌ی که ناوچه‌که‌مان جه‌نگڵستانێکه وده‌بێت رێکخستن وزه وتوانای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌کانی هه‌بیت.
له سه‌ر ئاستی راگه‌یاندنیش گه‌شه‌کردن وپێشه‌وه‌چونێک به‌رچاوه، به‌تایبه‌ت له زیاتر فره‌ره‌نگی به‌رنامه‌کانی KNN وراهێنانی کارمه‌نده‌کانی وبایه‌خدان به جۆریه‌تی وچه‌ندیه‌تی په‌یامنێره‌کانی. له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌زگاکانی راگه‌یاندن واڵا بون بۆ به‌رپرس وکادر وفه‌رمانره‌واکانی لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات وله خه‌ڵکیش زیاتر نزیک بونه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی گۆڕان بۆته پێشه‌نگی په‌خشکردن ونمایشکردن وبایه‌خدان به هه‌واڵ وروداوه‌کانی به‌شه‌کانی تری کوردستان، هه‌ڵسه‌نگاندن وهه‌ڵوێستی واقیعیانه دور له وروژاندن وموزایه‌ده‌کردن پێره‌و کراون.
له ئاستی عێراقدا گۆڕان به‌رده‌وام جه‌ختی کردۆته‌وه، که هێزێکی زیندو وبه‌کاره بۆ به‌رگریکردن له داواکاری ومافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان وخۆی به خاوه‌نی هه‌ر کارنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت. له‌م سه‌رچاوانه‌وه فراکسیۆنه‌که‌ی له به‌غدا کاری کردوه.
ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کانی گۆڕان له‌و ماوه‌یه‌ی پێشودا گه‌شه‌کردنێکی هه‌ستیاری پێکاوه. بایه‌خی وڵاتانی دنیا وناوچه‌که به گۆڕان بۆته بارۆمه‌ترێکی چه‌سپاو له دارشتنی سیاسه‌ت له هه‌رێم.
زامنی ستراتیژی
ئه‌مانه ئه‌و خاڵه گرنگانه‌ی به‌رچاون که به‌ڕێوه‌به‌ران وهه‌ڵسوراوانی گۆڕان له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌ستیان هێناوه. ئاکامه‌که‌ی گۆڕان وه‌ک هێزێکی بنه‌ڕه‌تی بزافی کوردایه‌تی چه‌سپاوه وتوانیویه‌تی هاوسه‌نگی نێوان ئه‌م پێگه‌یه ورۆڵی ئۆپۆزسیۆنیشی رابگرێت، هه‌ماهه‌نگی ولێدوانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تری ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وامه وبه‌یه‌که‌وه داکۆکی له به‌رنامه‌ی هاوبه‌شیان ده‌که‌ن.
گۆڕان له مامه‌ڵه‌کردنیدا له‌گه‌ڵ دو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات رێگری کردوه له‌وه‌ی تا‌کڕه‌وی وتاک حیزبی جڵه‌وی حوکمڕانی بگرێته‌ده‌ست وبه‌رده‌وام جه‌ختی له پێره‌وکردنی بنه‌ماکانی دیموکراسیه‌ت ومافه‌کانی مرۆڤ وئازادی وسه‌روه‌ری یاسا کردۆته‌وه. گۆڕان به وریاییه‌وه نه‌که‌وته نێو ده‌ساری ئاشی ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته واقیعبینانه‌ی گۆڕان وایکرد گۆڕان ببێته زامنی ستراتیژی بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی هێز له باشوری کوردستان. ئه‌م پێگه‌یه زۆر هه‌ستیار ودو لایه‌نه‌یه:
یه‌که‌م: وێڕای ئه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێک نیه له هۆکار وپرۆسه‌ی کێشه وململانێکانی نێوان پارتی و یه‌کێتی، وه‌لێ گۆڕان رێگه‌ی نه‌داوه ئه‌و پرۆسه‌یه به زه‌ره‌ری نه‌ته‌وه‌یی وتێکشکاندنی حوکمڕانی خۆماڵی بشکێته‌وه. هه‌رچه‌نده خاڵه‌کانی نزیکی وله‌یه‌ک گه‌یشتنی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا زۆرتر وبه‌هێزترن له‌وه‌ی له گه‌ڵ پارتیدا، به‌ڵام گۆڕان له پرۆسه‌که‌دا زۆر به ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و راستیه‌دا کردوه. ئه‌مه له‌به‌ر خاتری ئه‌ملا وئه‌ولا نه‌بوه. به‌رپرسانی گۆڕان به‌وردی له‌و راستیه گه‌یشتون که ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ر دولا قبوڵ ناکه‌ن لایه‌کیان له‌وی تر باڵا ده‌ستر بێت وبازدان به‌سه‌ر ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا ئه‌گه‌ری به‌هێزی کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه، چه‌ندین ئه‌زمونی رابوردومان له‌به‌ر ده‌ستدایه، کاره‌ساتێکی له‌و جۆره له‌دۆخی ئێستای هه‌رێم وعێراق وناوچه‌که ده‌بێته هۆکاری دارماندنی سه‌رجه‌م ده‌سکه‌وته‌کانی کورد.
دوه‌م: وێرای ئه‌وه‌ی گۆڕان هێزی سه‌ره‌کی ئۆپۆزسیۆنه له باشور ومافی ره‌وای خۆیه‌تی کا‌ر بۆ لاوازکردنی لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات وپه‌یوه‌ندیه‌کانی نێوانیان بکات، له‌مه‌شدا گۆڕان به ئاگایه‌کی بێئه‌ندازه‌وه زمان وره‌فتاری ئۆپۆزسیۆنی له گه‌ڵ دۆخه‌که وراستیه‌کاندا گونجاندوه.
به‌کوردی وکورتی پاراستن وگه‌شه‌پێدان وگۆڕانکاری له حوکمڕانی خۆماڵی وپاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان رێپیشانده‌ری گۆڕان بون له‌و پرۆسه‌یه‌دا. پاش ده‌یان ساڵ بۆ یه‌که‌مجاره هێزێکی سیاسی کوردی عه‌لمانی له باشوری کوردستان پشتی له به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نه‌کردوه وسه‌ره‌ڕای په‌لاماردان وئه‌زیه‌ت دانی به‌رۆحی تۆڵه‌کردنه‌وه ونه‌فه‌سی ئۆپۆرچینیستانه کاری نه‌کردوه.
چاوه‌ڕوانی وئاینده
ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، تایبه‌ت دوای تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی 2012 وقیتکردنه‌وه‌ی به‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، گۆڕان پێره‌وی هه‌مان سیاسه‌تی "بژارده‌ی هێمنانه" ده‌کات. ئه‌مه نه کۆتایی کورده ونه گۆڕان، دان به‌خۆداگرتن وخۆراگری وخۆئاماده‌کردن وبه‌خۆداچونه‌وه وباوه‌ڕکردن به‌خۆ کۆڵه‌که تۆکمه‌کانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ن. کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌وه‌دایه نایانه‌وێت یاخود له‌خۆ رانابینن له گۆڕان وئه‌قڵیه‌ته‌که‌ی تێبگه‌ن. ئه‌م ئیفلیجیه توشی هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره‌ی کردون وئومێد ده‌کرێت چاو وهوشیاریان باشتر بخه‌نه‌گه‌ڕ.
ئه‌م گۆڕانکاری وروداوانه ره‌نگدانه‌وه وهه‌ڵسه‌نگاندنی جیاوازی له‌ناو بزوتنه‌وه‌که‌دا هه‌بوه وبۆ کراوه. ئه‌وه‌ی گۆڕان وهه‌ڵسوراوان وبه‌رپرسانی له نزیکه‌وه بناسێت ده‌زانێت که ئه‌وان زۆر ئاره‌زومه‌ندانه رێگه‌ی گۆڕانیان هه‌ڵبژاردوه وخۆبه‌خشانه کاری بۆ ده‌که‌ن، چه‌و‌ساندنه‌وه وسته‌مکاری دوژمن ناچاری ئه‌وه‌ی نه‌کردون، رێگه‌ی گۆڕان له سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایی خۆماڵیدا سه‌خت وئاڵۆزه، نه‌ک ته‌نها وازهێنان وپشتکردنه له ده‌سکه‌وت وئیمتازاتی تایبه‌ت، به‌ڵکو سزادان وگرتن ونانبڕین وتۆقاندنیش بونه‌ته به‌شێک له ژیانی هه‌ڵسوڕاون وگۆڕانخوازان. وێرای ئه‌م راستیانه وجیاوازی بۆچون وهه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان زۆربه‌ی زۆری گۆڕانکاران وگۆڕانخوازان به نیه‌ت وئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتو له کارکردن به‌رده‌وامن. ئه‌مه وێناکێشکردنێکی ئیتۆپی ئاسا نیه. گۆڕان به‌ده‌ر نیه له که‌موکوڕی وهه‌ڵه وتوندره‌و وکه‌سانی گه‌نده‌ڵ وره‌فتاری نه‌شیاو، به‌ڵام رۆحیه‌ت وکه‌شوهه‌وای کارکردن تێدا وه‌ک چۆن له ئاراسته جیاکانی سۆفیزمدا به‌دی کراون به‌و شیوازه‌ش زۆربه‌یان سه‌رقاڵی " زهد وعباده‌تن" تا بگه‌ن به پێگه‌ی چاکی وچاکسازی وپاکی ده‌رون و ویژدان. ته‌نانه‌ت له‌م پرۆسه‌یه‌دا که چوارچێوه وکارنامه‌ی سیاسیشی هه‌یه گرێدانه‌وه به خۆشه‌ویستی خاک ونه‌ته‌وه وگه‌یشتن به روناهی ئاینده وبه دادپه‌روه‌ری بونه‌ته چه‌مکه بزوێنه‌ره‌کانی گۆڕانخوازان.
پێموایه ئه‌م که‌ش وهه‌واوه‌ی ناو گۆڕان وه‌ک ئاوێکه له سه‌ره‌وه رژێنراوه وبه هه‌مو لایه‌ک وسوچێکی بزوتنه‌وه‌که‌دا بڵاوبۆته‌وه. ئه‌مه ئه‌و هێزه له بننه‌هاتوه‌ی گۆڕانه که توانای بنیاتنان وبه‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی له بن نایه‌ت. |
|
|