Print
 
 توركیا له‌ ساته‌كانی فۆبیابوندا
نوسه‌ر:  محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
Thursday, January 10, 2013

سروشتی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا وه‌هایه‌ له‌كاتی فۆبیابوندا نه‌بێ، خۆی له‌ قه‌ره‌ی گفتوگۆكان نادات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، ده‌نا توركیا هه‌رگیز رێكاری دیبلۆماسی و دانوستان ناگرێته‌به‌ر ئه‌گه‌ر هه‌ست نه‌كات ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌ دایه‌، چونكه‌ ئاسایشی توركیا به‌نده‌ به‌ كێشه‌ی خاكه‌وه‌، له‌ حاڵه‌تی كردنه‌وه‌ی دانوستاندا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كه‌یدا كه‌ په‌كه‌كه‌یه‌، ده‌بێ راسته‌وخۆ باس له‌شێوه‌ی حوكمڕانی وڵات بكات له‌گه‌ڵیدا، ئه‌مه‌ش واتا قایلبونی توركیا به‌ شه‌ریكه‌ به‌ش له‌ حوكمڕانی به‌شێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌یدا، كه‌ قابیلی قه‌بوڵ نییه‌ توركیا وه‌ها دانوستانێ ئه‌نجام بدات.

پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ وڵاته‌كه‌یدا، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی دانوستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌ (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) سه‌باره‌ت به‌ چه‌كدانانی په‌كه‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، كه‌ توركیای توشی حاڵه‌تی فۆبیابون كردوه‌، ئه‌و گۆڕانانه‌ بۆ توركیاش له‌ناكاو بو، خۆ ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی وه‌ها نه‌هاتایه‌ته‌ گۆڕێ، به‌ئاسانی ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌ده‌هاته‌ ژێربار.

دوای ئه‌وه‌ی توركیا راستییه‌كه‌ی بۆ رونبوه‌وه‌، ئه‌وجا باسی دانوستانی كرد و حه‌زی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ وڵاته‌كه‌یدا نیشاندا،هه‌رچه‌ند ئه‌و راستییانه‌ش بۆ توركیا نه‌خوازراو بون هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بنه‌ ته‌جروبه‌یه‌كی تاڵ بۆ وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام ناچاره‌ قه‌ده‌ره‌ێكی وه‌ها كه‌ به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یدا دێت، قه‌بوڵ بكات، چونكه‌ هیچ جۆره‌ به‌دیلێكی دیكه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ تا له‌ رێگه‌یه‌وه‌ وه‌ك كارتی فشار بۆ سه‌رخستنی فڕوفێڵه‌كانی خۆی به‌كاری بهێنێت.

گۆڕانكاییه‌كانیش وه‌ك ئازادبونی ناوچه‌ كوردییه‌كانی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) و باڵا ده‌ستبونی هێزه‌كانی نزیک لە په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌دا، كه‌ یه‌ك بۆئه‌وی دی ته‌واوكه‌ری یه‌كن له‌ قازانجی په‌كه‌كه‌دا شكاوه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش په‌كه‌كه‌ی كردۆته‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها له‌و ناوچانه‌دا جگه‌له‌وه‌ی سنوری ئه‌و ناوچانه‌ لكاوه‌ به‌ سنوری هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌وه‌، كه‌ بۆ توركیا، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت له‌ ئایینده‌دا هه‌مو سنوره‌كان یه‌كبخرین و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاسایشی توركیا دروست بكات.

ئه‌گه‌ر سنوری هه‌رێمه‌ كوردییه‌كان به‌ درێژایی سنوره‌كانی توركیا له‌ باشوری وڵاته‌وه‌، یه‌كبخرێن. راسته‌خۆ به‌مانای ئه‌وه‌ دێت كه‌ توركیا به‌و قه‌ده‌ره‌ رازییه‌ كه‌ ده‌روازه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ ناو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی بۆ ناوچه‌ی وڵاتانی كه‌نداوی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت و پاره‌. له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد و به‌تایبه‌تیش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌دا بێت، به‌مه‌ش نیگه‌رانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا رو له‌زیادبون ده‌كات، چونكه کە سه‌رچاوه‌ی ئابوریی وڵاته‌كه‌ی كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ واته‌ ئاسایشی توركیا له‌ مه‌ترسییدایه‌.

 ئه‌مه‌یه‌ توركیای توشی فۆبیایه‌ك كردوه‌ و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات ،به‌ ناوی دانوستانه‌وه‌ ئه‌و كارته‌ش له‌ژێر ده‌ستی په‌كه‌كه‌ بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007