Print
 
 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئۆپەراسیۆنی‌ دیجله‌
نوسه‌ر:  به‌ختیار شاره‌زوری
Wednesday, November 28, 2012
ئه‌گه‌رچی‌ تائێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌توانراوه‌ هێزیكی‌ نیشتمانی‌ دروست بكرێ‌ و ئه‌كادیمیایانه‌ بخرێته‌ ناو چوارچێوه‌یه‌كی‌ دسپلینكراوه‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌كاندا كاری‌ بۆ بكرێ،‌ تا ببینه‌ خاوه‌ن هێزێك بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ ئه‌گه‌ره‌كان ده‌بێت دراسه‌ بكرێت ئه‌و ئاماده‌ییه‌ هه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ته‌نها لایه‌نی‌ سه‌ربازی‌ ناگرێته‌وه‌ هه‌مو ئه‌و بنه‌مایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بۆ بونیادنانی‌ ده‌وڵه‌تێك پێویسته‌، به‌تایبه‌ت ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانی‌ پاڵپشتیه‌ك هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ عێراق بخرێته‌ ناو پرۆسه‌یه‌كی‌ ئاسایشی‌ تونده‌وه،‌ تا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئاسایشی‌ عێراق دابین بكرێ،‌ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رویه‌كی‌ ئه‌وه‌ بێت ئه‌وا بۆخۆی‌ گه‌نده‌ڵی‌ مالی‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ عێراقدا هه‌یه‌، دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئاسایش خاڵی‌ دوه‌م روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیه‌ به‌ هه‌مو شێوازه‌كانیه‌وه.‌

واتا چ ئه‌مەریكا و چ ئێرانیش هاوبۆچونن له‌باره‌ی‌ عێراقه‌وه‌، كه‌ ئێستا دۆخێكی‌ نائارام له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا دروست بوه‌، وه‌ك ده‌ڵێن (ده‌كوڵێ‌). بۆیه‌ سه‌كۆی‌ ململانێكان هاتوه‌ته‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هه‌ر له‌ كێشه‌كانی‌ دوای‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ تایبه‌ت میسر پاشان یه‌مه‌ن و لیبیا و ئێستاش سوریا و ئوردن و كێشه‌كانی‌ جیهانی‌ رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئێران، كه‌ عێراق به‌شێكه‌ له‌م كێشانه‌ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان و به‌ سه‌نته‌ركردنی‌ عێراق و تۆكمه‌كردنی،‌ ئه‌وا كێشه‌یه‌ك كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت دوای‌ دۆخی‌ ئاڵۆزی‌ سوریا و یاریه‌ جیهانیه‌كان، كه‌ عێراق به‌ ده‌رگای‌ نیشتمانی‌ عه‌ره‌بی‌ و كلیلی‌ كێشه‌كانی‌ ئێران و چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ توركیا و ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا داده‌نرێ،‌ بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانی‌ هه‌وڵ ده‌درێت كه‌ عێراقێكی‌ پته‌وه‌ و ئارام به‌رهه‌مبهێنرێ‌، كه‌ رای‌ جیهانی‌ له‌سه‌ر بێت... پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌... ئایا ئه‌م عێراقی‌ توندو هێمنه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك دروست ده‌بێت و ئه‌و كێشانه‌ چین كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م ئه‌م هه‌وڵه‌وه‌...؟

ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین كه‌ كێشه‌ ناوچه‌ییه‌كان درێژكراوه‌ كێشه‌ جیهانیه‌كانن، ده‌توانین بڵێین ئێران قازانج ده‌كات ئه‌گه‌ر عیراقێكی‌ یه‌كگرتو دروست بێت، چونكه‌ شیعه‌ باڵاده‌ست و‌ زۆرینه‌یه‌، توركیا ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م عێراقی‌ نوێیه‌وه‌ كار بۆ چالاكتركردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌كان و دۆسیه‌یی‌ په‌كه‌كه‌ بكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئه‌و كێشانه‌ بخوێنرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناوخۆدا روده‌دات له‌ كاتی‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ ئه‌م پرۆسه‌ی‌ عێراقی‌ نوێیه‌دا، عێراق بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت به‌ربه‌ستێك دروست بكات بۆ باری‌ نائارامی‌ عێراق ئه‌و خوێنه‌ی‌ به‌رده‌وام له‌به‌ری‌ ده‌ڕوات، ئه‌وا كاری‌ له‌سه‌ر دروستكردنی‌ چه‌ند ئۆپەراسیۆنیك كرد، تا بتوانێت ئه‌و ئاسایشه‌ دابین بكات كه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ عێراقێكی‌ یه‌كگرتو، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ و سیاسیانه‌ و به‌ ته‌وافق نه‌یتوانی‌ كێشه‌كانی‌ ناو عێراق چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئۆپەراسیۆنانه‌ كرد به‌ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌مەریكا و وڵاتانی‌ ناوچه‌یی‌ كه‌ له‌ به‌سره‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ‌ كرد و پاشان موسڵ و به‌غدا، به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان قاعده‌ ده‌سه‌ڵاتیكی‌ فراوانی‌ هه‌بو، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی‌ له‌ناو جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا بون له‌ ژێره‌وه‌ هاوكاری‌ قاعیده‌ن پاكتاو كرا... ئێستاش ده‌یه‌وێ‌ به‌ ئۆپەراسیۆنی‌ دیجله‌ و فرقه‌ی‌ شمال كار بۆ ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناوچه‌ جێ‌ ناكۆكه‌كان بخاته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و پرۆسه‌ ئاسایشه‌وه‌ له‌ رێی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ دیجله‌وه‌، به‌ڵام ئایا هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ كوێی‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌وه‌، كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ كه‌ركوك تا حه‌مرین ئه‌و كیشه‌یه‌ بوه‌ كه‌ كورد و عه‌رەب نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك و گرژی‌ و شه‌ڕو ئاڵۆزیه‌كان به‌رده‌وامیان بوه‌... لێره‌دا ده‌كرێت بپرسین ئایا كورد له‌ ماوه‌ی‌ 21 ساڵی‌ رابوردودا توانیویه‌تی‌ هه‌م له‌ كوردستان هه‌م له‌ عێراق ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی‌ هه‌بێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ یان به‌شداری‌ كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ عێراقی‌ نوی‌...؟

ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین له‌ سایه‌ی‌ سستمێكی‌ تۆكمه‌ و مۆدیرن و دیموكراسی‌ ده‌توانرێ‌ ناوخۆ ئاماده‌ بكه‌ی‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك به‌ به‌شداری‌ یان به‌ شه‌ڕ، ئه‌گه‌ر به‌شداری‌ كردن بێت له‌م پرَوسه‌یه‌دا چۆن به‌شدار ده‌بێت و به‌ چ مه‌رجێك كه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكی‌ ئه‌و گریمانه‌یه‌یە.

١- به‌شداری‌ كردن: ئه‌و راستیه‌ رونه‌ كه‌ كورده‌كان له‌ دوای‌ روخانی‌ سه‌دامه‌وه‌ هێزی‌ یه‌كه‌م بون له‌ دروستكردنی‌ عێراقی‌ نوێدا، له‌نێوان ململانێی‌ سونه‌ و شیعه‌دا ناوه‌ندگیری‌ كردوه‌ تابتوانێت وه‌ك هه‌رێمێكی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌ چوارچێوه‌ عێراقێكی‌ فیدراڵدا بژی‌، به‌پێی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ی‌ كه‌ كورد تێدا كارا‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كیه‌ بوه‌ به‌شداری‌ گرنگه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عێراقدا و له‌دوای‌ باڵاده‌ست بونی‌ مالیكی‌ و كوتله‌ی‌ شیعه‌ ئه‌و حیزبه‌ كوردیانه‌، كه‌ له‌ جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدان نه‌یانتوانی‌ ئه‌و گوتاره‌ به‌رهه‌م بهێنن كه‌ به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ ئاسایشی‌ عێراق بكه‌ن و ببنه‌ هێزیكی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ نێوه‌نده‌دا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ حیزبی‌ كاریان كردوه‌ نه‌ك نیشتمانی‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ریدا له‌ ناوه‌ندیشدا كار كرا بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆستانه‌ی‌ كه‌ كوردی‌ تیایه‌ بكرێته‌ كارتۆنی‌ هه‌ر به‌م شێوه‌ش بوه‌ كه‌ ئێستا‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق و وه‌زیری‌ خارجی‌ و جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و و سوپاسالاری‌ عێراق و چه‌ندین وه‌زیر و ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ هه‌ن، ئه‌مانه‌ هێنده‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ حیزبی‌ كاریان كردوه‌ هێنده‌ وابه‌سته‌ی‌ ئه‌ركه‌ نیشتمانیه‌كان نه‌بون، بگره‌ له‌وش بچوكتر ته‌نها بۆ ئیمتیازاتی‌ كه‌سی‌ بوه،‌ بۆیه‌ له‌ ئێستادا كه‌ كێشه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ بنبه‌ست هیچ ئه‌گه‌رێك نیه‌ بۆ به‌شداری‌ كردنی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه.

٢- روبه‌ڕوبونه‌وه‌: له‌ئه‌گه‌ری‌ هاتنی‌ ته‌واوی‌ ئه‌م هێزه‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌منه‌یه‌ كورد ده‌توانێت چی‌ بكات تا كه‌ركوك و ناوچه‌كانی‌ تری‌ له‌ ده‌ست نه‌چێت، ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین كه‌ كورد نه‌یتوانیوه‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ خۆی‌ به‌هێز بكات و خۆژێنی‌ بێت، ته‌نها ئه‌و نه‌وته‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و بودجه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ دێت، كه‌ پێویسته‌ سیاسه‌تی‌ حه‌كیمانه‌ی‌ هه‌بێت تا له‌ڕوی‌ ئابوریه‌وه‌ شكشت نه‌هێنی‌، ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئێران و توركیا له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتن و رێگه‌یان نه‌دا نه‌وتی‌ هه‌رێم بڕوات، ئه‌و بودجه‌یه‌ش نه‌هات چی‌ ده‌قه‌ومێت له‌م حاڵه‌ته‌دا، كه‌ پێویستیه‌كی‌ گرنگه‌ كه‌ بتوانرێ‌ هه‌مو هێزه‌كانی‌ ناوخۆ رێكبخرێت و هه‌مئاهه‌نگیه‌ك هه‌بێت، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێته‌ یه‌ك هێزی‌ یه‌كگرتو نیشمانی‌ و دسپلین بكرێت به‌ باشترین و مۆدێرترین هێزی‌ سه‌ربازی،‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌سه‌رتای‌ دروست بونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ پێشنیار كراوه‌، بەڵام دەسەڵات بەهەندی وەرنەگرت بۆئەوەی خۆی‌ ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی‌ كه‌ له‌ ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌دا روده‌دات، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی‌ ناخۆ سیستمێك هه‌بێت كه‌ بتوانری‌ ئاماده‌گی‌ كێشه‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كیه‌كانی‌ هه‌بێت،  ده‌بوایە سه‌نته‌رێكی‌ توژینه‌وه‌ ببوایه‌ له‌ ئاستی‌ ئێرانناسی‌ عێراقناسی‌ توركیاناسی‌ و روژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و په‌یوندیه‌ جیهانیه‌كان، ئه‌وان دراسه‌یان بكردایه‌، حیزبه‌كانیش پاڵپشتی‌ ئه‌و بۆچه‌نانه‌ بونایه‌، به‌ڵام‌ ئه‌مه‌ نەکرا حیزب و سه‌رۆك حیزب ئه‌م بڕیارانه‌ی‌ داوه‌، بۆیه‌ ئێسته‌ ئه‌م كێشانه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ بون كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 21 ساڵی‌ رابردودا كراوه‌، ئێستا‌ش به‌شداری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وا ده‌توانرێ‌ روبه‌ڕوی‌ ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ بینه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ر دو ئاستی‌ ناوخۆی‌ و ده‌ركی‌ ببێته‌ هۆی‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر به‌غدا، به‌بێ‌ بونی‌ كورد له‌و پرۆسه‌یدا ناتوانرێ‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ باشوردا جێبه‌جێ‌ بكرێت و ناچاربن به‌ به‌شداری‌ پێكردنێكی‌ سه‌ره‌كی‌ كورد له‌م پرۆسه‌یه‌دا،‌ ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر ئاستی‌ كه‌موكوڕیه‌كان چاودێرێكی‌ ئه‌كتیڤن و له‌ كێشه‌ گشتیه‌كاندا هامئاهه‌نگن له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه‌كانی‌ ناو كوردستاندا كه‌ ئه‌مه‌ش كاری‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ .

ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و كاركردن له‌سه‌ری‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ باش و دراسه‌كراو و ته‌ندروست بۆ ئه‌گه‌ره‌كان .

یه‌كگرتویی‌ هێزه‌كان و ئاماده‌گی‌ پێشمه‌رگه‌ و وه‌ره‌قه‌كانی‌ ناو ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌غدا، ده‌بێته‌ ئه‌و گوشاره‌ی‌ كه‌ به‌غدا ناچار بكات به‌ ته‌وافق ئه‌م كاره‌ بكرێت نه‌ك به‌ شه‌ڕ، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌ و جیهاندایه‌، چونكه‌ شه‌ڕ ئه‌گه‌رچی‌ لایه‌نی‌ به‌غداش به‌هێز بێت تیدا یان كورد به‌هێز بێت لای‌ رای‌ جیهانی‌ قابیلی‌ قبوڵ نیه،‌ به‌پێی‌ پێوه‌ری‌ په‌یوه‌ندیه‌كان و ناكۆكیه‌كان، ئه‌گه‌رچی‌ مالیكی‌ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی‌ تری‌ هه‌بێت له‌ پشت ئه‌م ئۆپەراسیونه‌وه‌ وه‌ك هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان تا پێگه‌ی‌ ئەلعراقیه‌ به‌ ته‌واه‌تی‌ لاواز بكات و سنوره‌كان و خاڵه‌ گومرگیه‌كان بخاته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌نده‌وه، ئه‌مانه‌ش له‌ژێر گوشاری‌ یه‌ك هه‌ڵویستی‌ و یه‌ك گوتاری‌ كوردا ناچار ده‌كرێت به‌ ته‌وافقی‌ بێت له‌گه‌ڵ كوردا.
Sbeiy.com © 2007