Print
 
 22 - 21 = 1
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, August 8, 2012
له‌ راپه‌ڕینی 1991 و له‌21 /3 شاری که‌رکوک له‌ به‌عسیه‌کان پاک کرایه‌وه‌، رۆژێ دوای ئازادکردنی که‌رکوک به‌عسیه‌کان تۆپبارانی گه‌ڕه‌که‌ کوردیه‌کانیان کرد، له‌ گه‌ڕه‌کی ره‌حیماوه‌، چه‌ند گوله‌ تۆپێک به‌ر ماڵی عوسمانی مام ئه‌نوه‌ر که‌وت، جگه‌ له‌ وێرانکردنی خانوه‌که‌ 22 که‌س له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ شه‌هید بون.

له‌ 1994، له‌ شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌کێتی و پارتی‌، شاری قه‌ڵادزه‌ یه‌کێ بو له‌و شارانه‌ی بو به‌ مه‌یدانی شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی ئه‌و دو حیزبه‌، له‌ ئه‌نجامی تۆپبارانی ئه‌و شاره‌ له‌ یه‌ک بنه‌ماڵه‌دا 21 که‌س ده‌بنه‌ قوربانی.*

قوربانی و شه‌هیدبون یه‌ک جۆره‌ و ده‌کات به‌یه‌ک، به‌ گوله‌ی برای خۆت بێت یان گوله‌ی دوژمن. جیاوازی ژماره‌ی شه‌هیدانی ماڵه‌که‌ی که‌رکوک و قه‌ڵادزه‌ش ده‌کاته‌ یه‌ک.

له‌ ساڵی کوردقڕاندا به‌عسیه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی توانیان به‌ گه‌لی کوردیان کرد: به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی، گرتن و له‌ سێداره‌دان، جیاکردنه‌وه‌ی‌ مناڵ، پیر، ژن و پیاو له‌ یه‌کتر، زینده‌ به‌چاڵکردن و به‌ کۆمه‌ڵ ناشتن له‌ یه‌ک گۆڕدا و روخاندنی گونده‌کان...تاد. ئه‌م تاوانانه‌ بون به‌ هۆکارێک له‌ ناشرینکردنی روی به‌عس لای کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، که‌م و زۆر له‌ سه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ جگه‌ له‌ تاوانباره‌ کورده‌کان هه‌ندێ سه‌رانی به‌عس سزا دران. ئێستاش کورد و ده‌سه‌ڵاتی کوردی باس له‌و تاوانانه‌ ده‌که‌ن و له‌ زۆر مه‌حفه‌لی ده‌ولیدا ده‌یوروژێنن. له‌ ناوخۆی عێراقیش باس له‌ قه‌ره‌بو کردنه‌وه‌ ده‌که‌ن. دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی‌ به‌ کۆمه‌ڵ هه‌ر جاره‌ له‌ شوێنیک یه‌کێکه‌ له‌و کردارانه‌ی به‌عس که‌ ناوبه‌ناو برینه‌کان ده‌کولێنێته‌‌وه‌.

له‌ شه‌ڕی ناوخۆشدا ده‌یان تاکی کورد دیار نه‌ماون و بێسه‌روشوێنن، که‌سوکاره‌کانیان تائێستا به‌ دوایاندا ده‌گه‌ڕێن: له‌ ده‌رگای په‌رله‌مان، حکومه‌ت، حیزبه‌کان، رێکخراوه‌ ناحکومیه‌کانیان داوه‌، هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام هه‌مو ئه‌م هه‌وڵانه‌ بێسود بوه‌. ماوه‌یه‌ک‌ له‌مه‌وبه‌ر باس له‌بونی گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ کرا له‌ ناوچه‌ی دێگه‌ڵه‌- کۆیه‌. به‌ڵام ئه‌م باس و هه‌وڵه‌ به‌ جدی وه‌رنه‌گیرا و کاری له‌سه‌ر نه‌کرا. رێکخراوی کوردۆساید ( چاک) تاکه‌ رێکخراوه‌ ده‌ستی بۆ ئه‌م دۆسێیه‌ بردبێ‌. له‌ کاتێکدا پێویست بو حکومه‌ت و په‌رله‌مان به‌جدی کاریان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه‌ بکردایا و یه‌کلاییان بکردایاته‌وه‌،‌ ئه‌م دۆسێیه‌ ئه‌مڕۆ یه‌کلایی بکرێته‌وه‌ باشتره‌ له‌ سبه‌ی.

تۆپباران، زینده‌ به‌چاڵکردن و گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ تاوانن، هه‌رکه‌سێک و له‌ کوێ ئه‌نجام بدرێ، چونکه‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی هاوجوتن و ده‌گه‌نه‌وه‌ یه‌ک و ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ یه‌ک‌.


* ئاوێنه نیوز، هۆشه‌نگ سه‌روچاوه‌یی‌، 6/8/2012
Sbeiy.com © 2007