|
ئه‌و وانانه‌ی پێویسته له دیجله‌وه فێری ببین! |
نوسه‌ر: سیروان ره‌شید
|
Thursday, December 13, 2012 |
دواجار قه‌یران و ته‌نگژه‌ی نوێی سه‌ربازی و سیاسی نێوان هه‌رێم و به‌غدا (دروسكردنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله له‌لایه‌ن مالیكی)ەوه، به فشار و ته‌داخولی راسته‌وخۆی ئێران و ئه‌مەریكاوه، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كۆتای پێدێت به‌یه‌كێك له‌م دو سینارۆیه:
1- پێكدادانی چه‌كداری "سنوردار"، له‌نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق، له‌دواتردا راگرتنی شه‌ڕه‌كه به‌هۆی ته‌داخولی راسته‌وخۆی ئهمەریكیهكان و ئێرانیه‌كان، (لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم مه‌یلی به‌لای ئه‌نجامدانی پێكدادانی چه‌كداری هه‌یه، ئه‌گه‌ر ماوه‌ی شه‌ڕه‌كه چاره‌كه سه‌عاتێكیش بێت، ئه‌ویش بۆ شه‌رعیه‌ت پێدانی سیاسه‌ته‌كانی رابردویان به‌رامبه‌ر مالیكی).
2- یان به‌بێ شه‌ڕو پێكدادان و بهڕازیبونی مامناوه‌ندانه‌ی هه‌ردولاو تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی (پێده‌چێت مالیكی و بارزانی به موبادهرهكهی نوجه‌یفی بۆ كشانه‌وه‌ی سوپا و پێشمه‌رگه له ناوچه کوردستانییە کێشەلەسەرەکان و جێگیركردنی پۆلیسی هه‌ردولا رازیببن).
پرسیاری هه‌ره‌گرنگ له ئێستا‌و یان له‌دوای ئه‌نجامدانی یه‌كێك له‌و دو سیناریۆیه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕو ئه‌وه‌یه ئایا ده‌سه‌ڵات ئه‌م روداوه به‌بێ ده‌رس لێوه‌رگرتن و ههڵوێستهكردنی جدی هه‌روا به‌سه‌ریدا راگوزه‌ر ده‌بێت، یان پێویسته ئه‌م روداوه بكاته خاڵی وه‌رچه‌رخان لهبهخۆداچونهوه و ده‌رس لێوه‌رگرتن، كه ئێمه پێمانوایه له‌زۆر ره‌هه‌نده‌وه پێویسته ده‌رسی لێوه‌ربگیرێت كه له‌پێشیانه‌وه ئه‌م دو روهیه:
1- به‌هێزكردنی پێكهاته‌ی ئیداری و سیاسی هه‌رێمی كوردستان.
2- به‌هێزكردنی سه‌نگی كورد له هاوكێشه‌ی حوكمڕانی عێراقدا.
چۆن هه‌رێم به‌هێز بكه‌ین:
هێزی هه‌مو قه‌واره و وڵاتێك له‌ناوخۆوه ده‌ستپێده‌كا و به‌بێ سه‌قامگیری سیاسی ناوخۆیی، پێگه‌ی كورد و هه‌رێم له به‌غدا به‌هێز نابێت، ئه‌وه‌ش به ئه‌نجامدانی چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له سیستمی سیاسی و ئیداری ناوخۆیی له‌م روانه‌وه:
1- جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره (2)ی په‌رله‌مانی كوردستان كه داخوازی شه‌قام و لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و زیاتر له (90) په‌رله‌مانتاری هه‌مو فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانه.
2- جێبه‌جێكردنی پاكێجه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاكسازی سیاسی له هه‌رێم.
3- گه‌ڕاندنه‌وه‌ی رۆحی ئینتیما بۆ هاوڵاتیانی كوردستان ئه‌وه‌ش به ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی راسته‌قینه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و باشكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی، سوته‌مه‌نی و كاره‌با و كه‌مكردنه‌وه‌ی گرانی بازاڕ، ئه‌نجامدانی خزمه‌تگوزاریه‌كانی دیكه.
4- دوركه‌وتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له تاكڕه‌وی و به‌شداریپێكردن و جێبه‌جێكردنی داوا و پرۆژه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر له مه‌سه‌له چاره‌نوسازه‌كانی په‌یوه‌ست به كوردستان، نه‌ك ته‌نها له‌كاتی شكستدا لایه‌نه‌كان شه‌ریكی شكسته‌كان بكرێن.
5- دروستكردنی ژێرخانێكی ئابوری پته‌و بۆ كوردستان ئه‌ویش به پشتنه‌به‌ستن به ته‌نها به %17ی بودجه‌ی عێراق و به‌هێزكردنی پایه‌كانی ئابوری هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆی و قه‌ناعه‌تهێنان و پیاده‌كردنی شه‌فافیه‌ت له سیاسه‌ت و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم و شه‌فافیه‌ت له داهاته‌كان و خه‌رجیه‌كانی بودجه، كه ئه‌وه‌ش سه‌قامگیرییه‌كی زیاتر به ئابوری كوردستان ده‌دات.
6- دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی نیشتمانی و دور له هه‌یمه‌نه و ده‌ستێوه‌ردانی حیزب و ئاماده‌كردن و سازدانی هێزی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و گۆڕینیان بۆ هێزێكی نیشتیمانی پیشه‌یی...
7- له‌ڕوی توانای ناوخۆییه‌وه هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه و بایه‌خدانی زیاتر به ناوچه كوردستانیه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان له‌ڕوی خزمه‌تگوزاری و پیشاندانی نمونه‌یه‌كی ئیداری كوردسنتنیانهی سه‌ركه‌وتوی دور له‌دو ئیداره‌ی و عه‌قڵیه‌تی ده‌مارگیریانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی و حسابكردن بۆ پێكهاته‌ی توركمان و عه‌ره‌ب له‌و ناوچانه.
8- له‌دوای 31/12/2007وه كه‌واده‌ی دیاریكراوی جێبه‌جێكردنی (ماده‌ی 140) ته‌واوبو، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان هه‌مو رۆژێك كه تێده‌په‌ڕێت هه‌نگاوێك له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه دوركه‌وتونه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ناوچانه پێویستی به پلاندانان و دوربینیه و پێویسته له‌ڕوی به‌رزكردنه‌وه‌ی نفوسی كورد له‌و ناوچانه كاری جدی بكرێت:
* بۆئه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد له‌سنوری كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی دیكه زیاد بكه‌ین، پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هه‌وڵێكی جدی بخه‌نه‌گه‌ڕ كه به‌لێشاو كورد له كوردستانیه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان نیشته‌جێبێت، چونكه ئێستا ژماره‌ی كورد له پارێزگای كه‌ركوك به‌به‌راورد به(7) ساڵ پێش ئێستا کەمیکردوە و كه‌متره له 50%، (دوا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 7/3/2010، كۆی ده‌نگی عه‌ره‌ب و توركمان 282هه‌زار ده‌نگ بو، له‌به‌رامبه‌ردا كۆی ده‌نگی كورد 278هه‌زار ده‌نگ بو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی عه‌ره‌ب له‌سنوری پارێزگای كه‌ركوك زیاد ده‌كات به دو هۆ: هۆی یه‌كه‌م: به‌رده‌وام عه‌ره‌ب له پارێزگاكانی دیكه‌وه رو له كه‌ركوك ده‌كه‌ن (به‌گوێره‌ی ئاماری فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی كه‌ركوك تاسه‌ره‌تای ساڵی 2012، زیاتر له 12 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب هاتونه‌ته سنوری پارێزگای كه‌ركوك).
هۆی دوه‌میش: به‌گوێره‌ی ئامارێكی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق قه‌باره‌ی خێزانی له‌ناو خێزانی عه‌ره‌بی له‌نێوان 4 بۆ 7 كه‌سه، كوردیش له‌نێوان (3 بۆ 5 كه‌س) بۆیه به‌رده‌وام نفوسی عه‌ره‌بی له‌به‌رامبه‌ر خێزانی كوردیدا زیاتر رو له‌هه‌ڵكشانه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش كۆچی پێچه‌وانه‌ی كورد له كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه كێشه له‌سه‌ره‌كانی تر بۆ پارێزگاكانی هه‌رێم بوه به‌دیارده، سه‌دان خێزانی كورد له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سلێمانی هه‌ولێر.
چۆن سه‌نگی كورد له‌عێراق به هێز بكه‌ین:
به‌هۆی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی پارتی و یه‌كێتیه‌وه ئێستا به‌به‌راورد به پێنج ساڵ پێش ئێستا سه‌نگی كورد له په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌غدا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه، كه هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردوه لایه‌نی كوردی وه‌ك پێش و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی سیاسی عێراقی نه‌بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێم، له‌ئێستادا خاوه‌نی پلانێكی ستراتیژی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێت له‌م روه‌وه ئه‌وه قورسای كورد هاوكێشه‌ی سیاسی عێراقیدا له دو ساڵی داهاتودا به‌به‌راورد به‌ئێستا سه‌نگه‌كه‌ی لاوازتریش ده‌بێت!
له‌م ره‌هه‌ند و روانهوهوه پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هه‌نگاوی جدی بنێن:
1- هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بۆ دابه‌زینی سه‌نگی كورد له عێراقدا، ده‌نگدان و رازیبونی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بو له خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به هه‌مواری یاسای ژماره (16)ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق دا. كه به‌و هۆیه‌وه له كۆی (50) كورسی زیادكراو بۆ په‌رله‌مانی عێراق ته‌نیا شه‌شیان بۆ پارێزگاكانی هه‌رێم بون و رێژه‌ی كورد له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له (21%)وه ئێستا بۆ (17%) دابه‌زیوه. هه‌ربۆیه هه‌وڵدان بۆ هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له سیستمی فره‌بازنه‌ییه‌وه بۆ كردنی هه‌مو عێراق به‌یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ كورد بایه‌خی گه‌وره و گرنگی هه‌یه، چونكه له‌دو هه‌ڵبژاردنی رابردودا هه‌م ده‌یان هه‌زار ده‌نگی كورد به‌هۆی ئه‌و سیستمه‌وه له پارێزگاكان فه‌وتا، هه‌م نرخی كورسی "قاسمی ئینتیخابی" له پارێزگاكانی هه‌رێم به له‌نێوان (45 بۆ 50)هه‌زار داندراوه، به‌ڵام هه‌ندێك له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشور نرخی كورسی به نزیكه‌ی 30 هه‌زار ده‌نگ داندراوه. كه‌واته ئه‌گه‌ر ئه‌م سیستمه بگۆڕێت سودمه‌ندی یه‌كه‌م كورد ده‌بێت و ژماره‌ی كورسیه‌كانی پێكهاته‌ی كوردی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ نزیكه‌ی (70) كورسی به‌رز ده‌بێته‌وه.
2- مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خاك، بكرێت به ئه‌وله‌ویه‌تی كار له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌ستكردن به دانوستاندنی جددی وه‌ك رێگایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، ئه‌وه‌ش به رێككه‌وتن له‌سه‌ر خشته‌یه‌كی كاتی بۆجێبه‌جێ كردنی (ماده‌ی١٤٠) و دیاری كردنی دواڕۆژی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی دیكه به‌پێی میكانیزمێك، ئه‌شی له‌م روه‌وه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان رۆل ببینێت وه‌كو لایه‌نی سێهه‌م.
3- هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جه‌بهه‌ی نه‌یارانی كورد و نزیك بونه‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی شیعه، چونكه عامیلی ناوچه‌ی و روخانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، له قازانجی شیعه‌ی عێراق نیه و نزیك بونه‌وه‌ی زیاتری كورد و شیعه له قازانجی هه‌ردولایه.
4- ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی بیر له به‌هێزکردنی پێگه‌ی كورد له‌ناو سوپای عێراق بكه‌نه‌وه و ئه‌و مافه ده‌ستوریه‌ی به‌كورد دراوه بۆ خزمه‌تی هه‌رێم و ناوچه كوردستانیه‌كانی دیكه جێبه‌جێبكه‌ن و رێژه‌ی كورد له‌سوپادا به‌هه‌ر كلۆجێك بێت به‌رزبكه‌نه‌وه، چونكه ماده‌ی "نۆ"ی ده‌ستوری عێراقی جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه "سوپای عێراق به‌یه‌كسانی له پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی پێك دێت" به‌و پێیه‌ش كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌نێوان 17% بۆ %21ی ژماره‌ی سه‌رباز و پۆسته باڵاكانی له‌ناو وه‌زاره‌تی به‌رگری و سوپای عێراقدا هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تای روخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دامه‌وه كه (پارتی و یه‌كێتی) به‌پله‌ی یه‌كه‌م دروستكه‌ره‌وه‌ی سوپای نوێی عێراق بون ئه‌و رێژه‌یه‌یان بۆ كورد، له‌ناو سوپادا دهستهبهرنهكرد، بگره ئێستا رێژه‌ی كورد له‌ناو سوپادا به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی سه‌ربازی كورد له هه‌رێم و به‌غدا؛ كه‌متره له 4%، بگره ئێستا له‌ناو یه‌كێك له‌هه‌ره به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گرنگه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق به‌ناوی "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی" هیچ كارمه‌ندێكی كورد وجودی نیه! كه ئه‌مه‌ش واده‌كات كورد ئاگاداری جۆر‌و بڕی ئه‌و چه‌كانه نه‌بێت كه دێنه عێراقه‌وه، بگره ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه ئاگاداری هه‌مو گرێبه‌ست و چه‌كه‌كانه. |
|
|