|
گەنج لە بزوتنەوەی گۆڕاندا! |
نوسه‌ر: سیروان ره‌شید
|
Saturday, October 6, 2012 |
ئایا گۆڕان پاشه‌كشه‌ی له دروشمه‌كانی كردوه؟
بڕبڕه‌ی پشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌نجانن، هه‌ربۆیه هه‌رهه‌وڵێك بۆ په‌راویزخستنی رۆڵی (نه‌وه‌ی نوێ) له‌ناو گۆڕاندا ئینتیحاری سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌یه.
ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بۆچونی راشكاوانه‌ی ئێمه‌یه سه‌باره‌ت به رۆڵی گه‌نج له‌ناو گۆڕاندا، هه‌ربۆیه ده‌مه‌وێت له‌رێی ئه‌م نوسینەوە كورته‌وه باری سه‌رنجی خۆم سه‌باره‌ت به‌و قسه‌وباسانه بخه‌مه‌ڕو كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه له میدیاكان و شه‌قامدا قسه له‌سه‌ر (په‌راویزخستنی رۆڵی گه‌نج له‌ناو گۆڕاندا ده‌كرێت) ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی برای به‌ڕێزمان كاك د.شاهۆ سه‌عید ده‌ستی له‌پۆستی وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كێشایه‌وه، وه‌ك خۆی سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی رایگه‌یاند: "ئه‌وه روندهكهمهوه كه هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م هۆكارێكی ئاساییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ندێ كاری رێكخراوه‌یی تایبه‌تی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئاماده‌م هه‌ر ئه‌ركێكی تر بگرمه ئه‌ستۆ كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێم بسپێرێ و له توانامدا بێ ئه‌نجامی بده‌م".
راپۆرتی "بێ سه‌رچاوه"ی هه‌مو كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ و سایته‌كان و بۆچونه شه‌خسیه‌كانی فه‌یسبوك-یش، تائێستا ئه‌وه‌یه كه نه‌بونی گه‌نج له‌ناو ئه‌و دو وه‌فده‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆلای سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و پارتی نیشانه‌ی په‌راوێزخستن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی رۆڵی نه‌وه‌ی نوێیه له‌ناو گۆڕاندا و كۆنه یه‌كێتیه‌كان ئێستا بڕیار له‌ناو گۆڕاندا ده‌ده‌ن. كه من پێموایه ئه‌م بۆچونه بۆچونێكی كورتبینانه‌یه و نه‌بونی گه‌نجێك له‌ناو ئه‌و دو وه‌فده‌دا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی به‌مانای كه‌چ بونی كه‌عبه و په‌راوێزخستنی رۆڵی گه‌نج نایه‌ت!
نه‌وه‌ی نوێ بۆ گۆڕان وه‌ك خوێن وایه بۆ جه‌سته، هه‌ر بۆیه من دڵنیام به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا و زۆرێك له هه‌ڵسوراوه دیاره‌كانی باش له بایه‌خی گه‌نجان و نه‌وه‌ی نوێ تێگه‌یشتون، كه له‌ئێستادا گه‌نجان له‌ناو گۆڕاندا له دروستكردن و ده‌ركردنی بڕیاری سیاسی‌دا رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه، چۆن؟
_زۆرینه‌ی رێكخه‌ر و ستافی ژوره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌نجه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
_ هه‌ردو سه‌رۆكی فراكسیۆن و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان له كوردستان و به‌غدا گه‌نجه‌كانن.
_سهدلەسهدهی ستافی كه‌ناڵه راگه‌یاندنه‌كانی نزیك له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن، رادیۆی گۆڕان، سایتی سبه‌ی) و سایتی گۆڕانی ئۆرگانی بزوتنه‌وه‌كه‌ش، گه‌نجان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
_ گه‌نجێك سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدی گۆڕانی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی (حكومه‌تی نوێی مالیكی) ده‌كرد.
_له‌هه‌مو كۆبونه‌وه‌كانی پێنج قۆڵی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا كه له‌بینای په‌رله‌مان ئهنجامدهدارا، رێكخه‌ری ژوری توێژینه‌وه‌ی سیاسی وه‌ك گه‌نجێك به‌شداربوه.
_له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ره‌سمی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی له نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كێك له ئه‌ندامه‌كانی وه‌فدی گۆڕان گه‌نج بوه.
_له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌كانی (گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ)، گه‌نجێك كاره‌كته‌ریكی سه‌ره‌كی گۆڕانه له كۆبونه‌وه‌كاندا.
_له‌هه‌مو سه‌ردانه‌كانی وه‌فدی گۆڕان به سه‌رۆكایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆلای سه‌رۆكی هه‌رێم و كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ئۆپۆزسیۆن گه‌نج له‌ناو وه‌فده‌كه‌ی گۆڕاندا بوه.
_له‌هه‌مو پێشوازیهكانی گۆڕان له سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌فده عێراقی و بیانیه‌كاندا چه‌ندین گه‌نج به‌شدارن...
_رۆژانه ئه‌و ستافه‌ی كه له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا بڕیار له دیاریكردنی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌كه‌و له‌دۆخی هه‌نوكه‌ی و پێشهاته سیاسیه‌كان ده‌ده‌ن، گه‌نجن.
گه‌نجه‌كان كه بڕبره‌ی پشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانن، پێویسته گوێیان لێبگیرێت و رۆڵیان پێبدرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وانیش پێویسته به‌چاوی ته‌قدیره‌وه له هه‌ڵوێستی سیاسییانه‌ی كادر و سه‌ركرده‌كانی پێشوی یه‌كێتی بڕوانن، كه هه‌ندێكیان له‌پێناوی بیروباوه‌ڕی گۆڕانخوازانه‌ی خۆیاندا ده‌ستبه‌رداری هه‌مو پۆست و ده‌سكه‌وتێكی حیزبی و حكومی بون، جگه‌له‌وه‌ی ئه‌وان هه‌وێنێكی باشی پرۆسه‌ی رێكخستنی جه‌ماوه‌ریین.
گۆڕان پاشه‌كشه‌ی له دروشمه‌كانی نه‌كردوه، هه‌ربۆیه پێموایه گه‌نجان له‌وه زیاتر گوێیان لێ ده‌گیرێ و رۆڵیان پێده‌درێت، چونكه بڕیاربه‌ده‌ستانی گۆڕان باش ده‌زانن، كه نه‌وه‌یه‌ك پێگه‌یشتوه و ئه‌مجاره مافی ده‌نگدانی له هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كاندا هه‌یه كه به قازانجی گۆڕان ده‌نگ ده‌ده‌ن. |
|
|