|
(ئه‌میره‌که‌ی) میکافیلی یا(پاشاکه‌ی) هۆبیس؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Monday, December 10, 2012 |
هه‌مو دنیا نیکۆلۆ میکافیلی له رێگه‌ی کتێبه‌که‌ی "ئه‌میر"ه‌وه که له سه‌ده‌ی شازده‌دا نوسیویه‌تی ده‌ناسێت. میکافیلی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها پارێزه‌ری دیموکراسیه‌تی سه‌رده‌مه‌که‌ی نه‌بو، به‌ڵکو بۆچون و ههڵسهنگهندنهکانی کاریگه‌ری بێئه‌ندازه‌یان له سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و یاسا و ده‌ستوره‌کان هه‌بوه. نوسین و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی ده‌لیلی به‌کارن بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی عێراق و پێگه‌ی له ناوچه‌که‌دا.
شاره‌کانی ئیتاڵیا له ساڵی 1494 ه‌وه به‌هۆی شهر و په‌لاماردانی ده‌ره‌کیه‌وه له کاره‌ساتدا ژیاون، ئه‌م دۆخه تا ساڵی 1559 به‌ردوه‌ام بو. میکافیلی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌وڵی داوه ئیتاڵیا له چنگی داگیرکه‌ر و حاکمه بیانیه‌کان رزگار بکات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته میکافیلی تێڕامان و زانیاری دروستی هه‌بو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی نه‌بو، ده‌سه‌ڵاتدارانیش نه‌یان ده‌ویست بۆچونه‌کانی به‌کاربهێنن. میکافیلی له ساڵی 1498 و له ته‌مه‌نی 29 ساڵیدا پله‌یه‌کی به‌رزی له کۆماری فلۆرانس وه‌رگرت و پله‌ی سکرتێری ئه‌نجومه‌نێک تایبه‌ت به کاروباری سه‌ربازی فلۆرانسیشی پێ راسپێردرا.
میکافیلی باوه‌ڕی ته‌واوی هه‌بو که ته‌نها ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز ده‌توانێت هاوڵاتیه‌کانی بپارێزێت و به‌ره‌نگاری مه‌ترسیه ده‌ره‌کیه‌کان بێته‌وه. هه‌رچه‌نده فلۆرانس، شاره‌که‌ی میکافیلی، ده‌وڵه‌مه‌ند بو، به‌ڵام پاره‌یان له دروستکردنی سوپادا سه‌رف نه‌ده‌کرد، هه‌رکاتێک مه‌ترسیان له سه‌ر بوایه به پاره‌دان هێزه پهلاماردهرهکانیان رازی ده‌کرد. میکافیلی باوه‌ڕی هه‌بو که ناکرێت ئه‌م ئاڵوگۆڕه به‌رده‌وام بێت، بۆیه دروستکردنی میلیشیایه‌ک له هاوڵاتیانی فلۆرانسی لا مه‌به‌ست بو. له ئاکامدا میلیشیاکه‌ی دروست کرد و له ساڵی 1509 شاری پیزای گرته‌وه.
دواتر له شه‌ڕی نێوان پاپا و فه‌ره‌نسادا سوپای فه‌ره‌نسا کشایه‌وه و سه‌بازه‌کانی پاپا یارمه‌تی نه‌یاره‌کانی کۆماری فلۆرانسیان دا و ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌وه‌ده‌ست. له ساڵی 1513دا میکافیلی ده‌ستگیر کرا و دواتر ره‌وانه‌ی مه‌نفایان کرد و له مه‌زره‌عه‌که‌ی خۆی دانیشت. میکافیلی ده‌یویست لای ده‌سه‌ڵاتداره تازه‌کانی شاره‌که‌ی خۆی خۆشه‌ویست کات و له خزمه‌تیاندا بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌ی "ئه‌میره‌که The Prince"ی نوسی. وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌بوا ده‌سه‌ڵاتدار رێگه‌ی ته‌حه‌دا و بوێری بگرتایه‌به‌ر، به‌ڵام میکافیلی هه‌میشه رێگه‌ی پراگماتیزمی گرتۆته‌به‌ر. میکافیلی پێی وابو مرۆڤ تا پێی بکرێت باش بێت، ئه‌گه‌ر نه‌کرا رێوی بێت تا ته‌ڵه‌کان بناسێته‌وه و شێریش بێت تا رێویه‌کان بترسێنێت و راویان نێت.
ناوه‌ڕۆکی سه‌ره‌کی له "ئه‌میره‌که"دا جه‌ختکردنه له چه‌مکی ئامانج پیرۆزی به ئامرازه‌کان ده‌دات. میکافیلی پێی وایه له‌م هاوکێشه‌یه‌دا نابێت ئه‌میره‌کان نه‌رم بن و نابێت به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت له یاد بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌میرێک خرایه به‌رده‌م هه‌ڵبژارده نێوان ئه‌وه‌ی خهشهویست بێت یا لیێ بترسن ده‌بێت ئه‌میر به‌رده‌وام دوه‌میان هه‌ڵبژێرێت.
میکافیلزم مانای به‌کارهێنانی بیرۆکه‌کانی میکافیلی له هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا، وه‌ک له چه‌ند نوسینیدا باسی کردون، به‌تایبه‌ت "ئه‌میره‌که". لێره‌دا باس له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و چۆنیه‌تی پاراستنی ده‌کرێت و که‌ی واز له ده‌سه‌ڵات ده‌هێنرێت.
عێراقی ئه‌مڕۆ ئه‌و نمونه‌یه‌یه که میکافیلی و هه‌واداره‌کانی زۆر به‌باشی لێی تێده‌گه‌ن. وه‌ک کۆماری شاره‌که‌ی میکافیلی له فلۆرانس، عێراق ده‌وڵه‌تێکی لاوازه، له‌ت له‌ت کراوه و کۆرپه سیسته‌مێکی دیموکراسی هه‌یه و به‌ردوام هه‌ڕه‌شه‌ی ناخۆ و ده‌ره‌کی له سه‌ره. عێراق به کۆمه‌ڵێک وڵاتی عه‌ره‌بی لاواز و په‌رته‌وازه ده‌وردراوه و هه‌روه‌ها به چه‌ند وڵاتێکی به‌هێزی تر که عه‌ره‌ب نین و سه‌رقاڵی ده‌سته‌مۆکردن و کۆنترۆڵکردنی عێراقن.
عێراق له‌م دۆخه‌ی ئێستایدا له به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێکدایه، یا تاکره‌وی و دیکتاتۆریه‌ت به‌ته‌واوی ده‌چه‌سپێن یاخود ئاژاوه و ئاڵوز و توندره‌وی عێراق هه‌راسان ده‌که‌ن. بۆیه بۆ ئه‌وانه‌ی عێراقیان زۆر لا مه‌به‌سته عێراق پێویستی به سه‌رکرده‌یه‌کی لێهاتو و به‌هێز و بوێره تا بتوانێت به‌سه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌کاندا زاڵ بێت و عێراق بخاته سه‌ر سکه‌ی دروست و له خودی خۆشی بیپارێزێت.
له گه‌ڵ رۆیشتنی کاتدا و دوا کار و ره‌فتاره‌کانی مالیکی ئه‌م هیوایه لاوازتر بوه. وێرای ئه‌وه‌ی مالیکی وه‌ک ئه‌میرێکی عه‌یاره‌که‌ی میکافیلی به‌رچاو ده‌که‌وێت، وه‌لێ له جۆره ساخته‌که‌ی ده‌چێت. مالیکی ئه‌و ئه‌میره به‌هێز و زیره‌ک و هوشیاره نیه بیه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بپارێزێت و ئینتیمای راسته‌قینه‌ی بۆ نیشتمان هه‌بێت و هه‌روه‌ها دوربینیهکی ورد و تیژی هه‌بێت تا دیموکراسیه‌ت بکاته ره‌چه‌ته‌ی ئارامی و ئاسایش و دادپه‌روه‌ری، هه‌نوکه هیچ ئاماژه‌یه‌ک له عێراقدا بۆ بونی ئه‌و جۆره سه‌رکرده‌یه نیه.
بۆچی؟
له ساڵی 2011ه‌وه سیسته‌می سیاسی و حوکمڕانی عێراق ئه‌و توانا و به‌ها که‌مانه‌شی هه‌یبو له ده‌ستی داون تا بتوانێت ره‌گ و ریشه‌ی توندی دیموکراسی و فیدراڵیزم دابکوتێت و ئارام و ئاسایشی نیشتمانی به‌رقه‌رار بکات. هاوته‌ریب له گه‌ڵ ئه‌م پاشه‌کشه‌یه‌دا دۆخه‌که زیاتر به‌ها کۆن و به‌سه‌رچو و خراپه‌کانی سیاسه‌ت و حوکمڕانی وروژاند و زیندوکرده‌وه، کاتێک ئه‌مەریکیه‌کان زو و پێشوه‌خت ئه‌و سیسته‌مه‌یان به‌جێهێشت، سه‌رکرده سیاسیه‌کانی عێراق وه‌ک عه‌ره‌ب ده‌ڵێ
"عادت حلیمه الی عادتها القدیمة"، گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌و شێوازه له سیاسه‌تکردن و حوکمرانیه‌ی پێی راهاتبون، گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌مێک بو تامه‌زرۆ و چاوه‌ڕوانی بون.
زۆربه‌ی چاودێران و رۆژنامه‌نوسان که لێدوان و باسی عێراقی دوای سه‌دام ده‌که‌ن به هه‌ڵه‌کانی ئه‌مەریکا ده‌ست پێده‌که‌ن. کۆی گشتی ئه‌و هه‌ڵانه بۆشاییه‌کی سیاسی و ئه‌منی له عێراق دروست کرد و له کۆتایی 2005دا زه‌مینه خۆشکه‌ری شه‌رێکی تایفی و مه‌زهه‌بی بو. هه‌ر له ئاکامی ئه‌و هه‌ڵانه‌دا کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده‌ی نوێی فابرهکراو و گۆشه‌کراوی مه‌نفا و باڵاده‌ستی میلیشیاکان هاتنه سه‌ر حوکم. له‌و ساته‌وه‌ش به‌شی زۆر له‌مانه به‌رده‌وام سه‌رقاڵی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی خۆیان و گه‌نده‌ڵی و پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵاتن.
هه‌رچۆنێک بێت به‌کاریگه‌ری هێنانی هێزی زیاتری ئه‌مەریکا دۆخه‌که هێور بوه‌وه و پێشه‌وه‌چونی سیاسی به‌رچاو به‌ده‌ست هێنرا. له نێوان به‌هاری 2008 و به‌هاری 2010 دا دیموکراسی ته‌وافقی له گه‌شه‌کردندا بو و هێزه‌کانی ئه‌مەریکا رێگر بون له‌وه‌ی لایه‌نه‌کان به زه‌بری هێز ئه‌جێندای خۆیان بسه‌پێنن. له‌و ساته‌وه‌ی ئه‌مەریکا له روی سه‌ربازی و سیاسیه‌وه پشتی له عێراق کرد و له ساته وه‌ختێکی نه‌گونجاودا که‌لاوه‌ی حوکمڕانی عێراقی بۆ سه‌رکرده لاوازه‌کانی به‌جێهێشت، رێگه خۆشکرا بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تێکی هۆبیسانیزم *. {تۆماس هۆبیس Thomas Hobbes بیرمه‌ندێکی ئینگلیز له سه‌ده‌ی شازده و حه‌ڤده‌دا ژیاوه، باوه‌ڕی به‌شتێک به‌ده‌ر له ماده نه‌بوه، پێی وابوه مرۆڤ به‌رده‌وام له ره‌وشی شه‌ڕی هه‌مو دژ به ههمودا گوزه‌ران ده‌کات (مرۆڤ بۆ مرۆڤه‌کانی تر رێویه‌که)، به‌رێگه‌ی خۆبههێزکرندهوه مه‌ترسیه‌کان له‌سه‌ر خۆی که‌م ده‌کاته‌وه. تۆماس له حوکمڕانیدا باوه‌ڕی به کاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر باڵا هه‌بوه، پاشایه‌تی، که له سایه‌یدا ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ناکرێت و پێشی وابوه توندڕه‌وی و به‌کارهێنانی هێز له لایه‌ن ئه‌م باڵا ده‌سته‌وه (پاشا) ره‌وایه که له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت. تۆماس له‌م روه‌وه کتێبه ناوداره‌که‌ی Leviathan له ساڵی 1651 دا بڵاو کردۆته‌وه. کاتێک هه‌ر که‌س بۆ خۆیه‌تی و شه‌ڕ دژ به یه‌کتر ده‌که‌ن ئه‌وا دۆخێکی هۆبیسانیزم به‌رپا ده‌بێت}.
یه‌که‌م وه‌رچه‌رخان له پێشێلکردنی ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2010ه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد، بهپێڕهوکردنی نه‌ریتێکی دیموکراسی له دنیادا ده‌بوا لیستی عێراقیه که یه‌که‌م لیست ده‌رچو، ئه‌رکی دروستکردنی حکومه‌تی پێ راسپێردرایه. کاتێک ئه‌مه نه‌کرا و ئه‌مەریکا و لایه‌نه‌کانی تریش هه‌ڵوه‌سته‌یان نه‌کرد سیسته‌می سیاسی و ده‌ستوری عێراق که‌وته ژێر گومان و پرسیاره‌وه.
ئه‌مەریکا له هه‌ڵه‌کانی به‌رده‌وام بو و بێئه‌وه‌ی ره‌چاوی توانا و نیه‌ته راسته‌قینه‌کانی مالیکی بکات باوه‌شی بۆ کرده‌وه، ئه‌مەریکا پیشانیدا زۆر ئۆپۆرچینیزمانه مامه‌ڵه و سیاسه‌ت ده‌کات وه‌ک له‌وه‌ی خه‌می چه‌سپاندنی کۆڵه‌کانی حوکمڕانیه‌کی دروستی له عێراقدا هه‌بێت. له ئاکامدا سیسته‌مێک هاته‌کایه‌وه که تێدا چاک و خراپ تێکه‌ڵ بون، به واتایه‌کی تر ئه‌مەریکا رایگه‌یاند که رێگر نیه له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی که‌له‌پوری سیاسی سه‌قه‌ت و بێهوده‌یی عێراقیه‌کان. له‌و روانگایه‌وه سه‌رجه‌م هێزه عێراقیه‌کان تێگه‌یشتن که شێوازی گهمهکردنهکه گۆڕاوه، یه‌که‌م خاڵیش که ده‌رکیان پێ‌کرد ئه‌وه‌بو گه‌مه‌که بێ حه‌که‌مێکی به‌رچاو و عادیلانه به‌ڕێوه ده‌چێت و سیاسه‌تمه‌داره عێراقیه‌کان سه‌رپشکن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ شێوازی حوکمرانی کۆن، ئه‌مەریکیه‌کان عێراقیان بۆ حکومه‌تێکی زۆر لاواز که هیچ کەلتورێکی شارستانی و خاوه‌ن داموده‌زگای به‌هێز نه‌بو به‌جێهێشت. عێراقیان به‌جێهێشت بێئه‌وه‌ی کێشه سه‌ره‌کیه‌کانی حوکمڕانی، زۆر تایبه‌ت له گه‌ڵ کورد و یاسای هایدرۆکاربۆنی عێراق و ئایندهی ناوچه کێشه له سه‌ره‌کانی کوردستان یه‌کلایی کرابنه‌وه. بۆ نمونه شیوازی مامه‌ڵه کردنی مالیکی و تاقمه‌که‌ی له دیسه‌مبه‌ری 2011 له گه‌ڵ دۆسیه‌ی تارق هاشمی سه‌لماندی که زیاتر له سه‌رۆکی باندێکی مافیا ده‌چێت وه‌ک له ده‌وڵه‌تمه‌دارێکی به‌رپرس.
وێرای ئه‌وه‌ی مالیکی نه‌ته‌وه‌په‌رستێکی عه‌ره‌ب و مهزههبیهکی کوێره و وه‌ک زۆربه‌ی شیعه‌کانی عێراق ئه‌وه‌نده عاشقی ئێران نیه، وه‌ک له ده‌رکردنی سوپای مه‌هدی سه‌ر به‌ئێران له به‌سره و سه‌در سیتی له 2008دا ده‌رکه‌وت، وه‌لێ ئه‌م کاره‌ی مالیکی ته‌کتیکی و کاتی بو و مه‌به‌ستی بو سوننه‌کان دڵنیا بکات و قه‌ناعه‌تیان پێ‌بکات له حکومه‌ته‌که‌یدا به‌شدار بن.
ئه‌گه‌ر له رابوردودا مالیکی و تاقمه‌که‌ی هه‌ستیان به ئینتیماکردن بۆ عێراق کردبێت، ئه‌وه له هه‌ستێکی ساده‌ی زاده‌ی گوزهرکردنێکی عابری مێژویی تێنه‌په‌ڕیوه، دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌رکه‌وت ئه‌و هه‌سته ساده سه‌ره‌تاییه له به‌رده‌م هه‌یبه‌ت و گوزری ئینتیمای مه‌زهه‌بیدا به‌رگه‌ی کاتێکی کورتی کرد. مالیکی سه‌لماندی که کاره‌کانی ئه‌و بۆ ئاراسته مهزههبیهکانیهتی و تا سه‌د ساڵی تریش چ جلوبه‌رگی شارستانی و ده‌وڵه‌تمه‌داری له‌خۆی بئاڵانێت له چرکه‌یه‌کدا له حه‌وزه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تێکی مه‌زهه‌بیدا هه‌موی فڕێده‌دات و ئه‌سڵ و فه‌سڵه‌که‌ی به‌رچاو ده‌که‌ون.
ئێران ئه‌ندازیار و هێزی سه‌ره‌کی بو له دانانه‌وه‌ی مالیکی بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران، کاتێک سه‌دریان قه‌ناعه‌ت پێ‌کرد پشتگیری له مالیکی بکات و کوردیش ملی رێی گرت و پشتیوانی له مالیکی کرد. ئێرانیه‌کان ئه‌وه‌نده گه‌مژه نین و له بیریان نه‌چۆته‌وه که مالیکی له 2008دا گوزرێکی قورسی لێداون، بۆیه ته‌هران هه‌وڵی داوه ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤێک بۆ مالیکی بدۆزێته‌وه، بۆیان ده‌رکه‌وت که ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و ئەحمەد چه‌له‌بی له مالیکی باشتر نین. له‌دوا قه‌یرانی سیاسی عیراقدا ئێران فشارێکی زۆری خستۆته سه‌ر تاڵه‌بانی و سه‌در تا پشتیوانی مالیکی بکه‌ن و به‌مه‌ش توانیویانه شکست به هه‌وڵه‌کانی بارزانی و عێراقیه بهێنن. ئه‌م کاره کێشه و قه‌یرانه‌که‌ی زیاتر ئاڵۆزتر کردوه و له چاره‌یه‌کی "عێراقیانه" دوری خستۆته‌وه.
ئه‌رکه‌کانی کورد
راسته کێشه‌کانی عیراق که‌متر شه‌خسین، به‌ڵام ناشێت له کاریگه‌ری که‌سایه‌تیه‌کان له سه‌ریان که‌مبکرێته‌وه. ده‌رکه‌وت که تێڕامان و هه‌ڵسه‌نگاندنی مالیکی و تاقمه‌که‌ی بۆ کورد له چوارچێوه‌ی خه‌سڵه‌ت و کاره‌کته‌ره نهگۆڕهکانیاندا ده‌خولێته‌وه، به‌رده‌وام دو ئه‌جێندایان هه‌بوه، یه‌كێکیان روکه‌ش پر له قسه‌ی بریقه‌دار و موجامه‌له و ختوکه‌دان و دانه‌وێله رشتن بوه و ئه‌وی تریشیان ره‌سه‌نه‌که‌یه که به‌ره‌به‌ره ماهیهتهکانی ده‌رده‌که‌ون. لێره‌دا ده‌بێت ئێمه‌ی کورد و تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره‌کانمان له پله‌ی یه‌که‌مدا دڵ و ده‌رونیان له‌و قه‌تماغه عاتیفیه ساده‌یه‌ی که به درێژایی مێژو که‌ڵه‌که‌ی کردوه به‌رامبه‌ر به عێراق و پێکهاته‌کانی تر بته‌کێنن و له پله‌ی دوه‌مدا پێداچونه‌وه‌یه‌کی وردیش به هزر و چه‌مکه‌کانی سیاسی و فکریان له‌و روه‌وه بکه‌ن. تا ئه‌و ساته‌ی نه‌توانن خۆیان له گرێ کوێره‌که‌ی عێراق رزگار بکه‌ن هه‌ر له‌م بازنه بۆشه‌دا ده‌سوڕێینه‌وه و مه‌ترسیه جدیه‌کان له سه‌ر کورد نارهوێنهوه.
ناشێت ئه‌وه‌ش له یاد بکه‌ین که ئێمه به‌شێکین له کێشه‌کان و هۆکارێکی سه‌ره‌کی کێشهکانیشین، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ده‌بو دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی عێراق شامی شه‌ریف بوایه و بابه‌تێکیش نه‌ده‌بو به‌ناوی کورد و مافه‌کانی. له‌و ساته‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق فابرهکه کراوه کورد کێشه بوه بۆی و له هه‌مان ساتیشه‌وه کێشه و مه‌ینه‌تیه‌کانی کورد بێئه‌ندازه هه‌ڵکشاون.
ده‌بێت کورد له‌وه تێبگات که به‌رپرسه عێراقیه‌کان زاده‌ی خه‌یاڵاوی له جۆره ساخته‌که‌ی ئه‌میره‌که‌ی میکافیلین و له حوجره داخراوه‌کانی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی توندا گۆشه کراون، زه‌وی هه‌زاران جار ده‌وران ده‌ورانی کردوه و ئه‌وان هه‌ر واماونهتهوه. ماقوڵه سیاسه‌تمه‌دارێک به‌درێژایی ته‌مه‌نی له سایه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت و عه‌قیده‌ی داخرا و گرژ و ئاڵۆزدا و له کۆشی سیسته‌مه تۆتالیتاری ناوچه‌که و داگیرکه‌رانی کوردستاندا چاوی کردبێته‌وه و فێربوبێت ئه‌مڕۆ لێمان ببێت به مه‌لایکه‌ی دیموکراسی و له ناخی دڵیه‌وه چاوی به مافه‌کای کورد به‌رایی بێت؟ ئه‌وه‌ی وا بیر ده‌کاته‌وه که‌سێکی زۆر خه‌یاڵ پڵاوه، "ئه‌مانه و دیموکراسیه‌ت و مافه‌کانی کورد کوجا مه‌رحه‌با".
له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست هه‌میشه ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت بۆ به‌رژه‌وندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وروبه‌ریان و دژ به نه‌یار و ناحه‌زه‌کانیان به‌کارهێنراوه، ته‌نانه‌ت له تورکیاش که له ناوچه‌که پێشکه‌وتوترین ئه‌زمونی دیموکراسی پیشان ده‌دا، مافه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی هه‌ڵبژێردراو و فه‌رمی به‌رده‌وام له ژێر ره‌حمه‌تی پۆستاڵی جه‌ندرمه و په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا گوزه‌ری کردوه، ئه‌م راستیه که‌له‌پورێکی سیاسی خهڵقاندوه که هیچ لایه‌نێک رازی نابێت ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن نهیارهکهیهوه به‌ڕێوه‌ببرێت و کۆنترۆڵ بکرێت، بۆیه به‌رده‌وام به‌دوای هاوپه‌یمانی ناوخۆ و ده‌رودراوسێ و ده‌ره‌کیدا ده‌گه‌ڕێت بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی (وه‌ک ئیسلامیه‌کان به سوننه و شیعه‌وه، ناسیۆنالیسستهکان، که‌مایه‌تیه‌کان، کۆمۆنیست و رادیکاڵه‌کان). ئه‌م راستیه به‌هۆی فاکته‌ره مێژویی و جیۆپۆلیتهکانهوه به‌سه‌ر خودی هێزه‌کانی باشوری کوردستانیشدا سه‌پاوه، یه‌کێتی نزیک له ئێران و پارتی له تورکیا و ئیسلامیه‌کانیش به هانده‌ری ره‌نگه‌کانی عهقیدهیانهوه به‌م لاو ئه‌و لاوه به‌ستراون. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد رێگه نه‌ده‌ن چی زیاتر ئه‌م به‌ستن و گرێدانه سه‌ربه‌خۆیی و بڕیاری سیاسی کورد بخه‌نه مه‌ترسیه‌وه.
میکافیلی له کۆتایی "ئه‌میره‌که"دا هاوار و داوا ده‌کات وڵات یه‌ک بخرێت و ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز بنیات بنرێت و به‌رگری لێ بکرێت. ئه‌م مهسهجهی میکافیلی تا ئه‌م ساته‌ش کرۆکی سیاسه‌تی له‌و جۆره دۆخانه‌دا داڕشتوه، ئه‌ویش شه‌ڕ و دیبلۆماسیه‌ت شان به‌شانی یه‌کتر.
مالیکی و هات و هاواره‌کانی و راگه‌یاندنی شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و هه‌وڵدانی بۆ گه‌مارۆدانی سیاسی و سه‌ربازی و ته‌نانه‌ت ئابوری کوردستان له په‌رواێزی بانگه‌شه بۆ دیموکراسیه‌ت و حوکمی زۆرینه مهسهجێکی ساخته‌کاری ده‌نێرێت، گوایه له رێگه‌ی دیموکراسیه‌ت و ده‌ستور عێراق له فره دوژمنه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ده‌پارێزێت. جیاوازی بنه‌ڕه‌تی نێوان ئه‌م ئه‌میره ساخته‌یه‌ی به‌غدا و ئه‌میره‌که‌ی فلۆرانس له‌وه‌دایه که ئه‌میره‌که‌ی میکافیلی له خۆشه‌ویستی و ئینتیمای توند بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمان رۆحی به‌به‌ردا کرابو.
ره‌وشی هه‌نوکه‌ی عێراق له‌وه ده‌رچوه له‌لایه‌ن ئه‌مەریکاوه دابڕێژرێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مەریکا له عێراق له سه‌رده‌می بوش دا به‌هه‌ده‌ر درا و له سه‌رده‌می ئۆباما له ده‌ست درا.
بۆ کورد، ئه‌مه کۆتایی چیرۆکه‌که نیه، بۆ نمونه دیبلۆماسیه‌تی ئه‌مەریکا بڕیارده‌ر بو له رێکه‌وتنی مانگی ئه‌یلول نێوان هه‌رێم و به‌غدا له سه‌ر نه‌وت، ده‌شێت کورد له‌م قه‌یرانه‌دا بێ هه‌ڵچون و ته‌حه‌دا کردن و به حه‌زه‌ر و هێمنانه سود له کاریگه‌ری ئه‌مەریکا له سه‌ر به‌غدا بکات، ئه‌رکێکی قورس به‌ڵام مه‌حاڵ نیه.
سه‌رکرده‌کانی کورد و تایبه‌ت بارزانی و حیزبه‌که‌ی گه‌شبین نین له رێکخستنی په‌یوه‌ندیه‌کان له گه‌ڵ مالیکیدا، بارزانی پێی وایه نیمچه سه‌ربه‌خۆێی "هه‌رێمی کوردستان" ئه‌گه‌رێکه له به‌رده‌م کوردا. به‌ده‌ر له نیه‌ت و هۆکاره‌کانی هه‌ڵوێسته‌کانی بارزانی ناشێت راست و دروستی کرۆکی په‌یامه‌کانی بسرێنرێنهوه، زۆر ره‌وا و دروسته کورد مه‌ترسی هه‌بێت که چۆن مالیکی گورزی کوشنده‌ی له عێراقیه وه‌شاند به‌و جۆره‌ش نیه‌تی هه‌بێت بۆ لێدانی کورد کاتێک له پڕچه‌ککردنی سوپاکه‌ی ته‌واو ده‌بێت. له لایه‌کی تره‌وه کات له به‌رژه‌وه‌ندی کورد نیه، کارێکی ره‌وایه سنورێک بۆ چاوه‌ڕوانکردن دابنێین، به‌واتایه‌کی تر هیوا له سه‌ر هه‌وڵه پوچه‌ڵ و نه‌زۆکه‌کان هه‌ڵنه‌چنین، له هه‌مان کاتیش‌دا خۆمان به ناوه‌ڕۆک و شێوازه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ ئه‌گه‌ره‌کان ئاماده بکه‌ین، نه‌یار و ناحه‌زه‌کانمان ده‌یانه‌وێت کات بکوژن، موماته‌ڵه و موراوه‌غه و دهستهدهستیمان پێده‌که‌ن، کاتی ئه‌وه هاتوه وه‌ڵامێکی جدیمان هه‌بێت. |
|
|