Print
 
 به‌غدا گره‌وی له‌سه‌رچی کردوه‌ (ناته‌بایی ناوماڵی کورد یان بێبه‌رنامه‌یی ده‌سه‌ڵاتی کوردی)
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, November 28, 2012
هه‌ندێ له‌ سیاسه‌تمادارانی کورد باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ "لایه‌نه‌کانی عێراق گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌کردوه‌ سود له‌ ناته‌بایی ناو ماڵی کورد وه‌ربگرن". ئه‌م جۆره‌ لێکدانه‌وه‌یه‌ بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر جگه‌له‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌یه‌کی زۆر کۆن و ته‌قلیدیه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا لێکدانه‌وه‌یه‌کی نا دروسته‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی عێراق باش ده‌زانن له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردو حیزب لایه‌نه‌کان و خه‌ڵکی کوردستان یه‌کڕیز و ته‌بان و ده‌شزانن چیان ده‌وێ، میله‌تیش چه‌ند ساڵێکه‌ له‌ ریفڕاندۆمێکدا ئه‌م په‌یامه‌ی به‌ به‌غدا گه‌یاندوه‌.

لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ش له‌ بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ناڕاست و نا واقیعیانه‌ی خۆیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه، ئه‌و لێکدانه‌وانه‌ی بۆ‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوخۆییه‌کانی ماڵی شیعه‌ و ماڵی سونه‌ی عه‌ره‌ب کردویانه‌. واقعی ئه‌مڕۆی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان که‌مفامی سیاسی به‌رپرسانی کورد له‌ به‌غدا ده‌سه‌لمێنێ. ده‌یسه‌لمێنێ که‌ سه‌رکردایه‌تی کورد له‌و گره‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌غدا کردیان کیسه‌ به‌تاڵ مانه‌وه‌ و ده‌ستیان له‌ بنی هه‌مانه‌که‌وه‌ ده‌رچو. لای میله‌ته‌که‌ی خۆشیان هێنده‌ی نه‌ماوه‌ به‌ ته‌واوی متمانه‌ له‌ ده‌ست بده‌ن. باسکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ ناته‌بایی له‌م رۆژگاره‌دا هه‌وڵێکی نه‌زۆکه‌ بۆ جوڵاندنی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌مه‌رامی داپۆشینی که‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵیه‌کان.

 روداوه‌کانی رابردو ده‌یسه‌لمێنن که‌ هه‌ردو ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر و به‌غدا دۆستی شه‌ون و نه‌یاری روکه‌شی رۆژن، به‌ نهێنیش یارمه‌تیده‌ری یه‌کدین.

روداوه‌کان
1- له‌ کاتی هاتنی فیرقه‌ی 12 بۆ سنوری که‌رکوک هێزی پێشمه‌رگه‌ جوڵه‌ی پێکراو، که‌رکوک خرۆشیندرا، هینده‌ی نه‌برد ئه‌م فیرقه‌یه‌ بۆ به‌ ئه‌مری واقیع و له‌ سنوری پارێزگای که‌رکوک مایه‌وه‌، به‌پێی ده‌ستور و ریکه‌وتنی سیاسیش ئه‌م سوپایه‌ بۆی هه‌یه‌ تا‌ سنوری پێش 9/4/2003 بونی هه‌بێت.
2- له‌ کاتی ناردنی هێزی عێراق بۆ فڕۆکه‌خانه‌ی که‌رکوک له‌ شێوه‌ی هاتنی فیرقه‌ی 12 بشێوی له‌ که‌رکوک دروست بو، ده‌رئه‌نجام ئه‌م هێزه‌ش له‌ فرۆکه‌خانه‌ جێگیر بو؛
3- له‌ 25/2، له‌ کاتی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێم و روداوه‌کانی 17 شوبات هێزی پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ی که‌رکوک کرا، به‌ڵام دوای 10 رۆژ ئه‌م هێزه‌ به‌ره‌و هه‌رێم گه‌ڕایه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ بڵاوه‌پێکردنی خه‌ڵکی ناڕازی په‌رده‌ی شانۆگه‌ری ده‌سه‌ڵاتیش دادرایه‌وه؛‌

دوای ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌ پێکه‌وه‌ کاردکردن له‌ به‌غدا لایه‌نه‌ عێراقیه‌کان ناسیاری سیاسی باشیان له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی کورد په‌یداکردوه‌، پێده‌چێ هه‌ڵسه‌گاندنی باشیان کردبێ و خاڵه‌ لاوازه‌کانیان دیاری کردبێ‌، بۆیه راستروایه‌ بگوترێت‌ به‌غدا گره‌وی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ لاوازنه‌ کردوه‌، نه‌ک ناته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ کوردیه‌کان و خه‌ڵکی کوردستان، چونکه‌ جگه‌ له‌  هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات هیچ پارتێکی سیاسی یان سه‌رۆک عه‌شیره‌تێکی کورد نه‌ چوه‌ به‌یعه‌ت به‌ به‌ڕێز مالکی بدات و بیکات به‌ سه‌رۆک وه‌زیران، یان به‌رامبه‌ر ده‌سکه‌وتی حیزبی و که‌سی موساوه‌مه‌ی نیشتمانی بکات.

خاڵه‌ لاوزه‌کان بریتین له‌:
1- بایه‌خدان به‌ پله‌، پۆست و پاره‌، راستی ئه‌م بایه‌خدانه‌ش ده‌رده‌که‌وه‌ێ له‌ :‌ به‌راواردکردنی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌ر یه‌کێ  به‌ر له‌ وه‌رگرتنی پۆست له‌ به‌غدا و ئێستا – بارودۆخی خراپی ناوچه‌ دابڕیندراوه‌کان؛
2- شه‌ڕی نه‌وت و غاز نه‌ک که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان؛
3- خاوه‌ن پۆسته‌کان بون به‌ڕێز مالیکیان له‌ کورد کردبوه‌ فریشته‌ و کردیان به‌ سه‌رۆک وه‌زیر، ئێستاش دوژمن؛
4- جیاوازی گوتاری سیاسی پارتی و یه‌کێتی، به‌رامبه‌ر به‌غدا و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ؛
4- یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ی ده‌زگا ئیداری و ئه‌منیه‌ به‌حیزبی کراوه‌کان له‌ ناوچه‌ دابڕیندراوه‌کان؛
6- بێسه‌روبه‌ره‌یی و بێئاگایی له‌ کارکردن له‌ نێوان په‌رله‌مانتاران، وه‌زیره‌کان، سه‌رۆک کۆمار و گشت به‌رپرسانی کورد له‌ به‌غدا؛
7 – به‌ حیزبیکردنی وه‌فدی دانوستاندنی هه‌رێم له‌ گه‌ڵ به‌غدا؛
8- ناڕه‌زایی شه‌قامی کوردی له‌ ده‌سه‌ڵات؛
9- که‌نارخستنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ بڕیاره‌کان، به‌تایبه‌تی له‌و کێشانه‌ی له‌ گه‌ڵ به‌غدا دروستکراون؛
10- مامه‌ڵه‌کردنی به‌ هه‌ڵه‌ له‌ که‌یسی تارق هاشمی؛
11- هێنانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ سه‌ر قه‌ڵای که‌رکوک؛

دیاره‌ له‌ دروستکردنی هه‌مو ئه‌و قه‌یرانانه‌ به‌غداش رۆڵی گرنگی هه‌یه‌، چونکه‌  له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ زۆر نه‌خۆشیدا هاوده‌ردن.

له‌ کۆتاییدا هه‌مو ده‌ڵێین "به‌ڵێ، بۆ یه‌کڕیزی و ته‌بایی"، ئه‌و ته‌باییه‌ی له‌ خزمه‌تی نیشتماندا بێت نه‌ک بۆ داپۆشینی گه‌نده‌ڵی و چاوپۆشین له‌ گه‌نده‌ڵکاران و بازرگانانی سیاسی. ته‌بایی و یه‌کڕیزیش ته‌نها و ته‌نها به‌‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی چاکسازی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیسته‌می سیاسی ده‌کرێت. ئه‌و چاکسازییه‌ی نه‌یاران له‌ گره‌وه‌کانیان به‌ دۆڕاندن ده‌دات.
Sbeiy.com © 2007