برێمه‌ر
کاتێک Paul Bremer دوای روخاندنی سه‌دام و راگرتنی شه‌ڕ گه‌یشته به‌غدا 6 ملیار دۆلار له داهاتی پرۆگرامی نه‌وت به خۆراک و به‌لایه‌نی که‌میشه‌وه 10 ملیار داهاتی کۆکراوه له فرۆشتنی نه‌وتی عێراق له‌به‌ر ده‌ستیدا بو. به‌پێی بریاری 1483ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له 22 مایسی 2002 دا سه‌رجه‌م ئه‌م پارانه گوێزرانه‌وه بۆ حسابێکی بانک له Federal Reserve Bank in New York به‌ناوی سندوقی گه‌شه‌پێدانی عێراق و ته‌رخان کرابو تا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کاتی هاوپه‌یمانیه‌وه بۆ خه‌ڵکی عێراق سه‌رف بکرێت. له هه‌مان کاتدا کۆنگرێسی ئه‌مەریکی بڕی 18،4 ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی ته‌رخان کردبو. کاتێک له 28 حوزه‌یرانی 2004 برێمه‌ر به‌په‌له عێراقی به‌جێهێشت حکومه‌ته کاتیه‌که‌ی نزیکه‌ی 20 ملیار دۆلاری له پاره‌ی عێراق و 300 ملیۆن له یارمه‌تیه‌کانی سه‌رف کردبو.
پرۆگرامی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق گه‌وره‌ترین پرۆگرامی ئه‌مەریکا بو دوای پلانی مارشاڵ بۆ ئه‌وروپا و له‌سه‌ر ده‌ستی دیبلۆمات و کۆماندۆکانی شکستی هێنا.
دواتر له لێکۆڵینهووه و به‌دواداچونه‌کان ده‌رکه‌وت که چ دزی و گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ری له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی برێمه‌ردا کراوه، به‌کۆی گشتی شێوازه‌کانی سه‌رفکردنی زیاتر له 12 ملیار دۆلار دیار نه‌بون، له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌دا، ده‌رئه‌نجامه‌کانی به کۆنگرێسی ئه‌مەریکی دراون، ده‌رکه‌وتوه که عێراقیه‌کانی سەر بە برێمه‌ر و ئهمەریکیهکانی ده‌وروبه‌ری و بانده‌کانی تاوان و مافیا و گروپ و کۆمپانیاکانی شه‌به‌ح که بونیان نه‌بوه چه‌ندیان هه‌ڵلوشیوه. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت عێراق که‌لاوه و وێرانه‌یه‌کی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و شتێکی ئه‌وتۆ له بنیاتنهنهوهی عێراق به‌رچاو ناکه‌وێت. وه‌ک کورد وتویه‌تی: "گه‌وره ئاو ده‌ڕێژێت و بچوک پێی تێده‌خات" بزانین پاشماوه‌کانی برێمه‌ر چیان کردوه؟
سیاسه‌تی ئه‌مەریکا له عێراق
پێشئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر بابه‌تی نوسینه‌که پێویست ده‌کات ئاماژه بکه‌م به کرۆکی سیاسه‌تی ئه‌مەریکا له عێراق که له سه‌رده‌می ئیداره جیاکاندا گۆڕانکاری به‌رچاوی تێدا نه‌بینراوه، ئه‌ویش بریتیه له مانه‌وه‌ی کاریگه‌ری ئه‌مەریکا له عێراق، پاراستنی ئارامی ناوخۆیی و ناوچه‌که و یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق، ته‌نانه‌ت له رێکه‌وتنی ستراتیژی ئه‌منی نێوان عێراق و ئهمەریکاشدا جه‌خت کراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاشتبونه‌وه‌ی نیشتمانی له چوارچێوه‌ی عێراقێکی یه‌کگرتو و فیدراڵ. ئه‌مەریکا دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی و بۆ هێشتنه‌وه‌ی کاریگه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر که‌ناڵه‌کانی دیبلۆماسی و بازرگانی و هه‌واڵگری به‌کار ده‌هێنێت.
به‌رده‌وام له‌دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه سیاسه‌تی ئه‌مەریکا له عێراق روبه‌روی چه‌ند مه‌ترسیه‌کی گه‌وره بۆته‌وه، له‌وانه: شه‌ڕی تایه‌فی و مه‌زهه‌بی، که‌رکوک و ناوچه دابڕێنراوه‌کان و ده‌رنه‌چونی یاسایه‌کی نیشتمانی بۆ نه‌وت و گاز. به‌تایبه‌ت که دوا خاڵ تا ئه‌م ساته‌ش نه‌هاتۆته‌دی ره‌وشێک هاتۆته ئاراوه که هه‌مو لایه‌ک به‌شێوازێکی نیمچه یاسایی له پانتاییه‌کی خۆڵه‌مێشیدا کار بۆ خۆی ده‌کات. عێراقی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌سه‌ر چه‌ند ده‌سته و تاقمێکدا دابه‌شکراوه و هه‌ریه‌ک لێیان مۆنۆپۆلی ته‌واوی نه‌وت و مۆبایل و گرێبه‌سته گه‌وره‌کان له سنوری ناوچه‌که‌یدا ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد سودیان له‌و پانتاییه کردوه و وێرای ناڕه‌زایی و توڕه‌بونی ده‌سه‌ڵاته ناسیۆنالیسته‌کان له به‌غدا چه‌ندین گرێبه‌ستی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کان ساز داوه و تادێتیش رو له ههڵکشاندنه. ئه‌م هه‌نگاوه له سه‌ره‌تادا شایانی ده‌ستخۆشی و پشتگیری بو له لایه‌ن هه‌ر کوردێکی دڵسۆزه‌وه. دواتر که ورده‌کاری و پێج و په‌نای ئه‌و پرۆسه‌یه که‌وتنه به‌رچاو ناڕه‌زایی و ره‌خنه و نیگه‌رانی له‌مه‌ر سه‌رجه‌م پرۆسه‌که بۆته بابه‌تێکی گه‌رمی دۆخی سیاسی له کوردستان و مانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت به‌و شێوه‌یه ئاکامی مه‌ترسیداری لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت.
زۆر گرنگه کاتێک داهاتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌شه ده‌کات و له‌وه‌ش گرنگتر توانا و لێهاتویهتی و ده‌ستپاکی و راستگۆیی و دادپه‌روه‌ری به‌رپرسانه له شێوازی سه‌رفکردنی. مه‌خابن ناشه‌فافی و گه‌نده‌ڵی و شاردنه‌وه و زه‌وتکردنی داهاتی نه‌وت بونه‌ته سیماکانی ئه‌و پرۆسه‌یه.
له‌م نوسینه‌دا، پشتئه‌ستور به چه‌ندین دۆکیومێنت و به‌ڵگه، هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشک بخه‌مه سه‌ر چه‌ند لایه‌نێک له شێوازی مامه‌ڵه‌کردن به نه‌وته‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له گه‌ڵ چه‌ند دۆست و که‌سانی پایه به‌رز له بیانیه‌کان و زۆر تایبه‌ت ئه‌مەریکیه‌کان. ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه له پاداشتدانه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵوێست و کاره‌کانیان که بۆ کورد کردویانه ده‌رچوه و چۆته بواری بازرگانیکردنی ناڕه‌وا و ژێربه‌ژێر به سامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که له رۆژه سه‌خته‌کانی مێژویدا ئه‌و که‌سایه‌تیانه به‌رگریان لێکردوه و به‌ده‌نگیه‌وه هاتون و له ئه‌مڕۆدا بونه‌ته هاوبه‌ش و به‌هێزکه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار به‌رامبه‌ری.
زۆربه‌ی ئه‌م که‌سانه له ئیداره‌ی بوش به‌رپرسی باڵای سه‌ربازی و دیبلۆماسی بون و له توندڕه‌وه‌کانی ره‌وتی کۆنسێرڤه‌تیزمی نوێ بون و له ئه‌ندازیارانی جه‌نگ و روخاندنی رژێمی سه‌دام بون. دوای ئه‌و روخاندنه ئه‌م که‌سایه‌تیانه له عێراق و کوردستان به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ستیاریان هه‌بوه و تا ئه‌و ساته‌ی ئۆباما ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست له پۆستی باڵادا کاریان کردوه.
هه‌نوکه له‌و ده‌یان کۆمپانیا بیانیانه‌ی نه‌وت که له کوردستان کارده‌که‌ن چه‌ند کۆمپانیایه‌کی ئه‌مەریکی گه‌وره و مامناوه‌ندیان تێدایه، ئه‌وانه‌ش: ExxonMobil, Murphy Oil, Marathon Oil, Hess, HKN, Hunt Oil.
جگه له سوده ئابوریه‌کانی ئه‌م کۆمپانیانه بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و لایه‌نه‌کانی تر له هه‌مانکاتدا وه‌ک ئامرازێکی سیاسیش سودیان بۆ ئه‌مەریکا و سیاسه‌تی له عێراق و ناوچه‌که هه‌یه. به‌هێزبونی ژێرخانی ئابوری ده‌سه‌ڵات رێگری ده‌کات له باڵاده‌ستی سه‌نگی شیعه له به‌غدا و ره‌وته ناسیۆنالیسته عه‌ره‌به‌کان، ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتی ئابوری و سیاسی ئێران به‌م رێگه‌یه‌وه سنوردار بکرێت و پێگه‌ی تورکیا به‌هێزتر بکرێت، خاڵیکی تریش کاتێک کوردستان بتوانێت گازی سروشتی بۆ ئه‌وروپا هه‌نارده بکات ئه‌وا ئه‌وروپا، له ئێستادا 30% گازی پێویستی له روسیا ده‌کرێت، ده‌توانێت تاڕاده‌یه‌کی باش خۆی له‌و داوه ئابوریه بپچرێنێت.
زاڵمای خه‌لیلزاد
به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هه‌ورامی و زاڵمای خه‌لیلزاد له سیرۆمێنی کردنه‌وه‌ی کێڵگه‌ی نه‌وتی خۆرمه‌له له 18 ته‌موزی 2009
زاڵمای خه‌لیلزاد ساڵی 1951 له شاری مه‌زاری شه‌ریف له ئه‌فغانستان له دایکبوه، خوێندنی زانستیه سیاسیه‌کانی له زانکۆی ئه‌مەریکی له به‌یروت و دواتر له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردو له زانکۆی کۆڵۆمبیا خوێندوه. یه‌کێک له مامۆستاکانیAlbert Wohlstetter بو که به عه‌رابی بزوتنه‌وه‌ی کۆنسێرڤه‌تیزمی نوێ ناسراوه و سه‌رپه‌رشتی خوێندنی کاراکته‌ره ناسراوه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی کردوه وه‌ک ریشارد پێرلێ، پاول ۆڵفۆڤیتز (جێگری دۆناڵد رامسفیلد). له‌و کاتانه‌دا خه‌لیلزاد سه‌رۆکی رێکخراوی دۆسته‌کانی ئه‌فغانستان بوه که یارمه‌تی موجاهیدینیان داوه. له سه‌رده‌می حوکمی ریگان خه‌لیلزاد راوێژپێکراوی تایبه‌تی ۆڵفۆڤیتز بوه که جێگری وه‌زیرو ده‌ره‌وه بوه. خه‌لیلزاد زۆرتر سه‌رقاڵی شه‌ڕی ئێران – عێراق و شه‌ڕی سۆڤیه‌ت له ئه‌فغانستان بوه. له سه‌رده‌می حوکمی بوشی باوک و له کاتی یه‌که‌م شه‌ڕی که‌نداو جێگری وه‌زیری به‌رگری بوه. له‌مکاتانه‌دا بو که دیک چێنی، وه‌زیری به‌رگری، بایه‌خی به خه‌لیلزاد داوه. کاتێک بوشی باوک له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌رامبه‌ر کلینتۆن دۆڕانی خه‌لیلزاد ده‌ستی کرد به‌کارکردن بۆ توێژینه‌وه‌ی سه‌ربازی و دواتر توێژینه‌وه له‌سه‌ر مه‌ترسیه‌کان له سه‌ر پیشه‌سازی نه‌وت بۆ کۆمپانیای Unocal. ئه‌م کۆمپانیایه پلانی هه‌بو بۆ راکێشانی بۆری نه‌وت و گاز به ناو ئه‌فغانستاندا بۆ پاکستان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خه‌لیلزاد دانوستانی له‌گه‌ڵ تاڵیبان کردوه. ئه‌م کۆمپانیایه له ساڵی 2005 له‌گه‌ڵ کۆمپانیای Chevron یه‌کیان گرت.
دوای بردنه‌وه‌ی بوشی کوڕ له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2000 خه‌لیلزاد بوه به راوێژپێکراوی Donald Rumsfeld وه‌زیری به‌رگری. خه‌لیلزاد یه‌کێک بوه له به‌رپرسه باڵاکان که له سه‌رده‌می ئیداره‌ی کلینتنه‌وه داوای گۆڕینی رژێمی سه‌دامی کردوه.
وێرای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی بوش و که‌سایه‌تیه ناوداره‌کانی کۆنسێرڤهتیسمی نوێ، به خهلیلزادیشهوه، جه‌ختیان ده‌کرده‌وه که: "نه‌وتی عێراق بۆ عێراقیه‌کانه"، وه‌لێ پسپۆرانی ئابوری لهHeritage Foundation که نزیک بو له ئیداره‌ی بوش و کۆنسێرڤه‌تیزمه‌کان پلانێکیان بۆ گۆرانی که‌رتی نه‌وت له عێراق بۆ که‌رتێکی تایبه‌ت داڕشتبو. خه‌لیلزاد یه‌کێک بو له ئه‌ندازیارانی ئه‌و بۆچونه. ئه‌م گروپ و ده‌سته کۆنسیرڤهتیزمانه و به رێگه‌ی په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ باڵی راستره‌وی حیزبی لیکودی ئیسرائیلی ئایندهی عێراقی دوای جه‌نگیان داڕشتبو. له سه‌رده‌می ئیداره‌ی بوش زاد باڵیۆزی ئه‌مەریکا بوه له ئه‌فغانستان، دواتر له 2005 تا 2007 له به‌غدا، دوای ئه‌م پۆسته نوێنه‌ری ئه‌مەریکا بوه له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان تا ئه‌و ساته‌ی ئۆباما بو به سه‌رۆک کۆمار. دواتر زوزو له عێراق ده‌رده‌که‌وێت و زۆربه‌ی جار له کۆشکه‌که‌ی تاڵه‌بانی له به‌غدا میوانه.
کاتێک خه‌لیلزاد باڵیۆز بوه له به‌غدا رۆڵێکی به‌رچاوی بینیوه له سازکرن و رێگه‌خۆش کردن و کارئاسانی بۆ یاسایه‌کی نه‌وت به ره‌زامه‌ندی هه‌مو لاکان. پێش ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ی وه‌ک باڵیۆز له مانگی ئازاری 2007 کۆتایی بێت خه‌لیلزاد له مانگی شوباتی ئه‌و ساڵه‌دا ره‌شنوسی رێکه‌وتنێکی ته‌وافقی برده هه‌ولێر. به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک خه‌لیلزاد له‌و هه‌وڵدانه‌یدا پێداگری و فشاری کردوه بۆ تێپه‌ڕاندنی رێکه‌وتنه‌که. دواتر مانگێک پێش به‌جێهێشتنی عێراق بۆ وه‌رگرتنی پۆسته نوێکه‌ی له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان رایگه‌یاند که لایه‌نه‌کان رێکه‌وتون. دواتر به هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا رێکه‌وتنه‌که سه‌قه‌ت و پڕ کێشه بو. پاشان پرۆژه یاساکه مرد و هه‌رێمیش یاسای نه‌وتی بۆ هه‌رێم ده‌رکرد و چه‌ند گرێبه‌ستێکی نه‌وتی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کان سازدا.
خه‌لیلزاد و کورد
دوای نه‌مانی له پۆسته‌که‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان خه‌لیلزاد وه‌ک راوێژپێکراوێک و له ژێر چه‌تری ده‌زگا بازرگانیه‌که‌ی Khalilzad Associates بۆ په‌یداکردن و هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران گه‌ڕایه‌وه بۆ عێراق. خه‌لیلزاد بۆ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی کوردستان و بۆ ماوه‌ی 7 مانگ وه‌ک راوێژپێکراوێک به موچه کاری کردوه.
یه‌کێک له بیرۆکانی راکێشانی بۆری نه‌وت بو که هه‌رێم به به‌شه‌کانی تری عێراق ببه‌ستێته‌وه. وه‌ک خۆی له چاوپێکه‌وتنێکدا له نوسینگه‌که‌ی خۆی له واشنتۆن ده‌ڵێت: "به‌ته‌نیشت به‌ده‌ستهێنانی پاره‌وه لاشم گرنگه له‌و وڵاتانه‌ی کاتێکی زۆرم تێیاندا به‌سه‌ر بردوه به‌دوای ئه‌گه‌ره‌کاندا بگه‌ڕێم بۆ وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌کی بۆ گه‌شه‌کردنی ئابوری". له ناوه‌راستی ساڵی 2010 کرا به‌ئه‌ندامی بۆردی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی کۆمپانیایPetroleum RAKی نه‌وت له راس الخیمهی ئیمارات. له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌ندامیه‌تی له بۆردی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی کۆمپانیای نه‌وتی نه‌رویژی DNO په‌سندکرا. کۆمپانیایRAK خاوه‌نی 30% پشکه‌کانی کۆمپانیای DNO هیه که یه‌که‌م کۆمپانیایه له کوردستان ده‌ستی به‌کار کردوه.
له کاتێکدا خه‌لیلزاد باڵیۆزی ئه‌مەریکا بو له عێراق هانی گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدا نه‌ده‌دا. دواتر که پۆسته فه‌رمیه‌که‌ی نه‌ما ته‌واوی هه‌ڵوێست و ره‌فتاری 360 پله گۆڕی.
له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌و روهوە ده‌ڵێت: "کۆمپانیاکه‌م - Khalilzad Associates- نوێنه‌رایه‌تی هیچ لایه‌نێک له‌م پرۆژه‌یه‌دا ناکات" و جه‌ختیشی کردوه‌و که مه‌عمیله‌کانی ئه‌و له شوێنه‌کانی تری عێراق کارده‌که‌ن نه‌ک له کوردستان.
Sam Daghen له رۆژنامه‌ی New York Times له 14 ته‌موزی 2010 له نوسینه‌که‌یدا به‌مجۆره باسی خه‌لیلزاد ده‌کات: " له‌گه‌ڵ هێوربونه‌وه‌ی ره‌شه‌بای شه‌ڕ له عێراق، خه‌لیلزاد له‌نێو لیستی گه‌وره‌ی ئه‌و دیبلۆمات و کۆماندۆ سه‌ربازانه‌ی ئه‌مەریکایه که چاویان له ناوچه‌ی کورده‌کانی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت بڕیوه و وه‌ک راوێژپێکراو کار بۆ حکومه‌ته‌که‌یان ده‌که‌ن. سودمه‌ندن له شه‌ڕێکی گرانبه‌ها که رۆڵیان تێدا هه‌بوه. هه‌رچۆنێک بێت بازرگانی و سیاسه‌ت له ناوچه‌یه‌ک که له‌لایه‌ن دو حیزب و دو بنه‌ماڵه‌وه کۆنترۆڵ کراوه له یه‌ک جیا ناکرێنه‌وه و تۆمەتباریش ده‌کرێن به گه‌نده‌ڵی. کورده‌کانیش به‌ده‌وری خۆیان به‌شێوازێک مامه‌ڵه له گه‌ڵ په‌یوه‌ندیه ئهمەریکیهکانیان ده‌که‌ن که ده‌مان گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له چۆنیه‌تی لۆبی کردن له واشنتۆن". داگێن له درێژه‌ی نوسینه‌که‌دا ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی مه‌عمیلی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌زگا بازرگانیه‌که‌ی دۆزیه‌وه کاری راوێژپێکراوی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ستاند و هه‌وڵ ده‌دا تا کرێی شوقه‌که‌ی له هه‌ولێر په‌یدا بکات، شوقه‌که موڵکی وه‌زیری سامانه سروشتیه‌کانه بێ به‌رامبه‌ر پێی دراوه. جگه له‌م کارانه‌ش ئه‌ندامی بۆردی زانکۆی ئه‌مەریکایه له سلێمانی".
له ته‌موزی 2009 له سێرێمۆنی کردنه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی نه‌وت خه‌لیلزاد بانگهێشت کرابو، بارزانی له وتاره‌که‌یدا وتی: "ئه‌م پرۆسه‌یه که ئه‌مڕۆ ئاهه‌نگی بۆ ده‌گێڕین ئه‌وکاته ده‌ستی پێ‌کرد که (خه‌لیلزاد) له به‌غدا بو. زاد به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه بهتهنێشت بارزانیه‌وه وه‌ستابو، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌و له‌م روداوه هه‌ستیاره دور نیه.
خه‌لیلزاد به رێگه‌ی کۆمپانیا راوێژکاریهکهیهوه کارتێکی ئاڵتونی به‌ده‌سته‌وه‌یه و زۆر نزیکه له دو بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له کوردستان و لابه‌لاش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تری به‌رپرسه عێراقیه‌کان ده‌بینێت، وه‌کو بینینی شه‌هرستانی له کاتی کۆنفرانسی وه‌به‌رهێنان له عێراق له ئۆکتۆبه‌ری 2009 له واشنتۆن ساز کرابو.
له لێدوانێکی به‌ڕێز دکتۆر محمود عوسمان بۆ په‌یامنێری (نقاش) له 20 ئۆکتۆبه‌ری 2009 ده‌ڵێت: خه‌لیلزاد هاتوه بۆ عێراق و مه‌به‌ستیشیه‌تی پشتگیری کۆمپانیا نه‌وته‌کانی ئه‌مەریکا بکات، که به‌دوای گرێبه‌ستی زۆر باش‌دا ده‌گه‌ڕێن.
سه‌رکرده‌کانی کورد خه‌لیلزاد به "دۆستێکی به‌ئه‌مه‌ک"ی عێراقی وه‌سف ده‌که‌ن. هه‌رچه‌نده بونی خه‌لیلزاد له عێراق زۆر به‌رچاوه، به‌ڵام مه‌عمیله‌کانی ئاشکرا نین و شوێن په‌نجه‌شی له گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کان له عێراق و کوردستان به‌رچاو نین. ئاشکرا نیه خه‌لیلزاد توانیویه‌تی چی بۆ DNOی نه‌رویژی به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌ی گومانی لێ ناکرێت که خه‌لیلزاد پێگه و ناوداری و په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی به‌کار هێناون.
پێته‌ر گاڵبرایت (Peter Woodard Galbraith)
گاڵبرایت ساڵی 1950 له بۆستن له ئه‌مەریکا له دایکبوه، باوکی John Kenneth Galbraith یه‌کێک بوه له ئیکۆنۆمیسته زۆر به‌ناوبانگه‌کانی سه‌ده‌ی بیست. گاڵبرایت له زانکۆکانی هارڤارد و ئۆکسفۆرد و جۆرج تاون خوێندویه‌تی و ئێستا له ڤێرمۆنت له ئه‌مەریکا ده‌ژی. له 1979 تا 1993 کارمه‌ندێکی پسپۆڕ بوه له لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سیناتی ئه‌مەریکا.
له ساڵی 1993 کلنتۆن کردی به باڵیۆزی وڵاته‌که‌ی له کرواتیا و دواتریش له پۆسته نێوده‌وڵه‌تیه باڵاکاندا کاری کردوه.
گاڵبرایت و کورد
له ساڵی 1987 رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه له ناسینی دنیا به سیاسه‌تی هه‌مه‌جی سه‌دام به‌رامبه‌ر به کورد. له ساڵی 1988 پرۆژه یاسایه‌کی بۆ ته‌حریم کردنی جینۆساید ئاماده‌کرد و تێدا ئابڵوقه‌یه‌کی به‌رفراوان و توندی دژ به سه‌دام پێشنیاز کردبو. پێشنیازه‌که به‌کۆی گشتی ده‌نگی سینات په‌سند کرا، به‌ڵام ئیداره‌ی ریگان رێگری کرد له‌وه‌ی ببێت به یاسا. له راپه‌رین و کۆڕه‌وه‌که‌دا هاته کوردستان و رۆڵی له سازدانی ناوچه‌ی ئارام بۆ کورد هه‌بو. له ساڵی 1992 گاڵبرایت 14 ته‌ن به‌ڵگه و دۆکیۆمێنتی حکومه‌تی عێراقی له سه‌ر تاوانه‌کان ده‌رهه‌ق به کورد برده ئه‌مەریکا.
کاره‌کانی گاڵبرایت له سه‌ر کورد له کتێبی: کێشه‌یه‌ک له دۆزه‌خه‌وه: ئه‌مەریکا و سه‌رده‌می جینۆساید، A Problem from Hell: America and the Age of Genocide نوسراو له لایه‌ن نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی به‌ره‌گه‌ز ئیرله‌ندی Samantha Power، کۆکراونه‌ته‌وه.
له 2003 تا 2005 گاڵبرایت وه‌ک راوێژپێکراوێکی کورد رۆڵی به‌رچاوی بینیوه له داڕشتنی ده‌ستوری کاتی و هه‌میشه‌یی عێراق و هانی سه‌رکرده‌کانی کوردی داوه که کار بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی حکومه‌تی عێراق بکه‌ن. له کتێبه‌که‌ی به‌ناوی کۆتایی عێراق: چۆن لێنههاتویهتی ئه‌مەریکا شه‌ڕێکی بێ کۆتایی به‌رپا کرد، له 2006 دا بڵاو کرایه‌وه، له لاپه‌ره 166 دا گاڵبرایت نوسیویه‌تی: "له مانگی مایسی 2003 ده‌رکم به‌وه کرد که سه‌رکرده‌کانی کورد کێشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی به‌رته‌سکیان هه‌یه له پلاندانان بۆ عێراقێکی فیدراڵ. ئه‌وان بیریان له شۆڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کرده‌وه، به واتایه‌کی تر به‌غدا مافه‌کانیان پێ ببه‌خشێت. من جه‌ختم ده‌کرده‌وه هاوکێشه‌که پێچه‌وانه بکرێته‌وه...تاد". گاڵبرایت نایشارێته‌وه که هه‌واداری دابه‌شکردنی عێراقه و سیاسه‌تی ئه‌مەریکا بۆ هێشتنه‌وه‌ی عێراق به یه‌کپارچه‌یی به هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌زانێت.
گاڵبرایت و نه‌وت
له مانگی ئۆکتۆبه‌ری 2009 چه‌ند رۆژنامه‌نوسێکی نه‌رویژی له رۆژنامه‌یDagens Naeringsliv چه‌ند دۆکیۆمێنتێکیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی گاڵبرایت له‌گه‌ڵ کۆمپانیای DNOنه‌وتی نه‌رویژی بڵاوکرده‌وه که گرێبه‌ستی نه‌وتی گه‌وره‌ی له کوردستان هه‌یه. رۆژنامه‌ی نیۆرک تایمس له وتارێکدا که له 11 نۆڤه‌مبه‌ری 2009 دا بڵاوی کرده‌وه نوسراوه: له‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی رۆژنامه‌که له‌گه‌ڵ زیاتر له 10 به‌رپرسی ئێستا و پێشوتری حکومی و بازرگانی له نه‌رویژ و فه‌ره‌نسا و عێراق و ئه‌مەریکا ئه‌نجامی داون و پشتئه‌ستور به به‌ڵگه و دۆکیومێنته فه‌رمیه‌کان ده‌رکه‌وتوه که به‌لایه‌نی که‌مه‌وه مافی پشکێکی گه‌وره له یه‌کێک له کێڵگه‌کانی نه‌وت له کوردستان له به‌هاری 2004 دا به گاڵبرایت دراوه. گاڵبرایت ئه‌م پشکه‌ی وه‌رگرتوه پاش ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوانه یارمه‌تی کۆمپانیاکه‌ی داوه له دانوستانه‌کاندا بۆ گرێبه‌ستێکی زۆر باش. گاڵبرایت خۆی ده‌ڵێت که کاره‌کانی دروست بون، چونکه ئه‌وکاته به‌رپرسیاریه‌تی فه‌رمی نه‌بوه و وه‌ک هاوڵاتیه‌ک زۆر به‌خه‌ستی تیكه‌ڵی دۆزی کورد بوه.
له که‌سایه‌تیه نزیکه‌کان له گاڵبرایت، وه‌ک بایدن، جێگری ئۆباما، جۆن کێری، کاندید بۆ سه‌رۆک کۆمار له ههڵبژارهکانی 2004، بێ‌ئاگا بون له بازرگانیه‌کانی گاڵبرایت له عێراق. به‌هۆی ئه‌م بازرگانیهوهیه که میسداقیه‌تی وه‌ک راوێژپێکراوی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد بۆ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق که‌وتۆته به‌ر پرسیاری چه‌ندین سیاسه‌تمه‌دار و چاودێری سیاسیه‌وه.
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی DNO، Helge Eide، دانی به‌وه‌دا ناوه که گاڵبرایت یارمه‌تی داون له دانوستانه‌کان بۆ گرێبه‌ستی کیڵگه‌ی نه‌وتی تاوکه و راوێژپێکراوی کۆمپانیاکه بوه. گاڵبرایت له نامه‌یه‌کی وه‌ڵامدانه‌وه‌دا بۆ رۆژنامه‌ی The Times له کۆتایی ساڵی 2009 دا ناردویه‌تی دانی ناوه به‌وه‌دا که وه‌سیت بوه له نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و کۆمپانیای DNO و ده‌شڵێت: "له کاته‌کانی دانوستان بۆ ده‌ستور و دواتریش به‌رده‌وام بوه له په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ کۆمپانیه‌که‌دا.
گاڵبرایت له وه‌ڵامی ئه‌م هه‌مو ره‌خنه و بریندارکردنهدا ده‌ڵێت: "باوه‌ڕم هه‌یه که کارکردنم له‌گه‌ڵ DNO – و کۆمپانیاکانی تریش – یارمه‌تی کورده‌کانی داوه له دروستکردنی پیشه‌سازی نه‌وت له کوردستان که زه‌مینه‌ی ئابوری بۆ کورده‌کان دابین ده‌کات بۆ سه‌ربه‌خۆییان که هه‌مویان له مێژه‌وه خوازیارین". گاڵبرایت راشی گه‌یاندوه که کورده‌کان له کاته‌کانی دانوستانه‌کان بۆ ده‌ستور به‌ئاگابون له کارکردنی له‌گه‌ڵ DNO و ئه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له کورده‌کان پاره‌ی وه‌رنه‌گرتوه.
جای گارنر (Jay Garner)
گارنر له ساڵی 1938 له ویلایه‌تی فلۆریدا له دایکبوه، خوێندنی مێژو و کارگێری گشتی ته‌واو کردوه. له ساڵی 1962 بۆته ملازمی دوه‌م و له شه‌ڕی ڤێتنام به‌شداری کردوه و دواتر چه‌ندین پۆستی هه‌ستیاری سه‌ربازی هه‌بوه. گارنر به‌شداری له گه‌شه‌پێدانی موشه‌کی پاتریۆت کردوه و له شه‌ری یه‌که‌می که‌نداو به‌شداری کردوه. دوای ئه‌م جه‌نگه پاراستنی به‌شێکی کوردستانی پێ راسپێردرا. له ساڵی 1997 خانه‌نشین کراوه.
گارنر دوای خانه‌نشینکردنی بۆته به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمپانیایه‌ک بۆ دروستکردنی چه‌ند به‌شێکی گرنگ بۆ سیسته‌می موشه‌کانی پاتریۆت و ئارۆ.
له ساڵی 2003 گارنر دانرا بۆ سه‌رپه‌رشتیکردنی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق، له‌م کاره‌یدا سه‌رکه‌وتو نه‌بو و دواتر پاوڵ برێمه‌ر شوێنی گرته‌وه.
گارنر و کورد
له‌دوای راپه‌رین و کۆره‌وه‌که‌دا گارنر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆگرامی یارمه‌تیدانی کورد به‌ناوی Provide Comfort دانرا. له‌م کاره‌یدا په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد سازدا.
گارنر په‌یوه‌ندی کۆن و توندی له‌گه‌ڵ دیک چێنی جێگری بوش، رامسفیڵد، وه‌زیری به‌رگری، هه‌بوه. چه‌ندین گرێبه‌ستی بنیاتنهنهوهیانله عێراق پێداوه که گومانی زۆری چاندوه که عێراقی دوای جه‌نگ به‌کار ده‌هێنرێت بۆ پاداشتدانه‌وه‌ی به‌شداربوه‌کان له حیزبی کۆماری ئه‌مەریکا. بۆ نمونه گرێبه‌ستێک به به‌های 7 ملیارد دۆلار درا به کۆمپانیایه‌کی پێشوی دیک چێنی به‌ناوی Halliburton بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگری بیره نه‌وته‌کان که سه‌دام ئاگری تێبهردابون. گرێبه‌ستێکی تر به‌بری 680 ملیۆن دۆلار به کۆمپانیایه‌کی سه‌ر به کۆماریه‌کان به‌ناوی And Bechtel دراوه بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی چه‌ند سێکتۆرێکی ژێرخانی عێراق، جۆرج شولتز George Shultz وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا له ئیداره‌ی ریگان به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م کۆمپانیایه بوه و له هه‌مانکاتیشدا سه‌رۆکی کۆنسۆڵی نێوده‌وڵه‌تی JP Morgan Chase بوه که وه‌زیری سامانه سروشتیه‌کانی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵدا کردون، ئه‌م ده‌زگا بازرگانیه له ساڵی 1983 500 ملیۆن دۆلاری قه‌رز به سه‌دام داوه.
گارنر و نه‌وت
|ژه‌نه‌راڵ گارنر به‌ڕێوه‌به‌ری بۆردی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی کۆمپانیای نه‌وتی Vast Exploration ه و یه‌كیک له ئه‌ندامانی بۆرده‌که‌ی ژه‌نه‌راڵ ئه‌بو زه‌یده که له عێراق و کوردستانیش کاری کردوه.
کۆمپانیای Vast Exploration 37% له بلۆکی قه‌ره‌داغی هه‌یه له‌و گرێبه‌سته‌ی ساڵی 2008 واژۆ کراوه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمدا. بلۆکه‌که پانتایی 846 چوارگۆشه کیلۆمه‌تره. کۆمپانیاکه ته‌نها 15 ملیۆن دۆلاری له به‌رده‌ستدا بوه بو ده‌ست به‌کارکردن. کۆمپانیاکه له ساڵی 2011 رایگه‌یاند که بۆ به‌رده‌وامدان به کاره‌کانی پێویست ده‌کات 5 ملیۆن دۆلار قه‌رز بکات. شایانی گومان و پرسیاره که حکومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستێکی له‌و جۆره ده‌دات به کۆمپانیایه‌ک له‌و ئاسته لاوازه‌دا کاتێک ده‌زانن به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی گرێبه‌سته‌که پێویستی به ده‌یان ملیۆن دۆلاره. بۆچی ئه‌م کۆمپانیایه یه‌ک دۆلار، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له سه‌ری راهاتون، شیرینی نه‌داوه. ئه‌م هه‌مو خاتر خاترانه بۆ کێی و بۆچی.
مشتێک له خه‌روارێک
زنجیره‌ی ناوی ئه‌مەریکیه‌کان که دوای نه‌وتی کوردستان که‌وتون و ده‌سه‌ڵاتدارنی نه‌وتی هه‌رێمه‌که‌مان فه‌رشی سوریان بۆ راخستون ته‌نها به‌م چه‌ند که‌سایه‌تیه ناودارانه پڕ ناکرێته‌وه. له‌و که‌سایه‌تیانه‌ی ژیرانه‌تر هه‌وڵی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست داوه ریشارد پێرل یاریده‌رێکی وه‌زیری به‌رگری له ئیداره‌ی ریگانه، ئه‌م زاته به‌نازناوی شازاده‌ی تاریکیش ناسراوه، گومان لێکراوه به سیخوری بۆ ئیسرائیل، راوێژپێکراوی موعه‌مه‌ر قه‌زافی بوه له 2006 دا و یه‌کێکه له سیاسه‌تمه‌دار و لۆبیست و پسپۆڕه ناوداره‌کانی بواری ئاسایش و یه‌کێکه له سقورهکانی ره‌وتی کۆنسێرڤیتزمی نوێ. پێرڵ ئه‌گه‌ره‌کانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی له گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له واشنتۆن باس کردوه و له‌و روه‌وه قوباد تاڵه‌بانی له رونکردنه‌وه‌یه‌کدا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌لماندوه.
تهماعهکه له ناوچه‌یه‌که ناسراو به K18نزیکه له شاری هه‌ولێر. به‌پێی دۆکیۆمێنته‌کان له رێگه‌ی کۆمپانیای تورکی AK Group International هه‌وڵ بۆ سازدانی گرێبه‌سته‌که دراوه.
له رونکردنه‌وه‌که‌ی قوباد تهڵهبانیدا هاتوه: "یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانم گه‌ڕانه به‌دوای وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئابوری نوێی کوردستانی عێراق که له گه‌شه‌کردندایه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌مو داوایه‌کی ره‌وایه بۆ وه‌به‌رهێنان".
دارشتنێکی بریقه‌داری رازێنراوه بۆ به‌زۆر لکاندنی خه‌تمی نه‌ته‌وه‌یی به ئاڵوگۆرێکی بازرگانی زۆر گومان لێکراو. ئاڵوگۆرێک که خودی به‌ڕێز نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له ئه‌مەریکا باش ده‌زانێت چه‌ند لێی ده‌چێته گیرفانی میلله‌ته‌وه.
خوازیار بوم هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان به‌و ئاراسته‌یه‌دا نه‌بوایه، ئه‌مه‌یان له ده‌ستی که‌سدا نیه، چونکه به‌ڵگه و دۆکیۆمێنته‌کان به‌رده‌وام جه‌خت له دروستی گومانه‌کانی خه‌ڵک، به‌منیشه‌وه، ده‌که‌نه‌وه.