Print
 
 دیسان وه‌زاره‌تی‌ كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Thursday, December 20, 2012
من پێمخۆشه،‌ ئێمه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانمان هه‌بێت، هه‌رنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بنچینه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ دابنێین، كه ‌لاموایه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌گه‌ر خۆمان هه‌ره‌سی‌ پێنه‌هێنین به‌ كۆتا هاتنی‌ كێشه‌ی‌ سوریا زیاتر نزیك ده‌بێته‌وه‌، بەڵام ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌، ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه ‌سروشتیه‌كانه ‌ئه‌وه‌ خێره‌ شاخ و داخ و ده‌شت و ده‌ری‌ ئه‌م وڵاته‌ كون كون كرا به‌دوای‌ سامانی‌ سروشتیداو هێشتا ده‌بێ‌ سەره‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ نه‌وت بگرین، ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌رێ‌ خێره‌ سەره‌ی‌ سه‌یاره‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ به‌نزین یاده‌وه‌ری‌ ئێمه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.

ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ بو به‌هۆیه‌كی‌ گرنگی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ راده‌به‌ده‌ر به‌وه‌ی‌ هه‌ر مه‌سئوله‌و ده‌یان و سه‌دان دۆنم زه‌وی‌ دابڕی‌ و ته‌لبه‌ندی‌ كردو مرخی‌ له‌وه‌ خۆشكردوه،‌ چۆن كۆمپانیایه‌كی‌ بیانی‌ به‌رێته‌ سه‌ری‌، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ بزانێ‌ یان نه‌زانێ‌ هۆیه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ شێواندن و تێكدان و پیسكردنی‌ ژینگه‌ی‌ كوردستانه‌، له‌كاتێكا ژینگه‌ به‌ته‌نێ‌ هی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌و هی‌ كۆمپانیا نه‌وت به‌ره‌كان نیه‌، ژینگه‌ هی‌ هه‌مومانه‌، هی‌ ئێمه‌ی‌ مرۆڤ و ته‌واوی‌ ئه‌و باڵدار و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌له‌ كێوییانه‌ی‌ كه ‌به‌شێكن له‌ سامانی‌ نیشتیمانی‌، ئاخر ئیتر ئه‌وانیش به‌بۆنه‌ی‌ لێدانی‌ بیره‌ نه‌وته‌وه‌كه ‌ده‌شت و ده‌ری‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، سه‌رگه‌ردان و بێ‌ جێگاو رێگا ده‌بن.

ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ پێویستیه‌كانی‌ سێ‌ پارێزگا پڕ بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌كوێیه‌ سامانه‌كه‌ی‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ دنیای‌ بۆ ده‌كرێت، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ وڵاتی‌ كردوه‌ته‌ مۆڵگه‌ی‌ كاره‌سات و منه‌تی‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌رماندا ده‌كات، كه‌ شیرینی‌ كۆمپانیاكانی‌ بۆ كردوین به‌ پڕۆژه‌و شتی‌ تر، من ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ چی‌ لێبكه‌م كه‌ نه‌توانێ‌ رۆڵێكی‌ كه‌می‌ هه‌بێت له‌ باشكردنی‌ ژیانی‌ كه‌مئه‌ندامانا.

چی‌ لێبكه‌م كه ‌له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان سه‌وز كات، شاخه‌كان بنكۆڵ كات.

چی‌ لێبكه‌م كه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بێكاری‌ كه‌م كاته‌وه،‌ جیاوازی‌ چینایه‌تی‌ زیاترو زیاتر كات.

چی‌ لێبكه‌م كه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ هۆی په‌ره‌پێدانی‌ داهاتی‌ نیشتمانی،‌ كه‌چی‌ خۆی‌ پشكی‌ هه‌بێت له ‌بودجه‌.

من چی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌م كه‌ سامانه‌كه‌ی‌ نه‌بێته‌ هۆی‌ دڵنیایی‌ به‌خشین به‌من و نه‌ترسان له‌ رژێمی‌ عێراق ئه‌گه‌ر بودجه‌كه‌ی‌ بڕین.

ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ هه‌بێ‌ یان نه‌بێ‌، كام هه‌ژار خێر له‌بون و بۆنی‌ ده‌بینێ‌ .

هه‌بێ‌ یان نه‌بێ‌ چی‌ له‌وه‌ ده‌گۆڕێ‌ كه‌ ئێمه‌ هێشتا چاومان له‌ ده‌ستی‌ به‌غدایه‌.

هه‌بێ‌ یان نه‌بێ‌ رۆڵی‌ چیه‌ له‌ هۆشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یدا بۆ خۆ خاوه‌نی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌دنیادا سامانی‌ ژێر زه‌وی‌ ئه‌و رۆڵه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ هۆی‌ پاراستن و مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیان، نمونه‌ی‌ ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌كی‌ بچوكی‌ وه‌ك  كوه‌یت، كه‌ نه‌ شارستانیه‌تی‌ هه‌یه‌ نه ‌دیرۆك نه‌شوێنه‌وار، بەڵام بونی‌ هه‌یه‌ بون به‌ مانای‌ سامانی‌ ژێر زه‌وی‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی‌ ناسنامه‌ی‌ ئه‌و.

یان ئیمارات، یان قه‌ته‌ر ئه‌و وڵاته‌ی‌ گه‌وره‌ و بچوك حسابی‌ بۆ ده‌كه‌ن و هه‌مو ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت لانی‌ كه‌م چه‌ند رۆژێ‌ سه‌ردانی‌ بكه‌ن، جگه‌ له‌چه‌ندین نمونه‌ی‌ تر.
Sbeiy.com © 2007