|
تارماییه‌کانی په‌یوه‌ندی کورد و ئیسرائیل |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Wednesday, January 23, 2013 |
جاران و چه‌پ و ئیسرائیل
جاران، له ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابوردو، کاتێ ئێـهمانان گه‌نج بوین، سه‌رگه‌رمی کوردایه‌تی و فکری پێشکه‌وتنخواز و چه‌پ بوین. هه‌رشتێک چۆکی بۆ ئاراسته‌کانی چه‌پڕه‌وی دانهوێنایه بێ یه‌ک و دو ده‌چوه به‌ره‌ی دوژمنی سه‌رسه‌خته‌وه و نه‌فره‌تی دنیاشی لێده‌کرا. یه‌كێک له‌و بابه‌ته گه‌ورانه‌ی زۆر خۆمان پێوه سه‌رقاڵ کردبو کێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین بو. ئه‌و سه‌رده‌مانه شه‌رمه‌زاری و بڤه بو ئیسرائیل به ده‌وڵه‌ت ناوببرێت و که‌مترین ناوبردنی داگیرکه‌ر و کیانی زایۆنیزمی بو. به‌زه‌بری ئاین و عه‌قیده و بیروباوه‌ڕی هاورده و سه‌پێنراو به‌سه‌رماندا ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزی ناوچه‌که و گروپانێکی جوی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌توانامان له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مەریکا کردبوه نه‌یار و دوژمن.
له‌نێو گێژاو و مه‌عمه‌عه‌ی هزر و چه‌مکه باوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌سانێک گرنگی ئیسرائیل و کاریگه‌ریان بۆ کورد ده‌بینی و مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵدا ده‌کرد. بێگومان خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا یه‌کێک بوه له سه‌رکرده‌کانی کورد که له دروستکردنی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئیسرائیل سڵی نه‌کردۆته‌وه و کاریشی له‌سه‌ر کردوه. چه‌پڕه‌و و پێشکه‌وتنخوازه کورده‌کان بۆ رازیکردنی هاوراکانیان له عه‌ره‌ب و تایبه‌ت فه‌له‌ستینیه‌کان بوبونه بۆقی دیعایه بۆیان و که‌متر وه‌سفیان بۆ مه‌لا مسته‌فا "عه‌میلی زایۆنیزم" بو. باسم له سه‌رکێشه‌ی فه‌له‌ستین نیه، باسه‌که ده‌مان باته ناو دنیایه‌کی تایبه‌تی تارماوی له په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان کورد و ئیسرائیل له مێژو و له ئێستادا.
زه‌مینه‌ی مێژویی
بۆ باشتر تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندی نێوان کورد و ئیسرائیل ده‌بێت ره‌گ و رێشه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان جوه‌کانی کوردستان و کۆمه‌ڵگای کوردی له سه‌ده‌ی بیستدا هه‌ڵبده‌ینه‌وه. ئه‌و په‌یوه‌ندیانه له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌لا و وه‌فای جوه کورده‌کان بۆ خاکی کوردستان و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه و پاراستنی جوه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆك هێز و ده‌سه‌ڵاتداره سیاسیه‌کانی کورده‌وه داڕێژراون. باشترین لێکۆڵینه‌وه له‌م بواره‌دا له‌لایه‌ن Mordechai Zakenه‌وه کراوه و له ساڵی 2007 له کتێبێک‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. کتێبه‌که باس له ژیان و ئه‌زمونی جوه‌کان له شه‌ش شاری جیای کوردستان (زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی، دهۆک، سلێمانی و شنۆ) و له ده‌یان گوند ده‌کات.
نوسه‌ر باس له په‌یوه‌ندی نێوان جوه‌کانی باشوری کوردستان، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی بادینان، له گه‌ڵ سه‌رۆک هێز و سه‌رکرده ئاینیه‌کان ده‌کات. ده‌رده‌که‌وێت که بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، زۆر تایبه‌ت خوالێخۆشبوان شێخ ئەحمەدی بارزان و مه‌لا مسته‌فا په‌یوه‌ندی زۆر دۆستانه و راستگۆیانه و پته‌ویان له گه‌ڵ جوه‌کانی ناوچه‌کانی ئاکرێ و ئامێدیه و پیاوه ئاینیه‌کانیان هه‌بوه و به‌درێژایی کات رێزیان لێگرتون و پاراستویانن و ته‌واوی ئازادی ئاینییان له‌و ناوچانه‌دا بۆ دابین کراوه.
پاش روخاندنی کۆماری مه‌هاباد له ساڵی 1946 مه‌لا مسته‌فا روی له یه‌کێتی سۆڤیه‌تی جاران کرد. هاوسه‌ره‌که‌ی و کوڕه بچوکه‌که‌ی (مسعود) گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق لای مەحمود ئاغای زێباری (خه‌زوری مه‌لا مسته‌فا) مانه‌وه. ئاری گابای، کوری ئیسحاق کهواجه کینۆ، سه‌رۆکی بنه‌ماڵه‌یه‌کی جوی ناوداری ئاکرێ و دۆستایه‌تیه‌کی زۆر نزیک و توندی له گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا هه‌بوه، ده‌ڵێت: باوکم ناوبه‌ناو نامه‌ی له مه‌لا مسته‌فاوه پێده‌گه‌یشت و تێدا داوای لێده‌کرد ئاگایه‌کی له مەسعودی کوڕی بێت، باوکیشم جارجار شیرینی و جلوبه‌رگی جوانی بۆ مسعود ده‌نارد. ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندیانه بناغه‌یه‌کی به‌هێز بون بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی مه‌لا مسته‌فا له گه‌ڵ ئیسرائیل له ساڵه‌کانی شۆڕشی ئه‌یلولدا.
کۆچکردنی جوه‌کان له کوردستانه‌وه بۆ ئیسرائیل له سه‌ده‌ی شازده ده‌ستی پێکردوه، کۆچه‌کانی دواتر له 1920 و 1930دا بون. له ساڵی 1948 نزیکه‌ی 8.000 جوی کورد له ئیسرائیل نیشته‌جێ بون. هه‌نوکه جوه کورده‌کانی ئیسرائیل زیاتره له 150.000 که‌سن و زۆربه‌یان له ده‌روبه‌ری ته‌ل ئه‌بیب ده‌ژین. جوه کورده‌کان به درێژایی ئه‌و ده‌یان ساڵه کەلتور و نه‌ریته‌کانی خۆیان پاراستوه.
له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌دا که ئازادی ژنی کورد تاڕاده‌یه‌ک به‌رقه‌رار بوه ئاسینات بارزانی توانی له‌نێو جوه‌کانی کوردستان ببێت به‌یه‌که‌م قه‌شه‌ی جوی ژن. باوکیشی (سامویل بارزانی) دامه‌زرێنه‌ری چه‌ندین خوێندنگای جوه‌کان بوه له کوردستان، ئاسیناتای کچیشی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌کادیمیای جوه‌کان بوه له موسڵ. (چه‌ندین جوی تر له‌قه‌بی بارزان یان هه‌یه و زۆربه‌ی پسپۆڕه‌کان ئه‌م نازناوه بۆ نیشته‌جێبونیان له ناوچه‌ی بارزان ده‌گه‌ڕێننه‌وه نه‌ک وه‌ک ئه‌ندامێکی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی).
په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئیسرائیل و کورد له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و لێکتێگه‌یشتنێک، که باسی ناکرێت سازدراون و تا ئه‌م ساته‌ش به‌و هاوکێشه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
ته‌نانه‌ت پێش دروستبونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بزوتنه‌وه‌ی زایۆنیزم پشکێکی سه‌ره‌کی سیاسه‌تی ئه‌منی ده‌وڵه‌تی چاوه‌ڕوانکراوی جوله‌که‌یان له‌سه‌ر ستراتیژی ده‌وروبه‌ر peripheral strategy داڕشتبو. بۆ نمونه Theodore Herzl له ساڵی 1904 وتویه‌تی که ناوچه‌ی ده‌وڵه‌تی جولەکه له (ئه‌رزی میعاد) دروست ده‌کرێت له میسره‌وه بۆ فورات درێژ ده‌بێته‌وه. له چوارچێوه‌ی ئه‌مه‌دا کورد وه‌ک قوبتیهکانی میسر و ئاشوریه‌کان به‌شێکی گرنگی له‌و ستراتیژیه‌ته پێکهێناوه.
به‌پێی کاری چه‌ند لێکۆڵه‌وه‌رێک داڤید بن گۆریۆن له کۆتایی ساڵی 1930دا بنه‌ماکانی ستراتیژی ده‌وروبه‌ری شێکردۆتهوه. پاش دروستبونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بن گۆریۆن کاری بۆ به‌رفراوان کردنی ئه‌م ستراتیژیه کردوه، جه‌ختی له هاوپه‌یمانیه‌ک کردوه که به‌ره‌نگاری وڵاتانی عه‌ره‌بی ببێته‌وه و شه‌راکه‌تی ستراتیژی له گه‌ڵ تورکیا و ئێرانی ئه‌و سه‌رده‌مه و ئیسیۆپیا ساز بکرێت. مه‌به‌ستێکی سه‌ره‌کی له‌م پلانه گه‌مارۆدانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و تایبه‌ت لاوازکردنی عێراق بوه.
له کۆتایی 1930 کارمه‌ندێکی هه‌واڵگری بزوتنه‌وه‌ی زایۆنیزم، Rubin Shilia، به ناوی خوێندکارێک له خوێندنگای هێبرهو له به‌غدا تۆڕێکی سیخوری دروست کردوه و له گه‌ڵ دانیشوانی ناوچه کوردیه‌کان په‌یوه‌ندی دروست کردوه. ئه‌م په‌یوه‌ندیانه زۆر سودمه‌ند بون له‌کاتی گواستنه‌وه‌ی جوه‌کانی عێراق بۆ ئیسرائیل به‌ڕێگه‌ی کوردستانه‌وه.
له‌کاتی کۆڕه‌وه‌که‌دا هه‌مو رێکخراوه جوله‌که‌کان له دنیادا کامپینێکی به‌رفراوانیان بۆ پشتگیریکردنی کورد ده‌ست پێ‌کرد. رێکخراوی جوه‌کانی عێراق له ئیسرائیل به‌رێگه‌ی تورکیاوه یارمه‌تیه‌کی زۆری ده‌رمان و پێداویستیه پزیشکیه‌کانی بۆ ئاواره کورده‌کان ناردوه. له‌و ساتانه‌دا شامیر، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل، له دیدادریدا له گه‌ڵ جێمس به‌که‌ر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا، داوای له ئه‌مەریکا کردوه که به‌رگری له کورده‌کان بکات.
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشودا و به‌پێی ئاماره‌کانی عێراق ژماره‌ی جوه کورده‌کان به 40-50 هه‌زار مه‌زه‌نده ده‌کرا و زیاتر له 22 هه‌زار لێیان له کوردستان ژیاون، به‌شی زۆریان (10345) له ناوچه‌ی بادینان بون. یه‌کێک له کورده جوه سه‌رکه‌وتوه‌کان له ئیسرائیل ئیسحاق مۆردوخا بو که بۆ ماوه‌یه‌ک وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل بو.
شۆڕشی ئه‌یلول و ئیسرائیل
(صلاح الخرسان) له کتێبه‌که‌ی " التیارات السیاسیة في کردستان العراق، قراءة في ملفات الحرکات و الاحزاب الکردیة في العراق 1946-2001" و له به‌شی هه‌شته‌مدا، العلاقة مع الدولة العبریة، سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندیه‌کان بۆ کامه‌ران به‌درخان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه که په‌یوه‌ندی تۆکمه‌ی له گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیسرائیل هه‌بوه. به‌پێی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه به‌درخان له مانگی نیسانی 1964 سه‌ردانی ئیسرائیلی کردوه و نامه‌یه‌کی مه‌لا مسته‌فای بۆ حکومه‌تی ئیسرائیل پێ بوه. له‌و سه‌ردانه‌دا به‌درخان له گه‌ڵ داڤید بن گۆریۆن و گۆڵدا مائیر (وه‌زیری ده‌ره‌وه) و سه‌رۆکی ئه‌رکان و به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی کۆبۆته‌وه. دوای ئه‌م سه‌ردانه ئیسرائیل بڕیاری یارمه‌تیدانی شۆڕشی کوردی داوه و ده‌زگای موساد راسپێردراوه به‌و کاره هه‌ڵسێت. دو مانگ دوای ئه‌م سه‌ردانه به‌درخان له پاریس هه‌وڵی داوه کۆبونه‌وه‌یه‌ک له‌نێوان مام جەلال، که وه‌ک نوێنه‌ری مه‌لا مسته‌فا سه‌ردانی پاریسی کردوه، له گه‌ڵ شمعون پێرس جێگری وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، رێك بخات. له‌م کتێبه‌دا هاتوه که مام جەلال به‌م شێوه‌یه ئه‌و روداوه‌ی باس کردوه: "له پاریس دکتۆر کامه‌ران به‌درخانم بینی، رۆژێک پێی راگه‌یاندم که شمعون پێرس ده‌یه‌وێت بمبینێ، منیش وتم کاتێک مۆڵه‌تم بده تا راوێژ بکه‌م... منیش داوای رای سۆڤیه‌تم کرد، چونکه رۆژانه په‌یوه‌ندیم پێیانه‌وه هه‌بو، ئه‌وان پێیان باش بو به‌رپرسه ئیسرائیلیه‌که نه‌بینم و دانیشتنه‌که ساز نه‌بو".
دواتر ئیسرائیل بڕیاری دا که په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ له گه‌ڵ شۆڕشی کورد بکات. دوای سه‌ردانی نوێنه‌رێکی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی ئیسرائیل بۆ ناوچه‌ی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول. خوالێخۆشبو ئیبراهیم ئەحمەد لیستێکی داوکاری یارمه‌تی سازکرد و به‌و نوێنه‌ره‌دا ناردیان. شایانی ئاماژه پێکردنه که ئیبراهیم ئەحمەد وه‌ک نوێنه‌ری مه‌لا مسته‌فا سه‌ردانی پاریسی کردوه بۆ کۆبونه‌وه له گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیسرائیل و له‌وانه‌ش گۆڵدا مائیر که به‌سه‌ردان له پاریس بوه.
له 15/5/1965 سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل، لیڤی ئه‌شکۆل، کۆبونه‌وه‌یه‌کی له گه‌ڵ گۆڵدا مائیر و لیوا ئیسحاق رابین سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپا و لیوا مائیر عامیت سه‌رۆکی موساد کرد و تێدا بڕیار له پێشکه‌شکردنی یارمه‌تیه‌کی سه‌ربازی گه‌وره به شۆڕشی کورد درا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌رنامه‌یه‌کیان له ناوچه ئازاد کراوه‌کان ههڵسوڕاندوه (خولی راهێنان، نه‌خۆشخانه‌ی مه‌یدانی، یارمه‌تی پزیشکی).
به‌پێی وته‌کانی Eliezer Tsafrir (کارمه‌ندی باڵای پێشوی موسادی ئیسرائیل)، ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له 21.02.1999 بڵاوی کردۆته‌وه، له ساڵی 1963 تا 1975 ئیسرائێل راوێژپێکراوانی سه‌ربازی له باره‌گای سه‌ره‌کی مه‌لا مسته‌فا هه‌بوه، ئیسرائیل ده‌وراتی تایبه‌تی بۆ هێزه کورده‌کان رێکخستوه و چه‌کی پێداون و له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌کاندا چه‌کی دژ به‌فرۆکه جه‌نگیه‌کانیان به‌کارهێناوه. ئه‌م کارمه‌نده له کتێبه‌که‌ی به‌ناوی (من کوردم) ده‌ڵێت: ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان ئیسرائیل و بارزانی ده‌بێت پته‌وبکرێت و گه‌شه‌ی پێبدرێت تا سوپای عێراق له ئیسرائیل دورکه‌وێته‌وه. له 21-09-1966 بۆ یه‌که‌م جار به‌رپرسێکی باڵای ئیسرائیل، لیوا مائیر عامیت، سه‌رۆکی موساد سه‌ردانی مه‌لا مسته‌فا له حاجی ئۆمه‌ران ده‌کات و ئه‌م سه‌ردانه وه‌رچه‌رخاندنێکی به‌رچاو بو له په‌یوه‌ندیه‌کاندا. ئیسرائیل له حوزه‌یرانی 1967 داوای له مه‌لا مسته‌فا کرد که به‌ره‌یه‌کی شه‌ڕی فراوان دژ به سوپای عێراق بکاته‌وه تا نه‌توانێت به‌شداری شه‌ڕکردنی ئیسرائیل بکات، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا داواکه‌ی ره‌تکردۆته‌وه. ئه‌مه کاریگه‌ری نه‌کرد له سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کان و له مانگی نیسانی 1968 سه‌ردانی ئیسرائیلی کرد. د.مەحمود عوسمان و خوالێخۆشبو شەمسەدین موفتي ئه‌ندامانی شاندی یاوه‌ری بون. له‌و سه‌ردانه‌دا مه‌لا مسته‌فا چاوی به هه‌مو به‌رپرسه گه‌وره‌کانی ئیسرائیل که‌وت و ئاهه‌نگێکی گه‌وره‌یان بۆ سازکرد. له دیداری له گه‌ڵ زلمان شازار، سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، شازار پێی وتوه: "واز له بیرۆکه‌ی حوکمی زاتی بهێنه، کار بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی بکه".
ته‌نانه‌ت دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلول ئیسرائیل به‌رامبه‌ر بارزانی بێ وه‌فا نه‌بو، له چله‌ی ماته‌مینیه‌که‌یدا سه‌رۆکایه‌تی ئه‌رکانی ئیسرائیل پرسه‌یه‌کی شیاوی له یانه‌ی ئه‌فسه‌ران له ته‌ل ئه‌بیب سازکرد و گه‌وره به‌رپرسانی ئیسرائیل ئاماده بون.
هینری کیسینجه‌ر له یاداشته‌کانی به‌ناوی (ساڵه‌کانی نوێبونه‌وه) له ساڵی 1999دا بڵاوکرایه‌وه و له به‌شی سێیه‌میدا باس له گرنگی په‌یوه‌ندی ئه‌مەریکا- ئیسرائیل – ئێران – بارزانی ده‌کات، کاتێک خۆی ئه‌ندازیارێکی داڕشتنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بوه.
ئاراسته‌ی پێچه‌وانه
دوای رێکه‌وتنی جه‌زائیر له 1975 ئیسرائیل خاکی ئێرانی له ده‌ستدا بۆ یارمه‌تیدانی کورد و له گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی له ئێران له 1979 کۆتایی به‌و یارمه‌تیه راسته‌خۆیانه هات. دوای ئه‌مه موساد و CIA به‌یه‌که‌وه به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه ده‌ستیان به‌کارکرد، به‌واتایه‌کی تر له باشوری کوردستانه‌وه و تورکیاوه دژ به ئێران. ئه‌و دۆکیۆمێنتانه‌ی له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مەریکا له تاران ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا ئه‌و چالاکیانه‌ی موساد و CIA ده‌سه‌لمێنن. ئیسرائیل به‌رده‌وام بو له یارمه‌تیدانی کورد، له مانگی شوباتی 1982 Oded Yinon، رۆژنامه‌نوسێکی ئیسرائیلی و پێشوتر کارمه‌ندێکی باڵا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، وتارێکی به‌ناونیشانی "ستراتیژیه‌ک بۆ ئیسرائیل له ده‌یه‌ی هه‌شتاکان" له بڵاوکراوه‌ی ده‌وری رێکخراوی جیهانی زایۆنیزم بڵاوکردۆته‌وه و تێدا داوای کردوه که ئیسرائیل به‌ردوه‌ام بێت له یارمه‌تی دانی که‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌کان له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا. له‌به‌ر پێگه‌و و ده‌سه‌ڵاتی رێکخرای زایۆنیزم که نوسیهنهکهی بڵاوکردبوه‌وه تێده‌گه‌ین که جوه‌کان پابه‌ند بون به ستراتیژیه‌تی دوه‌روبه‌ر.
په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه
روخاندنی سه‌دام و دروستبونی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ره‌تای قۆناغێکی نوێ بو له په‌یوه‌ندی کورد و ئیسرائیل و کاریگه‌ری له‌سه‌ر سنوردارکردنی په‌یوه‌ندیه سیاسیه‌کانی ئیسرائیل و کوردی له گه‌ڵ وڵاتان و هێزه‌کانی تری ناوچه‌که کردوه.
ئیسرائیل مه‌به‌ستیه‌تی دۆستایه‌تیه‌کی به‌هێزی سیاسی و سه‌ربازی له گه‌ڵ کورد بنیات بنێت و پاڵپشتی بن له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئێران و سوریادا. سارا بنیامین Sara Benjamin رۆژنامه‌نوسی ئاژانسی هه‌واڵی ئیسرائیل ده‌ڵێت: گرنگه سه‌رکرده‌کان کورد بوێرن ههنگاوێکی له‌وجۆره بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی بنێن.
به‌پێی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ و چاودێره سیاسیه‌کان سیاسه‌تمه‌دار و کارمه‌ند و راوێژکاره ئیسرائیله‌کان له واشنتۆن به‌دوای پشتگیریدا ده‌گه‌ڕێن بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی. Micheal Oren بالیۆزی ئیسرائیل له ئه‌مه‌ریکا له‌م روه‌وه قسه‌ی له گه‌ڵ کارمه‌نده باڵاکانی پێنتاگۆن کردوه.
هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که مەسعود بارزانی له سه‌ره‌تای شوباتی 2010 له گه‌ڵ باڵیۆزی ئیسرائیل له ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته لێدوانی کردوه و ئاکامه‌که‌ی نه‌زانراوه. هه‌روه‌ها باسیش له‌وه ده‌که‌ن که سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل، بینیامین نه‌ته‌نیاهۆ نامه‌یه‌کی له‌سه‌ر هه‌مان دیدوبۆچون بۆ جەلال تاڵه‌بانی ناردوه. ئه‌م هه‌واڵانه له لایه‌ن ئاژانسی نیشتمانی ئیسرائیل بۆ هه‌واڵ راگه‌یاندراون، له‌لایه‌ن هیچ لایه‌نێکه‌وه کۆمێنتی له‌سه‌ر نه‌دراوه.
Seymour M. Hersh بۆ رۆژنامه‌ی New Yorker له نوسێنێکدا له 25 حوزه‌یرانی 2004 بڵاوکراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت: له زنجیره‌یه‌ک چاوپێکه‌وتن له ئه‌وروپا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مەریکا به‌رپرسه‌کان پێیان وتم: له کۆتایی ساڵی 2003 دا ئیسرائیل گه‌یشته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که ئیداره‌ی بوش ناتوانێت نه دیموکراسیه‌ت و نه ئارامی و ئاسایش له عێراق به‌دی بهێنێت، بۆیه ئیسرائیل پێویستی به ئه‌گه‌ره‌کانی تر بو. حکومه‌تی ئارێڵ شارۆن بڕیاری دا کار بکه‌ن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی زه‌ره‌ره‌کان که شه‌ڕی عێراق به پێگه‌ی ستراتیژی ئیسرائیلی ده‌گه‌یه‌نێت به‌رێگه‌ی به‌رفراوانکردنی په‌یوه‌ندیه مێژینه‌کانیان له گه‌ڵ کورده‌کانی عێراق و به‌ده‌ستهێنانی بونێکی هه‌ستیار له کوردستان. چه‌ند به‌رپرسێک پێیان وابو ئه‌م بڕیاره ده‌بێته بارێکی قورسی دارایی بۆ ئیسرائیل و هه‌نگاوێکه له‌وانه‌یه ئاژاوه و توندوتیژی زیاتری لێ بکه‌وێته‌وه.
چه‌ند هۆکارێک له زه‌مینه‌ی ئه‌م بۆچونانه‌دا هه‌بون، له پله‌ی یه‌که‌مدا تورکیا نایه‌وێت کورده‌کان زیاتر چه‌کدار و سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی بن، بۆیه گه‌شبینی له ئایندهی په‌یوه‌ندی ئیسرائیل و تورکیا له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌دی نه‌ده‌کرا.
وێرای ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرته زۆرانه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باشوری کوردستان، وه‌لێ هه‌ر دولا ئه‌و ده‌نگۆیانه به‌درۆده‌خه‌نه‌وه. مەسعود بارزانی له چاوپێکه‌وتنێک له گه‌ڵ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (العربیة) رایگه‌یاند؛ که ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیانه بونیان نیه و وتی: "تا ئه‌وکاته‌ی په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا و ته‌لئه‌بیب ساز نه‌کرێت ئێمه‌ش په‌یوه‌ندیمان نابێت". له هه‌مانکاتیشدا وتی: ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیش هه‌بێت ئه‌وه له نیه‌تی خراپه‌وه سه‌رچاوه ناکات، وه‌ک به‌ڕێزی وتی: "نزیکه‌ی هه‌مو وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان په‌یوه‌ندیان له گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌یه، بۆچی ئه‌وه بۆ ئێمه حه‌رام بێت؟".
به‌پێی راپۆرتێکی Yedioth Ahronoth چه‌ندین ئیسرائیلی که زه‌مینه‌ی سه‌ربازیان هه‌یه بۆ کۆمپانیا تایبه‌ته‌کان له هه‌رێمی کوردستان کاریان کردوه و یارمه‌تی کورده‌کانیان داوه له دروستکردنی یه‌که‌کانی دژ به تێرۆر. به‌پێی ئه‌و راپۆرته حکومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستی له گه‌ڵ کۆمپانیا ئیسرائیلیه‌کان له بواره‌کانی ئاسایش و مه‌شقکردن به هێزه کوردیه‌کان و ته‌زوید کردنیان به ئامرازی مۆدێرن به‌ستوه.
کۆمپانیاکانی Motorala Inc و Magalcom communications بۆ چه‌ندین ملیۆن دۆلار گرێبه‌ستیان ده‌ستکه‌وتوه. به‌شێک له‌م گرێبه‌ستانه په‌یوه‌ندی به‌دروستکردنی فرۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر هه‌بوه. له به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئیسرائیل پێداگری ده‌کات که بێ ئاگابوه له‌و گرێبه‌ستانه و ته‌نیا بهئاگابوه له‌و گرێبه‌ستانه‌ی بۆ کاری مه‌ده‌نی سازدراون.
له کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌گه‌ری هاوبه‌شی تاڵه‌بانی و بارزانی، بارزانی وتی: "هه‌مو ئه‌م راپۆرتانه درۆن، پێشمه‌رگه پێویستیان به که‌س نیه بۆ مه‌شقکردن، فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر کراوه‌یه و فڕۆکه‌ی زۆر وڵات له‌وێ ده‌نیشنه‌وه".
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئیسرائیل رونکردنه‌وه‌ی شایه‌تحاڵه‌کانی که کاریان بۆ کۆمپانیا ئیسرائیله‌کان کردوه کۆکردۆته‌وه. له ئاکامی ئه‌و رونکردنهوانهدا کارمه‌ندانی حکومی سه‌رسوڕماون له‌سه‌ر ئاستی چالاکیه‌کانی ئیسرائیل له باشوری کوردستان. حکومه‌تی ئیسرائیل داوای له کۆمپانیاکان کردوه ده‌بێت حکومه‌ت ئاگادار بکه‌نه‌وه و داوای مۆڵه‌ت وه‌رگرتن بکه‌ن بۆ به‌کارهێنانی زانیاری و پسپۆڕیان له‌بواری ئاسایش‌دا له ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌رپرسی ده‌زگای ئاسایشی ئیسرائیل Yehiel Horeve هه‌نگاوی ناوه بۆئه‌وه‌ی بزانرێت ئایا چالاکیه‌کان ئاراسته‌ی تاوانی تێدایه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پلانی لیکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره ئاماده کرابو.
کورد و ئێران و ئیسرائیل
به‌یارمه‌تی ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کانی ئه‌مەریکا و ئیسرائیل چه‌کداره‌کانی به‌ره‌ی یه‌کگرتو بۆ خۆرهه‌ڵاتی کوردستان (له چه‌کداره‌کانی چه‌ند رێکخراوێکی کوردی له ئازاری 2006 له هه‌ولێر دروست بوه) توانیان بچنه ناو خاکی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه. له گه‌ڵ ئه‌م مهفرهزانهدا هێزه تایبه‌ته‌کانی ئیسرائیلیش ده‌چنه ناو ئێرانه‌وه بۆ دانانی ئامێره ته‌کنۆلۆژیا زۆر پێشکه‌وتوه‌کان بۆ چاودێری کردنی چالاکیه سه‌ربازی و نه‌وه‌ویه‌کانی ئێران. چالاکیه‌کانی ئیسرائیل له باشوری کوردستان بوه هۆی کوشتنی شه‌ش کارمه‌ندی موساد له که‌رکوک که گومانی زۆر ده‌کرێت له لایه‌ن ئه‌نسار ئیسلامه‌وه کوژرابن.
"رژێمی داگیرکه‌ری قودس خاکی هه‌رێمێکی نزیک سنورمان به‌کارده‌هێنێت و ته‌نانه‌ت بنکه‌ی مه‌شقکردنی تێرۆریست و سه‌ربازیان له‌و هه‌رێمه هه‌یه".
ئه‌مه لێدوانی ئاغای حه‌یده‌ر موسلیح وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێرانه له 17 حوزه‌یرانی 2012 دا.
به‌پێی راپۆرتێکی ئێرانی "هه‌رێمی کوردستان بۆته که‌نارێکی ئارام بۆ سیخوره‌کانی موساد و له‌وێوه کاره تێرۆریستیه‌کانیان دژ به پسپۆڕه ئێرانیه‌کانی بواری نه‌وه‌وی ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
پێشتریش به‌رپرسه ئێرانیه‌کانی تر ئاماژه‌یان داوه به‌وه‌ی که ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژ به ئێران له ناوچه‌کانی دراوسێوه ئاراسته ده‌کرێن. میدیاکانی ئێران پێشتر باسیان کردبو که مه‌سرور بارزانی دو به‌رپرسی ئیسرائیلی بینیوه، ئه‌وانیش: به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌کانی ئیسرائیل و هه‌ماهه‌نگکه‌ری په‌یوه‌ندیه‌کانی ئیسرائیل و هه‌رێمی کوردستان.
له نوسێنێکی Nathan Guttman له 18 نیسانی 2012 له سایتی Forward بڵاوی کردۆته‌وه له واشنتۆنه‌وه نوسیویه‌تی: سه‌رکرده‌ی کورده‌کانی عێراق، مسعود بارزانی، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ته‌نها هاوپه‌یمانی ئیسرائیل بوه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. په‌یوه‌ندیه‌کان گرژیان تێکه‌وتوه به‌هۆی هه‌ڵمه‌تی ئیسرائیل بۆ رێگرتن له گه‌شه‌کردنی مه‌ترسیه نه‌وه‌ویه‌کانی ئێران له‌سه‌ری. بۆ ده‌یان ساڵ به‌شی زۆری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه له تارماییدا مابونه‌وه. کورده‌کان نایانه‌وێت گرژیه‌کانیان له گه‌ڵ ئێرانی به‌هێزی دراوسێیان زیاد بکات و بیانو بده‌ن به‌ده‌ستیه‌وه تا دژیان به‌کاری بهێنێت. به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی Judith Yaphe ، مامۆستا له په‌یمانگای دراساتی ستراتیژی سه‌ر به زانکۆی به‌رگری نیشتمانی ئه‌مەریکا، ئیسرائیل و ئه‌مەریکا پشت به یارمه‌تی کورده‌کان نابه‌ستن کاتێک له گه‌ڵ ئێران به‌ته‌واوی تێکی بده‌ن و ده‌ڵێت: "ئه‌وان ناتوان شتێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن".
بارزانی له دوا سه‌ردانی بۆ ئه‌مەریکا خۆی لادا له‌وه‌ی هه‌ڵوێستێکی دیاریکراو له کێشه‌ی نێوان ئێران و رۆژئاوا وه‌ربگرێت. ته‌نها ده‌رکه‌وتنی به‌رچاوی له‌و سه‌ردانه‌دا له په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی خۆرهه‌ڵاتی نزیک بو Washington Institute for Near East Policy، ده‌زگایه‌کی ناودار و ناسراو به نزیکی له ئیسرائیله‌وه. بارزانی له‌و په‌یمانگایه رایگه‌یاند که مه‌به‌ستیانه په‌یوه‌ندیه‌کی ئاساییان له گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌بێت. نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له واشنتۆن په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامی له گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌ی پشتگیری ئیسرائیل ده‌که‌ن هه‌یه. کورده‌کان سه‌یری جوه‌کانی ئه‌مەریکا وه‌ک هاوپه‌یمان و دۆست ده‌که‌ن که یارمه‌تیان ده‌ده‌ن له واڵاکردنی ده‌روازه‌کانی واشنتۆن و به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی. وه‌ک Yaphe ده‌ڵێت: "کورده‌کان به سه‌رنجدان له مۆدێلی ئیسرائیل زۆرشت فێربون، فێربون چی بکه‌ن تا دڵ و مێشکی خۆرئاوا، به‌تایبه‌ت ئه‌مەریکا، بۆ خۆیان که‌سب بکه‌ن و کار بۆ سازدانی هاوپه‌یمانی به‌هێز بکه‌ن.
کورد و تورکیا و ئیسرائیل
ساڵی 1947 تورکیا له کۆبونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دژ به پلانی دابه‌شکردنی فه‌له‌ستین به‌سه‌ر دو ده‌وڵه‌تی جو و فه‌له‌ستیندا ده‌نگیدا. له ساڵی 1949 تورکیا دانی به ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلدانا و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی دروستکرا، ئه‌مه له ئاکامی فشارێکی زۆری ئه‌مەریکادا بو و تورکیا هاوپه‌یمانیه‌تی له گه‌ڵ رۆژئاوا لا گرنگ بو. تورکیا و ئێرانی ئه‌و سه‌رده‌مه رۆڵی وڵاتانی به‌فه‌ر (عازل) له گه‌ڵ یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و چاودێریکه‌ری ناسیۆناڵیزمی عه‌ره‌بیان ده‌بینی. له ساڵی 1958 داڤید بن گۆریۆن، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل، هه‌وڵی دا هاوپه‌یمانی نێوان وڵاته‌که‌ی و تورکیا فراوان بکات و پێشنیازی "هاوپه‌یمانی ده‌وروبه‌ر – Periferiepact –"ی بۆ تورکیا کرد، هاوپه‌یمانیه‌ک له ئیسرائیل و تورکیا و ئێران و ئیسیۆپیا، پێک‌بێت بۆ گه‌مارۆدانی جیهانی عه‌ره‌بی، له هه‌مان پلاندا بیرکرابوهوه کهمایهتیهکانیش له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان نائارامی دروست بکه‌ن، وه‌ک کورد له عێراق و مه‌سیحیه ماریۆنهکان له لوبنان و پێست ره‌شه‌کانی باشوری سودان.
په‌یوه‌ندی نێوان ئیسرائیل و باشوری کوردستان تورکیای توره و توشی دڵه‌راوکێ کرد. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له کۆتایی حوزه‌یرانی ساڵی 2004 دا بڵاو بونه‌وه و تێدا به‌رپرسانی ئه‌مەریکی و تورکی جه‌ختیان له چالاکیه سه‌ربازیه‌کانی ئیسرائیل له هه‌رێمی کوردستان کردبو. توڕه‌یی تورکیا گه‌یشته لوتکه کاتێک ئیسرائیل بونی له هه‌رێم ره‌ت نه‌کرده‌وه و ته‌نانه‌ت سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئارێڵ شارۆن، پشتراستی کرده‌وه که په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یان له گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد هه‌یه. پاش ده‌ستگیرکردنی ئۆجه‌لان و راکێشانی په‌نجه‌ی تاوان بۆ رۆڵی موساد تێدا گروپێک کورد له به‌رلین هه‌وڵیان دا بچنه ناو کۆنسۆڵخانه‌ی ئیسرائیل له‌و شاره و سێ کوردی تێدا کوژرا. سه‌رۆکی موساد Efraim Halevyیه‌کسه‌ر بێبه‌ری بونی ئیسرائیلی له گرتنی ئۆجه‌لان راگه‌یاند و له رونکردنه‌وه‌یه‌کدا جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که ئیسرائیل هیچ رۆڵیکی له‌و گرتنه‌دا نه‌بوه.
هه‌رچۆنێک بێت هه‌ڵوێستی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر به کورد که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری ئاستی هاوکاری نێوان ئیسرائیل و تورکیاوه. له مانگی مایسی 1997 سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو، رایگه‌یاند که مه‌ترسی تێرۆریزم ئیسرائیل و تورکیا یه‌ک ده‌خات، وتی: " تورکیا دوچاری په‌لاماره تێرۆریسته‌کانی پەکەکە بۆته‌وه، ئێمه جیاوازی له‌نێوان تێرۆریزمی پەکەکە و ئه‌وه‌ی ئیسرائیل توشی بوه نابینین". دواتر ئه‌و هاوکاریه‌ی نێوانیان دژ به پەکەکە له چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێکدا به‌رچاوکه‌وتن، وه‌ک بۆمباران کردنی بنکه‌کانی پەکەکە له باکوری بوقاع و ده‌ستگیرکردنی ئۆجه‌لان. گه‌شه‌کردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی کورد و ئیسرائیل به نه‌رێنی کاری کردوه و ده‌یکات له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل. له ئێستادا ئه‌و په‌یوه‌ندیانه دوچاره‌ی قه‌یران بونه‌ته‌وه و تورکیاش لای خۆیه‌وه و بێئه‌وه‌ی ره‌چاوی ئیسرائیل بکات ده‌ستی وه‌رداوه‌ته کاروباری ناوچه‌که و ئه‌م سیاسه‌ته‌ی تورکیا لاسه‌نگیه‌کی دروستکردوه، که چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له ئاکامدا په‌یوه‌ندیه‌کانی ئیسرائیل و کورد قوڵتر بکاته‌وه. بێگومان ئه‌م ئه‌گه‌رانه دابڕاو نین له پرۆسه‌ی نه‌وه‌وی ئێران.
دوا قسه
ئه‌گه‌رچی سیاسه‌ت له سه‌ده‌ی پێشودا به‌چه‌مکی "هونه‌ری ئه‌گه‌ره‌کان" به‌ڕێوه ده‌برا. بێگومان له‌م سه‌رده‌مه‌دا سیاسه‌ت ته‌نها به‌و چه‌مکه داناڕێژرێت. ده‌بێت کورد بوێری و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت هێمنانه خۆی له شورای جه‌زره‌به وه‌شێنی ئه‌گه‌ره ئه‌زه‌لیه‌کان ده‌رباز بکات. نیو سه‌ده لهمهوپێش و له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ساردا مه‌لا مسته‌فا توانی بنه‌ماکانی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا دابڕێژێت و تاڕاده‌یه‌کیش کورد سودی لێکردوه. قه‌ده‌ری زه‌مان و کورتبینی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول و له پله‌ی یه‌که‌مدا مه‌لا مسته‌فا بۆ خوێندنه‌وه‌ی دروستی دۆزی ئه‌و سه‌رده‌مه گه‌ره‌ترین شکستیان به کورد گه‌یاند، ئه‌مڕۆ سنوره‌کانی دۆست و دوژمن وه‌ک جاران تیژ و دیاریکراو نین، سیاسه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌زمانی به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌کان و دینامیکی خهڵقاندنی زه‌مینه و واقیعی نوێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه په‌یوه‌ندی کورد له گه‌ڵ ئیسرائیل یا هه‌ر وڵات و لایه‌نێکی تر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نه ده‌مان کات به دوژمنی عه‌رەب و نه به‌دوژمنی ئیسلام و نه ده‌شمان کات به "عه‌میل و به‌کرێگیراوی" هیچ لایه‌نێک، ئه‌وه‌ی گرنگه نه‌ته‌وه‌ی کورد تێدا سودمه‌ند بێت بێئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان له ده‌ست بده‌ین. |
|
|