Print
 
 وه‌همی‌ چاكسازی‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Friday, January 25, 2013

بڕوا بون به‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌م هه‌رێمه‌ ده‌كرێت زۆر ئه‌سته‌مه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تایترین هه‌نگاوه‌كانی‌ چاكسازی‌ به‌ر له‌هه‌ر شتێك بێده‌نگ كردنی‌ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌ئامێزی‌ ده‌سه‌ڵاتا كار له‌سه‌ر كوشتنی‌ جیاوازی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وان نایه‌ڵن و نایانه‌وێ‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ زندو، مرۆڤی‌ ره‌خنه‌گر، ناكردن به‌رانبه‌ر نادادی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ به‌رزبێته‌وه‌، ئیتر چۆن له‌سه‌ر پرسه‌كانی‌ دیكه‌ بێده‌نگ ده‌بن، من بۆخۆم بڕوام به‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ ئیسماعیل بێشكچی‌ له‌ چ روانگه‌یه‌كه‌وه‌ خراپترین ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌ باشترین ده‌سه‌ڵاتی‌ تورك و فارس و عه‌ره‌ب به‌باشتر ده‌زانێ‌ بۆ كورد، لانی‌ كه‌م له‌وڕوه‌وه‌ كه ‌كورد خۆی‌ خۆی‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت زۆر باشتره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ خراپ و گه‌نده‌ڵ و ئازادی‌ كوژو مرۆڤ شكێن بێت.

ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ بیست ساڵی‌ رابردو بده‌ینه‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌ له‌ تێكشكاندن و بێبایه‌خ كردن و كۆیله‌كردنی‌ مرۆڤدا رۆڵێكی‌ بینیوه‌، كه‌ دوژمنانی‌ كورد هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌ به‌وراده‌یه‌ مرۆڤ بێبایه‌خ بكه‌ن، ئاخر دوژمن جه‌سته‌و ژیان ئه‌نفال ده‌كات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ق بون و ئاكارو پیرۆزیت وه‌ك ئینسان نایه‌ت، لێ‌ ئه‌مه‌ی‌ خۆمان زۆ باش له‌هه‌ق ئه‌مه‌یان دێت و مرۆڤه‌كان بچوك و بێبایه‌خ ده‌كات، مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ جیاجیاكان به‌و جۆره‌ی‌ بۆ موچه‌ و خه‌ڵات و ئیمتیاز گیرۆده‌و لاره‌ خواریان كه‌یت، جۆرێكی‌ زۆر خراپه‌ له‌ تێكشكاندن، دواتریش به‌كارهێنانی‌ ئه‌م خه‌ڵات و به‌راته‌ به‌وشێوه‌یه‌ی‌ كه ‌مرۆڤی‌ تیا روزه‌رد بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌زاران كادر و خه‌ڵكی‌ دیكه‌ی‌ حیزبه‌كان كراوه‌ بۆ خانه‌نشینی،‌ یان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ران و رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و شانۆكارو سینه‌ماكاران كرا، یاخود ئه‌و بڕی‌ 37 هه‌زار دیناره‌ی‌ ده‌درێ‌ به‌ هاوڵاتیان، چ كاره‌ساتێكی‌ شه‌رم ئاوه‌ره‌ له ‌وڵاتێكدا هاوڵاتیه‌كی‌ ئه‌م وڵاته‌ كه‌ له ‌ئه‌یلولی‌ 1961ه‌وه‌ نان ئه‌دا به‌ پێشمه‌رگه‌ 37 هه‌زار دینار بۆ تێكشكاندنی‌ له‌روی‌ كه‌سایه‌تیه‌وه‌ وه‌ربگرێت و كۆنه‌ جاشیش هه‌بێت موچه‌كه‌ی‌ له‌ دو ملیۆن دینار تێپه‌ڕێت، من تێناگه‌م ئه‌وانه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ خۆش خه‌یاڵی‌ چاكسازین، له‌ كاتێكا ئه‌ندامی‌ پارله‌مان هه‌بێت موچەکەی سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی‌ موچەی كه‌ئه‌ندامێک بێت، پارله‌مان و نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكه‌ حیزبیه‌كی‌ عه‌یاره‌ بیست و چواره‌، ئاخر چاكسازی‌ به‌گێڕانه‌وه‌ی‌ به‌ها بۆ مرۆڤ ده‌ست پێده‌كات نه‌ك به‌ سوككردن و ته‌ماشاكردنی‌، چاكسازی‌ به‌ دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ دێته‌دی‌، ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ چ دادپه‌روه‌ریه‌كه‌ له‌م وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا مرۆڤ هه‌بێت نان نه‌بێ‌ بیخوات و هه‌شبێت رۆژانه‌ ده‌یان ده‌فته‌ر بخاته‌به‌ر باخه‌ڵی‌، ئه‌وه‌ چ دادپه‌روه‌ریه‌كه‌ رۆژانه‌ ملیاردێر له‌م وڵاته‌ زیاد بكات و له‌لاشه‌وه‌ له‌ پڕێكا قڕانێ‌ له‌ بانكه‌كاندا نه‌مێنێ‌، ئه‌وه‌ چ دادپه‌روه‌ریه‌كه ‌هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ بۆنی‌ كیمیای‌ لێبێت كه‌چی‌ رۆژانه‌ له‌پاره‌ی‌ ئه‌و میلله‌ته‌ خه‌ڵات و به‌رات بدرێته‌ به‌رپرس و پله‌ داره‌كان، ئه‌وه‌چ داد په‌روه‌ریه‌كه‌ هێشتا ئێمه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ كه‌مینه‌و زۆرینه‌ تێنه‌گه‌ین و نه‌زانین له‌دنیای‌ دیموكراسیدا ده‌شێت كه‌مینه‌ ببێته‌ زۆرینه‌، زۆرینه‌ ببێته‌ كه‌مینه‌، ئێمه‌ چۆن باسی‌ چاكسازی‌ بكه‌ین له‌ كاتێكا هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان كه‌ نه ‌له‌سه‌رده‌می‌ قازی‌ محه‌مه‌دا ده‌سته‌مۆی‌ حیزب بون نه‌ له‌سه‌رده‌می‌ مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانیدا، ئێستا له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ گه‌لی‌ كوردستان بن، ده‌كرێنه‌ هێزی‌ حیزبی‌ و له‌ناویشیاندا نادادی‌ له‌پێدانی‌ پله‌وپۆستا ده‌كرێت.

چاكسازی‌ له‌م وڵاته‌دا ناكرێت كه‌ خه‌ریكه‌ شاخ و داخ و دۆڵ و ته‌لانه‌كانیشی‌ داگیرو دابه‌ش ده‌كرێن، چاكسازی‌ له ‌وڵاتێكدا ناكرێت كه‌ نه‌توانرێت سزای‌ هیچ به‌رپرس و پله‌دارێك بدرێت، ئۆپۆزسیۆن زۆرباش ده‌زانن چاكسازی‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌دایه‌ له‌م وڵاته‌وه ‌ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ناویان ناوه‌ پاكێجه‌كانی‌ چاكسازی‌ هه‌ندێك گاڵته‌ی‌ ته‌واویشیان پێنایه‌ت، چاكسازی‌ ده‌سته‌مۆكردن و كۆیله‌كردن و بێده‌نگ كردن نیه‌ چاكسازی‌ ئازادكردنی‌ مرۆڤه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ بكات له‌ بنیادنان و گۆڕانكاریدا، ئێستا كه‌ ئه‌م وتاره‌ ده‌نوسم هه‌ندێك له‌ئه‌ندام پارله‌مانه‌ قسه‌كه‌ره‌كانی‌ نێو هاوپه‌یمانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌م گازنده‌ی‌ ئه‌وه‌دان له‌ ریز ده‌رچونه‌، له ‌وڵاتێكا كار بۆ بێده‌نگ كردنی‌ پارله‌مانتار بكرێت كه‌ حه‌سانه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌وانی‌ تر چی‌ بكه‌ن، چاكسازی‌ چۆن ده‌كرێت له‌ كاتێكا زۆرجار دۆسته‌كانمان له‌نێو ده‌سه‌ڵات پێیانوایه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌وان ته‌نیا وه‌ڵام دانه‌وه ‌و سوكایه‌تی‌ كردنه‌ به‌وانه‌ی‌ ره‌خنه‌و سه‌رنجیان هه‌یه‌، هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وه‌تان له‌بیربێت كه‌ كاتی‌ خۆی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌به‌رانبه‌ر نوسینی‌ نۆڤلێتی‌ سه‌گوه‌ڕدا داكۆكی‌ له‌ محه‌مه‌د موكری‌ كرد‌، من دڵنیام به‌درێژای‌ مێژو كوردستانی‌ باشور به‌قه‌ده‌ر ئێستا داگیرنه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن دوژنانه‌وه‌، به‌درێژای‌ مێژو زه‌وی‌ زاری‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌قه‌ده‌ر ئێستا ته‌لبه‌ند نه‌كراوه‌ له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری‌ كوردستان ته‌لبه‌نده‌ و باسی‌ چاكسازی‌ ده‌كه‌ین، له‌ كاتێكا نه‌ قازی‌ محه‌مه‌د له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان دۆنمێك زه‌وی‌ داگیركرد نه ‌مه‌لامسته‌فای‌ بارزانی‌ جگه‌ له‌ گونده‌كه‌ی‌ خۆیان له‌هیچ كوێی‌ ئه‌م كوردستانه‌ دو دۆنم زه‌وی‌ به‌ناویه‌وه‌یه‌. ئه‌ی‌ ئێستا ئه‌رێ‌ كه‌روێشكێك له‌ سیته‌ك یان له‌ مێرگه‌ پان یاخود ده‌وروبه‌ری‌ سه‌لاحه‌دین به‌ره‌ڵابكه‌یت له‌به‌ر ته‌لبه‌ند ده‌توانێ‌ ده‌رباز بێت یان ده‌ڵێ‌ وه‌رن بمگرن.
Sbeiy.com © 2007