Print
 
 كورسی‌ و سه‌رۆك
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Tuesday, August 21, 2012

زۆر سه‌یره‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ زۆر له‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌خرێنه‌ خواره‌وه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ كاتێك چونه‌ته‌ سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌ڵات زۆرترین چه‌پڵه‌یان بۆ لێدراوه‌ و به‌رفره‌ترین ده‌ست و پێوه‌ند و نۆكه‌ر و به‌رده‌ستیان هه‌ بوه‌، ئه‌و جۆره‌ سه‌رۆكانه‌ هاوشێوه‌ی‌ سه‌دام و موباره‌ك و بن عه‌لی‌ و عه‌لی‌ عه‌بدوڵا ساڵح و سبه‌ی‌... به‌شار ئه‌سه‌د و زۆری‌ دیكه‌، ئه‌وانه ‌كاتێك ده‌خرێنه‌ سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ چه‌پڵه‌ رێزان و به‌سه‌ر ده‌ست و باوه‌شی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌برێنه‌ سه‌ر كورسیه‌كه‌، ساڵانی‌ سه‌ره‌تا خه‌ڵكی‌ سه‌مای‌ بۆ ده‌كه‌ن و ئه‌ویش به‌نێو ئاپۆرای‌ خه‌ڵكدا ده‌ڕوات و ده‌ستیان له‌ شێوه‌ی‌ سڵاو بۆ هه‌ڵده‌بڕێت، ره‌نگه‌ سڵاو بێت و ره‌نگه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ هه‌ڕه‌شه ‌و شتی‌ تر.

ساڵه‌كان تێده‌په‌ڕن به‌ره‌به‌ره‌ خه‌ڵك له‌و سه‌رۆكه‌ ده‌كشێنه‌وه‌ و ئه‌ویش زیاتر باوه‌ش ده‌كات به‌ كورسیه‌كه‌یدا، سه‌ره‌تا خه‌ڵكه‌ دوره‌كه‌ ده‌تارێن، تا خه‌ڵك زیاتر لێی‌ ده‌كشێنه‌وه‌ ئه‌و زیاتر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ درۆ و ساختانه‌دا ده‌نگ ده‌هێنێ‌، دوای‌ رۆیشتنی‌ خه‌ڵكه‌ دوره‌كه‌ ئه‌وجا نزیكه‌كان ده‌ست پێده‌كات، وه‌ك ئه‌ندامانی‌ حیزب، باوه‌ڕدارانی‌ حیزب، موچه‌خۆرانی‌ حیزب، سه‌رۆك زیاتر باوه‌ش ده‌كات به‌ كورسیه‌كه‌دا و به‌ ئامان و زه‌مان به‌ری‌ نادات، 99%ی‌ ده‌نگه‌كانیش له یاریه‌كه‌ی‌ خۆیدا ده‌هێنێت.

ساڵی‌ تازه‌ دێت و نزیكه‌كانی‌ سه‌رۆك قه‌لفڕی‌ لێده‌كه‌ن، ئه‌ویش وه‌ك منداڵ وڕك له‌ كورسیه‌كه‌ی‌ ده‌گرێت و به‌ری‌ نادات شه‌بیحه ‌و به‌ڵته‌گیه‌ و چه‌قۆكێش و جنێو فرۆش و جاسوسیش به‌هه‌مو كوچه ‌و كۆڵانی‌ وڵاتا بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام دوركه‌وتنه‌وه‌ لێی‌ ده‌گاته‌ ناو بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ و سه‌ره‌تا ئامۆزاو زازاكان دور ده‌كه‌ونه‌وه‌ و دواتر براو كوڕو ئه‌وانی‌ تر، كه‌چی‌ سه‌رۆك زیاتر باوش ده‌كات به‌ كورسیه‌كه‌یدا و ئاماده‌نیه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ بێت، سه‌رۆك ده‌وروبه‌ری‌ خاڵی‌ ده‌بێت و هه‌ر ئه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌چه‌پڵه‌ هێنایانه‌ سه‌ر كورسی‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ چه‌پڵه‌ له‌ كورسیه‌كه‌ بیهێنه‌ خواره‌وه‌، ئه‌ویش وه‌كو منداڵ شیوه‌ن ده‌كات و كورسیه‌كه‌ به‌رنادات، تا له‌ كورسیه‌كه‌ نه‌یخه‌نه‌ خواره‌وه‌، سه‌رۆك به‌چه‌پڵه‌ دێت و به‌ چه‌پڵه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام جیاوازیه‌كی‌ زۆر له‌نێوان ئه‌و دو چیرۆكی‌ هاتن و چونه‌دا هه‌یه‌.

Sbeiy.com © 2007